بیانیه حزب کمونیست کارگری کردستان- در رابطه با انتخابات دور جهارم پارلمان درکردستان عراق (بزبان کردی )

به‌یاننامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
سه‌باره‌ت به‌کۆتایی هاتنی خولی چوارهه‌می هه‌ڵبژرادنی په‌رله‌مان!
بەدوای دەورەیەکی چوارساڵە لەکێشمەکێشی نێوان دەسەلات‌و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی‌و بەدوای دەورەیەک لە هاتنەمیدان‌و ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری، سەرەنجام بۆرژوازی کوردو حزبەکانی لەهەردوو بەرەی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆندا، توانیان لەسەر زەمینەی قەیرانێکی سیاسی و لەجەرگەی ئالوگۆڕەکانی ناوچەکەدا، سیناریۆی هەلبژاردنەوەی دەورەیەکی تری پەرلەمانی کوردستان بە قازانجی بۆرژوا ناسیۆنالستی کورد تێپەڕینن.
بەلام ئەم تێپەراندنە بێ کیشە نیە و ریزبەندی هیزەکانی بۆرژوا ناسیونالیست پێی ناوەتە قوناغیکی تازەی قەیران‌و ئاڵۆزی. سەرکەوتنی پارتی، سەقامگیرتربوونی رۆڵی رابەریی باڵێکی دەسەلاتداری بۆرژوازی‌و ناسیۆنالیستی کوردە لەنێو قوتبی بۆرژوازی‌و سەربازگەی بۆرژوا- ناسیونالیستی کورد دا. ئەمە بۆخۆی زەربەیەکی گەورە بوو هەم لە یەکێتی نیشتمانی‌و هەم لە بزووتنەوەی‌و گۆڕان، بەکردەوە لە جێگەیه‌کی خوارتر وسەخت تر لەنێو ژیانی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستاندا رایگرتوون. دیارە سەرجەم ئەم ریزبەندییە تازەیە دەرگای لەسەر بەرینبوونەوەی قەیرانی نێو ریزەکانی بورژوا ناسیونالیستی کورد لە لایەک‌و لە لایەکی ترەوە بۆ رەوینەوەی خۆشباوەری لەنێو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش ولاوان وژنان بەرامبەر سەرجەم بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد بە دەسەلات‌و ئۆپۆزسیۆنیەوە.
هێزەکانی بۆرژوازی لەدەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا، بەمەبەستی راکیشانی خەڵك بۆناو پرۆسەی هەڵبژاردن هەوڵیاندا ئەوە بەخەڵك بسەلمێنن کە له‌ده‌ره‌وه‌ی کێشمه‌کێشی سیاسی ومونافه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردنی نێوان هه‌ردووباڵی بۆرژوازی کورد(‌ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن)دا، ڕێگایه‌کی تر نیه‌ بۆ خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش بۆ باشکردنی ژیان وپێکهێنانی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌ستی بۆبه‌رن. له‌کاتێکدا ته‌جروبه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نیشانیداوه‌، که ‌کێشه‌و ململانێی نیوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، کێشه‌و ململانێیه‌کی سیاسی دووباڵی بۆرژوازی کورده‌‌و هیج په‌یوه‌ندیه‌کی به‌خواسته‌کانی خه‌ڵک بۆ باشکردن ژیان‌و ڕزگاربوون له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی نایەکسان‌و میلیشیایی‌و سه‌رکوتگه‌رو کۆنه‌په‌رسته‌وه‌ نیه‌.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هاتوهاواری چەوا‌شه‌کارانه‌ی سه‌رانی حزبه‌کان‌و ده‌زگای میدیاو ڕۆشنبیرانێکی سه‌رمه‌ست به‌ئاسۆو ئامانجه‌کانی ناسیونالیزمی کورد، لەم هەڵبژاردنەدا نەک هەر نوێنەرانی واقعی کرێکاران‌و زەحمەتکێشان‌و ژنان‌و لاوان‌و ئازادیخوازان ئامادەیی نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێک بوو لەنێوان ئەوانەدا کە لەسەر تاڵانکردنی سامان‌و داهاتی خەڵك، میلیشیاو سامانی زۆروزەوەندیان بۆخۆیان کەڵەکەکردوەو دەتوانن بە زۆر و ترساندن‌و بەرتیل‌و چەواشەکاری‌ دەنگی خەڵك زەوت بکەن. بەڵگەنامەی کۆمسیۆن بۆ هەلبژاردنەکان کە دەنگدانی بەحزبەکان کردە بنه‌ماو چه‌ندین قەیدو بەندی مادی‌و قانوونی لەبه‌ردەم ڕابەرانی کرێکاری‌و هەڵسوراوانی بزووتنەوەی ژنان‌و ئازادیخوازاندا قووت کردەوە، هەر لەسەرەتاوە جێگایه‌کی نه‌هیشته‌وه‌ بۆ به‌شداری ئازادانه‌ی هاوڵاتیان.
