کاریگەری هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا لە سەر هەرێم

عوسمانی حاجی مارف

ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم رۆژانەی ئەمریکا بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەو  هێزە میلیشیایانەی پەیوەستن بە ئێرانەوە، کەلە ناوچەکانی هەردوو ووڵاتی سوریا و عێراقدان، لە  نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە. بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ، مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەم هێرشانەی ئەمریکا دواتر کاردانەوەی سەربازی و سیاسی بە ئەگەرێکی زۆرە لەلایەن حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیەوە لێبکەوێتەوە و پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند ئاڵۆزتر بکات، هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە شوێنە ئەمنی و سەربازیەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بخاتە بەر مەترسی هێرشی هێزە میلشیاکانی عێراقەوە، کە پێشتر ئەو هێزە میلیشیایانەی سەر بەئێرانن، چەندینجار هێرشیان کردۆتە سەر بنکە ئەمریکیەکان لەناوچەکانی دەسەڵاتی زۆنی زەرددا، یان لەوێنەی ئەو هێرشەی کە راستەوخۆ ئێران کردیە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر.

تائێستا لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا دەرنەچووە، وە پێدەچی لەم بارەیەوە زیاتر بێدەنگی هەڵبژێرن، بەومانایەی دەیانەوێت خۆیان بێلایەن نیشان بدەن، کە لەباری واقعیەوە خۆشیان بەشێکن لەو دۆخە! ئەمەش بۆ پەیوەندیەکانیان بە حکومەتی عێراقەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت. وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا ڕەسووڵ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێ: “شارەکانی ئەلقائیم و ناوچە سنووریەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بەهێرشی ئاسمانی کەوتون، ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق هەوڵدەدات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە، ئەمەش پێشێلکردنی سەروەری عێراقەو تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە، هەروەها هەڕەشەیەک کە عێراق و هەرێم بخاتە بەردەم دەرئەنجامە نەخوازراوەکانەوە، کە دەرئەنجامەکانی کارەساتبار دەبن بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە”…!، ئەم جۆرە لێدوانەی یەحیا، هەڵوێستی هەرێم دەخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە کە بێدەنگی ناتوانێ هاوسەنگی پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر ڕاگرێت، ئاکامەکەی بەچی دەگات؟ دەکرێ بڵێین وردبینیەک لەحساباتی حکومەتی هەرێمدا نیە، یان ناچاریەکە کە ڕۆڵی کارو پێگەی سیاسی حزبەکانی هەرێم لە ناوچەکەدا دەبێت لەم ململانێیەی ئەمریکاو ئێراندا ئێستا باجەکەی بدەن، ئەمەش  بۆ ئایندەی دوای ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەیوەند بە حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەرێم دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەو فشارێکی زیاترەوە لەلایەن ئێران و حکومەتی عێراقەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای ئەم شەڕەی غەززە، هەرێم و ناوەند پێگەیەکی ناسکیان لەسەر ئاستی جوگرافی و سەربازی نێوان ئێران و ئەمریکا داگیرکرد، لەوماوەیەی کە پەیوەندیە ئابووری و سیاسی و سەربازیەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێم پەرەی سەند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچەکە بەجۆرێک پابەندبون بۆ واشنتۆن پێناسە دەکرا، ئەمریکا وەک دۆستی کوردو پشتیوانیەکی بەهێزو هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو پۆلێن کرابوو لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە، لەلایەک بەگشتی وەک پارێزەری کوردستان و قەوارەکەی ملکەچی نەخشەو سیاسەتەکانی بون، لەلایەکی تریشەوە لەڕووی سیاسی و بەناوی شەڕ دژی تیرۆرەوە، حزبەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم خۆیان تەواو ڕادەستی پشتیوانیکردن بە ئەمریکا هەڵواسیبوو. بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ باقی ناوچەکانی تری عێراق کە لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە ملکەچی نفوزی ئێرانن، تەواو جیاواز مانای سیاسی و عەمەلی پەیدا دەکات، نەک ئەمریکا جێگای متمانەیان نەبووە، بەڵکو تاران و هێزە هاوپەیمانیەکانی لەبەردەم  پۆلێنکردنی ئەم پەیوەندیەدا، بۆتە ململانێیەکی بەردەوام و هەڕەشەکردن لە بونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، چونکە بنکەکانی ئەمریکا هەڕەشەیەکی ستراتیژی دەکاتە سەر نفوزی ئێران لە سوریا و عێراقدا.

