پەیامەکەی عەبدواڵلا ئۆجەلان و ئایندەی مەسەلەی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان
گفتوگۆی شەماڵ عەلی لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد لە کەناڵی هیوا
ڕوونکردنەوەی ڕۆژنامەی ڕەوت:
لە بەرنامەی (کەناڵی هیوا)ی یوتیوب تی ڤی، ئیوارەی (٣) مارسی (٢٠٢٥) گفتوگۆیەکی هاوڕی شەماڵ عەلی لە گەڵ هاوڕی موئەیەد ئەحمەد پێشکەشکرا بەناونیشانی: پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان و ئایندەی مەسەلەی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان.
لەبەر گرنگی باسەکان ڕۆژنامەی (ڕەوت) هەمان ناوەرۆکی ئەم گفتووگۆیەی بەکەمێ ئیدیتەوە ئامادەکردووە و هەر ڕستەیەکێشمان زیادکردبێ بۆ ڕوونکردنەوەی باسەکە لە نیوان دوو کەوانەی گەورەدا دامان ناوون.
شەماڵ عەلی: هۆکارەکانی پەیامەکەی ئۆجەلان و ئەو فاکتۆر و پاڵپێوەنەرانەی بوونە هۆی ڕاگەیاندنی بە تایبەت لەم کاتەدا ( ٢٧ -٢-٢٠٢٥) چین؟
موئەیەد ئەحمەد: لە هەردوو لایەنی ڕژێمی ئەردوگان و ئۆجەلانەوە چەند هۆکار و فاکتۆرێکی تازە لە ئارادان، بەڵام سەرجەم ئەم جۆرە دەستپێشخەریە بۆ ئاشتەوایی (صلح)ی نیوانیان شتیکی تازە نیـیە چونکە لە چەند ساڵی ڕابردووشدا لە فۆرم و شیوازی تردا ڕوویانداوە.
بۆ دەوڵەتی تورکیا و ڕژیمەکەی ئەردوگان بەشیکی هۆکارەکان پەیوەندیان بە کێشمەکێشی سیاسی ناوخۆی تورکیاوە هەیە و بەشیکی تریان پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کە پاش (١٦) مانگ لە جینوسایدی ئیسرائیل لە (کەرتی غەززە) و کەوتنی ڕژێمی سوریا و پاشکەشەی ڕژێمی ئێران لە ناوچەکە بەتایبەت پاش چوونە دواوەی (حزبوڵا)ی لوبنان، فەراهەم هاتووە.
“بەڵام هۆکاری پایەییتر لەهەر هەموو ئەمانە مەسەلە و کێشەکانی کەپیتالیزمە لە تورکیادا، مەسەلەی سیاسەت و نەخشە و ستراتیژە بۆ بەڕیوەبردنی و ئیدارەکردنی بەرژەوەندیـیە نەتەوەیی و ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکانی خودی (سەرمایەی نەتەوەیی تورکیا) و ئەم سیستمە سەرمایەدارییە و ئەم ڕەوەندە ئابوری و سیاسییانەی کە لە ناو تورکیادا لە ئارادان”
ئەمە جگە لە بەرژەوەندیـیەکانی ئەردوگان بۆ مانەوەی خۆی و ڕژێمەکەی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٨) و پیوسیتی بە دەنگدەرانی ناوچەکانی کوردستانی تورکیا کە هەمووی فاکتۆری سیاسیین و ڕۆڵیان هەیە بۆ ئەم دەستپێشخەریە.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر و لە دڵی هەموو ئەم ئاڵوگۆڕییانەدا؛ “تورکیا وەک دەوڵەتێکی کەپیتالیستی ناوچەیی بەهێز و تەنانەت وەک هیزیکی نیودەوڵەتی، و دەوڵەتیکی میلیتاریستی ئیمپریالیستی، ئەیەوێت نەخشی خۆی بگیڕێت لە ناوچەکەدا، و هەر سیاسەتێکیش کە لەم فەترەیەدا ئەیگرێتەبەر، لەدواشیکردنەوەدا، پەیوەندی بەم مەسەلەیەوە هەیە؛ بە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییە ناوچەییەکانییەوە …”
شەماڵ عەلی: سەبارەت بە فاکتۆری ئاڵوگۆڕیـیەکانی ئەمڕۆی جیهان لەم ڕێکەوتنەدا چی دەڵێت؟
موئەیەد ئەحمەد: سەرهەڵدانی ترامپیزم و نیو فاشیزم و ڕەگەزپەرستی و گرتنەبەری ئەم سیاسەت و ستراتیژە بوەتە واقعی سیاسی لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بەڵام ڕژێمی ئەردوگان ناتەبا نییە لەگەڵ ئەم پێشهاتانە و هەڵکشانی کۆنەپەرستی سیاسی جیهانی ئەمڕۆ، ئەویش لەبەرئەوەی کە ڕەوتی ئەردوگان، ئیستیبدادی و ئیسلامیستە، و لە هەوڵی بەهیزکردنی هەرچی زیاتری دەوڵەتی بورژوازی تورکیایە و لە بواری جۆراوجۆردا سیاسەتی نیوفاشیزم پەیرەو دەکات و باس لە زیادکردنی دانیشتوانی تورکیا و بەهێزکردنی “ئیمپراتۆرەکەی” دەکات.
