عوسمانی حاجی مارف
سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تێکڕای ساڵانە ٣٢ هەزار کەس لە ڕێگەی قاچاخەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بەجێدەهێڵن، ئەم ژمارەیەش لە ماوەی سێ ساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ٩٦ هەزار کۆچبەر، دەزگای لوتکە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان ئاماژەی بە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر کردوە کە زیاتر لە ٧٦٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقەوە کۆچیان کردووە، گومانی تێدا نیە سەختی باری ئابوری و بژێوی هۆکارێکی دیاری ئەم قەیرانەیە، بە تایبەت ئاستی بەرزی بێکاری لە نێو گەنجاندا بەشداریەکی بەرچاوی لە قەیرانی کۆچکردندا هەیە، نادڵنیایی لە دیمەنی دۆخی ناجێگیری سیاسی و نائەمنی کار لە هۆکاری ئەم کۆچکردنەن.
ژیانی فرعەونی و سەختی ژیانی نەبونی و هەژاری و کاری تاقەت پروکێن و نائەمنی، وێنایەکی ئەوپەڕی نایەکسانیە کە لە عێراق و هەرێمدا دامەزراوە. ئەم واقعە مایەی داڕشتنی بێئومێدیەکە ، بێکاران و نەداران نازانن لەکۆێی ئەم کۆمەڵگەیەدا بەڕەنگاری بکەن، تا نەبنە قوربانی، قوربانی بونی خەڵکی زەحمەتکێش بۆتە نیشانەکانی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە.
ئینسانەکان کاتێ رێکخراونین وەک تاك لە کوردستاندا خۆیان لە نێوان دوو بژاردەدا دەبیننەوە، یان خۆیان ئەدەنە پاڵ پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان بۆ ئەوەی دەستکەوتێک لە ژیانیاندا بەدەستبهێنن، کە ئەم ئیمتیازە بۆ هەمو کەس مسۆگەر نیە، یان لەبەردەم بێئومێدیەکی چەسپاودا رێگایەکی تر بۆ چارەنوسێکی نادیار دەگرنە بەر، بریارێک بۆ ژیانێکی نادیار و خەیاڵی یا مردن. ئەم سیستەمە نادادپەروەرە، ڕق و کینە و ژینگەیەکی ژەهراوی بۆ گەنجان و خێزانەکان دروست کردووە.
باڵادەستی و سەپاندنی تاڵانی و گەندەڵیەکی سیستماتیکی بەربڵاو، لە هەمان کاتدا نەبوونی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک، ئەو داینامیکەیەیە کە بێئومێدی تەواو دەچەرخێنی و بازاڕی دڕندانەی قاچاخچیەکان گەرم دەکات، پەنابردن بۆ دەریای ناوەڕاست دەبێتە شانسی مان و نەمان.
کۆچکردنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبون لە عێراقدا و بەرێگەی قاچاخ، دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عیراق، کە فشاری سەربازی بە زۆر و ناردنی سەربازەکان بۆ بەرەکانی شەڕ، ناچاری هەڵاتن لە سەربازی کردە ئەمری واقع، ڕێگایەک بۆ خۆپاراستن لە پەلاماری دەزگا سەربازی و سیخوریەکانی حکومەتی بەعس، بەجیا لە خۆشاردنەوە لە لادێکان و شاخەکان و ئەهوارەکان کە پەناگایان بون، کۆچکردنیش بۆ دەرەوەی ووڵات هەڵبژاردەیەکی تر بو.
بەدوای جەنگی خەلیج و ڕاپەڕینی جەماوەری لە عێراق و کوردستاندا، دیاری کردنی نۆفلایزۆن بۆ کوردستانی عێراق و دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ، هەڵگیرسانی شەڕی چوار ساڵەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، ئاکامی خوڵقاندنی دۆخێکی تەواو پرکارەسات و نائەمن و وێرانکاریان خستە بەردەم ژیانی دانیشتوانی کوردستانەوە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ دەرەوەی ووڵات، بووە هەڵبژاردەیەکی سەرەکی.
ئەو دۆخە خوڵقێنەری تەواو بێئومیدی و نەمانی ڕۆشنایی لە ئایندەی کوردستاندا کردە چارەنوسی ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە، هەر لەو دەورانەدا کۆچکردنی بە کۆمەڵ بووە شەپۆل و هێرێش و نەریتێک کە تا ئێستا ئارام نابێتەوە ودانامرکێتەوە.
هەزاران کۆچبەر کە تامەزرۆی دەربازبونن لەو واقیعە سەختەی کە پێی ناڕازین و بەدوای پەناگەیەکی ئارامدا دەگەڕێن لە ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە ئەوروپادا، بۆ ئەو پەناگایە دەریای ناوەڕاست بۆتە گۆڕستانێکی ئاوی. وەرگەڕانی بەلەمە قەرەباڵغەکانی ئەم دواییە، کە گیانی زیاتر لە ٧٠ کەسی لێ کەوتەوە، بەهەر قوربانی دانێکەوە تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی ژمارەی کۆچبەرانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوروپا.
واتە دوای ٣٢ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بە دوای تاڵانی و کەڵەکەکردنی گەوەرترین سەرمایە لە داهاتی کوردستان، بەهیچ جۆرێک نەیان ویست و هەوڵیان نەدا ئاوڕێک لە نائارامی و ناجێگیری و نائەمنی ژیانی دانیشتوانی کوردستان بدەنەوە، نمونەی بێپرەنسیپترین و بێبەرپرسیارترین دەسەڵاتن، بەردەوام ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بە بارمتە گرتووە بۆ بەرژەوەندیەکانیان، بۆیە بەبێ کۆتایی دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵیە، حەتمیە کە کۆچکردن و ئاوارەبون و قوربانیدانی بە کۆمەڵ ڕاناگیرێت، چونکە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری یاسا لە کوردستاندا پێناسەکەی لە پەیوەند بە خەڵکەوە بە هیچ جۆرێک بەئەرێنی مانایەکی نەماوە.