دۆستایەتی بافڵ و ئەعرەجی

عوسمانی حاجی مارف

بەغدا و تاران حسابێکی تایبەت بۆ بافڵ و یەکێتی دەکەن، چونکە بێدودڵی هەڵدەستن بە پێشخزمەتیەکی ئەمنی گەوره و ڕۆڵێکی سیاسی دەگێرن بۆ بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی له مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا ڕایانگەیاندبوو، لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنووریەکانی نێوان ئێران و هەڕێم، بە چەکداماڵین و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بەئێران لە سنورەکانی ئێران و هەرێمدا، کە دەیانەوێت بەمجۆرە دڵسۆزی و پابەندبونی زیاتری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی بسەلمێنن، تا لەسایەی کۆماری ئیسلامیدا پارێزگاری لە پێگەی سیاسیان بکەن،هەر بەم شێوەیەش بافڵ دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەببات.

بافڵ بەجیا لەوەی پێداگری و جەخت لەسەر دڵسۆزی سی ساڵەی بەردەوامی ڕێبازی یەکێتی دەکاتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، لەهەمانکاتدا بەدوای ڕۆڵێکی کاریگەریەوەیە تا ئەوە مسۆگەر بکات لە نێو هاوپەیمانەکانی لە ئێران و لە عێراق جێگایەکی دامەزراو بچەسپێنێت! تا بەم ڕێگەیە هاوسەنگی هێزەکەی لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی کە بارزانی و پارتیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو هاوسەنگیەی كە چەندین ساڵە خەوی پێوەدەبینن.

لەهەمانکاتدا بارزانی و پارتی بەهەمانشێوەی پێشخزمەتی بۆ تورکیا توانیویانە هاوسەنگی هێزو سیاسیان لەبەرامبەر تاڵەبانی و یەکێتیدا بپارێزن، بەهەمانشێوە تورکیاش حسابێکی تایبەت بۆ بارزانی و پارتی دەکات.

ئەتوانم بڵێم هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی ئێران ڕۆڵێکی کارای هەیە، کە جێگەی تایبەت بۆ تاڵەبانی لەنێو هاوپەیمانەکانی لەتاران و لە عێراق مسۆگەر دەکات.

دوای گەڕانەوەی قاسم ئەعەرەجی لە ئێران، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە دەکات کە لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمدا پەسەندکراوە، هەروەها سەبارەت بەو دۆسیەی دەربارەی بونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لەئارادایە، ئەعرەجی بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و لە دەباشان گفتوگۆی لەگەڵ بافڵ و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئەمنی ئەنجامدا، قاسم ئەعرەجی کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە، یەکێکە لە کوتلە بەهێزەکانی شیعەی عێراقی دڵسۆز بۆ ئێران، بافڵ پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵدا پەرەپێداوە، هەوڵئەدات لە ململانێی لە بەرامبەر بارزانیدا پشتیوانیەکی بەهێزی هەبێت، بەو هیوایەی ئەوە نیشان بدات کە بەم ڕێگەیە دەست بەسەر سەرکردایەتی هەرێمدا بگرێت! ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ٢٠/١٠/٢٠٢٤دا بۆی نەچووە سەر، هەوڵئەدات بەڵکو لەڕێگە ئەعرجیەوە قومارێکی تر بەرامبەر بارزانی بکات و دەستکەوتێکی هەبێت! یان لەدواجاردا گەر دۆخەکە نەشێوێنن، پێگەیەکی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەست بهێنن.

لەڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعەرەجیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بەڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بەیاوەری شاندێکی ئەمنی، سەردانی سلێمانیان کرد، بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەعرەجی و ئەندامانی شاندی ئەمنی یاوەری، لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بە ئامادەبونی بافڵ کۆبوونەتەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سەرجەم وردەکاریەکانی تێدا کردووە.

