بیانیه حزب کمونیست کارگری کردستان – در رابطه با انتخابات انجمنهای استانها و انتخابات پارلمانی عراق (بزبان کردی)
بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
تەنها بایکۆت بەس نیە، پێویستە بەر بەم گاڵتەجاڕییە بگرین!
لە سالی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا ئەحزابی میلشیایی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد چەندین سیناریۆیان بەناوی هەلبژاردنو دەنگدانی خەڵکی کوردستان بەرێخستووە. هەموو جارێکیش گوایە ئەوانە دەرفەتیک بوون بۆ خەڵکی کوردستان تا نوینەرانی راستەقینەیان بچنە دەسەڵاتو خواستو ئاواتو ئامانجەکانیان بەدیبهێنن. هەرجارەی بە کۆمەلیک بەڵێنو پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە جەماوەرێکی خۆشباوەریان بردووەتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. بەڵام دەسەڵاتداریتی ئەم حزبە بۆرژوازیانە، کە بەدەنگدان و بەبێ دەنگدانی خەڵک، بە زەبری میلیشیاکانیان خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، نەک هەر بەلای بەڵێنەکانی خۆیانو خواستەکانی خەلکدا نەچوون، بەڵکو خەڵکیان توڕەترکردووەو هەموو جارێکیش ئەوەیان سەلماندووە کە سیناریۆی هەلبژاردن تەنها وەکو پاساویک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەلاتی لە پێشەوە داسەپاوی خۆیان بەرپا دەکەن.
ئەوەی پێی دەڵین هەڵبژاردن تەنانەت بە پێوەرەکانی هەلبژاردنی بورژوازیش لێکچوونی لەگەل هەلبژاردندا نیە، بەڵکو مەیدانیکە بۆئەوەی ئەحزابی میلشیایی بە زەبری چەکو هەڕەشەی نانبرینو بەبارمتەگرتنی موقەدەراتی خەڵکو بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕیو چەواشەکردنی خەڵك، پێشبڕکێ بکەن لەسەر وەرگرتنی پەنجە مۆری خەڵک بۆ دیاریکردنی بەشی هەرکامیان لە دەسەڵاتو تاڵانوبرۆی بێسنوری داهاتی کۆمەڵگاو راگرتنی ژیانی خەلک لە کارەساتدا. بەڵام تەنانەت لەم بارەیەشەوە پابەندی ئەنجامی سیناریۆکانو دەنگی خەڵك نەبوون، بەڵکو راستەوخۆ لەسەر بناغەی هاوسەنگی هێزی میلیشیاییو هێزی ئابوری بەرهەمی تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵگا، ساتو سەودایان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتو داهاتی کۆمەڵگا کردوەتەوە.
زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوویاندا بۆ پەرلەمان تێپەردەبێت، بەڵام ئەوەی لەبەرچاوی هەموواندایە ئەوەیە کە هەر خودی لایەنە بەشدارەکانی ئەو گاڵتەجاڕیە هیچ شەرعیەتێکیان بۆ ئەو دەنگدانە نەهیشتەوە. دوای ٦ مانگ لەبری جێبەجێکردنی بچوکترین ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکیان دابوو، سەرقاڵی ساتوسەودان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی دەسەڵاتو داهاتی کۆمەڵگا لەنێوان خۆیاندا. هەموو بەڵێنی خۆشگوزەرانیان بەخەڵک دەدا، کەچی مووچەی کرێکارانو کارمەندانو خانەنشینانو کەم ئەندامان نادەن! بەڵێنی باشتربوونی ژیانی خەڵکو خزمەتگوزاریەکانیان دەدا، بەڵام ئەوەی هەشبوو بەرەو داشکان برا. بەڵێنی ئازادیان بەخەڵك دەدا، بەڵام ملهورانەتر رەخنەگرانی تاڵانوبرۆیان تیرۆرکردو پووچیی دادگاو یاساکانی خۆشیان ئاشکراتر کرد…..کەچی وا دیسان بەردەرگایان لەو خەڵکە گرتووەو داوایان لیدەکەن ببنەوە بە ئەکتەری دۆڕاوی نمایشێکی دیکەی گالتەجارانەی ئەوان.
لە سیناریۆی هەڵبژاردنی ئەمجارەشیاند کە هاوکات بۆ پەرلەمانی عیراقیشە، دیسانەوە ئەم حزبانە خەڵکی کوردستان بەوە دەترسێنن کە ئەگەر مالکی و ناسیۆنالیزمی عەرەب دەسترۆیشتووتر بن، زۆر لەوە خراپتر بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەهێنن کە ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد هێناویانە. پەرلەمانی عیراق کە هەمیشەو هەر لە دوای بەناو هەڵبژاردنی پیشووەوە لەبەرامبەر دەسەڵاتی میلیشیایی قەومی–ئیسلامی نوری مالکدا مانایەکی نەماوەتەوە، تەنانەت نەیتوانیوە وەکو روخسارێکی کارتۆنیش رۆلی خۆی بگێڕێت، زۆر لەوە کەمترە کە بتوانێ ببێتە زامنی پاراستنی خەڵکی کوردستان لە داهاتویەکی خراپتر. ئەوەی ئەحزابی بۆرژوازی کورد( بە ئیسلامیو ناسیۆنالیستیەوە) مەبەستیانە، لە راستیدا هەر ئەوەیە کە مسۆگەرکردنی ژمارەیەکی هەرچی زۆرتری پەنجەمۆری خەڵکی کوردستان، دەتوانێ کارتێکی فشار بێت بە دەستیانەوە بۆ دریژەدان بەو فیدراڵیزمە قەومیەی کە لەلایەکەوە چوارچێوەیەکە بۆ مسۆگەرکردنی بەشی خۆیان لە دەسەلاتو سەروەت، لەلایەکی تریشەوە کۆڵەکەیەکی دەسەڵاتی میلیشیایی داسەپاویانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا. بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان جگە لهمەینەتو دەردەسەریو نەهامەتی هیچ دەسکەوتێکی نیە.