ڕۆڵێک که ‌لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن‌و ڕۆشبیرانێک که ‌له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گێڕایان، هه‌رئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ هاوڵاتیانی ناڕازی به‌ده‌سه‌ڵات، به‌وه‌همی “ئه‌یگۆڕێن”و “چاکسازی” و”جیاکردنه‌وه‌ی حزب له‌حکومه‌ت”، بخه‌نه‌ پشتی سیاسه‌ته‌ کۆنه‌په‌رست‌و بۆرژواییه‌کانی خۆیان، به‌ڵکو به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ تێکۆشان تا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بەخەڵك قبوڵ بکەن‌و ئیعتبارو “حورمه‌تی دیموکراسی” بگێڕنه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتیك که‌ پارتی‌و بنه‌ماڵه‌ی با‌رزانی له‌سه‌ریەوە ڕاوه‌ستاون‌. ئۆپۆزسیۆن که ‌بێپه‌روا له‌سه‌ر سیاسه‌تی درێژکردنه‌وه‌ی ڕیزی ده‌نگده‌ران‌و ڕاکێشانی هه‌رچی زۆرتری به‌شداری کردنی ڕێژه‌ی خه‌ڵک کاری کرد، توانی واقعیه‌ته‌کانی ژیانی کرێکاران‌و مه‌حرومانی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی ناڕازی به ‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌ ناسیونالیسته‌کانی، پێچه‌وانه ‌بکاته‌وه‌ وئه‌و درۆیه‌ جێگیربکات، که‌ گوایه‌ هه‌ڵبژاردن‌و سندوقه‌کان‌و ده‌نگی خه‌ڵک فرسه‌تێکه‌ بۆ گۆڕانکاری له ‌سیسته‌می سیاسی ئیستای کوردستان‌و ده‌رکێشانی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست پارتی‌و یه‌کیه‌تیدا!. له‌کاتێکدا خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان به ‌ناره‌زایه‌تیه‌کانی ڕۆژانه‌ی خۆیان‌و به‌تایه‌بتی له‌17 شوباتدا، چه‌ندين جار، ئه‌و ڕاستیه‌یان سه‌لماندووه‌ که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌چاکسازی هه‌ڵده‌گڕێ و نه ‌له‌ڕیگای ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌توانرێ وه‌لابنرێ.
‌ئه‌وه‌شی که‌‌به‌شداری خه‌ڵکی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هێنایه‌کایه‌وه‌، زاڵنه‌بوونی ئاسۆو هوشیاریەکی چینایه‌تی بوو به‌رامبه‌ر به‌سیاسەت‌و سیناریۆ سیاسیەکانی باڵ‌و بەشەکانی چینی بۆرژوازی. بە پێچەوانەی سیاسه‌تی فریوکارانه‌ی حیزبەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، سەبارەت بەسەرکەوتن‌و بەدەستهێنانی “دەنگی زۆرینە”، ئەوە تەنها خەڵکی کوردستانە کە بەدونیایەک ناڕەزایەتی‌و بیزاریانەوە لەدەسەڵات، جارێکی دیکەش‌و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، نەیانتوانی ڕیگای سیاسی جیاوازی خۆیان بگرنەبەرو وه‌ک ڕیزێکی ڕیکخراو و سه‌ربه‌خۆی سیاسی لە ده‌ره‌وه‌ی ئاسۆو سیاسەتی چینی بۆرژوازی کورد و حزبه‌کانی راوه‌ستن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان له‌هه‌ڵبژاردنی 25/7/2009دا، به ‌وه‌همی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له ‌پارتی‌و یه‌کیێتی‌، ده‌نگیان به‌ بزووتنەوەی گۆران دا، تا ئه‌ڵقەیه‌ک له ‌زنجیره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانێتی ستراتیژی ئه‌م دوو حزبه‌ بپسێنن، ئه‌وا له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا، نەك نەیانتوانی هەنگاوێك بەرەو باشکردنی ژیانیان بنێن بەڵکو دەسەڵاتی پارتییان بەسەر ژیانی سیاسی خۆیاندا “شەرعیەت” پێدایەوە!