دیارە لە هەمان کاتدا ڕژیمی ئەردوگان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری تورکیا و قەیرانی (سیاسی دەسەڵات و ڕژێمەکەیەتی)، بەڵام هەموو وڵاتان بە پلەی جۆراوجۆر قەیرانیان هەیە و لە هەماکاتدا ستراتیژیان هەیە، باسەکەمان لێرەدا لەسەر ئەم ستراتیژەیە. ئەم ستراتیژەیە کە بۆخۆی توخمەکانی، قەیران و تەماحکاری ئیمپریالیستی و جیۆپۆلیتیکسی بۆ هیژمۆنی ناوچەیی تێدایە بۆ دەوڵەتێک کە هیزێکی سەربازی گەرورەیە و فرۆشیاری درۆنز و چەکی ترە و سوپاکەی لە جەنگێکی بەردەوامدا مەشقی پێکراوە.
بۆ تورکیا هەم سیاسەتی ئاشتییەواییەکەی و هەم سیاسەتی ناوچەییەکەی، بردنە پێشەوەی تورکیایە وەک دەوڵەتیکی یەکەم و بەهێز لە ناوچەکەدا لە هەولومەرجێکدا کە ڕژێمی ئیران پاشەکشەی کردووە و لە ژێر فشاری ناخۆیی و فشاریکی زۆری ئەمریکادایە، و سوریاش ئاڵوگۆڕی تیا فەراهەم هاتووە بە قازنجی تورکیا. هەر بۆیە زیاتر لە جاران ڕژێمی ئەردوگان لە هەوڵدایە دریژکراوەیی ناوچەیی هەبێت نەک هەر تەنها وەک فیکری ئیخوانی و ئیسلامیزم، بەڵکو وەک هێزێکی ناوچەیی و دەسەڵات. دیارە هەموو ئەمانە لە پشتی دەستپێشخەریەکەی ئەردۆگان و ڕژێمەکەیەتی بۆ ئەوەی کە ئەم بوارە بە ئۆجەلان بدەن تەنانەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕیکەوتن لە گەل (پ ک ک)ش، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم ستراتیژ و سیاسەتە پرە لە ناکۆکی و کارێکی ئاسایی و سادە نییە.
شەماڵ عەلی: بۆچی ئیستا ئەم پەیامە دەنێردرێت؟ دیارە ئەوەی لە نامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە شتێكی تازە نیە و دەستپیشکەریەکەی هی تورکیایە بەڵام بۆچی لە ئیستادا ئەم دەستپێشکەریە ئەکات؟
موئەیەد ئەحمەد: ئەوە ڕوونە کە بەرژەوەندیی سیاسی و ستراتیژی ئیستای تورکیایەیە کە ئەم مەسەلەیەی هێناوەتە پێشەوە ( و ئەم دەستپێشکەریە ئەکات). بۆ ئۆجەلانیش (ئەم پرۆژەیە) شتیکی تازە نیە و ڕەنگە تەنها هەڵوەشاندنەوەی پ ک ک تازە بێت لە پەیامەکەیدا.
