بانگەشەی شەری هێزەکانی دەسەلاتی هەرێم و دەسەلاتی ناوەندی کۆنەپەرستانەیەو لە بەرژەوەندی خەڵكی عیراق و کوردستاندا نیە!
چەند رۆژێکە بارگرژی هەندێ ناوچەی کەرکوکی گرتۆتەوەو لە شارۆچکەی دوزیش پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراقو یەکێتی نیشتمانیدا رویداوە. هەزاران چەکداری سەر بە یەکێتی بە فەرماندەیی راستەوخۆی بەرپرسە بالاکانی ئەو حیزبە لە ناوچەکانی دەروبەری کەرکوكدا بڵاوکراونەتەوەو لە حالەتی ئامادەباشیدان. بەپێی لێدوانە ئاگرینەکانی سەرکردەکانی یەکێتی و جموجوڵەکانی حکومەتی عێراقی کەهیزێکی بەرچاوی سەربازیی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوك و دووز گواستۆتەوە، خەریکن کارەساتو شەڕێکی خوێناوی روبەرووی خەڵکی ئەوناوچەیە دەکەنەوە. پارتیش لە ناوچەکانی هێڵی روبەرووبوونەوەی خۆیەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند هێزەکانی خستۆتە حالەتی ئامادەباشیەوە.
خەتەری شەڕێك کە ئێستا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دێتو دەچێت، درێژەو بەرهەمی ئەو بارودۆخە سیاسیەیە کە بە دوای داگیرکردنی عێراق، دەسەلاتی سیاسی لە نێوان گروپو رێکخراوە سیاسیە چەکدارە نەتەوە پەرستو ئیسلامیەکانەدا دابەشکرد. ئەو هێزە چەکدارانە تا کاتێك لەسەر رێژەی بەشیان لەدەسەڵاتو داهاتو سامانی کۆمەڵگادا رێكکەوتبوون، هەر خەریکی میوانداریو وەسفو ستایشی یەکتر بوون. کاتێکیش بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە بەرامبەر یەکترو لەسەر بەشە داهاتو دەسەڵاتیان کێشەیان دەبێت و هاوسەنگی هێزەکانیان ئاڵوگۆری بەسەردیت، دەکەونە هەڕەشەو گوڕەشەو دروستکردنی بارگرژی سیاسیو چەکداری. هێزدەجوڵێننو ژیانی هاوڵاتیان نائارام دەکەن. هەوڵدەدەن بەیەکیاندا بدەنو بەیەکتر بە کوشتیان بدەن لەرێگای هاندانو گەشاندنەوەی سۆزو هەستی نەتەوەییو مەزهەبیو پاراستنی یاساو پڕوپاگەندەی سیاسی کۆنەپەرستانە و نا ئینسانیەوە.
چەند مانگ لەمەوبەر نوری مالکیو مەسعود بارزانی وەک دوو هێزی سەرەکی بۆرژوازی لە کێشەو ململانێێ نێوانیاندا کەمپینێکی سیاسی ئابروبەرانەیان لەدژی یەکتر بەرێخستو سەرەنجام مالکی بە دروستکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو دامەزراندنی لە ناوچەی کەرکوك وەلامی بارزانی دایەوەو دەیەوێ لەرێگای هێزنواندنی سەربازیەوە پێی خۆی لەوناوچەیە کە جێکای کێشەی هەردوو حکومەتی هەرێمو ناوەندە قایم بکاتو بەرەبەرە بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندەوە.
جێگیرکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لەناوچەیەکی هەستیاری وەکو کەرکوکدا کە هەردوو ناسیۆنال- بۆرژوازی عەرەبیو کوردی بەناوچەی دەسەلاتی خۆیانی دەزاننو بەدیاریکراویش یەکێتی نیشتمانی بە مەڵبەندی نفوزی سیاسی خۆی دەزانێ، رەوتی کێشەکانی بە ئاقارێکی دیکەدا گۆڕیو یەکێتی نیشتمانی وەکو لایەنی سەرەکی کەوتە روبەرووبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی و مالکیدا.
ئەم شەیپوری شەڕەو ئەو هەرەشانەی یەکێتی نیشتمانی دەیکات، راستەوخۆ بۆ بەرگریکردنو گەرانەوەی جێگاورێگای سیاسیو سەربازی خۆیەتی لەبەرامبەر پارتی دیموکرات و حکومەتی ناوەندا. یەکێتی نیشتمانی جێگربوونی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لەناوچەکانی کەرکوك و دەوروبەری بەفشاری راستەوخۆو تەنگ هەڵچنین بەخۆی دەزانێ کە سەرەنجام ناوچەی نفوزی بچووک دەکاتەوەو هەرچی زیاتر لە جێگاورێگایەکی سیاسی یەجگار خراپتر لەچاو پارتیدا دایدەنێت. ئەگەر رەوتی روداوەکانیش بەوجۆرەی تا ئیستای بروات لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیو هێزە نەیارەکانی دیکەیدا جێگایەکی ئەوتۆی بۆ نامێنێتەوە.
یەکێتی بەسازکردنی ئەم هەرا جەنگیو سیاسیە بەرگری لەمانەوەی دەسەڵات و نفوزی سیاسی خۆی دەکاتو هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانو خواستو ئومێدەکانی ئەوانەوە نیە. یەکێتی دەیەوێ خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکی کوردستانو بەتایبەتی خەڵکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیەوە کە گوایە بەرگری لە بەرژەوەندیو ئایندەی ئەوان دەکاتو لەورێگایەشەوە دەیەوێ پاشەکشە بە خواستو خەباتی رەوایان بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ژیانو گوزەرانیان بکات.
خەڵکی کوردستانو عێراق بەتایبەتی ناوچەکانی کەرکوك و دەروبەری دەبێ بەهیچ جۆرێك نەکەونە داوی پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەو بەرژەوەندخوازانەی هیچ هێزێکی ناسیۆنالیستیو بۆرژوایی عەرەبیو کوردیەوەو ئەم سیاسەتە شەڕخوازانەیەی هەردوولایەنی کێشەکە سەرکۆنەو مەحکوم بکەن.
بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکەین کە دریژە بە خەباتی سیاسیو جەماوەری هوشیارانەو یەکگرتوی خۆیان بدەن بۆ بەدیهێنانی مافو خواستەکانیان کە لە خۆپیشاندانەکانی شوباتی ساڵی رابردوو رۆژەکانی دواتردا بەرزیان کردەوە.
بانگەوازی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشو ئازادیخوازی کوردزمانی کەرکوك و ناوچەکانی دەروبەری دەکەین کە هەوڵ بدەن لەگەڵ دراوسێو هاوشاریەکانیان لە نەتەوەکانی دیکە لەدژی پیلانگێریی هێزو لایەنە ناسیۆنالیستو ئیسلامیە چەکدارە دەسەڵات بەدەستەکانی عێراقو کوردستان پێکەوە رابوەستنو بەرگری لە پێکەوەژیانو ئاشتیو ئارامی شارەکەیانو ناوچەکانیان بکەن. فشار بخەنە سەر هێزە چەکدارەکانی هەردوو لایەنی کێشەو شەڕەکە بۆ جێهێشتنی شارەکانیان. هەوڵ بدەن خۆیان هێزی چەکداری پاراستنی ئارامی ناوچەکانیانو خۆیان دروست بکەن. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ پشتیوانیو رێکخستنو سەرخستنی ئەو خەباتەی ئێوە.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
١٨/١١/٢٠١٢