بەخشینەوەی ئومێد بەم هەڵبژاردنە خەتایە!

عوسمانی حاجی مارف

پاش دوو ساڵ لە چەقبەستن و دەرگیربونی بارزانی و تاڵەبانی بۆ بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن، دواجار نێچیرڤان بارزانی فەرمانێکی هەرێمی دەرکرد کە وادەیەکی نوێی لە٢٠-١٠-٢٠٢٤ دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان. لەهەمانکاتدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.

ئەوەی شایانی باسە ئەمە پێنجەمین فەرمانی نێچیرڤان بارزانیە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی کوردستان، کە دوو ساڵە ماوەی خولەکەی کۆتاییهاتووە. بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی “سیستەمی کۆتا” بۆ کەمینەکان لە پەرلەمانی هەرێمدا کە لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا دراوە، بووە هۆی ئەوەی زیاتر ئەو بابەتە ئاڵۆزتر بێت، بەتایبەتی ئەو ناڕەزایەتیە توندەی کە بارزانی دەریبڕی، بەڕاگەیاندنی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا، دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پاش ئەوەی دادگا لە سەرەتای مانگی ئایاردا بڕیارەکەی هەموارکردەوە، دواتر بارزانی گەڕانەوەی بۆ بەشداریکردن پەسەندکرد.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەتوانین بڵێین ئاڵۆزی پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەنیا پەیوەندی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵەوە نەبووە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە ململانێ و کێبڕکێی نێوان خودی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوەیە، کە چەندین ساڵە شەڕی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکانیان لەبەرامبەر یەکتردا دەکەن و هۆکاری فەراهەمهێنانی دۆخی بارگرژی و ناڕەحەتی گوزەرانی دانیشتوانی کوردستانی عێراقی لێکەوتۆتەوە. هەر لایەنێکیان لە هەر دەورەو دۆخێکدا بەدوای ئەو هەلەدا دەگەڕێن بەهەر بەهاو کردارێکی نامۆراڵی بێت، چۆن ئەتوانن و چۆن بۆیان دەلوێت نفوزو پێگەی هێزەکەیان لە ئاستێکی باڵاتردا نیشان بدەن. ئەمەش لە دۆخی گێژاوی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستادا کاریگەری زیاتری لەسەر پرسی دواکەوتنی ئەم هەڵبژاردنەو کێشەکانی نیشانداوە، بەڵام دواجار بارزانی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە شێوازی دابەشکردنی کۆتاکان، کە بەو ناڕەزایەتیە توانی فشار خاتە سەر دادگای فیدراڵی و بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر کوتاکان هەموارکرێتەوە، هەر لەم بارەیەوە بارزانی توانی بڕیارێک لە دادگای فیدراڵی وەربگرێتەوە، کە هەرێمەکە دابەش بکات بۆ ٤ کەرتی هەڵبژاردن، دابەشکردنی پشکەکەش بەسەرهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکە.

ئەوەی کە بۆمان ڕۆشنەو گومانی تیانیە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردودا هەرکاتێک بەبەشداری بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی بنەماڵەو میلیشیا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبرابێت، ئاشکرایە کە نەتوانراوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و چۆنیەتی دەسەڵاتی زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا پێشهاتبێت، بۆیە ناکرێت لە خۆشخەیاڵی ئەوەدابین کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەشدا پێشبینی ئەوە بکەین کە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هەیکەلی حکومەتی هەرێمدا ڕووبدات. بنەماڵە لە شوێنی خۆیدایەو میلیشیاکانیش کاریان بۆ پاراستنی ئەم دوو بنەماڵەیە نەوەستاوە، بۆیە  سەرەڕای ئەو هەموارکردنە بچووکانەی کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بۆ یاساکەی کردووە، بەڵام گومانی بەردەوامی گەندەڵی و دزیکردن و تەزویرو کۆنترۆڵکردنی دۆخی هەڵبژاردن، لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە ڕاناگیرێت. دوو ساڵە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام سەرۆکایەتی مەسرور بۆ حکومەتی هەرێم  لەرزەیەکی تێنەکەوتوە.

وادەی هەڵبژاردن بە گرنگ وەسف دەکەن وەک ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەستووری و پێدانی شەرعیەت بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەو مانایەو تا لەچوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا بەهرەمەندە بن لە بەڕێوەبردنەوەی هەرێمدا..!.

