سودانی دەتوانێت چی بکات لە تورکیا ؟

 

 

عوسمانی حاجی مارف

 

ئامادەکاری محەمەد شیعە سودانی بۆئەوەی لەم ماوەیەدا سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجام بدات، لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ناوچەکە شایەتی گۆڕانکاریە سیاسی و ئەمنیە گەورەکانە، کە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ نیگەرانی هەردوو تورکیا و عێراق دەخاتەڕوو. دیارترینیان پەرەسەندنی دەخالەتی ئیسرائیلە لە سوریاو ناوچەکە و بەردەوامی شەڕی غەززە، زیادبوون و هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئێران، هەروەها داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.

جگە لەوانەش بۆ ڕێکەوتنی هەردوو ووڵات دەربارەی هاوکاری ئاسایشی سنوورەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەهێزکردنی هاوکاریە ئابووریەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، تا کێشەی ئاوی نێوان عێراق و تورکیا کە ئاماژەی پێدەکرێت، گرنگیان دەبێت لە سەردانەکەی سودانیدا.

ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا لەکاتێکدایە کە لەلایەک فراوانبونەوەی دەخالەتی بەرچاوی ئیسرائیل لە سوریا لە پەرەسەندایە، لەلایەکی ترەوە ململانێی ئیسرائیل بەرامبەر رۆڵ و دەخالەتی تورکیا لە سوریاو ناوچەکەدا بەروونی دەبینرێ، ئەمەش گوزارشت لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئاڵۆزی و گرژیەکانی ناوچەکە دەکات. ئەم هەڵکشانە بۆخۆی نیشانەی مەترسیە بۆ سەر ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ عێراق و تورکیا کە بەهۆی دۆخی ناجێگیری ئەمنی ناوچەکەوە کاریگەریان لەسەرە، بۆیە ئەم دۆخە دەرگای بەدواداچون و هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو ووڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنیان لە دیمەشق دەکاتەوە.

ئیسرائیل لە شەوێکدا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی وەک هۆشداریەک بە فەرمانڕەوایی شەرع لە دیمەشق دا ناساند. هەروەها ئەنقەرەی بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر دیمەشق دا ئاگادارکردەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئیسرائیل زۆر بەجدی کار بۆ بێکاریگەرکردنی تورکیا لە سوریا دەکات. بەڵام چۆن دەتوانێت ئەم کارە بکات بەبێ شەڕێکی سەرتاسەری، لەکاتێکدا تورکیا نەوەستاوە لە پەیڕەوکردنی ستراتیژی زاڵبون بەسەر سوریادا؟ پرسیارێکە ئاستی توانایی و پێداویستی ململانێکان وەڵامی ئەداتەوە.

ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکەدا، ترسی لە کۆنترۆڵکردنی ئەنقەرە بەسەر دیمەشقدا هەیە، بۆیە زیاتر هەوڵئەدات کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سوریا بکات. دەستی بەسەر خاکی باشووری ڕۆژئاوای سوریا گرت و ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان ڕاگەیاند. ئامادەیی پشتیوانی لە هەسەدە نیشاندا و فشاریشی خستە سەر واشنتۆن بۆئەوەی سوریا بە لاوازی بهێڵێتەوە و بەشێکی زۆری چەکی قورس و کەرەستە سەربازیەکانی سوریای لە ڕۆژانی دوای ڕووخانی ئەسەدەوە لەناوبرد.

هەوڵەکانی ئیسرائیل دژی بنکە سەربازیەکانی سوریا دوای ئەوە دێت کە باس لەوە دەکرێت تورکیا بەرنامەی هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی ئاسمانی T4 لە سوریا و پلانی هەیە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەوێ جێگیر بکات. لە ئێستاشەوە دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ کاری بیناسازی لەم شوێنە ستراتیژیەدا. ئیسرائیل ئەوە باش دەزانێت ئەگەر تورکیا لە بنکەی T4 و شوێنە سەربازیەکانی دیکەی سوریا جێگیر بن، ئەوا لێیان ناکشێنەوە. بەڵام ئەگەر تورکیا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج بگیرێت و بۆردومانی هێزەکانی لە سوریا بکرێ، قەیرانێکی سەخت لە نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرەدا دروست دەکات.

ماوەی چەند مانگێکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەردەوام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجام دەدات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت و شوێنی سەربازی و ئۆتۆمبێل و تەقەمەنی سوریاش لەناو دەبات.

سودانی لەم دۆخەی ئێستای ململانێی نێوان تورکیاو ئیسرائیلدا بۆ دەخالەتیان لە سوریا، جگە لەوەی کێشەیەکی لەسەر ئامادەبونی سەربازیی تورکیا نیە لە سوریادا، لەهەمانکاتدا بەدوور نازانرێت لەبەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی دەخالەتەکانی ئیسرائیلدا پشتیوانی لە ئامادەبونی سەربازی تورکیا لە سوریا بکات.!؟

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا سەرکۆنەکرد، وەک پاڵپشتیەک له حکومەتی سووریا. سودانی چەندینجار داوای لە شەرع کردووە کە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل بکات، وەک پێشمەرجێک بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریەکان، هەر لێرەشەوە لە هەوڵی توندکردنەوەی پەیوەندیەکانە لە گەڵ تورکیادا.