هەروەها، [پ ک ک] لە ژێر فشاریکی گەورەدایە و ئەم پەیامەی ئۆجەلان لە پێگەیەکی بەهیزەوە نییە هەم لەبەرئەوەی کە تورکیا زۆر بەهێزترە لە جاران و فشارێکی گەوەرەی سەربازی دروستکردووە بۆ (پ ک ک) و کادرگەلێکی زۆر لە [پ ک ک] کوژراوە. بەڵام لە لایەکی ترێشەوە [پ ک ک] بەهێزە هەم لە باری ئابوورییەوە و هەم لە باری نفوزی سیاسی و فیکری و کەلتوری لە ناو بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد، بە تایبەت لە تورکیا و سوریا و کاریگەری بەجێهێشتووە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم فاکتۆرانە یارمەتیدەرن کە گەر واز بهێنێ لە هێزی چەکداری ئەتوانی دریژە بدات بە کاری سیاسی خۆی بە شیوازی تر.
بەڵام ئەو نامەیەی ئۆجەلان بەدەر لە ناوەرۆکێکی فیکری و سیاسی و مەسەلە و پلانیک کە تیاییدایە لەبەراورد بەو واقعەی کە لە دەرەوە هەیە، دوو شتی جیاوازن. مەرج نییە ئەم پەیامە ببێت بە کردار و تەنانەت [پ ک ک]ش پێی ڕازی بێت لەگەڵ هەموو نفوزێکی فیکری و سیاسی کە ئۆجەلان هەیەتی.
شەماڵ عەلی: ئەگەرەکانی شکستی زیاترە یا جێبەجێکردنی؟
موئەیەد ئەحمەد: توخمەکانی شکستی زۆر تیایە، بە ڕای من، چونکە دوو لایەنی زۆر نابەرامبەر و نایەکسان لەم ڕیکەوتنەدا هەن، مەرج فەرزکراوە بە سەر لایەکیاندا، نەک ئەوەی ئوردوگان هاتبێتە پای ئەوەی کە ئاشتەواییەکی جیدی بکات. و لەلایەن [پ ک ک]شەوە بواری ئەوەی تیایە کە گەر ئەم پرۆسەیە سەر نەگرێت، ئەو دریژە بە کاری خۆی بدات و ڕژێمی ئیران هەیە کە دەتوانێ یارمەتیدەری بێت و لە هەماکاتیشدا هێزی هەیە و هێزەکانی [هەسەدە] هەیە بۆیە من باوەر ناکەم کە ئەم پرۆسەیە بە سادەیی بچێتە پێشەوە.
هەروەها ڕژێمی ئەردوگان لە ژێر فشارێکی ناوخۆیی ئازادیخوازانەی ئەوتۆدا نییە تا ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکات دیارە ئەمەش بە هۆی شەر و پێکدادان و درز و قەڵشت لە نیو چینی کرێکار لە ناخۆی تورکیا و بەشی کوردستانەکەیدا، کە نفوزی فیکری ناسیۆنالیستی لە هەر دوو تەرەفەوە دروستی کردووە.
شەماڵ عەلی: بەڵام لە ژیر فشارێکی ئابوری گەورەدایە تورکیا و ئەبێ ئەو ڕاستییە بزانین و فشاری ئابووری هەیە لەسەر ڕژێمەکەی.
موئەیەد ئەحمەد: ئەم پرۆژەیەی ئەردوگان مەرج نییە وەک سیاسەت و ڕێگە چارەی ئابووری هاتبێتە ئاراوە، چونکە چارەسەری قەیرانی ئابوری سیاسەتی موشەخەستری ئابوری دەوێت و تەنانەت هەر ئیستا توانیویەتی کەمێک، بە گۆڕینی سیاسەتی لەو بوارەدا، گرانی بهێنێتە خوارەوە. بروام وا نییە کە ڕیگە چارەی ئابوری لە پشتی ئەم دەستپێشکەریەی تورکیاوە بێت، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە سیاسەتێکی هەیە ڕژیمی تورکیا و ستراتیژیکی هەیە بۆ ئیدارەی کەپیتالیزم و بەرژوەندە ناوچەییەکانی و تەماحکاریـیە ئیمیریالیستییەکانی وە ئەمە لە پشتی ئەم پرۆژەی ئاشتەوایەوەیە.