بێگومان کابینه‌یه‌کی حکومه‌تی که‌ بڕیاره‌ وه‌ک به‌رئه‌نجامی”حزبه‌ براوه‌کان”ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بێته‌سه‌رکار، بێده‌رده‌سه‌ری نییه‌و ناتوانێ نه له‌ ڕوانگه‌ی باڵه‌کانی بۆرژوازی کورده‌وه، ده‌سه‌ڵاتێکی یه‌کده‌ست پێکبهێنێ‌و، ‌نه‌ له ‌ڕوانگه‌ی هاوڵاتیانی کوردستانیشە‌وه‌، کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئارامی‌و خۆشگوزەرانی ببات. به‌ڵکو قه‌یرانی سیاسی و پشێویه ‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له ‌ئاستێکی توندترو فراوانتردا، دێنێته‌کایه‌وه‌.. هه‌ربۆیه‌ ئەوەی لە دەستوری گشت هیزەکانی بۆرژوازیدایە ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نهاو تەنها ئەوەیە کە لەپێناو ڕاگرتنی هێزی کاری هەرزان‌و سپاردنی ژیانی هاولاتیانی کوردستان بەبازار، له‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کی ژێربه‌ژێری پیرۆزدا، به‌رامبه‌ر به‌چینی کرێکارو بزووتنه‌وه‌ی ڕادیکاڵی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش ڕاوه‌ستن‌و خه‌ته‌ری ڕۆچوونی بارودۆخه‌کان به‌ره‌و شۆڕش‌و هه‌لومه‌رجی شۆڕشگێرانه‌، دورخه‌نه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ چینی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانی، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌یه‌کی تر بێت له ‌بردنه ‌پێشه‌وه‌ی کێشمه‌کێشی سیاسی له‌سه‌ر داهاتووی ده‌سه‌ڵات‌و بازاڕی سه‌رمایه‌داری، ئه‌وا بۆ چینی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشان، بۆ جوڵانه‌وه‌کانی ژنان ولاوان‌و هه‌ر ده‌نگێکی ئازادیخواز، وەرگرتنی دەرس‌و تەجروبەیە لەم پرۆسە سیاسیە بە ئاقاری ده‌ستبردن‌ بۆ خه‌باتێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و شۆڕشگێڕانه‌ی چینایه‌تی. بۆ ئه‌وان کۆتایی هه‌ڵبژاردن، ده‌رچوونه‌ له ‌ئاسۆی خۆشخه‌یاڵی به‌سیاسه‌ته‌کانی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانی‌، هه‌وڵدانه‌ بۆ ڕیکخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی سه‌ربه‌خۆ و هێانه‌مه‌یدانی رابه‌ریه‌کی شۆڕشگێرانه‌‌، که‌ رێنمایی خه‌بات‌و ناڕه‌زایه‌تیه ‌به‌رهه‌قه‌کانیان بکات. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، له‌پێناو پرکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشایه‌دا به‌ته‌واوی توانایه‌وه‌ تێده‌کۆشێ‌و له‌هه‌وڵی هێنانەمه‌یدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی‌و وشۆڕشگێرانه‌ی چینایه‌تیدایه، کە ‌بتوانێ هاوسەنگیی هێز به‌قازانجی ده‌ستکۆتاکردنی چینی بۆرژوازی له‌ ده‌سه‌ڵات بگۆڕیت‌و پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ئاقاری ئازادی‌و یه‌کسانی‌و باشبژێوی ده‌سته‌به‌ربکات.
27/9/2013