کۆبونەوەی عەبدی و بارزانی

 

لەژێر ناوی دەستپێشخەریەک بۆ یەکخستنی کورد لە سوریا و ئاشتبوونەوە لەگەڵ تورکیا

عوسمانی حاجی مارف

 

سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ هەولێر و دیدارەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستای سوریا کە تورکیا دەخالەتێکی ڕاستەوخۆی هەیە لەبەرامبەر ئەو گۆڕان و پێشهاتانەی لە سوریا و ناوچەکەدا دەگوزەرێت. لەهەمانکاتدا ئەوەش شاراوە نیە کە بارزانی پەیوەندیەکی تایبەتی لەگەڵ پاشکۆبون بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی تورکیاوە دامەزراندوە، بۆیە هاوکاتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تورکیا، بارزانی ئەو هەلە دەڕەخسێنێ کە بەناوی نێوەندگیری لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا جێگایەک بۆ دەخالەتی خۆی لەگەڵ ئیدارەی هێزە کوردیەکاندا بکاتەوە. لەهەمانکاتدا بارزانی لە هەوڵی ئەوەدایە بەناوی یەکخستن و یەکڕیزی کورد لە سوریا، ڕۆڵی ئەنەکەسە لە سوریا بەرێتە پێشەوەو تێکەڵ بە یەپەگە و هەسەدەی بکات، بە مانایەک دۆخێکی گونجاوتر بۆ دەخالەتی تورکیاو بەرژەوەندیەکانی دابین بکات.

هەڵبەتە ئەوەی شایانی باسە حكومەتی توركیا پێشوەخت لەم دیدارەی عەبدی و بارزانی  ئاگاداركراوەتەوە، مەسرور لە کاتی سەردانەکەی بۆلای ئۆردوگان ئۆكەی بۆ ئەو دیدارە وەرگرتووە. ڕاستە بارزانی ئەو دیدارە بەفشاری ئەمریكا و فەرەنسا ئەنجامداوە، بەڵام ئەمەش وەک یەكێك لە هەوڵەكانی توركیا و بارزانیە بۆئەوەی بتوانن هێزە چەکدارەکانی ئەنەکەسە بنێرنە ناو ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و بیکەن بە هێزێك لە بەرامبەر هەسەدەدا، بەمشێوەیە لە هەوڵی ئەوەدا دەبن دۆخەکە بەقازانجی تورکیا و بارزانی بچەرخێنن، تا ئەو ئاستەی گەر شەڕی ناوخۆی لێکەوێتەوە!

لە هەواڵی میدیاکانەوە بەگشتی ئەوە ڕادەگەیەنرێت “ئەم دیدارە وەک هەنگاوێکی زۆر گرنگ بۆ گەیشتن بە یەکڕیزی کورد لە سوریا سەیر دەکرێت، هەروەها مەرجی پێشوەختە بۆئەوەی کورد بتوانێت مافەکانی خۆی لە سوریای نوێدا دووپات بکاتەوە. لەژێر ڕۆشنایی ئەم قۆناغە ناسکەدا، هاوکاری لە نێوان سەرکردەکانی کوردا دەرفەتێکە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە”!!.

ئەوە شاراوەنیە کە تەواوی مێژووی هەڵسوڕانی سیاسی بارزانی لە کوردستانی عێراق و باڵادەستی لە زۆنی زەردا بەرجەستەکردنی ئەوجۆرە لە یەکڕیزی و یەکخستنی کورد بووە کە جگە لە دابەشکردنی دەسەڵات و شەڕکردن بۆئەو مەبەستەو بەرجەستەکردنید ەسەڵاتی دوو زۆنی و کەڵەکەی سەرمایەو تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوت و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان، هیچ شتێکید یکە نەبوە و هیچ کاتیش یەکڕیزی کورد مانایەکی عەمەلی و واقعی نەداوە بەدەستەوە. هەر ئەم ئەزمونەی بارزانی لە هەرێمدا و سێ دەیەی دەسەڵاتەکەی و پێکهێنانی حکومەتەکانی و سیناریۆی سەوداو مامەڵە سیاسیەکانی نیشانیداوین، کە تاچەند بە تەنگ بەرژەوەندیەکان و ژیان و گوزەرانی خەڵکی  کوردستانەوەیە، یان تاچەند کێشەیەکی هەبووە  بەناوی یەکڕیزی کوردەەوە!؟ ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە یەکڕیزی بۆ بارزانی مانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیەکان و دەسەڵاتی ڕەهای بنەماڵەکەی بووە بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

ئێستاش دوای ڕوخانی ئەسەد و ئەو دەورو دەخاڵەتەی تورکیا لە سوریا گێڕاویەتی، گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی بە قازانجی تورکیا و پاشەکشە بە ئێران، دەروازەیەک بۆ بارزانی کراوەتەوە کە پاشکۆبونی خۆی بۆ تورکیا زیاتر بەرجەستەکاتەوەو پێشخزمەتی زیاتر نیشان بدات، هەر بەم مانایە گەر بارزانی چاوەڕوانی دەستکەوتێک لە پێشوازیکردنی مەزڵوم عەبدی نەبێت، کە هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەو نفوزی سیاسی خۆیەتی، تا لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا هەلێکی زێڕین بەدەست نەهێنێت، ئامادە نیە نێوەندگیری نێوان تورکیا و هەسەدە بکات، بارزانی ئێستا بەهەر ئاڵۆزیەک لەدۆخی سیاسی ناوچەکە، پێشبینی ئەوە دەکات لە ڕێگەی سەرکەوتنەکانی تورکیا لە ناوچەکە، دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی لەبەرامبەر هەسەدەدا، ئێستا هەلی دەخالەتی بۆ ڕەخساوەو دەتوانێت جێگایەک بۆ ئەنەکەسە بکاتەوە.