ئوردوگان پێش باخچەلی ئاماژەی دا کە بارودۆخی ناوچەکە گوڕدراوە و ئەبی تورکیا جێگە و شۆینی خۆی و ستراتیژی لەم هەلومەرجەدا دیاری بکات، نەک هەر ئەمەش بەڵکو ئەم ئاڵوگۆڕییانە فرسەتێکە کە ئەردوگان و ڕژێمەکەی ئەو بەرژوەندییە ستڕاتیژیانە بەرەو پێش ببن و ئەم دەست پێشخەریەش هەر لەم ڕاستایەدایە.
شەماڵ عەلی: تۆ باسی ئیمراتۆرییەتت کرد، ئەردوگان دەیەوێت خۆی پێناسە بکاتەوە، و یان چێ؟
موئەیەد ئەحمەد: ئوردوگان خۆی باسی ئەو مەسەلەیە ئەکات و بەڵام هەر دەربرین و کونسیپتێکی سیاسی لە سەر زەمینەی ئەمرۆی سەرمایەداری وواقعی جیوپۆلیتیکسی ئەتوانی مانای هەبێت. تورکیا ئەیەوێت ببی بە هێزیکی ناوچەیی گەوەرە و ئیستا ئەو دەورە ئەبێنێت وکۆنسێپتی ئیمپراتوری ئەو ئەم مانایەی هەیە.
شەماڵ عەلی: بەشێک لە چەپەکان بڕوایان وایە کە ئۆجەلان و تورکیا ناتوانن چارەسەری مەسەلەی نەتەویی بکەن لە کوردستانی تورکیادا؟ تۆ ئەلێی چی؟
موئەیەد ئەحمەد: مەسەلەی نەتەوەیی، مەسەلەیەکی سۆشیالیستی نییە تا نەتوانری لە چوار چیوەی کۆمەڵگەی بورژوازییدا چارەسەر بکرێت. هەر بۆیە بەو شیوە ڕەها (مطلق)یە نییە، کێشەی نەتەویی مەسەلە و پرۆسەیەکە و لە رێچکەی خۆیدا و ڕەنگە لە ڕەوەندی پەرسەندنی ناکۆکییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری و خەباتی چینایەتی ناو ئەم وڵاتەدا ئەم مەسەلەیە چارەسەر ببێ.
شەماڵ عەلی: کاریگەری ئەم پرۆسەیەی ئۆردوگان لەسەر جوڵانەوەی ناسیونالیستی چی دەبێ؟ و لە سەر جوڵانەوەی سۆشیالیستی چۆن دەبێ؟
موئەیەد ئەحمەد: ئەم پرۆسەیە کاریگەری هەیە لە سەر کوردستانی تورکیا وعێراق و زۆر شۆینی تر، و لە سەر باڵە جیا جیاکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی بۆ نمونە، ئەوەی کە هەتا ئیستاش پابەندە بە شەری چەکدارییەوە، ئەم سیاسەت و ستراتیژە و ئەم پرۆسەیە کاریگەری نەرینی لە سەر دائەنێ.
ناسیونال ڕادیکاڵەکانی ناو بزووتنەوەی نەتەوەیی هەر ئیستا تۆشی نائومێدی بوون کە هەموو مەسەلەیەکی ئەوە بوو کە چەند بە دژی (پارتی)یە، بەڵام ئیستا سەیر دەکات کە (پارتی) و (پ ک ک) پێکەوە پرۆژەیەک دەبەنە پێشەوە.