ئێران فشارێکی چڕی  یەک لە دوای یەک لەڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابووریەوە لەسەر هەرێم داناوە، بەبیانوی ئەوەی هەرێم بۆتە شوێنی بنکەی سەربازی ئەمریکا و داڵدەدانی ناوەندو شوێنەکان بۆ موسادی ئیسرائیل، لەهەمانکاتدا بەبیانوی وەستانەوەی هەرێم بە قەبوڵنەکردنی میلیشیا عێراقیەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە  لە ناوچەکانی هەرێمدا، یان قەبوڵنەکردنی داوای دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە لەلایەن حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کاری لەسەر دەکرێت، جگە لەمانەش وەک ڕێگرێک لەبەردەم خێراکردنی پرۆسەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و باڵادەستی هێزی شیعەکان کە لە “چوارچێوەی هەماهەنگ”یدا بەرجەستە بۆتەوە، مامەڵەی دەکەن.

نیوەی ئەو هێرشانەی بە چەکی پەیوەست بە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق و باقی وڵاتانی ناوچەکە دەستیپێکردووە، شوێن و ناوەندەکانی ناوچەی کوردستانیان کردۆتە ئامانج و سروشتی گشتیشیان بە تەنها ئامانجگرتنی ئەمریکا نەبووە، بەڵکو زیاتر ناوچەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا وەک فشارێک لەسەر هەرێم بەردەوام بێت.

بەدرێژایی ئەم ماوەیەی پێکدادانی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکاو هێزە میلیشاکانی سەر بەئێران، هەرێم خۆی لە هەر دەستپێشخەریەکی سەربازی بەدوور دەگرێت، بە بێلایەن ماوەتەوە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکادا، هیچ بەرژەوەندی و ئامادەیی و توانایەکی نەبوو کە بەشێک بێت لەو ململانێیە، بەڵام لە ڕاستیدا واقعیەتی شکستەکانی ئەمریکا و دواتر پشتتێکردنی لە پشتیوانی هەرێم، پێگەی هەرێمی تەواو دابەزاندو بێئعتباری کردوە، هەر بۆیە پەیوەندیەکانی بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە سروشتێکی ملکەچی بەخۆیەوە نیشان ئەداو ناچاربوو پابەند بێت بە هێڵی گشتی حکومەتی ناوەندی لە ڕووی دەستووریەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازی سەرەکی لەناوچەی هەریر لە باکووری شاری هەولێر هەیە، هەروەها سەنتەری لۆجستی بۆ ڕێنمایی لە نزیک فڕۆکەخانەی مەدەنی نێودەوڵەتی هەولێر هەیە، ئەمە جگە لەوەی چەندین ناوەندی ڕێکخستنی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی ئابوری و بنکە سەربازیەکانی لە سوریاو ناوچەکەدا هەیە، کە پەیوەستن بە دەیان کۆمپانیاوە.

دوای ئەو هێرشانەی کە فڕۆکە ئەمریکیەکان کردیانەسەر شوێنەکانی هێزی حەشدی شەعبی عێراقی، خێرا بانگەشەی دژی هەرێم و تۆمەتبارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە چەکدارو سیاسیەکانی کرا لەسەر بنەمای نەبوونی دڵسۆزی و بەرگریکردن لە عێراق، ئەمەش بەرهەمی ناتەباییە لە سەرانسەری عێراقدا، کەدوای ئەم هێرشانە بیانوەکانی هێرشکردنە سەر قەوارەی هەرێم  لەلایەن حەشدی شەعبی زیاتر بێت.

بەدوای هێرشی درۆن و موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەدان بڵاوکراوە و نووسین و کلیپی هەڵبەستراویان لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەیەککاتدا بڵاوکرایەوە، بەمەبەستی ئەوەی دواتر لێپرسینەوەی تر لە هەرێمی کوردستان بکرێت، لەلایەکی تریشەوە وێناکردنی هەڵوێستی ئێرانە بەناوی پارێزگاری لەخۆی.

 ئەم دۆخەی ململانێی ئەمریکاو ئێران لە عێراق و کوردستان و ناوچەکە، بە هەر بارگرژی و ناکۆکیەک و چۆنیەتی دەورو دەخالەتی جەمسەرەکانی تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیا بەرجەستە دەبێتەوە، بەجیا لەوەی دواتر ئاراستەکەی بە کاری دیبلۆماسی و سەوداو مامەڵە ڕێڕەوی ئارام بونەوە بگرێتە بەر، بەڵام ئاسۆیەک لە بەردەم قەوارەی هەرێمدا کە بەچوارچێوەی حکومەتێکی سەربەخۆ بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی کوردستانی عێراق بکات، قفل ئەدرێت. پارتی و یەکێتی و هەردوو بنەماڵە وەک دوو هێزی باڵادەست لە چوارچێوەیەکی تردا مەئموریەتی تریان پێدەسپێرن.