ئەمە هەڵبژاردن نیە، بەڵکو سیناریۆیەکە بۆ شەرعیەتدانو بەردەوامی بە دەسەڵاتی داسەپاوی ئێستا. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانو جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش، لەگەڵ ئەوەی پێویستە بە بەشداری نەکردنو بایکۆتکردن، رێگا لەوە بگرن کە دەنگیان وەکو پەنجەمۆر بۆ ئەم دەسەڵاتە سەپێنراوە لە دژی خۆیانو مافو بەرژەوەندیەکانیان بەکاربهێنرێت، هاوکات پێویستە بە ئیرادەی هوشیارانەو شۆڕشگیرانەی خۆیان سنوریک بۆ ئەم یاریکردنە بە موقەدەراتی خۆیان دابنێن. دەرگا لەبەردەم ئەوە داخەن کە ئەم حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستیو ئیسلامیانە هەروا بەردەوام بە ناوی هەڵبژاردنەوە نمایشی فریوکارانە بەرپابکەنو جەماوەری خەڵک بکەن بە ئەکتەری گاڵتەجاری نمایشەکانیان بۆ زاخاودانو داپۆشینی ماهیەتی دەسەڵاتیک کە بزوتنەوەی ١٧ی شوباتی لە خوێن هەڵکێشاوە، کاری قورسی کرێکارانی بههەرزانی راگرتوەو مەیدانی کاری لێکردون بە کوشتارگا، لایەکی دانیشتوانی بێکارکردوە، یاسای کۆیلایەتیو ئەنفالکردنی ژنانی سەپاندووە، شەریعەتی تاڵیبانو مەلا دەست خوێناویەکانی ئیرانو سعودیەی کردوە بە بنەمای یاساو دەستوری وولات، دەسەڵاتی کردوە بە میراتی بنەماڵەو ئامرازی تاڵانکردنی داهاتی کۆمەڵگاو قەڵای سەروەتی کەمایەتیەک سەرمایەدار لەسەر بناغەی چەوساندنەوەی زۆربەی زۆری دانیشتوان.
هەلبژاردن تەنانەت بە شیوە بورژوازیەکەشی کاتێک دەکرێت مانای هەبێت کە ئەحزابی میلیشیایی لە چەک داماڵرێنو دامودەزگای سەرکوتیان هەڵوەشیت، بۆئەوەی نەتوانن بە زەبری چەکو هەرەشە پەنجە مۆری خەڵک وەربگرن. لە بە تاڵان بردنی داهاتی کۆمەلگا دەسکۆتا بکرێنو ئەوەی بردویانە لێیان بسهنرێتەوە بۆئەوەی نەتوانن بە زەبری بەبارمتەگرتنی پارووی دەمی خەڵك دەنگییان زەوت بکەن. با لە مەیدانی واقعدا پابەندی ئەنجامی دەنگدانی خەڵك بن، نەک بڵێن “دەنگ بهێنین یان نەیهێنین دەسەڵات هەر هی خۆمانە!”، بەکردەوەش هەر وا بکەن. ئەگەر ئەم حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستیو ئیسلامیانە مل بەم پێشمەرجانە نادەن، ئیتر هەڵبژاردنێك لەئارادا نیەو جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانیش ریگایەکی تریان لەبەردەمدا نابێ جگە لەوەی کە بە بزووتنەوەی ١٧ی شوباتیکی تر، کە خاوەن ئاسۆیەکی شۆرشگێرانەو رابەرییەکی لێبڕاوی سۆسیالیستی بێتو سەرجەم مەیدانەکانی کارو زانکۆکانو گەڕەکەکان بکات بە مەیدانی ئازادی، دەسەڵاتی داسەپاوی ئێستا لەسەر کۆمەڵگا وەلابنێتو دەرگا بەرووی هەلومەرجێکی وادا بکاتەوە کە ئیرادەی راستەقینەی خەڵك لە کەشوهەوایەکی بەراستی ئازاد دا سیستەمی حوکمرانیو دەسەڵاتی راستەقینەی خەڵك دامەزرێنێو کۆتایی بەو گێژاوە سیاسیەی کوردستانیش بێنێ کە بەهۆی بەستنەوەی کوردستان بە عێراقەوە لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی نەتەوەیدا گیرۆدەی بووە. دەسەڵاتێك کە ئازادیو یەکسانیو خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دابین بکات.
بایکۆتو ئیفلیجکردنی ئەم گاڵتەجاریەو ئەم پرۆسە فریوکارانەیە دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت لەرێگای بەرپاکردنی ئەو ١٧ی شوباتەدا. سەرجەم جەماوەری ئازادیخواز لەسەریانە بەشداریەکی بەرپرسانەو چالاکانەی تیا بکەن، دەنا دواتر کاتێک، وەکو هەمیشە پەنجەی خۆیان دەگەزنو ئاخی پەشیمانی هەڵدەکێشن، کە تازە بە رۆڵی خۆیان بەشداریان کردوە لە گرفتارکردنی خۆیانو کۆمەڵگادا. نابێ لەوە زیاتر ریگا بەم یاریکردنە ناشیرینە بە هەستو ویستو دەنگی خۆتان بدە!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
9/4/2014
—
Shukak Abdulstar
Skrtaryaty Maktaby Syasy
00964 770 76 79 33400964 770 76 79 334 – 7\24
00964 (0)53 320 89 31 -2 :00 pm — 500 pm (Bagh. )