کاریگەری لە سەر بزوتنەوەی سۆشیالیستی و کرێکاری لە کوردستانی سوریا و تورکیا و شوێنەکانی تر جیاوازه. چینی کرێکار لەم ناوچانەدا دەرگیری کۆتی فکر و (ئاسۆی سیاسی) ناسیۆنالیستییە و هەر پاشەکشەیەک لە کۆنترۆلی سیاسی و هیژمۆنی فکری و سیاسی ناسیۆنالیزم، فەزایەک دەکاتەوە لە بەردەمیان و لە بەردەم خەباتی چینایەتییان. بەم مانایە ئەوە ئەرێنیە گەر شەڕ و پێکدادان نەبێت و لە پرۆسەیەکی سیاسیی و فەزایەکی ئاوەڵای سیاسی و ئارامدا کێشمەکێشەکانیان بەرەوپێش بەرن.
شەماڵ عەلی: با بچینە سەر شیکردنەوەی ناوەڕۆکی نامەکەی ئۆجەلان.
موئەیەد ئەحمەد: پەیامەکەی ئۆجەلان هەر هەمان ئەو سیستمەیە کە ئۆجەلان هەیەتی کە پاش ڕووخانی [یەکێتی سۆڤیەت] دەریبڕیوە و کە بڕوای بە دەوڵەت نەتەوە و فیدڕاڵیەت و حوکمی زاتی نەماوە. هەروەها ئەوە سنووربەندی کردووە لەگەڵ سۆشیالیزمی ڕەسمی و ستالینیزمدا.
یەکێک لە کێشە بناغەییەکانی ئۆجەلان ئەوەیە کە ناچیتە سەر چین و سۆشیالیزم، و ئەو دوو مەسەلەیەی بەجێهێشتووە. ئەو سنووربەندییەی لەگەڵ سۆشیالیزمی دامەزراودا (الاشتراكية المشيدة)دا، مانای هەیە بۆ ئۆجەلان و سنووربەندییە لەگەڵ هەر جۆرە سۆشیالیزمێکدا ڕەنگە ئەمەی خۆی بە سۆسیالیزم دابنی، بەڵام وەکو سیاسەت و ئەجیندە لە سیستمی فیکری ئۆجەلاندا سۆشیالیزم بەو مانا چینایەتییەی نەماوە و ئەمە لە نامەکەیدا ڕوونە.
شەماڵ عەلی: بەڵام ڕیبازی ئۆجەلان کە پێ ئەوترێت بەڕێوەبەریی دیمکراسی تێزی (بوکچین)ە کە مانیسیپاڵیەتییە کە لەم ڕێگەیەوە سۆشیالیزم ئەنجام دەدات بەڵام وایە باسی چین و خەباتی چینایەتی لە فیکری ئۆجەلاندا نەماوە.
موئەیەد ئەحمەد: جگە لە وەش ئۆجەلان باسی کەپیتاڵ ناکات، باسی کەپیتالیزم وەکو سیستم ناکات، بەڵام ڕەخنەی لە دەولەت نەتەوە هەیە. سۆشیالیزم یانی ڕزگاربوون لە سەرمایە، لە خاونداریەتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئەم کۆنسێپتە نەماوە لە لای ئۆجەلان.
هەر خودی ئەم سیستمە فیکری و سیاسییەی ئۆجەلان گەر سەیری بکەیت لە دیدگای سۆشیالیستێیەوە، دەبینی کە ئەمە ئەڵقەیەکی میانەیی [وسطی] و ڕێگوزەرە بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی، بەڵام ئەم ئەلقەیە ماناکەی ئەوە نییە کە دەگاتە شێوە چارەسەری سۆشیالیستی بۆ کێشەکە، بەڵکو ئەڵقەیەکی میانەییە کە ئەوی تریان واتە ئەو چارەسەر سۆشیالیستییە لەبار دەبات و ئیحتوای دەکات.
