دەسەڵات بۆ گەڕان بەدوای ساماندا

دەسەڵات بۆ گەڕان بەدوای ساماندا

عوسمانی حاجی مارف

حزبەکانی کوردایەتی بە قۆستنەوەی مەسەلەی کورد و بەکارهێنانی ئەم مەسەلەیە لە هەڵسوڕانی سیاسیاندا، ڕەسمیەتیان بە خۆیان داوەو خۆیان بەناوی کێشەکانی کوردستانەوە ناساندوە. دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢، هەلێک هەڵکەوت لەئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراو هەر دوو پارتی و یەکێتی گەیاندە دەسەڵاتی سیاسی. هەرچەندە لە مێژوی هەڵسورانی سیاسیاندا خۆیان وەک نوێنەری چارەسەری ستەمی میللی و چەوسانەوەی خەڵکی کوردستان ناساندوە، بەڵام ئەم کێشەیە تا ئێستا نەک چارەسەر نەبووە، بەڵکو ناسیۆنالستەکان بەردەوام سەوداو مامەڵەی پێوەدەکەن و نانی لێدەخۆن و سامانی پێ کۆدەکەنەوەو هیچ کات نوێنەرایەتی ستەمی نەتەوایەتیان نەکردوە.

دوای ئەوەی جەنگی کەنداوی  ساڵی ١٩٩١ فەراهەم بونی بۆشایی لە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراق خولقاند، بووە هۆی باڵادەستی پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی میلیشیا. لە لەشکرکێشیەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکاوە بۆ سەر عێراق، خزمەتێکی بێوێنەیان بە ئەمریکا کرد، لە هەمان کاتدا دۆخێکی تەواو ئاواڵا کرایەوە بۆیان، کەلە رێگەی گەندەڵی و تاڵانچێتی  و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوتەوە سامانێکی بێ شوماریان کەڵەکەکرد، هێزەکانیان و دەسەڵاتیان لە دوو ناوچەی جیاوازدا بە ناوی زۆنی زەردو سەوزەوە لە ئاستێکی باڵادا چەسپاند و سنورەکانیان بۆ سامان پەیداکردن کۆنترۆڵ کرد.

شاراوە نیە بەشداریەکی جدیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی و کۆنەپەرستی کرد لە عێراقدا، دەورو کاریگەری بەرچاویان لە چوارچێوەی پێکهێنانی دەوڵەتی عێراقدا بینی. بەڵام دوای سی ساڵ زیاتر لە دەسەڵات و ٢٠ ساڵ دوای لەشکرکێشی ئەمریکا، حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی، دیدێکی ڕوونیان بۆ داهاتووی خۆیان نییە و لە نێو گێژاو و قەیرانێکدا گیریان کردوە، نازانن بە کوێدا دەیان بەن و چۆن سەردەردەهێننەوە. ئێستا جگە لە دابەزینی دەورو پێگەیان لە حکومەتی عێراقدا، لە هەمانکاتدا مەترسی لەدەستدانی پێگەو نفوزی سیاسیان لە ناو هەرێمیشدا چاوەڕوانیەکی تریانە.

شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨، ئیعتباری هەردوو حزبی تێکشکاندو شتێک نەمایەوە بە ناوی حکومەتی هەرێم، تا دوای ساڵی ٢٠٠٣، کە توانیان لە پاڵ ئەو تاڵان و برۆیەی ئەنجامیان ئەدا، ئەو هەلەش بقۆزنەوە، بۆ پێکهاتن  لەسەر ئەوەی کە چەند نمونەیەک لە شێوازێکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنن، هاوکات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا نەوەیەکی نوێ لە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ڕۆڵی سەرکردایەتیان وەرگرتووە، بە مانایەک هەردوولایان کە بانگەوازێکی چەواشەکاریان بۆ دیموکراسی دەکرد، هەر بۆ خۆیان پوچەڵیان کردەوەو دەسەڵاتی بنەماڵەیان چەسپاند.

تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢، حکومەتی هەرێم نزیک ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنا، کە زۆرینەی لە ڕێگەی بۆری سەربەخۆی هەرێمەوە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرا. تەنها لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، فرۆشی نەوت لە کوردستانی عێراق کۆی داهاتی ٣.٧٧ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە. لەکاتێکدا تەنها لەسەدا ٤١ی ئەو داهاتانە گەیشتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم. سەبارەت بە غازی سروشتیش، ئەو بەرهەمەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیخاتە بازاڕەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی 5.3 ملیار مەتر سێجا.

بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی میلیشیاو خاوەن دەسەڵات، سودێکی زۆریان لە هەڵکەوتەی جوگرافی و سنورەکان وەرگرت، کە وەک دوو کۆمپانیای قاچاخچی بۆیان بوو بە ڕێڕەوێکی بازرگانی ناوچەیی و شوێنی مەبەست. تورکیا کە تاکە سنووری وشکانی لەگەڵ عێراق بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، گەورەترین هاوبەشی بازرگانی دەسەڵاتی بارزانیە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیە و کوردستانی عێراق گەیشتە دوو ملیار و پێنج ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنقەرەیە لەگەڵ عێراقدا. بەهەمان شێوە یەک لەسەر سێی هاوردەکردنی عێراق لە ئێرانەوە – کە ساڵانە بە دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت – دەگاتە کوردستانی عێراق. جگە لەوەش 50%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە دەروازە سنووریەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانی تێدەپەڕێت.