سەبارەت بە پرسی ئەو بۆشاییە دەستوریەی کە بەهۆی نەبوونی پەرلەمانی هەرێمەوە دروست بووە، ئێستا بەناوی ئەوەی کە گوایە بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن شەرعیەت بۆ حکومەت دەگەڕێننەوە، شاراوەنیە کە لەسایەی دەسەڵاتی هێزە تائفی و نەتەوەپەرست و بنەماڵە میلیشیاکاندا گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ حکومەت مانایەکی نیە، چونکە ئاماژەکردن لەسەر ناوهێنانی شەرعیەت بۆ ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکان بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکان لە عێراقدا، بەگشتی لەڕادەبەدەر فۆرماڵیە، چونکە ئاشکرایە کە دەستور و یاساکان ئەوە نین کە ژیانی سیاسی و کاروباری دەوڵەت ڕێکخەن، بەڵکو فاکتەری شکڵی و لاوەکین لەبەرامبەر ئەو هێزانەی لەئێستادا بە ئاستی هاوسەنگی هێزە میلیشیاکانیان دەسەڵاتی سیاسی ڕادەگرن، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانیش هەر ئەو میکانیزمە زاڵە بەسەریدا.

ئەوەی شاراوە نیە یاسا و یاسادانان فاکتەری یەکلاکەرەوە نەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکانی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی لە عێراق و کوردستاندا دەسەڵاتدارن، بەڵکو مامەڵەکردن بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە سیاسی و ماددیە ڕاستەوخۆکان، لەلایەکی ترەوە چۆنیەتی ئاستی هاوسەنگی پەیوەندی نێوان حزبەکان بە شەڕ یا بە دانوسان و ڕێکەوتن لەگەڵ کێشەکان مامەڵەیان کردوە، نەک گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ڕابردودا بۆ پێکهێنانی بەرێوەبردنی پارێزگاکان ئەنجامدرا، بەوپێیەی نەبوونی ڕێکەوتن لەنێوان هێزە سیاسیە کێبڕکێکارەکاندا نەگەیشتە ئەنجامێکی دیاریکراو، بەئاشکرا ڕێگری هەیە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بۆ هەردوو پارێزگای دیالە و کەرکوک، ئەمەش بەڵگەیەکی بەرجەستەیە لەسەر گرنگی نەبوونی سندوقەکانی دەنگدان.

بارزانی و تاڵەبانی بەجیا لە درێژەدان بە ململانێی مانەوەو پاراستنی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، لەهەمانکاتدا لەبەرامبەر ئەو دۆخەی لە ئاراستەی ناوەندبونەوەی عێراقدا گیریان کردوە، لە قەیرانێکی تەواو سیاسی و ئابوریدا بەرەوڕوون. ئەتوانین بڵێین، ئەم قەیرانە لەئێستادا هۆکارێکی تەواو کاریگەرە لە دابەزینی ئاستی هاوسەنگی پێگەی بارزانی و تالەبانی، لەلایەک لە پەیوەندیان بە بەغداوە، ئەمەش گۆڕانی دەورانێکی وەها جیاوازە کە ناچار کراوان زیاتر ملکەچی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق بن، لە لایەکی ترەوە چۆنیەتی پەیوەندیان بە تورکیا و ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ترەوەکە دەکەوێتە بەر سەوداو مامەڵەی دەورەیەکی ترەوە، ناتوانن دژایەتی حکومەتی عێراق بکەن، لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان خۆشیان، واتە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە پرۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا لەبەرامبەر چاوەڕوانی چارەنوسیانن کە بە ئایندەی بەغداوە چەقی بەستووە.

لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهات و چاوەڕوانیانەدا، دانیشتوانی زۆنی زەردو زۆنی سەوز زیاتر لە بەرامبەر وەحشیەتێکی ناسەقامگیردا بە بارمتە گیراون، نیشانەکانی ڕزگاری لەدەسەڵاتی بنەماڵە هیچ ئاسۆیەک لە ڕێگەی ئەم ئاڵوگۆڕانەوە نیشان نادات، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئەو هێزو لایەنانەی دەیانەوێت ئومێد ببەخشن بە دانیشتوانی هەرێم، کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە ئەتوانێ کۆتایی بەدەسەڵاتی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بهێنێت، خەتایەکی گەورە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتیەکان دەکەن، ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ڕێگای ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و پاکتاوکردن و کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵەیان گرتۆتە بەر.