لە لێواری پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا

 

عوسمانی حاجی مارف

لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان شاهیدی ڕاشکاوانەی بنبەستی ڕاوێژ و دانوسان  و کۆبونەوەکانی نێوان زۆنی زەردو زۆنی سەوز بووە، کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وە بەڕێوەچوو، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تائێستا گفتوگۆکان نەیانتوانیوە ئەنجامی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەیان بکات، بەڵام لەم ڕۆژانەدا وەها ڕادەگەیەنن، خەریکی لێکنزیکبونەوەیەکی سیاسی نێوان هەردوو بارزانی و تاڵەبانین.!

لەدواین کۆبونەوەیاندا لەنێوان هەردوولادا وەها نیشان ئەدەن کە کەشوهەواکە ئەرێنیە، مەسرور بارزانی دوپاتی ئەوەی کردەوە کە دیدارەکەی لەگەڵ تاڵەبانی “زۆر ئەرێنی و باش بووە”. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای کۆبونەوەکەیان لە هاوینەهەواری سەلاحەدین ئەوەی ڕونکردەوە، کە تیشکیان خستۆتە سەر لێکنزیکبونەوە و لێکۆڵینەوە لە پرسە گرنگەکان. لەهەمانکاتدا باڤڵ تاڵەبانی کۆبونەوەکەی بە “زۆر باش” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لێکتێگەیشتن لەسەر هەندێک بابەتی ستراتیژی کە “خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی خەڵک” دەکەن کراوە…!”، هەروەها باڤڵ دەڵێت “بڕوام وایە گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن، بەوپێیەی ئامانجی هاوبەشمان ئەوەیە کە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنین بۆ خزمەتی گەلەکەمان”.!

لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەردوولا چەند خولێکی دانوستانیان ئەنجامداوە، گوایە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە ئامانجی داڕشتنی ڕەشنوسی ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەی حکومەتی داهاتوو میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لە ناو حکومەتی هەرێمدا بە ئەنجامێکی عەمەلی گەیشتون، بەڵام ئەوەی شایانی باسە هیچ جۆرە خاڵێکی ڕۆشن بەرچاوناکەوێت و مانایەکی واقعی بۆ چۆنیەتی ڕێکەوتنیان نادەن بەدەستەوە، کە ئایا ئەو حکومەتەی دەڵێن بڕیارە خزمەت بە خەڵک دەکات، نمونەو وێنەکانی لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە لەماوەی سی ساڵ زیاتردا هیچی بۆ خەڵک نەکردووە، جیاوزای چیە و چیتر دەکات؟ لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکەوتنەکەیان هیچ ئەنجامێکی وەهایان نیشان نەداوە کە بتوانن بۆ کاروباری خۆشیان پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکەن.

ئەوەی شاراوە نیە کێشەو ململانێیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەوەندە پەیوەندی بەخەڵکەوە هەیە، کە فشاری خەڵک لەبەرامبەر یەکتردا بەکاربهێنن بۆ گوڕێنی بەرزبونەوەی هاوسەنگی سیاسان و بەدەستهێنانی  دەستکەوتی زیاتر لەبەرامبەر یەکتردا، تا ئەو ئاستەی چەندین ئینسان ببنە قوربانی لە پێناو کێشەکانیاندا، هەستیان نایان جوڵێنێ و ئازار ناکێشن و بێدەربەستن.

لەگەڵ ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کە “کۆبونەوەکانی نێوانیان لە ئەرێنیترین کۆبوونەوەکانە لەڕووی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتوو”. بەڵام تا ئێستا  ناکۆکیەکانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان ناڕۆشن و بێچارە ماوەتەوە. “یەکێتی بۆ مسۆگەرکردنی بەشداری ڕاستەقینە لە حکومەتدا، لەدانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە لەسەر پێداگری بۆ پۆستە باڵاکان  و دەبێت دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت”.

لەلایەکی ترەوە سەرکردایەتی یەکێتی دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە سەرەڕای بوونی خاڵە هاوبەشەکانیان، بەڵام ئەوە پلانی گەورەی دەرەکیە کە ڕێگرن لە پێکهێنانی حکومەتەکەیان، بە وتەی خۆیان کورد دوژمنی زۆرە!.

ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا وەک دابەشبونیان بە دوو زۆن و دوو هێزو دوو دەسەڵاتی میلیشیایی جیاواز و ئاستی هاوسەنگی هێزیان و پاشکۆبونیان بە بەرژەوەندی ووڵاتانی ترەوە، سادە نیە بە ئاسانی بگەنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە دۆخێکی ئارام فەراهەم بهێنێت، ئاشکرایە کە سی ساڵ زیاترە لە  شەڕو ململانێ و پیلانگێڕی و هەندێ جار ڕێکەوتن لە گەڵ یەکتر، هەمیشە سەرچاوەی نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و تالە توانایاندا بێت بەڵان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە.

