روونکردنەوەیەك لە سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی کەیسی تیرۆری هاورێیانی حیزبەوە لەلایەن پارتیەوە
بازرگانی سیاسی بە خوێنی هاورێیانی ئێمە لەلایەن پارتیەوە تاوانە!
تەلەفزیۆنی زاگرۆس ی سەر بە پارتی دوێنێ ٢٠-٩-٢٠١٣ دەربارەی کەیسی تیرۆری هاورێیانی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٠دا، بازرگانیەکی سیاسی ریسوابووی ئەنجامدا. تەلەفزیۆنی ناوبراو ئەو کەیسەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بەرامبەر سەرکردایەتی ئەوکاتەی یەکێتی نیشتمانیدا وەکو کەرەستەیەکی بانگەشەی هەڵبژرادن لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بەکارهێنا. دوو رۆژ لەوەبەریش یەکێتی نیشتمانی هەمان ئەو کردەوە رەزیلانەو قێزەونەی ئەنجامدا. ئێمەو کەسوکاری هاورێیانی گیان بەختکردوو بەتوندی نارەزایەتیمان دەربڕیو بە تاوانێکی دیکە لەدژی حیزبو لەدژی ئەو هاورێیانەو کەسوکاریان ناوزەدمانکرد.
لیرەشدا ئەوە دووپات دەکەینەوە پارتی کە خۆی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندین تاوان دژی هەڵسوڕاوانی سیاسی وخەڵکی نارازی و ئازادیخوازانی کوردستان، ئەهلیەتی ئەوەی نیە باسی تیرۆری ئەو هاورێیانەی ئیمە بکاتو مافی ئەوەی نیە وەکو کەرەستەیەکی بازرگانی و پڕوپاگەندەی سیاسی بەکاری بهێنێ، جێگای نەفرەتی ئێمەو کەسوکاری هاورێیانی تیرۆرکراوو هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازی کوردستانە.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢١/٩/٢٠١٣