لە گەڵ هەموو ئەو بانگەشە درێژخایەنە لە نمایش بەناوی ئاشتیەوە دەکرێت، سیناریۆی دەستێوەردانی سەربازی تورکیا بە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوان لەدژی هێزە کوردیەکانی سوریا لە شوێنی خۆی ماوە، بۆیە هیچ دڵنیاییەک لە ئارادانیە لەوەی کە بڵێین هەڕەشەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردەکان لە سوریا نەماوە، گەر بونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هەڵکردنی چرای سوری ئەمریکا نەبێت لەبەرامبەر لەشکرکێشی تورکیادا، تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هەیئەی تەحریری شام، شەڕێکی گەورە لە بەرامبەر هەسەدە و پەیەدە و پەکەکەدا ڕێکدەخات، بەدور نازانرێت کە بارزانی و ئەنەکەسەش هیچ بۆیان شەرمەزاری نیە، بەشداری لە ئەگەری هێرشێکی لەو چەشنەدا بکەن.

سەردانەکەی عەبدی بۆ هەولێر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەنقەرەبە ناوی  دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ لە تورکیا و کۆتایهێنان بە پرسی کورد و ململانێی چەکداری تورکیا و کورد، کە زیاتر لە ٤ دەیەیە بەردەوامە، لەهەمانکاتدا هەوڵدانە بۆ چەکدانانی پەکەکە لەڕێگەی بانگەشەی ڕێکەوتن لە زیندانی ئەمیراڵیەوە!.

هەروەها مەسرور بارزانیش سەردانی تورکیای کرد، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا کۆبوەتەوە، بێجگە لەوەرگرتنی ئۆکەی بۆ دیدارەکەی بارزانی و عەبدی، سەبارەت بە دوو فایل، بابەتی دۆخی سوریا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان  باسکردووە.

کۆبونەوەکەی نێوان عەبدی و بارزانی نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندوە، پێدەچێت دواتر قسەوباسەکانیان دەربارەی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە بووبێت لە سوریا، بەحساب بۆ دوورخستنەوەی بیانووەکانی تورکیایە، کە تورکیا ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە بوونی پەکەکە لە نێو هێزە کوردیەکانی سوریادا، بەمشێوەیەش هەوڵئەدات کەوتنی ڕژێمی ئەسەد بقۆزێتەوە بۆ نەهێشتنی ڕێکخراوە کوردیەکان لە هەردوو وڵاتی سوریا و تورکیادا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبونی ناکۆکیەکانی ئەمریکا و تورکیا لە مەلەفی “هەسەدە”دا کە ئەمریکا لەم دۆخەدا بە پێویستی دەزانێت پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی هەسەدە بکات.

ئەوەی جێگای سەرنجە تورکیا زۆر پێداگری لە دورخستنەوەی دەوری پەکەکە دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا ئامادەیە ئاسانکاری بۆ دەوری ئەنەکەسە بکات گەر شەڕی ناوخۆش ڕووبدات.

ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین هەلومەرجی سیاسی سوریا بەدوای ڕوخانی ئەسەد لەنێو گێژاوێکدا سەری دەرهێناوە، کە ئایندەکەی لەبەردەم ململانێ و دەخالەتی ووڵاتانی ئیمپریالستی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە بە ئیسرائیل و تورکیاوە ڕۆشن نیە چۆن یەکلایی دەبێتەوە، سوریا کەوتۆتە بەردەم چەندین گەمەو سەوداو مامەڵەو دەخالەتەکانەوە، کە ئەم دیدارەی بارزانی و عەبدی، بەشێکە لەو دۆخەی کە تورکیا و بارزانی دەیانەوێت یاری تیا بکەن و عەبدی و هێزە کوردیەکانی سوریا بخەنە ناو تەڵەی ئەو پلانەی بە بەرژەوەندی تورکیا تەواو دەبێت، هەرچەندە مەزلوم عەبدی دووپاتی کردۆتەوە کە “هێزەکانی هەسەدە  بەنیازی هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نین لە قۆناغی ئێستادا، هەر ڕێکەوتنێکیش لە ئەگەری ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتیەکان بە ئیدارەی نوێی دیمەشق مەرجدار دەبێت، هاوکات ڕێکەوتن هەیە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا سەبارەت بە بەستنەوەی دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبردن بە دامەزراوە ناوەندیەکانی دیمەشق، بۆ پاراستنی تایبەتمەندی ئەو دامەزراوانە بە شێوەیەک کە لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی ناوچەکەدا بگونجێت “، بەڵام واقعیەتی دۆخی سیاسی سوریا ڕۆڵی یاریکەرانی ئێستای نێو مەیدانی سیاسی لە سوریا و ناوچەکە بەدەوری بارزانیشەوە کە غیابی هێزی چینی کرێکارو کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازانە بەهیچ جۆرێک جێگای متمانە نیە کەچارەنوسی هێزە کوردەکانی سوریا لە کوێدا ڕادەوستن و دانیشتوانی ئەو ناوچانە چیان بەسەردێت.