ئیدیعای خاوەندارێتی لە نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بەهۆی مەترسیە سیاسیەکانەوە بە نرخێکی کەم نەوت بفرۆشێت. جگە لەوەش ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت و گومرگ لە ساڵی ٢٠١٤بەرەو خراپتر دەردەکەوت، ئەمەش وایکرد بەغدا پشکی حکومەتی هەرێم لە بودجەی نیشتمانی ببڕێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمی بڕیاریدا کە یاسای سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم و گرێبەستە نەوتیەکان و هەناردەکردنی نادەستوریە. هەروەها حکومەتی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر تورکیە لە دادگاکانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆمارکرد لەسەر ڕێگەدان بە “حکومەتی هەرێم” بۆ بەکارهێنانی بۆری عێراق-تورکیا بەبێ ڕەزامەندی بەغدا. لەکاتێکدا ئەم بابەتە دەنوسرا، دادگا هەڵوێستی عێراقی پشتڕاستکردەوە و تورکیای ناچارکرد هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت. بەم جۆرەش ئایندەی کەرتی سەربەخۆی وزەی حکومەتی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرەڕای دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی بارزانی تاڵەبانی لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا لە کەڵەکەکردنی سەرمایە، بەڵام بەبێ بایەخدان بە دامەزراندن و جێگیرکردنی چەسپاندن و جێخستنی حکومەتێکی یەک دەست و سەراسەری لە هەرێمدا، یان بەرگری نەکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، ئاشکرایە دواجار مایەپوچ سەریان دەلەقێنن.

ئەم پرۆسیەی لە دۆخی ئێستای عێراقدا دەیبینین، کە هەوڵدانی جدیە بۆ ناوەندبوەنەوی عێراق و سنوردارکردنی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، لە چوارچێوەی کۆتایی دەورەیەکدایە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بە تایبەتی، دەگوێزێتەوە بۆ دەورەیەکی تازە، کە هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی ئاسایشە بۆ سەرمایەگوزاری و چونە ناو دۆخێکی تازە لە گەشەی پرۆژە ئابوریەکان، بەبێ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا حساباتێک بۆ حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لە خاڵێکی دیاریکراودا جێگایەکیان بۆ دیاری کرابێت.

بەگشتی لەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە و جەختکردن و هەنگاونان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق، ڕۆشنە پێگەی هەرێم زیاتر خۆی لە پاشکۆبونی هەنگاوبەهەنگاوی بەغداوە دەبەستێتەوە، بارزانی و تاڵەبانیش ئەمەیان قەبوڵ کردوە، گرنگ ئەوەیە بۆیان دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەهەرجۆرێك بێت سامانێکیان بۆ دابین کات، هەر بۆیە باسێک نەماوە لە بەکار هێنانی مەسەلەی کوردو دەوڵەتی سەربەخۆ.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نیشانەکانی بازاڕی ئازاد و سیستەمی گەندەڵی بەربڵاو نیشان دەدەن. لەم نێوەندەدا دەستڕاگەیشتنیان بە سەروەت و سامان و کەڵەکەی سەرمایەیان  پەیوەست کردوە بە دەسەڵاتی سیاسیەوە، تا لە ڕێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە تاڵانی و بازرگانی و قۆرخکردنی تەواوی سەرمایە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بەڕێوە دەچێت.

لەگەڵ بەرجەستەبونەوەی زیاتری دوو ئیدارەیی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی بارزانی و تاڵەبانی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا، ئەوەی شایانی باسە لە دوای ڕیفراندۆمەوە سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم بۆچونیان سەبارەت بە پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی نەخشەکانی حکومەتی عێراقدا ناکۆکن، بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆ بەغداد و مامەڵەی ئایندەیان لە پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە چۆن دەبێت، کە ناڕۆشن و ناتەبان، وەک ئەوەی لە چاوەڕێی قەدەرێکدا دۆشدامابن، چونەکە ئەزمونەکەیان بە شكست گەیاندوە، هەر بۆیە ئەو پرسیارەش لێرەدا دێتە پێشەوە، ئایا ئابوری هەرێم لەم کەین و بەینەی وابەست بون و پاشکۆبون بۆ بەرنامەو بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و بە پشتبەستن بە هاوکاری دەرەکی و گواستنەوەی بودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم، ئایا دەتوانن بمێننەوە؟، یان چۆن دەمێننەوە؟ واتە لە رێرەوی ئەم پرۆسەیەدا چۆن لەرێگەی دەسەڵاتەوە دابینی سامان و داهاتیان دەکەن، کاتێک دەسەڵات لە حکومەتی عێراقدا کۆنترۆڵی تەواوی جومگە ئابوریەکان بکات.!