لە دیارترین ئەو پرسانەی کە سودانی لەم سەردانەدا بۆ تورکیا و لەم دۆخە نالەبارەدا دەیەوێت باسی بکات تابتوانێ پەرە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا بدات، بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری نیوانیان تورکیاو عێراقە لەبەرامبەر کێشە ئەمنیەکاندا، لەوانە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەڕەنگاربونەوەی چالاکی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی لەبەرامبەر پەکەکە لە ناوعێراقدا و هەسەدە لە ناو سوریا. ئەم پرسە کە پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنی ئاست بەرز هەیە، یەکێک دەبێت لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان سودانی و ئەردۆغان، بەتایبەتی دوای بانگەوازی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان.

بەغدا له ڕاگەیاندنەکەی باخچەلی و ئەردۆغان لەگەڵ ئۆجەڵان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی  پەکەکە، پاڵپشتی کرد و پێداگری لەسەر ئەوەکرد که ئەو هەنگاوە کاریگەری ئەرێنی له سەر باشبونی دۆخی ئاسایشی تورکیا و عێراق و ناوچەکە دەبێت، هەروەها بەغدا داوای لە سوپای تورکیا و سەرکردایەتی پەکەکە کرد، دوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە، هەردوولا لە خاکی عێراق بکشێنەوە.

ئەوەی کە زۆر بەرچاوە تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانیە دیارەکانی عێراق، بەتایبەتی لە هەناردەکردنی نەوتدا. ئەمەش وایکردووە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ تورکیا گرنگیەکی زۆری هەبێت. جگە لەوەش پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” کە یەکێکە لەو پرۆژە گەورانەی عێراق و تورکیا بەوپەڕی چاوەڕوانیەوە پێشوازی لێدەکەن و کاری لەسەر دەکەن، وەها دەردەکەوێت کە لەم سەردانەی سودانیدا گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت، بەڵام پێناچێت کە جێگایەك بۆ حکومەتی هەرێم لەو پەیوەندەدا قایل بن. ئەم پڕۆژەی گەشەپێدانە کە ئامانجی بەستنەوەی عێراق و تورکیایە لە ڕێگەی تۆڕێکی ڕێگاوبان و گواستنەوەی بازرگانی بە ئەوروپاوە، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و بەشداری دەکات لە باشترکردنی ژێرخانی ئابووریان.

ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا بەهەر نەخشە عەمەل و پرتۆکۆلێکی ئامادەکراوەوە ئەنجام بدرێ، لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا ناتوانێ بە سادەیی بۆ عێراق تێپەرێت و پرسەکان یەکلایی بکرێنەوە و ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا بەئاسانی بچنەبواری جێبەجێبونەوە، لەکاتێکدا کە هەردوو تورکیا و عێراق لەبەرامبەر بەرژەوەندی و سیاسەت و نەخشەکان و دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریاو ناوچەکەدا ناکۆک و جیاوازن و دەورانێکی ململانێی سەخت لەبەرامبەر نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بەسەر دەبەن.

هەر لەم ڕۆژانەدا فشارە زیادەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سودانی لەسەر  هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بڕیار بۆ کۆتایهێنان بە هەژموونی ئێران بەسەر سیستمی سیاسی لە عێراقدا، ڕێگریکردن لە لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەم هەنگاوە بە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی گۆڕانکاری لە ڕێساکانی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ نفوزی ئێران لە عێراق وەسف دەکرێت، ئەم بڕیارو هەنگاوەی ئەمریکا کێشەی گەورەی لەنێو ڕیزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێناوە و دۆخی سیاسی عێراقی شڵەقاندووە بەجۆرێك کە بەرەنجامی سەردانەکەی سودانیش بۆ تورکیا  و  بڕیاردان لەسەر بەسەرەنجام گەیاندنی هەر گفتوگۆیەک لەناو ناڕۆشنیدا داهێڵێتەوە، بەتایبەتی کە سودانی ناتوانێ بەیەکجاری دەستبەرداری باڵادەستیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بێت لە حکومەتی عێراقدا. لەهەمانکاتدا یەکلاییکردنەوەی کەنارخستنی دەخالەت و دەوری کۆماری ئیسلامی لە حکومەتی عێراقدا، بۆسودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی گرفتێکی گەورەیە و ناتوانن بەئاسانی دەستبەرداری ئێران بن. زەحمەتە بتوانن بەم زووانە ئەو دۆخە بەئاسانی تێپەرێنن. ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا و خۆسازانی لەگەڵ ئەردۆغان، ئایندەی ململانێ و ئەگەری ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا روودەدات دیاری دەکات تاچەند سەرکەوتوو دەبێت، کە سودانی لە پەیوەند بەدەسەڵاتی چوارچێوەی هەمانگیەوە تا چەند دەتوانێت نەخشەکانی بگونجێنێت و پارێزەری لەدەسەلاتی خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیاکانیان بکات؟ ئەمەش سەردانەکەی بۆ تورکیا و رێکەوتنەکانی لەگەڵ ئۆردگان سنوردار دەکات.