پێش هەڵبژاردنیش باڤڵ هەوڵیدا گۆڕانکاریەکی هەمەلایەنە لە ئاستی سەرکردایەتی حکومەتدا بکات، تەنانەت بیری لەوە دەکردەوە، یان بانگەشەی ئەوەی دەکرد، گۆڕانکاریەک بێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی بە ئەنجامێک بگەیەنێت، بەڵام واقیعی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نەک هیچ هاوکاریەکی نەکرد بۆ ئەو بانگەشەیە، بەڵکو کەسایەتی باڤڵی زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە و لە بنبەستێکدا سەرگەردان بەجێماوە، ئەمەش وای لێکرد بەجیا لەوەی بانگەوازەکەی چۆن بەیان دەکات، بەڵام ناچارە بۆ بە دەستهێنانی دەستکەوتی بچووکترو ڕاگرتنی هێزەکەی. بەڵام لەلایەکی ترەوە یەکێتی دەیەوێت حکومەتێک پێکبهێنێت کە نەک هەر بەشداری تێدا بکات، بەڵکو هاوبەش بێت لە بڕیاردانی گرنگ و چارەنووسسازدا، هەروەها بۆخۆشی بەتەنیا فرسەتی ئەوەی نیە بە تاک قەوارەیەکی سیاسی کۆنتڕۆڵی هەموو توانا و بڕیارەکانی حکوومەت بکات، قەبوڵی ئەوەش ناکەن سنوردار بکرێن و بڕیارەکان بەسەریاندا بسەپێنرێت، ئەمەش ئەو کێشەیەیە کە باڤڵ و یەکێتی ناتوانن بە ئاسانی بارزانی ناچار بکەن.

پارتیەکان ئەوە ڕادەگەیەنن کە بەم نزیکانە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە پەیوەند بە هێزە سیاسیە جیاجیاکانەوە دەست پێدەکەن، هەروەها دەڵێن هەوڵدەدەین زۆربەی لایەنە براوەکان بەشداربن لە حکومەتدا بۆ ئەوەی سەرکەوتن لە پێکهێنانی حکومەتێکی پتەو مسۆگەر بکەن و هیچ ئاستەنگیەک نەخەنە بەردەمی ئەم پرۆسەیە، گوایە لیژنەی دانوستانکار کە لەلایەن سەرکردایەتی پارتیەوە پێکهێنراوە، ئەرکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام پێشوەخت ئەوە ئاشکرایە کە زۆربەی لایەنەکانی تر ڕایان گەیاندووە بەشداری لەم حکومەتەدا ناکەن، ئەمەش گرێیەکی تر دەخاتە پێشچاو کە لە دانوسانەکانی نێوان تاڵەبانی و بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی و پێویستیان بە بەشداری و ملکەچی لایەنەکانی ترە.

هەڵبەتە ئەتوانین ئەوە بڵێین کێشەکان تەنها بەدەوری ئەوەدا ناسوڕێتەوە کە ئایا بارزانی و تاڵەبانی دەگەنە ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامگیریەک یان نا؟ بەڵکو گۆڕانکاری و نالەباری و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی ناوچەکەو کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان لەم دەورانەدا، کەوتۆتە بەردەم ئەگەری چاوەڕوانی پێشهات و ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، وە ململانێی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی کە هەردوو لایەنی بارزانی و تاڵەبانی، لە تەواوی هەڵسوڕانی سیاسی و سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی سیاسیاندا،هیچ کات لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتێکی یەکگرتو لە هەرێم نەبون و ئایندەی بەرژەوەندی سیاسیان هەمیشە بەستراوە بە پاشکۆبون بە بەرژەوەندی و نەخشەی سیاسی ووڵاتانی ترەوە.

ئێستاش پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم ئاسان نابێت، بەڵکو پڕۆسەکە لەڕادەبەدەر ئاڵۆز دەردەکەوێت، لەوانەیە دانوستان ماوەیەکی زۆر درێژتری پێبچێت، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکیان زۆرینەی ڕەهای بەدەست نەهێناوە، ئەمەش پێویستی بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەک هەیە کە جگە لەوەی دەبێت توانای بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای هەبێت لەناو پەرلەماندا، لەهەمانکاتدا پێویستە بتوانن خۆیان لە گەڵ ناکۆکیەکان و ئاڵوگۆڕەکان و نالەباری دۆخەکەدا بگونجێنن، بەڵام پێکهاتەی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، وە دابەشبونیان بە پەیوەندی و بەرژەوەندی ووڵاتانی جیاوازەوە و لە پەیوەند بەبەغداوە، گەر حکومەتێکی ناچاریش پێک بهێنن، بەهیچ جۆرێک نەک ناتوانن نمونە و ئەزمونی حکومەتێکی باشترو جیاواز لە حکومەتەکانی پێشویان نیشان بدەن، بەڵکو نمونەی حکومەتێکی شێواوتر  و پەڕپوتتر و نابەرپرسیارتر، لە مێژووی حکومڕانیان لەبەرامبەر خەڵکدا دەخەنە بازاڕو مامەڵەی سیاسیەوە. کە نەک نایانەوێت وەڵام بە پێداویستی و دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک بدەنەوە، ئانیدەیەکی تاریکتر دەکەنە بێ ئاسۆیی و درێژەدان بە سەرگەردانی.

پێویستە خەڵکی کوردستان دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵاتی میلیشیایی بارزانی و تاڵەبانی، کۆتایی یەکجارەکی بەو ئومێدانە بهێنن کە لە هەڵبژرانەکاندا پێیان دەفرۆشنەوە، رۆشنایی ئایندەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان لە رێرەوی دەورو ئیرادە و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا مانا پەیدا دەکات.