ڕیشەکانی فاشیزمی نوێ لە ئیسرائیل

ڕیشەکانی فاشیزمی نوێ لە ئیسرائیل

نادر عەبدولحەمید

  1. پەرچەکردار یان پاکتاوسازی

ئەم وەحشی گەڕی و کوشتوبڕییەی کە (ناتانیاهۆ) دەستی داوەتێ دژ بە هاوڵاتیانی فەلەستینی لە (کەرتی غەززە)، ناتوانرێت بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە ئەوە پەرچەکردارێکە بەڕووی کردە تیرۆریستانەکەی (حەماس) لە (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)دا، و تەنها بۆ “بنەبڕکردنی حەماس و تیرۆر” بێت، چونکە کوشتنی هەڕەمەکی دانیشتوان و کاولکاری شارەکان و وێرانکردنی کێڵگە کشتوکاڵیـیەکان و ڕێگاوبانەکان و هەڵتەکاندنی ژێرخانی شارستانی لە (کەرتی غەززە) واوەترە لە پەرچەکردار، ئیتر ئەمە پیادەکردنی سیاسەتێکی فاشیستی ڕەگەزپەرستانەی پاکتاوسازی قەومیـیە [ethnic cleansing policy] بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و ڕێکخراو و ئاگاهانە لە لایەن (ناتانیاهۆ) و باڵی ڕاستڕەو و فاشیستی سەهیۆنیزمەوە، بە مەبەستی ناچارکردنی فەلەستینیەکان بە کۆچی زۆرەملێ و دەستبەسەراگرتنی سوپای داگیرکەری ئیسرائیل بەسەر ئەم کەرتە و پاشان تەواوی خاکی فەلەستیندا.

ئەمە و وەک بەشێک لەو سیاسەتە لە (کەنارەی ڕۆژاوا)ی فەلەستینیش کەوتۆتە ڕەشەکوژی و دەستی سوپا و چەکدارانی تاقمە جووە شۆفێنیستەکانی ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ دەستدرێژی و ئەنجامدانی تاوان دەرحەق بە دانیشتوانی فەلەستینی و پەرەپێدانی سیاسەتی دەستبەسەراگرتنی هەرچی زۆرتری زەویوزاری فەلەستینیەکان و دامەزراندنی شارۆچکەی جوولەکەنیشین (الإستيطان) لەسەریان، بەڕاددەیەک کە لەسەدا چل و دوو (٤٢%) خاکی فەلەستینی گرتۆتەوە و وای کردووە (کەنارەی ڕۆژاوا) بۆتە چەند پارچە زەوییەکی لێک دابڕاو لە ڕێگەی ئەو  شارۆچکە جوونشینانەوە کە لەملاولایەوە دامەزرێندراون، بەمەش هەلی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لەڕووی عەمەلییەوە لەباربردووە.

ئەوەی کە پەرلەمانی ئیسرائیل (ناسراو بە کەنیسەی ئیسرائیلی) لە (١٨-٧-٢٠٢٤)دا، بە پڕۆژە یاسایەک بڕیاریدا هەرگیز دان نانێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیدا! ئەمە خۆی گوزارش لەوە دەدکات کە بەکردەوە و لەسەر زەوی ئەم هەلەی لەباربردووە، ئینجا دێت لە ڕووی یاساییشەوە لەناو پەرلەماندا مۆرێکی لێ دەدات.

  • پاکتاوسازی لە دوو قۆناغی مێژوویی جیاوازدا

فەلەستینیـیەکان لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کەوتنەبەر پەلاماری پاکتاوسازی و کۆچاندنی زۆرەمێلێیی و دەرپەڕاندن لە نیشتیمانی خۆیان، هەروەک دەبینین ئەمڕۆکە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.

بەڵام ئەو دوو پاکتاوسازی و زوڵم و زۆرییە دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین، لەڕووی بنەمای مادیـیانەوە جیاوازن لە یەکتری.