ناسیونالیزمی تەقلیدی کورد وەک ئەوەی [بەرزانی و پارتی] کە باسی دەوڵەتی کوردستان و تەنانت ڕیفراندومیان بەرپاکرد بۆی و [مەسعود بەرزانی] دەیویست کاتێک کە خۆی سەرۆکە ئەو مەسەلەیە ئەنجام بدات، ئەو ستراتیژەیان هەیە، بەڵام ئۆجەلان هاتووە لە شۆێنێکی ترەوە باس لە مەسەلەکە دەکات. ئەم لە پایەوە و لە کۆمینیەتییەکان کە شوناسی جیاوازیان هەیە دەست پێ دەکات. ئۆجەلان پرسی چینەکان و ڕووخاندنی سەرمایە و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆشیالسیتی و بەرقەرارکردنی یەکسانی نیوان ئینسانەکان لەسەر بنەمای دامەزراندنی سیستمیکی ئابوری -کۆمەڵایەتی بەرزتر کە (کۆمۆنیزمە) لە دەستوری کاری خۆی وەلا ناوە، و لە سیستمی فیکری [پ ک ک] و هیچ لایەنێک لەو لایانەنەی بەرگریکار لە ئۆجەلانیشدا نییە.
ئەو سنوربەندییەی کە ئۆجەلان کردوویەتی لەبەرامبەر “سۆشیالیزمی واقعیدا” هەر سنوربەندی نییە لەگەڵ ئەو جۆرە شۆشیالیزمەدا، بەڵکو سنوربەندییە لەگەل خودی سۆشیالیزمی شۆرشگێڕانە و مارکسیزمدا.
ئەگەر لە ڕوانگەی میژووییەوە سەیری بکەین ئەبینین کە ئەم تەڕحەی ئۆجەلان تەڕحێکی میانەیی و ڕێگوزەرە بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی و هی هێز و لایەنێکی ناسیۆنالیستیتە، و هەر بەو پێیەش بۆ لەباربردنی ڕێگەچارەی سۆشیالیستیە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی.
شەماڵ عەلی: ئەوەی کە ئۆجەلان ئەیەوێت بیهێنی هەر ئەوەیە کە ئیستا لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە. من ناتوانم ئۆجەلان ئیتهام بکەم بەوەی کە لە هەولیردا هەیە چونکە ئۆجەلان بە هەموو تیزەکانیەوە بە دژی ئەو پرۆسەیەیە.
موئەیەد ئەحمەد: من وتم تەرحەکانی ئۆجەلان مەسەلەیەکی ڕێگوزەرە [انتقالی]ه، و ئەوەی بەجیهیشتووە کە لە هەولێرە، بەڵام من باسی شتیکی واوەتر دەکەم. تۆ خۆشت باست لە هەندێ ناکۆکی کرد تەنانەت مەسەلەی پێشێلکاری ئازادی سیاسی و دەوری هێزەکانی [هەسەدە]. ئەمانە هەمووی کێشەدارن، و ئاوا نییە بە سادیەیی بڕوات و کۆمەڵگە زۆر لەوە ئالۆزترە کە بتوانی کۆنسێـپتی چینایەتی لە سیستمی بیرکردنەوەتدا دەر بکەیت و بڵێی من شتیکی جیاواز دەهێنمە دەرێ لە (بەرژەوەندی جەماوەری نەدار)، و ئەوە ئەزمونی هەموو دنیایە.
ئەمەی ئۆجەلان کۆمەڵێک شتی باشی تیایە هەم لە سەر مەسەلای ئازادییەکانی ژنان و تیپەراندنی سنووری نەتەوە و چاکسازی بواری ژینگە و هەموو ئەمانە جێگەی [تەئییدن]، بەڵام باسەکە لەوە واوەترە.
شەماڵ عەلی: دیموکراتیزمی کۆنفیدرالی وئەم ستراتیژاە چۆن لەبەرامبەر تەرحی سۆشیالیستیدا وەستاوە؟ ئەوانە چین کە ڕیگە چارەی سۆشیالیستی بۆ مەسەلەی نەتەوەیی کارسازتر ئەکەن؟
موئەیەد ئەحمەد: کێشەیەک هەیە کە ستەمی نەتەوەییە وە ئەمەش بەپلەی سەرەکی لە سەری خەڵكی کریکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ستەملێکراودا دەشکێتەوە، و خەبات و بەرەنگاری هەیە بەرامبەری، بەڵام کە دێتە سەر سیاسەتی ئەم بەرنگاربوونەوەیە لە لایەن ڕەوتی بورژوا ناسیونالیستی کوردەوە، دیارە بورژوا ناسیونالیستی عەرەب و فارس و ئەوانی تریش هەر وەهایە، لەبار دەبرێت و فۆڕمێکی دەداتێ و شیواز و شێوەکارێكیشی بۆ دەهێنێ و بە میکانیزمێک ئامانجەکانی خۆی دەباتە پێشەوە و ڕێگە بە بەرەوپێشچوونی (بزوتنەوەی چیانیەتی سەربەخۆی کرێکاران) دەگریت.
