حزب کمونیست کارگری کردستان- بیانیه در رابطه با موج اعدامها در ایران (بزبان کردی)

 

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە شەپۆڵی لەسێدارەدان لە ئێران

رژێمی کۆنەپەرست‌و دژی بەشەری جمهوری ئیسلامی ئێران، بەدوای هاتنەسەرکاری حەسەن رۆحانی، کە بە پیاوی ریفۆرمیستی رژێمی ئیسلامی ناودەبرێت، دەستی داوتە حەملەیەکی بەربڵاوی لەسێدارەدانی نەیاران‌و هەڵسوڕاوانی سیاسی‌. بەم دواییانە زیاتر لە ٣٠٠ کەسی لەسێدارەداوەو ژمارەیەکی زیاتریش چاوەروانی سزای لەسێدارەدان دەکەن‌و لەپشتی دەرگای پۆڵاینی زیندانەکاندا راگیراون.
ئەم شەپۆلی لەسێدارەدانە لە کاتێکدایە کە حەسەن روحانی- سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئێران- بەڵێنی گۆرانکاری‌و چاکسازی‌و میانەرەوی بە خەڵکی ئێران دابوو، تا لەو ڕیگایەوە رای گشتی فریو بدات، کەچی بەرچاوترین دیاری ئەم سەرکردە کۆنەپەرستەی دەوڵەتی ئیسلامی‌و خزمەتکاری سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری لە ئێران، وەرێخستنی شەپۆلی لە سێدارەدانی هەڵسوراوانی سیاسی و نەیارانی سیاسیی دەسەڵاتی رەشی بۆرژوا- ئیسلامی بوو لە ئێراندا.
ئەمریکاو رۆژاوا کە مەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا دەبەستەوە بە مەسەلەی باشکردنی رەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، دوای هەڵبژاردنی رۆحانی، کە بڕیارە چرای سەوزی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە داگیرساندبێت، ئیتر بایەخێکی نامێنێت‌. بیدەنگبوونیان لە ئاست تاوانی لە سێدارەدانی رۆژانەو سەرکوتی بێپەردەی هەمەلایەنەی ماف‌و ئازادیەکانی خەڵك ئەو راستیە دەسەلمێنێ کە ململانێی چەندین دەیەی نێوان ئەمریکاو رۆژاوا لەگەڵ ئێران‌و دۆسیەی ئاسایکردنەوەی ململانێی نێوانیشیان هیچ پەیوەندیەکی بە مافەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش‌‌و سەرجەم هاوڵاتیانی ئێرانەوە نیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان‌ کە خۆشخزمەتی بە رژێمی ئێران تایبەتمەندیەکی ئاشکرایەتی، بە وەستانەوەی بەرووی خۆپیشاندانی نارەزایەتی دژی تاوانەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران‌و راوەدونانی هەڵسوراوان و چالاکوانانی سیاسی بەبیانوی توندو تیژی نواندن بەرامبەر سەفارەتخانەی ئێران لە هەولێر، جارێکی تر ئەو راستیە نیشان دەداتەوە، کە ئامادەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان، خەڵکی توڕەو نارازی بە سزای لەسێدارەدان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، سەرکوت‌و زیندانی بکەن‌، کەچی لەبەرامبەر لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی ئەو رژێمەدا بێدەنگ دەبن‌و لە هەولێردا دەبنە پاسەوانی سەفارەتخانەو بنکەو بارەگاکانیان.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
لایەنگرانی مافەکانی ئینسان و نەیارانی سزای لەسێدارەدان!
شەپۆلی لەسێدارەدان‌و سەندنەوەی بە ئەنقەستی ژیان لە هەڵسوراوان‌و نەیارانی سیاسی‌و ئازادیخوازان لەلایەن دەسەڵات‌و جەلادانی ئازادی لە ئێرانەوە، کردەوەیەکی قێزەونی نامۆ بە بەشەریەتی ئەم سەردەمەیە. رژێمی ئیسلامی ئێران بەو تاوانەی ئەو راستیە نیشان دەدات، کە ئەم دەسەڵاتە بە بێ سەرکوت و کوشتار ناتوانێ درێژە بە تەمەنی نەگریسی بدات. بێدەنگەکردنی ئەمریکاو رۆژاوا بەرامبەر بەم ئینسان کوژیە ئەو راستیە ئاشکرا دەکات کە ئامادەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریەکانیاندا، شانۆی کوشتاری کلور کلور ئینسان ببینن و تەماشاچی بن. گرتن‌و زیندانیکردنی خۆپیشاندەرانی دژی رژێمی ئێران ئەو راستیە نیشان دەدات کە دەسەڵاتی هەرێم لەجیاتی وەستانی لە پاڵ خواستی ئازادی و ئینسانیدا، لە ریزی سەرکوتی رژێمی ئیسلامی ئێران و سەرکوتی سیاسیدا وەستاوە. پێویستە ئەم سێ کوچکەی ئەمریکاو رۆژاوا- دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی ئێران- و دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرەو رووی شەپۆڵێک لە نارەزایەتی ئێمەو ئینسانیەتی ئازادیخواز لەسەرتاسەری دنیادا بێتەوە. ئەگەر دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دژی ئازادیەکان، پێویستیان بەوەیە لە پاڵ یەکتریدا بوەستن، ئەوا پێویستە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان‌و دەنگی رەسای دنیای شارستانی، لەپاڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی دژی سەرکوت‌و سێدارە لە ئێراندا، بوەستن‌و ئەم کۆمەڵکوژیەی مرۆڤ راگرن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە کاتێکدا بەتوندی ئیدانەی ئەم ئینسانکوژیە دەکات، هاوکات لەپاڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی‌و ئینساندۆستی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران‌و دنیا لە دژی سەرکوت و ئیعدامی ئەو رژێمە هارە رادەوەستێت. لە ریزی پێشەوەی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانیشدا دەبێت بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتی خۆشخزمەتی حکومەتی هەرێم بە دەسەڵاتی رژێمی درندەی ئیسلامی ئێران و خوازیاری هەڵپێچانی کۆنسوڵخانەکانی ئەم رژێمە هارەیە لە کوردستاندا.
نا بۆ سزای لەسێدارەدان، بژی ئازادی هەڵسورانی سیاسی!
مەرگ بۆ جمهوری مەرگ و سێدارە لە ئێران!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٢/١١/٢٠١٣