  1. ناوەڕۆکی پاکتاوسازی یەکەم

ئەو حاڵەتەی سەرەتای سەدەی بیستەم ڕێک لەو حاڵەتە دەچێت کە سەرمایەداری لە ئەوروپا لە سەرهەڵدان و پەرەسەندی خۆیدا لە سەدەکانی (١٦ و١٧ و ١٨) بگرە تا (١٩)ش کەوتە قەلاچۆکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکای باکور و ئەمریکای لاتینی و ئوسترالیا و چەند شوێنێکی ئەفریقیا و خۆیان تیایدا نیشتەجێ بوون و ئاوەدانیان کردەوە و شارستانی سەرمایەداری و دەوڵەتی دیموکراتی جینۆسایدکەریان تێدا دامەزراند، جا ئەم قەلاچۆکاریی و دەرپەڕاندنە زۆرە ملێیەی خەڵکی فەلەستینی کە لەسەرەتای سەدەی بیستەوە دەستی پێکرد و لە (١٩٤٨)دا گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی کە بە (نەکبە) ناسراوە، دروست وەک قەلاچۆکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا و ئوسترالیا وابوو، کە لە ڕێگەی جینۆسایدکردن و دەرپەڕاندنی فەلەستینیەکانەوە دەوڵەتێکی سەرمایەداری ئیسرائیلی لەسەر خاکەکەیان دروستکرا کە بە دیموکراسیانە و هەڵبژاردنی ئازادانەی پەرلەمانییەوە بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەکی دیموکراسیانە قەلاچۆی فەلەستینیەکان دەکات، ئەمە خۆی بەشێکیش بوو لە سیاسەتی ئیمپریالیستی بریتانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی خۆی.

  • ناوەڕۆکی پاکتاوسازی دووەم

بەڵام بە کۆتایی هاتنی سەردەمی (جەنگی سارد) و سەرکەوتنی لیبرالیزمی نوێ و بێ بەهاکردنی ئایدیا و ئاسۆ یەکسانیخواز و پێشکەوتووخوازەکان و چوونەدواوەی بزووتنەوە چەپەکان لەسەر ئاستی جیهانی، و تێکشکانی ناسیونالیزمی عەرەبی و هاتنەئارای ئیسلامی سیاسی، هاوکاتی ئەمانەش گەشە و پەرەسەندنێکی بەرچاوی سەرمایەداری لە ئیسرائیل، زەمینەیان خۆشکرد بۆ پەرەسەندنی ڕاستڕەوی لە کایەی سیاسی ناو ئیسرائیل و سەرهەڵدانی فاشیزمێکی نوێ لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ئەو دەوڵەتەدا.

ئەم ڕاستڕەوییە لە پەرەسەندنی خۆیدا دەسەڵاتی گرتەدەست و کەوتە پیادەکردنی پلان و نەخشە فاشیستەکانی، جا ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەم جینۆسایدە و ئەو وەحشیگەرییەی کە دەینینی دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین دەکرێت بەرهەمی ئەم ڕاستڕەوی و فاشیزمە نوێیەی ئیسرائیلە کە پایەکانی لەسەر زەمینەیەکی مێژوویی وەرچەرخانی ڕاستڕەوانەی جیهان لەسەردەستی نیولیبرالیزم و پەرەسەندن و گەشەێکی گەورەی سەرمایەداری ئیسرائیل وەستاوە.

بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، ئایدیۆلۆژیای زایۆنیزم و چیرۆکە مێژوویی و ئایینیە پڕوپوچەکانیش وەک سەرپۆشێک بەکار دەهێنێت بۆ پاکانەی تاوانەکانی خۆی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتریش بەو تاوانانە، بەڵام ئەمە ڕواڵەتی بابەتەکەیە. ئەم قەوارەیە چۆن و لە چ پڕۆسەیەکی مێژووییدا دروستکرابێت و کرابێت بە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێستا پاش تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە لەسەر قاچەکانی خۆی وەستاوە و بەپێی میکانیزم و یاسا ئابوورییەکانی خۆی، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بۆیە لە ناوەڕۆکدا ئەوە گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەیە کە پاڵ دەنێت بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی ئیمپریالیستییانە و فراوانخوازیانەی داگیرکارییانە (ئیستیعمارییانە) و پیادەکردنی تاوانی پاکتاوسازی و کوشتوبڕی وەحشیگەرییانە بۆ دەستبەسەراگرتنی تەواوی خاکی فەلەستین لە کەشوهەوایەکی ڕاستڕەوانەی نیولیبرالیزمی خنکێنەری فکری و سیاسی جیهانیدا.

  • پایەی دووەمی نیو-فاشیزم لە ئیسرائیل

پایەیەکی تری ئەم نیو-فاشیزمە لە ئیسرائیل کە تەواوکەری پایەکەی تریەتی لە پاکتاوسازی و دەرپەڕاندن و فراوانخوازی ئیمپریالیستانە، بریتیـیە لە پاشەکشەپێکردنی چەپی ناو ئیسرائیل و چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان، و ئاوەڵاکردنەوەی دەستی کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئایینییە توندڕەوکانی جوو لەناو کۆمەڵگەدا و ئیمتیاز پێدانیان، جا بەبێ داسەپاندنی ئەم پاشەکشەیە بەسەر چەپ و کرێکاردا لەناو ئیسرائیل، ئەستەم بوو ئەم هەموو وەحشیگەری و تاوانە دەرحەق بە ئینسانیەت ئاوا بێ پەردە بەربەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانەوە پیادە بکرێت.

بەم پێیە، گەرچی کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و سەرکەوتنی نیولیبرالیزم بووە هۆی کۆتاییهاتنی زۆرێک لە کێشە و گرێوگۆڵە لەچارنەهاتووەکانی جیهان، لەوانە چارەسەری ئیمپریالیستانە بۆ کۆتایی پێهێنانی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتی (ئەفریقای باشوور)، بەڵام ئەم سەرکەوتنە جیهانییەی نیولیبرالیزم نەک هەر کۆتایی نەهێنا بە کێشەی فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری ئیمپریالیستانەی (پەیمانی ئۆسلۆ ١٩٩٢)ەوە، بەڵکو بووە هێندەی تر توندوتوتیژکردنەوەی ئەو کێشەیە و داخستنی دەریچەی چارەسەری نێودەوڵەتیی بورژوازیانەش بەپێی بڕیارنامەی “نەتەوە یەکگرتووەکان” کە چارەسەری دابەشکردنی خاکی فەلەستین بوو بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل.

  • پێچەوانەبوونەوەی هاوکێشەی پاکتاوسازی جوولەکە بۆ پاکتاوسازی فەلەستینی

بزووتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی لەسەرەتای سەرەی بیستەوە تا ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆتاییهاتنی جەنگی سەرد؛ لەناو فەلەستین و لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا، بە چەپ و ڕاستیانەوە، بە ئیسلامی و عەلمانیانەوە، لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەبوونی (دەوڵەتی ئیسرائیل)، بە چەمکی ئەوان (قەوارەی زایۆنیستی-الكيان الصهيوني) لەسەر خاکی فەلەستین ڕەت بکەنەوە.

باڵی ڕاستڕەوی کۆنەپەرست و شۆفێنیست و ڕەگەزپەرستی ناسیونالیزمی عەرەب بانگەوازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبی دەکرد لە فەلەستین کە هەڵسێت بە پاکتاوسازی و گەسک لێدانی (جوو)ەکان و دەرپەڕاندنیان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ڕێگەی کۆچەوە لەسەرەتای سەدەی بیستەوە هاتبوون و نیشتەجێکرابوون لە فەلەستین.