لە بری ئەوەی سیاسەتی دژی ستەمی نەتەوەیی لە پەیوەند بە کۆمەڵگەکەوە و بە خۆدی ئەو چینەوە کە بەدەست ئەو ستەمە نەتەوەییەوە دەناڵینێ بەرجەستە بکرێتەوە و بە ئەنجام بگات، ڕەوتی ناسیونالیست یەکسەر دەیباتەوە ناو کێشمەکێشی ناوچەیی و جیۆ سیاسییەوە، و ئەم فۆرمەی دەداتێ، و دیارە لە هەمانکاتدا بە هێزی چەکداریەوە ئەم کارە دەکات و بەجارێک پرۆسەکە کۆتایی پێ دەهێنی و ئەمەش دەبێتە بەشیک لە کۆنترۆلی بورژوا ناسیونالیست بە سەر بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا و هەردەم دووبارە دەبێتەوە وە (پ ک ک)ش هەمان کار دەکات.
بەشیک لە ناسیونالیزمی چەپ و تەنانەت هەندی لە سۆشیالیستەکان کە چەپی ناسیونالیستن دێن بە هەمان شیوە ئەم کلتوور و ترادسیۆنە و شیوە کارە ئەنجام دەدەن، و لەدوا شیکردنەوەدا وەکو باڵێکی تری ناسیۆنالیزم دەور دەبینن و ڕێگری بۆ بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دادەنێن کە (بەهێز ببیت وەک بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی چینایەتی) و سیاسەتی سەربەخۆی خۆی لە بواری وەلانانی ستەمی نەتەوەیی بەئەنجام بگەیەنێ، و ڕیگە چارەی سۆشیالیستی بۆ مەسەلەی نەتەوەیی خۆی بەرجەستە بکاتەوە. بەم پێیە هەر زوو چینی کرێکار و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی سەرکوت دەکەن و (ناهێلن ئینتیرناسیۆنالیزم و هاوخەباتی چینایەتی نیوان کرێکارانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان) گەشە بکات.
خۆمان لە هەموو ئەم کێشمەکێشەدا ژیاوین و دیومانە. لە ساڵی (١٩٨٤) و لە کاتی ناکۆکییەکانی ناو ڕێکخراوی “یەکێتی تیکۆشانی کارگەران” و سەرەتای دروستبوونی ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمۆنیست”، بەیاننامەیەکمان دەرکرد لەبەرامبەر دانوسانەکەی [مفاوەزاتەکەی] [یەکێتی نیشتمانی کوردستان] لەگەڵ ڕژێمی [بەعس]دا، و بەیاننامەکەمان هەر بەناوی “کۆمۆنیست” ەوە دەرکرد. لەوێدا وتمان کە بۆ ئیمەی کۆمۆنیست ئەوە فەرق ناکات [یەکێتی] دانوسان دەکات یان شەڕ دەکات، چونکە هەردووکی یەک سیاسەتە و کاری یەک ڕەوتە کە ئیمە لە دەرەوەی ئەوین و لە بەرامبەریداین. ئیستاش بۆ ئەم پەیامەی ئۆجەلان و (پ ک ک) هەمان شتە گەر شەڕ بکات یان ئاشتی هەر هەمان سیاسەتە و هەمان ڕەوتە.
