حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارسەوە!
٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، رەمزی خەباتو وەستانەوەیە بەدژی نایەکسانیو جیاکاری دژی ژنان. رۆژی راگەیاندنی حوکمی تاوانباربوونی ئەفکارو نەریتو کەلتورو دەسەڵاتو یاسای چینی بۆرژوازیە، کە بۆ پاراستنو راگرتنی پایەکانی رژێمە چەوسێنەرو نایەکسانو دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا، ژنانی لە جێگاورێگایەکی کۆمەڵایەتی خوارترو لە ژێردەستەییو بێمافیەکی کەم وێنەدا راگرتوە.
هەرجۆرە دەست راگەیشتنێکی ژنان بە ئازادیو یەکسانی بەندە بە پێشرەویکردنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازیەوە بەرامبەر بە سیستەمی سهرمایهداری و دەسەڵاتو ئەفکاری بۆرژوازیو نەریتە کۆنەپەرستو دژە مرۆییەکانی. خهبات بۆ کۆتاییهێنان بە نایەکسانی کۆمەڵایەتیی نێوان ژنو پیاو بهشێکه لهخەبات بۆ ههڵوهشاندنهوهی سیستەمی سەرمایەداری.
لە کوردستان، دەسەڵاتو یاساو فەرهەنگی بۆرژوازی کوردو بزوتنەوە سیاسیو کۆمەڵایەتیەکانی، ئیسلامیو ناسیۆنالیستی، هەلومەرجێکی یەجگار خەتەرناكو نامرۆڤانەیان بەسەر ژیانو گوزەرانی ژناندا سەپاندوە، سوکایەتی بە کەرامەتو کەسایەتیی مرۆیی ژنان دەکرێت، مانەوەی فیزیکی ژنان بهردهوام لەبەردەم ههرهشهو مەترسیدایە.
ژنان له کوردستان بە سەدان هەزاریان لەناو ماڵدا یەخسیرو گیرۆدەی کاری بێبەرهەمو بێبەرامبەری ناوماڵ کراون. لەچوارچێوهی خێزانی پیاوسالاریدا وەکو کۆیلە کاری بەخێوکردنو پەروەردەکردنی مناڵ ئەنجام دەدەن. نە وەکو بەشێك لە هێزی کار کە دەبێ بەرامبەر بە کارەکانیان کرێ وەربگرن تەماشا دەکرێن نە وەکو بێکارێك کە دەبێ بیمەی بێکاری پێبدرێت!
ئەو بەشەی ژنانیش کە لەسەرکارن، لە هەلومەرجێکی نایەکسان لەگەڵ پیاواندا کاردەکەن، بێجگەلەوەی کەزۆرجار ژنانی کرێکار روبەرووی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە. لەوەش واوەتر سوکایەتیو ئەتكکردنو ناچارکردن بە خۆسوتاندنو کوشتنی ژنان دیاردەیەکی خەتەرناکە لە کۆمەڵگای کوردستاندا لەژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کوردیو باڵادەستیی یاساو نەریتو ئەفکارو فەرهەنگی کۆنەپەرستو پیاوسالارانەی بۆرژوازیدا. ژنان لەسەر دەستی هێزو بزوتنەوە ناسیۆنالیستیو ئیسلامیەکانی کوردستان دا بەرەورووی ئەنفالێکی بەردەوام بوونەتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، خەبات بۆ رزگاری ژنان و بەدیهێنانی ئازادیو یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا، پاراستنی کەسایەتی ژنان، بەرگریکردن لە مافو ئازادیەکانیان، وەستانەوە بەرووی هەرجۆرە جیاکاریو توندوتیژیەك بەرامبەر بە ژنان، بەهرەمەندبوون لە مافە ئابوریو سیاسیو کۆمەڵایەتیەکان، گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژنانو مەسەلەکانیان، پشتیوانیکردن لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و خەباتکردن دژ بە ئەفکارو بۆچوونە کۆنەپەرستو پیاوسالاریەکان بە ئەرکێکی سەرەکیو گرنگی خۆی دادەنێت. لەوبارەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی سەرجەم ژنانو پیاوانی یەکسانیخوازو لایەنگری مافو ئازادیەکانی ژنان دەکات کە شانبەشانی حزب بۆ ئەم خواستانەی خوارەوە بێنەمەیدان:
1- ژنانو پیاوان لە هەموو مافە یاساییەکانیاندا بە تەواوی یەکسان بن.
2- دەستبەجێ یاسای فرەژنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێتەوە.
3- ژنانی ماڵەوە وەکو بێکار هەژماربکرێنو فرسەتی کارپەیداکردنیان بۆ برەخسێت، تائەوکاتەشی کاریان دەست دەکەوێ پێویستە بیمەی بێکارییان پێبدرێت.
4- هەرجۆرە هاندانو بەکارهێنانی توندوتیژیەك دژی ژنان تاوانەو دەبێ بکەرانی رووبەرووی سزای یاسایی ببنەوە.
5- کوشتنی ژنان یان هاندان بۆ کوشتنی ژنان لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت وەکو تاوانی گەورە وئەنقەست بناسرێتو ئەوانەی تێوەی دەگلێن سزای قورس بدرێن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٧ی مارسی ٢٠١٤