هەرچی باڵی چەپ و عەلمانی ناسیونالیزمی عەرەب بوو لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبیدا بوو کە مافی (جوو)ەکان وەک هاوڵاتی لەناو ئەو دەوڵەتە عەرەبییەدا بەپێی یاسا بپارێزێت.

ئەم ڕێبازەی دوایی نزیکایەتییەکی هەبوو لە ڕێبازێک کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی بوو لەسەر بنەمای هاوڵاتی (بەمانایەک غەیرە قەومی و غەیرە دینی) بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر ئەو خاکە (فەلەستین) دەژین. ئەو سەردەمانە لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دەووەم (حزبی شیوعی لە فەلەستین) و ڕێکخراوەی تری سۆشیالیستی و مارکسیستی پێکهاتوو لە کەسانی چەپی جوولەکە کە لە ئەوروپاوە هاتبوون بۆ فەلەستین و لەگەڵ ئەم چارەسەرەدا بوون.

کێشمەکێشی ناسیونالیزمی عەرەب و زایۆنیزم (وەک ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەی ناسیونالیستی جوولەکە و قەوارەکەی لەسەر خاکی فەلەستین واتا دەوڵەتی ئیسڕائیل) لە ڕەوەندێکی مێژووییدا لەبەرژەوەندی ناسیونالیزمی جوولەکە و بەزیانی ناسیونالیزمی عەرەب تەواو بوو.

لەو فاکتانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لەو مەیدانەدا؛ ڕووبەڕوو بوونەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی عەرەبی بوو لەگەڵ قەیرانەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەسەڵاتدار بوو، لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوخۆ و دۆڕان لە چەند جەنگێکدا دژ بە ئیسڕائیل، و گەشەی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی ئیمپریالیزم، و باروودۆخی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان کە سەری کێشا بۆ کۆتایی جەنگی سارد و داڕمانی بلۆکی سۆڤیەت کە پشتیوانی ناسیونالیزمی عەرەب و دەوڵەتەکانی بوو، بەڵێ گشت ئەم فاکتانە ڕۆڵیان گێڕا لە گۆڕینی تەرازووی هێز لەبەرژەوەندی باڵادەستی ئیسڕائیل، و ناسیونالیزمی عەرەبیش ناچار هەموو هەوڵ و تەقەلای هاتەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل ڕازی بکات بە بڕیاری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ چارەسەری (دوو دەوڵەتی) لەسەر خاکی فەلەستین و دەستهەڵگرێت لە پاکتاوسازی فەلەستینیەکان. ئەمەش بەپلەی یەکەم لەترسی ئەوەی کە مەسەلەی فەلەستین بۆتە بەشێک لە ویژدانی جەماوەری ئازادیخواز و ئینساندۆست، نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەراسەری جیهانیشدا، بۆیە بورژوا فەرمانڕەوای هەر وڵاتێک ناچارە بە ڕواڵەتیش بێت خۆی بەلایەنگری دۆسیەی فەلەستین دابنێت.

ئەوەی کە ناسیونالیزمی عەرەبی، بەتایبەت باڵی شۆفێنیست و ڕەگەزپەرستەکەی، بەتەمای پاکتاوسازی جوولەکە بوو، لە ئێستادا پێچەوانە بۆتەوە بۆ هەوڵدانێک کە هەرچۆنێک بێت بەربگیرێت بە پاکتاوسازی فەلەستینیەکان لە لایەن ناسیونالیزمی نیو-فاشیزمی ئیسڕائیلیـیەوە.

  • چارەسەری ڕیشەیی

بەر لە باسکردن لە هەر جۆرە چارەسەرییەک، پێویستە دەستبەجێ ئەم شەڕەی (ناتانیاهۆ) و نیو-فاشیزمی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین بووەستێندرێت، ئەمە جەنگی نێوان گروپێکی تیرۆریست و دەوڵەتی ئیسڕائیل نییە، ئەمە جەنگی دەوڵەتێکی تیرۆریستە دژ بەگەلێک بەبیانووی دژایەتی گروپێکی چەکداری تیرۆریستی ئیسلامی وەک (حەماس)، کە وجودی ئەم گرووپە و چەندین گرووپی تیرۆریستی تریش بەرهەمی خودی ئەو دەوڵەتە تیرۆریست و ڕەگەزپەرستەی ئیسڕائیلن.