تەرحی ناسیونالیستی کلاسیک ئەوەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست ببێ، وە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە [لە دیدگای بەشیک لە چەپەکان] هەقی نییە بەسەر ئەوەی کە بوژروازی ئیدارەی دەکات، یا [پارتی]، وەیا هەر لایەنیکی تر. تەنانەت لە ڕیفراندۆمەکەی (٢٠١٧)دا زۆر ڕوون بوو کە بەشیکی زۆری چەپەکان و سۆشیالیستەکان کەوتنە شۆینی ئەو مەسەلەیە. تیوریەکەیان ئەوە بوو کە كێشە نییە [بارازنی] باسی ڕیفراندۆم دەکات و”گرنگ ئەوەیە” کە ئەو ڕیفراندۆمە سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدات و ئیمە ئەبێ بڕۆین لە گەڵیدا لەبەرئەوەی مەسەلەی نەتەوەیی چارەسەر دەکات، و ئەمە تیۆریـیەکەیان بوو و دیارە ئەم باس و تیورییە نا سۆشیالیستیە. وەک کۆمۆنیستیک زەرورە بە موشەخخەسی باسی مەسەلەی نەتەوەیی بکەیت و (بەرژەوەندی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ستراتیژتدا بێت).
مافی دیاریکردنی چارەنوس و تا ئاستی دەوڵەتی سەربەخو، وەک کۆمۆنیستیک پەیرەوی دەکەیت، بەڵام ئەم مەبدەئە گشتییە لە واقعی ئەمرۆی سەرمایەداری و پارسەنگی هێزە چینایەتییەکانی دەروونی و لەم هەلومەرجەی پۆلاریزەبوونەوەی چینایەتی ئەمرۆدا کە جیهان تا داو پلە چینایەتی بووەتەوە، مانی خۆی هەیە، و ناتوانی بە ئاسانی بڵیی ئەگەر [پارتی] بچێت ڕیفراندۆم بکات یانی مەسەلی نەتەوەیی چارەسەر دەکات و ئیتر تەواو [وەک ئەوەی کە ئەم مەسەلەیە سەربەخۆ بێت و هیچ لایەنێکی چینایەتی و مۆرکی کێشمە کێشی چینایەتی پیوە نەبێت]. پارتی مەسەلەی میللی بە فۆرمێک چارەسەر دەکات کە بۆ بورژوای و ناسیۆنالیزمە، بەڵام بۆ چینی کرێکار هەمان کێشە هەر ماوە بە شێوەیکی تر و گواستنەوەی (چەوسینەرایەتی لە بورژوازی دەروەی کوردستانەوە بۆ بۆرژوازی ناوخۆی کوردستان).
لە بەینی (لە دەرەوەی) ئەم تەرحە کلاسیکە و ئەوەی ئۆجەلاندا بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی تەرحی سۆشیالیستی هەیە کە جیاوازە لە هەردوکیان. تەرحی سۆشیالسیتی وەک وتم، یەکەم، چینایەتییە و لەسەر بنەمای چینەکەوە دەست پێ دەکات و بەرژوەندی خەباتی چینایەتی لەبەرچاو دەگرێت، و دووهەم سۆشیالیزم و خەبات بۆ سۆشیالیزم پرۆسێسێکە و شتیک نییە و بڵێیت کاتیک بەئەنجام دەگات کە هەر دەبێ تۆ داینێیت بە سەربەخۆیی نەتەوەییدا تێپەڕێت و بروات، گوایا ئینجا دەگەیتە سۆشیالیزم. زۆر کەس لە چەپەکان وسۆشیالیستەکان ئەوە دەخەڕوو و ئەلێن با سەربخۆییەکە ئەنجام بدەین ئینجا سۆشیالیزم لە کوردستاندا بەئەنجام دەگات، لە وەڵامدا دەڵیم بەڵام سۆشیالیزم پرۆسێسە و خەباتێکی چینایەتییە، و ئەگەری ئەوە هەیە لەم پڕۆسێسەدا کرێکارانی تورک و عەرەب و فارس و کورد زمان کە بەرژەوەندییەکی هاوبەشی چینایەتیان هەیە سۆشیالیزم ئەنجام بدەن پێش هەر سەربەخۆیـیـیەک و (خۆیان فۆڕمێکی دیارکراو بۆ چارەسەری هەمان کێشەی نەتەوەیی ئەنجام بدەن). دیارە ئەم تەرحە زۆر زۆری فەرقە لەگەل ئەو تەرحەی تریاندا و دوو تەرحی چینایەتی جیاواز و دوو مەنهەج و تیوری جیاوازن.