، بە تە‌واوی تواناوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان دە‌كات

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بە تە‌واوی تواناوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان دە‌كات

لە وەڵام بە بانگەوازەکەی ئەنجومەنی سەراسەری مامۆستایانی ناڕازیدا!

 

دوێنێ ئێوارەی ٧ی شوباتی ٢٠٢٥ لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە، بانگەوازێك بڵاوکرایەوە بۆ گواستنەوەی مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ هەولێر. لەناو ئەو لایەن و حیزبە سیاسیانەی کە بانگەوازەکەیان ئاڕاستەکرابوو بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردن، حیزبی ئێمە بوو.

ئێمە وەکو چۆن هەمیشە و لە ساڵانی ڕابردودا، لایە‌نێكی بەشدار و پشتیوان بووین لە خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ناڕازی کوردستاندا و بەردەوام لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن لە داخوازیەکانی ئەواندا ڕاوەستاوین، بەهەمان شێوەش لەو ڕۆژەوەی کە مانگرتن و خێمەهەڵدانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی دەستیپێکردوە، بەردەوام و ڕۆژانە لەپاڵیاندا ئامادەبووین و بەرگریمان لە خواستە ڕەواکانیان کردووە. سەرەڕای تێبینیمان لەسەر مانگرتن لە خواردن وەکو شێوازێکی خەباتکردن، کە ڕاستەوخۆ تیمەکانی ئێمە لەوبارەوە لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوودا قسەوباسیان کردووە و دڵسۆزانە پێیان ڕاگەیاندوون کە ژیان و سەلامەتی خۆیان لە هەموو شتێك گرنگترە،  بەڵام بێدوودڵی پشتیوانییان لێکردوون و لە پشتیوانیکردنیش بەردەوام دەبین.

ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر بانگەوازەکەی “ئەنجومەنی سەرانسەری مامۆستایانی ناڕازی” بەوجۆرەی کە بانگەوازی بۆکراوە، سەرەڕای هەر سەرنجێکمان، ئێمە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستیان و فەرمنەبەران لە خەباتەکەیاندا بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان، بەتەنها جێناهێڵین و لەپشتیان ڕادەوستین، لەوانەش بردنی مانگرتنەکە بۆ هەولێر. هەر لێرەش بانگەوازی سەرجەم خەڵكی ناڕازی کوردستان بەگشتی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دانیشتووی شاری هەولێر دەکەین کە بۆ سەپاندنی داخوازیەکانمان بەسەر دەسەڵاتداراندا، بەشێوەی گونجاوی خۆیان پشتیوانی بکەن و پێبنێنە مەیدانەوه‌.

سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٨ی شوباتی ٢٠٢٥