ئەگەر بڕیارە کۆتایی بهێندرێت بە گرووپە تیرۆریستەکان و بە کاری تیرۆریستی دژ بە خەڵکی سیڤلی ناو ئیسڕائیل، و ئەم خەڵکە بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئەوا پێویستە سەرچاوەی سەرهەڵدانی تیرۆر و ئەم گرووپە تیرۆریستانە بنەبڕ بکرێت، کە ئەویش بنەبڕکردنی ڕەگەزپەرستی ئایینی و نیو-فاشیزمی قەومییە لە پەیکەرە و پێکهاتەی (ستڕاکچەری) دەوڵەتی ئیسڕائیلدا.

دەوڵەتێک ئامێری جەنگ و پاکتاوسازی و ئاگربەردانە ماڵ و گیانی خەڵکی فەلەستینی بێت بەدڵنیاییەوە پڕیشکی ئاگری تیرۆریزمیش لێرەولەوێ بەر خەڵكی سیڤل و بێ تاوانی ناو ئیسڕائیلیش دەکەوێت و ئەم خەڵکە هەرگیز ناتوانێ بە ئارامی و بەئاشتی بژیت. ئەمڕۆ ئەم خەڵکە بە پلەی یەکەم گیرۆدەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و نیوفاشیستی ئیسڕائیلن، کە هەتا ئامادەیە بۆ پیادەکردنی سیاسەتە فاشیستەکانی تەواوی ئەو کەسانەی کە هاوڵاتی ئیسڕائیلین و بە بارمتە گیراون لەلایەن (حەماس)ەوە لە هەڵمەتی تیرۆریستانەی (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)دا، بیانکاتە قوربانی و نایەوێت سازش و دانوسان بکات بۆ بەردانیان.

ڕواڵەتی مەسەلەکە لایەک وا دێتەبەرچاو کە ئەوە خەڵکی ئیسڕائیلە گیریانخواردووە بەدەست تیرۆریزمی (حەماس) و ڕەوتە تیرۆریستەکانی تری ئیسلامی سیاسییەوە و دەوڵەتی ئیسرائیل دەیانپارێزێت!، وە لەلایەکەی تریشەوە وا دێتەبەرچاو کە ئەوە (حەماس)ە خەبات دەکات بۆ ڕزگاری فەلەستین و بەرگری لە ماف و ئازادی خەڵکی فەلەستین، بەڵام لە جەوهەردا پێچەوانەی هەردوو ئەو هاوکێشە دروستە.

بە واقعی خەڵکی ئیسڕائیل گیرۆدەی دەستی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و نیوفاشیستەکەی خۆیەتی کە بۆتە سەرچاوەی دروستبوون و سەرهەڵدان و گەشەی ڕەوت و گرووپە تیرۆریستەکان تا بکەونە گیان خەڵکی سیڤلی ئیسڕائیل، وە ئەوە خەڵکی فەلەستینیشە کە گیریخواردووە هەم بەدەست ڕێگەچارەی ئیمپریالیستانەی (ئۆسلۆی ١٩٩٢)ی بە بنبەستگەیشتووی (فەتح -ڕێکخراوی ڕزگاری فەلەستین) و هەم ڕێگەچارەی ئیسلامی سیاسی تیرۆریست و فاشیست لە چەشنی (حەماس) و (جیهادی ئیسلامی) و بە پشتیشیانەوە جمهوری ئیسلامی ئێران و دارودەستەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمڕۆ هەتا بۆ گرتنەبەری ڕێگە چارەیەکی عەمەلی بۆرژوازیانەی نێودەوڵەتی کە بیەوێت بەپێی بڕیاری (نەتەوە یەکگرتووەکان) ئەم کێشەیە کۆتایی پێ بهێنێت و دوو دەوڵەت لەسەر خاکی فەلەستین دابمەزرێت و هەردوو لا دان بە یەکتریدا بنێن و وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ بە ئاشتی پێکەوە بژین، هەتا بۆ ئەم ڕێگە چارەش پێویست دەکات کە هاوسەنگی هێز هەم لەناوخۆی ئیسرائیل و هەم لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا لە دژی ڕاستڕەوی و فاشیزمی قەومی و دینی هەردوولای ئیسرائیلی و فەلەستینی و لەبەرژەوەندی ڕەوتی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی هەردوولا بگۆڕدرێت.

