نزیکەی هەفتەیەکە ژمارەیەک لە مامۆستا و فهرمانبهر، وهك ناڕهزایییەک بهرامبهر دواكهوتنى موچه و خراپى بژێوى ژیانیان، لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەشاری سلێمانی خێمەیان هەڵداوە و بەشێکیان مانیان لهخواردن گرتوه. وەک پشتیوانیەکیش بۆ ئەم ناڕەزایەتیەی مامۆستایان و فەرمانبەران، ڕۆژانە بە سەدان هاوڵاتی سەردانی خێمەی مانگرتوەکان دەکەن و هاوکات لە ناوچەی شارەزور و دەڤەری ڕاپەرین، مامۆستایانی ناڕازی، لە کۆبونەوەی جەماوەری و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکانیاندا، هەم ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستا و فەرمانبەران دەربڕیوە و هەم هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان بۆ خواستەکانی مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوی سلێمانی دەربڕیوە. لە هەولێریش سەرەڕای ڕێگریکردن لە خۆپیشاندان و گردبونەوە و هەڕەشە و دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی پارتیەوە، مامۆستایانی گرێبەست، پشتیوانی خۆیان بۆ خواستەکانی مامۆستا و فەرمانبەرە مانگرتوەکانی سلێمانی دەربڕیوە. هەرئەمڕۆش ئەنجومەنی سەراسەری مامۆستایانی ناڕازی، وەک پشتیوانیەک بۆ خواستەکانی فەرمانبەران و مامۆستیان، لەبەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی بۆ خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری بڵاوکردۆتەوە..
هەموو ئەم ناڕەزایەتی و هەوڵ و خەباتەی مامۆستایان و فەرمانبەران، بەدوای ئەوەدا دێت کە سەرجەم حیزبەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا، بەڵێنیان دا کە کێشەی موچەی مامۆستا و فەرمانبەران چارەسەر دەکەن، تەنانەت لە پێشوازیکردنی سەردانەکەی سودانیدا، بۆلای حیزبەکان و دەسەڵات، پڕوپاگەندەی سەرتاپا لە درۆ و چاوبەستیان بڵاوکردوە و بە خەڵکیان ووت کە سودانی ئامادەیی دەربڕیوە کێشەی موچەی فەرمانبەران و”شایستەداراییەکانی هەرێم” چارەسەر بکات. بەڵام نەك ئەو بەڵێنانە هەموویان بەکردەوە بوونە بەشێك لە بەڵێنە درۆیینەکانی کاتی هەڵبژاردن، بەڵكو کارنامەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم، بەگشتی بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەتایبەتیش بەرامبەر بە موچەی موچەخورانی هەرێم، لەمێژە ناوەڕۆکی بەرژەوەندیخوازی و دژەخەڵکی و نابەرپرسیارانەی هەردولای لەمەحەک داوە و چیتر جێگایەکی بۆ ئەو ئومێد و داوایە نەهێشتۆتەوە کە بابەتی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم لە ململانێی نێوان هەرێم وبەغدا و کێشەکانی نێوانیان دەربکێشرێ و وەک باقی موچەخۆرانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.
بێگومان ئەو شەپۆلە لە ناڕەزایەتی پشتیوانی و دەربڕینی هاوپشتی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە کە هەردوو حوکمەتی هەرێم و بەغدا، وەک دوو دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار و بازرگانان و خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان، لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدڕاڵی قەومیدا، مەسەلەی مووچە و بژێوی خەڵکیان بە بارمتەگرتوە و وەک کارتێکی سیاسی بۆ داسەپاندنی مەرج و ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوری بەسەر یەکتردا و بۆ فراوانکردنەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان بەسەرخەڵکدا بەدەستەوەگرتوە و هیچ لایەکیان خۆیان بە بهرپرسیاری ژیان و بژێوی هاوڵاتیانی ژێردەستیان نازانن. بەتایبەتیش حکومەتی هەرێم کە ڕۆژانە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی بەتاڵان دەبات و لەڕێگای بەگەرخستنی سەدان کۆمپانیا و داسەپاندنی گرانی و هەژاری و بێکاری و خۆدزینەوە لە خزمەتگوزاریەکان و سەپاندنی باج و سەرانەوە، دەیان ملیار کۆدەکاتەوە، بەرپرسیاری یەکەمە لەدابینکردنی مووچەی موچەخۆرانی کوردستان و دەبێ لەلایەن جەماوەری ناڕازی کوردستانەوە ناچار بکرێت بە سەلماندنی ماف و داواکاریەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی مەحرومی کوردستان. ئەوەشی کە مامۆستایان و فەرمانبەران داوا دەکەن موچەکانیان پێبدرێت، پلەی وەزیفیان بەرزبکرێتەوە و دابمەزرێن..، سەرەتایترین ماف و داوای بەرهەقی هاوڵاتیانە و ئەرکی هەر حکومەتێکە وەڵامی بەکردەوەی پێبداتەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئەوەی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران و هەوڵ و خەباتەکەیان بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانیان دەردەبڕێ، هاوکات لەکەنار ڕێکخەران و هەڵسوڕاوانی نارەزایەتیەکانیاندا ڕادەوەستێت و پشتیوانی گەرمیان لێدەکات. هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان داوا لەسەرجەم خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان و بێکاران و جەماوەری بێبەش دەکات کە بەهەر جۆرێک بۆیان گونجاوە، پشتیوانی لە نارەزایەتی و داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو بکەن و بەتەنها جێیان نەهێڵن. بگرە دەبێ هەموو بەشە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا هاوشێوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەدەوری داخوازیەکانیان کۆببنەوە و یەخەی دەسەڵاتداران بگرن. بەدڵنیایەوە تەنها بە خەباتی یەکگرتوانە و هێنانەمەیدانی هێزی ڕێکخراوی جەماوەری، دەتوانرێت نەک هەر موچە و قوتی خەڵک لە چنگی دەسەلاتداران دەربکێشێرێت، بەڵکو ڕێگا بەرەو داهاتویەک بکرێتەوە کە ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران بۆهەموان دەستەبەر بکات.
سەرکەوتوبێت، مانگرتنی فەرمانبەران ومامۆستایان.
پەرەگەرتوو بێت خەباتی جەماوەری زەحمەتکێش بۆ بەدەستهێنانی ژیان و بژێویەکی شایستە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢/٢/٢٠٢٥