ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف

ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە پاداشتێکی دە ملێۆن دۆلاری، بەڵام دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، دیداری نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ جۆلانی، کە سەرۆکی ڕێکخراوێکی چەکداریە و تا ئێستاش ناویان لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە دادپەروەری نێودەوڵەتی وەک تیرۆریست داوایان دەکات، لەڕاستیا بە گاڵتەجاڕیەکی بێتام و ئابڕوبەرانە و سەیروسەمەرە لە مێژووی ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرجوازیدا تۆمار دەکرێت، کە بە ئاشکرا نیشانی ئەدات جیهانی سەرمایەداران کارگەیەکە بۆ بەرهەم هێنانی ساختەکاری و فروفێڵ و چەسپاندنی تەواوی بێ بەهایی لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤایەتیدا، ئەمەش لەم مامەڵەیەی ئێستایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گاڵتەجاریەکە مانای بۆگەناوی سیستمی دیموکراتیمان بۆ شی دەکاتەوە، گاڵتەجاری و ساختەکاری بووەتە پراکتیزەکردنێکی شەفاف و شەرماوەر.

بەڵام ئەو پرسیارە پڕ لە ئازارەی کە نە ئەمریکیەکان و نە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نە بەشێکی زۆر لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بیری لێ ناکەنەوەو بۆیان مەسەلە نیە، ئایا ئەزمونی پڕتراژیدیای دەسەڵاتی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕی لە حوکمڕانی سوریا، دوای ٥٤ ساڵ لە کۆتایی دەسەڵاتیان، دەتوانرێت لەسایەی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی بۆرجوازی دۆخێکی ئاسودە بۆ خەڵکی سوریا دابینکرێت؟، کاتێک باش دەزانین ئەو چەکدارانەی پێشتر مەشقی کوشتنی دڕندانەی خەڵکی مەدەنیان لەبەرچاوی خەڵکدا ئەنجامداوە و تیرۆریان دەکرد، گەر لەدەسەڵاتدا بن جێمان نیشان ئەدەن؟.

بەشار ئەسەد هەڵات، بەڵام دەوڵەتی ئەسەد لە ماوەی ٥٤ ساڵی بوونی خۆیدا چی کردووە بۆ بەهێزکردنی مانەوەی خۆی لە ژێر دروشمی دەسەڵاتەکەی “بۆ هەمیشە”؟. بەڵام لەشکرێک کە پێی دەگوترا “پارێزەری نیشتمان” لە شەو و ڕۆژێکدا ون بوو؟ ئایا دەوڵەتی ئەسەد، دوای ٥٤ ساڵ لە دامەزراندنی، تەنیا پێکهاتەیەکی کارتۆنی بوو، وا بە یەک لێدانی سووک خرایە خوارەوە؟

بەشار و باوکی سەرکەوتوبون لە دابینکردنی پیسترین و خراپترین شێواز و کەرەستەی ئەشکەنجەدان کە لە ماوەی ٥٤ ساڵدا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بێتاوانی سوریا پراکتیزە دەکران، ئەمەش وایکرد بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەوڵەتێک بێ کە قەسابخانەی مرۆڤ بو، هەمو ساتێکی جوانی و خۆشی سوریای زەلیل کردبو.

ئەو سوریایەی جۆلانی و هاوەڵانی دەستیان بەسەردا گرت و دەیانەوێت نوێنەرایەتی بکەن، ڕزگارکردنی دانیشتوانی سوریایەک نیە کە ٥٤ ساڵ دانیشتوانەکەی لە زیندانێکی گەورەی پانتایی ووڵاتەکەیاندا بون، چونکە جۆلانی و ڕێکخراوەکەی بە پشتبەستن بە پراکتیزەکانی پێشوویان، وەک ڕێکخراوێکی ئیسلامی کۆنەپەرست، ڕێکخراوەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسێنراوە، بە پشتیوانی تورکیاو قەتەر چونە ناو شارەکان و بە سیناریۆی شكاندنی دەرگای زیندانەکان دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەیان ڕاگەیاند. ئەگەر لەسەرەتادا بەم شێوەیە ٥٤ ساڵ هەژموونی ئەسەدیان نەکردایەتە نیشانە، نەیاندەتوانی سەرکەوتن بەسەر سوریادا بەدەستبهێنن. چاوی جیهان ئەمڕۆ لەسەر سوریایە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاشکرابونی هەر خولەکێک وردەکاری نوێ سەبارەت بە ڕادەی ئەو ئازارانەی کە سوریاییەکان لە ماوەی ٥٤ ساڵ دەسەڵاتی بەعس و بنەماڵەی ئەسەددا تووشی بوون، کە لەلایەن ڕژێمی ئێران و ڕوسیا پشتیوانی دەکران.

ئێستاش جێگای سەرسوڕمان نیە کە ئەمڕۆ شاهیدی کێبڕکێی نێوان وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاین بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە ئاڵۆزکردنی ڕووداوەکان لە ناوخۆی سوریادا، لە هەمانکاتدا بەدوای شکستی ڕوسیا و ئێران، ئاساییە هەڵوێستێکی دژایەتی لەبەرامبەر جۆلانی و ڕێکخراوەکەیدا دەرنەبڕن، ئەمەش ئەو پرۆسەیە دەخاتەوە رێ کە  تاچەندین ساڵی تر خەڵکی سوریا لە ژێر عەبای ئیسلامێکی جیابوەو لە قاعیدە وداعش، شێوازێکی تر لە زێندانیان بۆ بنیات دەنێتەوە.

تەنیا نۆ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەسەد بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستیان کرد بە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەدا، یەکەم هەنگاو لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە هات، کە شاندێک لە بەرپرسانی باڵای نارد، لەگەڵ جۆلانی کۆبونەوە. جۆلانی لە میدیاکانەوە وەها ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند کە کۆمەڵێک لێهاتوو و تەکنۆکراتن، قسەکانی لەگەڵ شاندەکە تیشکی خستە سەر پێویستی بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان و دامەزراندنی ئاسایش، هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی نێودەوڵەتی بەریتانیا و پێویستی گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا و بەستنەوەی ئەم بابەتە کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، هەڵبەتە پەیامەکانی جۆلانی تەنیا دڵنیایی نەبو بۆ شاندی بەریتانیا، لەهەمان کاتدا پەیامی دڵنیایی بون بۆ شاندەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.

ئەمریکا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەیئەی تەحریر شامدا هەبووە. لە هەمانکاتدا یەکێتی ئەوروپا هیچ شەرمەزاریەکی نەبینی لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە دیمشق.

سوریای دوای ٥٤ساڵ لە دەسەڵاتی پڕمەینەتی ئەسەددا دەرگاکانی کراوەتەوە بۆ دەورەیەکی تازە لە پیادەکردنی ململانێ و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ئەورپا، تورکیا و ئیسرائیلدا، ئەو ئیسرائیلەی بە هێرشەکانی بۆسەر غەززەو لوبنان زیاد لە ٤٥هەزاری کوشت و دوو ملێۆن ئاوارەبون، جۆلانی و هەیئەی تەحریری شام وەک هێزێکی ئیسلامی بە گۆڕینی ڕوخساریان، سوریا دەخەنە ناو گەمەی سیاسی ئەم دەورە پڕ ئاڵۆز و گێژاوەوە، کە تئێستا ڕون نیە دۆخی سوریا چۆن یەکلایی دەبێتەوەو خەڵکی سوریا دەبێت چەندی تر قوربانی ئەدەن.