بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت
توندبوونەوەی بارگرژی سیاسی لە کوردستان
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان، بارگرژیەکی توندی بەخۆوە گرتوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر زەمینەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، چاوەڕوانی ئەوە بوو کە جێگایەکی لە دەسەلاتدارێتی کوردستان پێببڕێتو ئەو بەڵێنەی دابووی بە وەرگرتنی دەسەڵات لەرێگای هەڵبژاردنەوە، بە کردەوە دەربهێنێ. بەدەستهێنانی دەنگی دووەمی هەڵبژاردنەکانیش دەکاتە بەڵگەی کێشەو بانگەشەکانی. بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ لە تەواوبونی هەڵبژاردن، ئەم چاوەڕوانیەی گۆڕان لەبەر قاپی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، بەرەو کاڵبونەوەو بێئومێدی دەچێت. جارێکی دیکە ئەو راستیە خۆی دوپاتکردەوە کە میکانیزمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نەك سندوقەکانی دەنگدان، کە گۆڕانو نەوشیروان مستەفا بانگەشەیان بۆدەکرد، بەڵکو هەمان یاساکانی هاوسەنگی هێزی میلیشیاییو چەکداریە.
ئەم بارودۆخەش بزوتنەوەی گۆڕانی تووشی سەرەگێژی کردوەو بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێ لەو گێژاوە رزگاری بێت. هەربۆیە هەڕەشەی هاندانی خەڵك بۆ هاتنە سەرجادە و بانگەشەی خاوەندارێتی دەسەڵاتی سلێمانی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوەبەمەبەستی ناچارکردنی هەردوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان( پارتی ویەکێتی)یە بۆ قبوڵکردنی بزوتنەوەی گۆڕان وەکو شەریکە دەسەڵاتو هەوڵێکە بەئاقاری دەربازبوون لەو تەنگژەیەی تێی کەوتووە.
یەکێتی نیشتمانی، کە بانگەشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر یەخەی ئەو دەگرێتو گۆڕانیش خۆی بە میراتگری دەسەڵاتی ئەو دەزانێت، خۆی بۆ روبەرووبونەوەی باری نائاسایی ئامادە دەکات تا لەورێگایەوە پارێزگاری لەدەسەڵاتەکەی بکاتو شەراکەتی لە دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ پارتیدا درێژە پێبدات. پارتیش لە زمانی مەسعود بارزانیەوە، کە یەکێتی بە هاوپەیمانێکی ستراتیژیو متمانەپێکراوی دەسەڵاتی خۆی دەزانێ، هەوڵەکانی گۆڕان بە دابڕانی ناوچەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان ناودەباتو بە هێڵی سوری دادەنێت. پارتی ئامادە نیە دەستبەرداری یەکێتی بێتو بە ئاسانی مل بە مەرجەکانی هێزێکی وەکو بزوتنەوەی گۆڕان بدات کە جێگای متمانەی نیەو ناتوانێ وەکو شەریکی دەسەلاتی خۆی پەسەندی بکات.
هەردوو لایەنی ئیسلامیی ئۆپۆزیسیۆن، خۆیان بە هاوبەشی گۆڕان نابینن لەم سیاسەتەیدا، لەبەرئەوەی کە گۆڕان بە بێئەوان چوەتە ئەم شەڕی دەستبەسەراگرتنەی سلێمانیەوە، کە دڵنیا نین چ جێگایەکیان لە دەسەڵاتەکەی گۆڕاندا پێدەبرێ! لەلایەکی ترەوە ئەگەری ئەوە بەهێزترە لە دەسەڵاتێکی واقعیدا کە هەرئێستا هەیەو لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەشدارییان پێبکرێت. ئەمەیان بۆ ئیسلامیەکان بەقازانجترە تا گرەوکردن لەسەر دەسەڵاتی نادیاری گۆڕان لە بەشێکی کوردستاندا!
ئەوەی ئاشکرایە ئامانجی سیاسیو ئەجێندای هەریەکە لەو لایەن ناکۆكو دژ بەیەکانە، هەرچۆن بێتو بەهەر ئاکامێك بگات، پاروویەك بۆسفرەی هەژاران زیاد ناکات، دەرفەتێك بۆ ئازادیەکانی خەڵك فراوانتر ناکاتەوە، هەنگاوێك ئارامی و هێمنی بۆ ژیانی خەڵکی سلێمانیو کوردستان ناباتە پێشەوە. بەڵکو هەلومەرجێکی پڕ لە نیگەرانیو دوودڵی و مەترسیداری بۆ خەڵك پێکهێناوە. ئەگەرچی لەئێستادا بەرژوەندیەکانی سەرمایەو پاراستنی جێگری سیاسیو دابینکردنی ئارامی بۆ سەرمایەو کۆمپانیاکان فشاری جدی بۆ سەر ئەو هێزە ناکۆكو دژ بەیەکانەی بۆرژوازی دروستکردوەو رێگایان پێنادات بە ئاسانی بارودۆخی سیاسی بشێوێنن، بەڵام ئەزمونی رابردووی ئەم هێزانەو خەسڵەتی میلیشیاییو نابەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە ژیانو ئارامیو ئایندەی خەڵك ئەو چاوەڕوانیەیان لێدەکرێت کە لەحالەتی بنبەستی قەیرانو ئیمکانی رێکەوتنی نێوانیان کارەسات بخوڵقێنن.
بەرژەوەندی خەڵكو ژیانو ئایندەیان، ئارامیو ئاسایشیان لەناو هەراو ململانێی هیچکام لەو لایەنانەدا دابین نابێت. باشبوونی ژیانو گوزەرانی خەڵك، بەهرەمەندبونیان لە ئازادی، کەمبوونەوەی دەسەڵاتی میلیشاو بنەماڵەیی لە بەرنامەو سیاسەتو شەڕو ململانێکانی ئەو حیزبانەی دەسەلاتو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییدا مەیسەر نابێت، بەڵکو بەخەباتی رێکخراوو سیاسی هوشیارانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو ئازادیخوازانی کوردستان بەئاکام دەگات. بە کۆبونەوە لەدەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەدی دێت کە سیاسەتو کارو پراتیکی خۆی بۆ گەیشتن بەو خواستو ئامانجانەی ئەوان تەرخان کردوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٦-١١-٢٠١٣