بەیاننامەی کۆتاییهاتنی پلنیۆمی ١٥ی کۆمیتەی ناوەندی
رۆژانی ٢٠و٢١ /١٢/٢٠١٣ پلنیۆمی پانزەی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، بەڕێوەچوو.
پلنێۆم بە دەقیقەیەک وەستان بۆ رێزنان لە خەباتی هاوڕێ ئازاد ئەحمەدو سەرجەم گیان بەختکردوانی رێگای ئازادیو سۆسیالیزم و بە سرودی ئەنتەرناسیونال دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.
دواتر وتاری کردنەوەی پلنیۆم لە لایەن عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیەوە پێشکەشکراو بەدوای ئەودا پلنیۆم چووە سەر دەستوری باسەکانی خۆی کە پێکهاتبوون لە:
-وەزعی سیاسی حزب و ئاسۆ و مەیدانەکانی خەبات
-هەلومەرجی سیاسی کوردستان
– مالیە
– کۆنگرە
-بریارو بریارنامەکان
-هەڵبژاردن
لە بەندی یەکەمدا کە تایبەت بوو بە وەزعی سیاسی حزب، پانێڵێک لە لایەن هەریەک لە هاوڕێیان” عوسمانی حاجی مارف، محسین کەریم، عەبدوڵا مەحمود” بەرێوەچوو، کە تیایدا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە وەزعی حزب و کۆسپ و ڕیگری و گرفتە سیاسی و عەمەلیەکانی درانە بەرباس و لیکۆلینەوە، لە درێژەی ئەم باسەدا بە شێوەی هەمەلایەنە و بەدرێژایی رۆژی یەکەمی پلینۆم ئاسۆی سیاسی هەلسورانی حزبو لەو چوارچیوەیەشدا ستراتیجی حزب بۆ ریکخستن و رابەریکردنی شۆرشی کریکاری بە شیوەیەکی هەمەلایەنە قسەوباسی لەسەر کرا.
بەندی دووەمی دەستوری باسەکانی پلنیۆم، باسیك بوو سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان و ئاڵوگۆرە سیاسیە تازەکان. لەم بەندەدا بەشێوەیەکی وردو هەمەلایەنە قسەوباس لەسەر گرنگترین ئاڵۆگۆرە سیاسیەکانی کوردستان ناوچەکە، لە پیگەی ئیستای ناسیونالیزمی کوردەوە بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە تا ریزبەستنی تازەی حزبەکان و بەشداری ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد لە کابینەی هەشتەمی حکومەت و دەرئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی کوردستان و پیگەی بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاری و جەماوەری و دەوری حزبی کۆمۆنییستی کرێکاری لە جەرگەی ئەم هەلومەرج و ئالوگۆرانەدا…تاد، قسەوباسیان لەسەر کرا.
لەبەندی سێیەمی کۆبونەوەکەدا، باسی مالیەی حزب و پێویستی وەڵامدانەوە بە گرفتی مادی حزب و هەنگاوەکانی وەڵامدانەوە بەو گرفتە،کرا.
لەبەندێکی تری پلنیۆمدا، باسی بەستی کۆنگرەی چوارەمی حزب قسەکراو پاش باس لە پیداویستیە سیاسی و رێکخراوەیەکانی، پلنیۆم بریاریدا کە لە نیوەی دوەمی ساڵی داهاتودا کۆنگرە ببەستێت و تەواوی ئامادەکاریەکانی، فەراهەم بکات.
لەبەشی بریارو بریار نامەکاندا، لەبەر رۆشنایی باسەکاندا، چەندین و بریارو پلاتفۆرم و بەیان، پەسەندکران و لەسەر بناغەی ئەوانەش کۆمەڵێک ئەرکی دیاریکراو سپێردران بە مەکتەبی سیاسی داهاتوو.
دوابەندی پلنیۆم تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سکرتیرو جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کە هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێرو هاوڕێ موحسین کەریم وەکو جێگری سکرتێر لە پۆستەکانی خۆیاندا مانەوە و پاشان هەریەکە لە هاوڕییان” خەسرەو سایە، بەهار مونزر، حسین ساڵح، ئازاد مەجید، مەهدی رەسوڵ” وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران.
بەم شێوەیە و پاش دوو رۆژ قسەوباسی هەمەلایەنە، پلنیۆم بە وتەی کۆتایی عوسمانی حاجی مارف و سرودی ئەنتەرناسیونال کۆتایی بەکاروبارەکانی خۆی هێنا.
شایانی ووتنە لە رۆژی دووەمی پلینۆمدا لەلایەن لیژنەی تایبەت بەکەیسی تیرۆری هاورێ ئازاد ئەحمەدەوە، راپۆرتێك سەبارەت بە رەوتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکان لە کەیسەکە پێشکەشکرا. پلینۆمیش سەرباری روونکردنەوەی رێکارو هەنگاوەکان، مەکتەبی سیاسیو لیژنەکەی راسپارد کە هەموو تواناییو هەوڵەکان بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی کەیسەکە بخەنەگەڕ.
مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٢/١٢/٢٠١٣