بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق بۆ قەدەغەکردنی حیزبەکان، خزمەتێکی تری حکومەتەکەی سودانییە بە دەوڵەتی تورکیا!

ڕۆژی ٥ی ئاب ئەنجومەنی دادوەری عێراق بڕیاری قەدەغەکردن و داخستنی سێ حیزبی بە ناوەکانی “تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان”، “پارتی ئازادی و دیموکراسی”، “بەرەی تیکۆشانی دیموکراسی” ڕاگه‌یاند بە پاساوی ئەوەی کە پەیوەندییان بە لایەنێکی دەرەکییەوە هەیە و پشتیوانی وئیمکاناتی لێوەردەگرن.

ئەم بڕیارە جگەلەوەی کە سەراپا دژی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی حیزبەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیە سیاسیەکانە، هاوکات هەنگاوێکی سیاسی و سەرکوتگەرییەکی ئاشکرایە لەژێر پەردەی یاسادا، کە ئامانج لێی بۆ شاردنەوەی ئەو بەندوبەست و ڕێکەوتنانەیە کە حکومەتی عێراق و هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بەستویانه‌. پاساوی ئەوەی کە ئەم حیزبانە پەیوەندییان بە لایەنێکی دەرەکییەوە هەیە سەروچاوی هەموو ئەو دەستەوتاقمە میلیشیای و تیرەگەری و قەومی و مەزهەبیانە دەگرێتەوە کە بە پشتیوانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکا و بە هێزی چەکدارییان گەیشتوون بە کورسی دەسەڵات و خۆیان بەسەرکۆمەڵگه‌دا داسەپاندووە. 

ئەوەی کە دەسەڵاتداران چ لە بەغدا و چ لە هەولێر بەبێ دەنگی و لەپشت بڕیارێکی ئەنجومەنی دادوەریەوە ڕادەوەستن و بڕیاری داخستنی حیزبەکان دەدەن، تەنها بۆ ئەوەیە ڕووی سیاسه‌ته‌ دزێوەکانیان و ئەو ڕێکەوتن و هاوکاریە سیاسی و سەربازیانەی کە بەڵینیان داوە بە حکومەتەکەی ئۆردوگان بشارنەوە و قەدەغەکردنی حیزبەکان وەک دیارییەک پێشکەش بکەن. لەکاتێکدا ئەوە حکومەتی تورکیایە کە بە بەرچاوی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستانەوە، کەوتۆتە لەشکرکێشی و ژێرپێنانی هەموو ڕۆژەی”سەروەری خاکی عێراق”، کە ئەم دەسەڵاتانە ڕۆژانە وەک “خەتی سوور” و بنەمایەک پڕوپاگه‌ندەی بۆ دەکەن.

ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی دادوەری، نەک هەر پەیامێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی، بەڵکو هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەر حیزبێکی سیاسی، کە نەچێتە خانەی بەرژەوەندیەکانی چینی دەسەڵاتدارەوە. هەربۆیە دەبێ ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حیزبەکان و خەڵکی ئازادیخواز چ لە عێراق و چ لە کوردستان بێتەوە و دەسه‌ڵاتدارانی عێراق ناچار بکرێت دەستی لێهەڵگرێت.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارە دەکات و بە هەنگاوێک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و چالاکیی حیزبەکانی دەزانێ، هاوکات لەپاڵ هەموو ئەو دەنگانە و ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارە سەرکوتگه‌رانەیە دێنه‌ مه‌یدان، ڕادەوەستێت. 

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٨/٨/٢٠٢٤