ئەمەش کارێک نییە بە تەنهایی لەناوخۆی ئیسڕائیل و لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا ئەنجام بدرێت، چونکە کێشەی فەلەستین کێشەیەکی نەتەوەیی ناوخۆی دەوڵەتێک نییە، و کێشەیەکی نەک هەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بگرە جیهانیشە و یەکێکە لە گرێوگۆڵەکانی سیاسەتی جیهانی.

بۆیە هەروەک چۆن کێشمەکێشەکانی جیهانی دوو قوتبی لایەک کۆمەگی کرد بە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم و ناسیونالیزمی عەرەبی ناکۆک بە بەرژەوەندیی وڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا، وە ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و سەرکەوتنی نیولیبرالیزمیش بووە زەمینەخۆشکەر بۆ مەیدانداری ڕەوتی ڕاستڕەو گەشەی نیوفاشیزم لەناو ئیسڕائیلدا، ئاواش هەر گۆڕانکارییەکی جیهانی لە تەرازووی هێزی نێوان بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر بزووتنەوە و ڕەوتە کۆنەپەرست و ڕاستڕەوە فاشیستەکانی قەومی و دینی، وە بەگشتی گۆڕانی هاوسەنگی هێزی نێوان چینی کرێکار و دەسەڵاتە بورژواکان، کۆمەگی دەکات بە گۆڕینی تەرازووی هێز هەم لەناوخۆی ئیسرائیل و هەم لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا.

بەم پێیە ڕێگەی ڕزگاری هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسڕائیل، ڕێگەی کۆتاییهێنان بە وەحشیگەری نیوفاشیزمی ئیسڕائیلی و تیرۆری ئیسلامی سیاسی و چارەسەری کێشەی فەلەستین بەشێوەیەکی ڕیشەیی، هەمان ڕێگەی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە بنەڕەتیانەیە کە لە دەستوری کاری کۆمۆنیزمدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانە لەناو ئیسڕائیل و فەلەستیندا، لە عێڕاق و کوردستانەکەیدا، کە ئەویش ڕێگەی ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار و حزبیەت بەخشینە بە کۆمۆنیزم لە دەرونی ئەو چینە و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی کرێکاری بەهێز و هەنگاونانە بۆ هێنانەدی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەڵام دەستبەکاربوون بۆ گوڕبەخشین بە سەروساماندانی ئەم ئەرکە نەک هەر دەستوپێگیر نییە بۆ بەشداری کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوە جەماوەری و کرێکارییەکان لەناو هەر کەمپین و چالاکییەکدا کە لە ئێستادا لەئارادایە بۆ دژایەتی کردن و پوچەڵکردنەوەی سیاسەتەکانی (ناتانیاهۆ) و فاشیزمی ئیسڕائیلی بۆ درێژەدانیان بەم جەنگە و پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و پاکتاوکردنی فەلەستینیەکان، بەڵکو پێویستە دەستپێشکەر و ڕابەرییش بن لەو خەباتە ڕۆژانەییانەدا.

سێپتێمبەری ٢٠٢٤