میدیاکانی ئێران لە زاری ئەعرەجیەوە ڕایانگەیاندووە کە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لەهەمانکاتدا بافڵ باسی لەپێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنیەکان لە هەرێم و عێراق کردووە.

چەکداماڵینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران خاڵێکی سەرەکی لەڕێکەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران بوو، سەرچاوە عێراقیەکان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورتکردۆتەوە: ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران و ڕادەستکردنی داواکراوەکان بەپێی یاسا، چەکداماڵین و لابردنی کەمپەکان و کۆکردنەوەیان لە کەمپەکانی دوور لە سنوور.

دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچە سنوریەکانی نێوان ئێران و هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، بەڵام ئەوەی زیاتر پرسی سنوورەکانی چڕکردەوە، دەورانی دوای ئەو ناڕەزایەتیانە بوو کە بەدوای تیرۆری (مەهسا ئەمینی) لە ناوخۆی ئێراندا سەریان هەڵدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆماری ئیسلامی بەجیا لەسەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیانە لەهەمانکاتدا پەنایبردە سەر سنوردارکردنی هەڵسورانی ئۆپۆزیسیۆنەکانی و دەستیکرد بە هێرشی موشەکی  و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێستاش ئێران بەڕێکەوتن و بە هاوکاری بافڵ و حکومەتی عێراق ئەوکارەی بۆ ئەنجام ئەدرێت. سەرەڕای سەختی ئەرکەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەتوانن پشت بە خزمەتگوزاریەکانی یەکێتی نیشتمانی ببەستن بۆ بەرتەسکردنەوەی جموجۆڵی ئەو چەکدارانە.

بەغدا هەوڵئەدات بە کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی چەکدارە کوردەکان لەناو خاکی عێراقدا، تا تاران و ئەنقەرە ئارام کاتەوە، کە هەردووکیان پەرۆشی ئەو پرسەن.

ئێران پێشتر هەڕەشەی ئاشکرای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە ناوخۆی عێراقدا کردبوو، ئەگەر عێراق و هەرێم دەستپێشخەری نەکەن بۆ کۆتایهێنان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ئێران لەسەر خاکەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو گەر ڕێکەوتنەکە لکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسانی ئێران خۆیان بەرامبەر بەهێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێم ئەو چەکداماڵینە جێبەجێ دەکەن.

زیادبونی پێویستی بافڵ و یەکێتی بە پشتیوانیکردنی ئێران و ئەعرەجی، لەو ڕووەوەیە کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ململانێی سیاسی بەکاریان دەهێنن کەلە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا نمایشی دەکەن، نمایش لەبەرامبەر ئەو ڕکابەریەی کە تائێستا تاڵەبانی لە تەواوی ژیانی سیاسی جەلالیەتدا، نەیتوانیوە بەسەریدا سەرکەوێت.

واقعی حکومەتی هەرێم و زۆنی زەرد و سەوز، پێکهاتەیەکە لە باڵادەستی حزبەکانی بورجوا ناسیۆنالستی کورد، بە ڕابەری بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیاو بە پشتیوانی و پاشکۆبوون بە دەوڵەتی ووڵاتانی تر، پارێزگاری لەخۆیان دەکەن و سەرمایەگوزاری و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمە نمونەی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتە لە کوردستاندا، کە هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ خواستەکانی خەڵک نەنراوە.

لەوە گەوجانەتر نیە کە هەندێ لایەن و ڕۆشنفکر، ئومێدی ئەوە دەبەخشنەوە کە گۆڕانی ئەم دەسەڵاتە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، زیانی ئەمجۆرە ئومێدانە دامرکانەوەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەیە کە داوای کۆتایهێنانی ئەم دەسەڵاتە دەکەن، کۆتاییەک کە لەڕیگەی ڕاپەرینەوە تەواوی دامودەزگاکانیان هەڵدەوەشێنێت، دامودەزگایەک بەدەورو ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک دادەمەزرێننەوە.