جەنجاڵی هەڵبژاردنی سەراسەری هەرێم

عوسمانی حاجی مارف

چەندین ساڵە هێزە قەومی و ئیسلامی و تائفیە میلیشیاکانی عێراق بەهەر جەردەیی و تاڵانچێتیەک کردویانە و دەیکەن و حکومەتیان بەڕێوە بردوە، لەهەمانکاتدا بە بەکارهێنانی دروشمی نیشتمان پەروەری و بانگەشەی وەهمی دینی و چەواشەکارانە کە خەڵکی ماندوکردوە، کاریگەریەکی تەواویان لەسەر توندکردنەوەی دۆخێکی تەواو نالەبار داناوەو ناجێگیری سیاسیان پەرە پێداوەو عێراقیان بەرەو کارەسات بردوە. هەڵبەتە لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەرەو کارەساتی زیاتریشی دەبەن.

ئامانجی ئەم بانگەشە چەواشەکاری و ناعەقڵانیە، هاندانی هەستی مرۆڤە ئاساییەکان و کێشانی وێنەیەکی خەیاڵیە، بۆئەوەی هەست و سۆزی نەتەوەیی و ئاینی و نەتەوەپەرستانەی خەڵک بجوڵێنن تا کاریگەری لەسەر بڕیارو هەڵوێستەکانیان دابنێن، بە ئامانجی ئیستغلالکردن و کۆنترۆڵکردنیان.

عێراقی یەکپارچەو حکومەتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و پەرلەمان، ئەو شێوازو ڕێڕەوەیە کە لایەنە شیعەکان لە پەیوەند بە دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەعێراقدا وەک نوێنەرانی ئێستای بۆرجوازی، گەورەترین دەزگای دزی و جەردەیی و تاڵانیان پێکهێناوە، لە بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزو پێگەیان بەرەو چەسپاندنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، کار بە نەخشەو سیاسەتەکانیان دەکەن، فشارهێنانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردنی ئێستا لە هەرێمدا، هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدایە، کە ڕێگاکانی ملکەچکردنی زیاتری حزبەکانی کوردایەتی بەدەست بهێنن بۆ هەنگاوەکانی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق. 

حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی یاسایی دامودەزگا سەرەکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکبدات. هاوکات ئەو سنووردارکردنانەی بەغدا سەپاندویەتی، دۆخێکی دژواری لێکەوتۆتەوە. چەند مانگێکە زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری حکومەت مووچەیان وەرنەگرتووە، ئاشکرایە کە ناڕەزایی گشتی گەورەتر کردووەو ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئەمەش بۆ خۆی کێشەیەکە  لە چوونە پێشەوەو دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردندا.

هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە سێ دەیە زیاترە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەی سەرەکیان هەیە، لەم دۆخەدا لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدای سیاسی و ئابووری بێوێنەو گێژاوی دیارنەبونی چارەنوسی سیاسی و سەرگەردانیدان، بۆیە بوێری ئەوەیان نیە بەئاسانی و ڕاستەوخۆ بەدەوری ئامادەییەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردندا کۆببنەوە.  

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کە بڕیاربوو مانگی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بونەتەوە، ئەمجارەش هەلبژاردنیان خستە کاتێکی تری نادیار. ئێستا زیاتر لەژێر فشاری وەڵامدانەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدان، لەبەردەم جەنجاڵی دۆخەکەدا گیریان کردوە.

 هەرچەندە ئەو دوو بنەماڵەیە لەژێر کاریگەری فشاری بە ئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدان، بەڵام بۆ هەموان ئەوە ڕۆشنە کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیە ناهێنرێت، بەڵام ئەم دەورەیە فشارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، تەحەداو سەرلێشێواویەکی بێچارەی خستۆتە بەردەم هەردوو بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانیەوە، کە چۆن بۆیان دەلوێت ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بخەنە بەرنامەی کاریانەوە؟

لەگەڵ هەر توندپێچ و گرفتێک کە دێتە بەردەم پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، ئەمەش لەو واقعیەتەوە سەرهەڵدەدات کە ئەم دوو بنەماڵەیە خاوەن هێزی میلیشیان و باڵادەستن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەزگا گرنگەکاندا، وەک سوپا، دادگا، هێزەکانی ئاسایش و سکێتەرو دارایی و  ئابووری، تا دەگات بە پەرلەمانیش، لەهەمانکاتدا حکومەتی عێراق پێویستی ئەوەی پێیانە کە کوردستان بەڕێوەبەرن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بۆیان پێشهاتوە، چۆن تێدەپەڕێنن؟ بۆخۆشیان جێگای تێڕامان و بە کێشەیە!.

لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەش هەڵبژاردنەکەیان دواخست، بەڵام هەوڵدان بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ سەردەمێکی سیاسی نوێ لە ڕێڕەوی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، ڕووبەڕووی جۆرێک لە سەرگەردانی بونەتەوە، کە بۆیان زەحمەت و بارگرانیە، چۆن ئەتوانن یان بۆیان دەگونجێت لەگەڵ ناوەندبونەوەی دەسەڵاتی بەغدادا خۆیان ڕێکخەنەوە، ئەوەی دەبینرێت هەنگاو بە هەنگاو حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێم سنوردارتر دەکات و بنەماڵەکان دەستەمۆی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی دەکات، کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنەش بەشێکە لەو واقعە جەنجاڵەی کەتێی کەوتون.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ لە نێو ئەم گەمە سیاسیەی باڵادەست بونەوەی حکومەتی عێراقدا سەرسام و بێچارەو بنبەستن، حکومەتی هەرێم سێ نمونەی ئۆپۆزسیۆنی جیاوازی هەیە، هەریەکەیان کۆمەڵە کۆت و بەندێکی تایبەتی خۆی هەیە، ناشتوانن یەکگرن یا بەرەیەک پێکبهێنن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بکرێت یا نەکرێت نیشاندانی ئەزمونی بێتواناییان وەک ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان و حکومەتدا نیشانداوە، فرسەتی ئەوەیان نەماوە، لە ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدادا وەک ئۆپۆزیسیۆن جێگایەک پەیداکەن. ناکۆکیان لەسەر سەرکردایەتی، بێمتمانەیی لە نێوان کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن و نیگەرانیەکان لە کێشەکان و زیانەکانی هەڵبژاردن، بێئومێدی  لەبەرامبەر ئایندەی سیاسی کوردستان، مایەی ڕێگریە لە پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بە ئیعتبار، هیچ لایەنێکیشیان بە تەنها لەم دۆخەدا بواری بەکارهێنانی چەواشەکاری بۆ نەماوەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراقدا، تەنها ٢٢.٧٪ کۆی دەنگی مافی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان بەدەستهێناوە، ڕێژەیەکی زۆر لە ٧٧.٣٪ی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، واتە هەڵبژاردنێک بە کەمترین ئاست لە بەشداری دەنگدەران تێپەڕێنراوە، کە نیوەی زیاتری ئەو ڕێژەیەش ئارەزومەندانە و لە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە نەچۆتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، واتە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە بەدوای سێ ساڵ ئاماژەیە بۆئەوەی لە بەجێگەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدا ئەوپەڕی بێهیوایی بەربڵاو لە دۆخی ئێستادا، وەک ناڕەزایەتیەک ڕووبەڕووی ئەو دوبنەماڵەیە دەبێتەوە، واتە هەستیاری بۆ ڕێژەی بەشداربون لە ئەگەری هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، گومانی تیا نیە کە لێدانی مۆری ڕیسوایی لە ئێستاوە پێشبینی دەکرێت، بۆیە ئەم دەورەیە لە زۆرترین ڕێژەی بایکۆت و کەمترین ڕێژەی بەشداربوان بەرەو ڕون، ئەمەش گرفتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە چارەنوسسازە کە ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەر بە هەر جۆرو شێوازێک لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕان، ئایا خۆبەخشانە دەسەڵات ڕادەست دەکەنەوە؟، ئەوەی گومانی تیا نیە نەک دەسەڵات ڕادەست ناکەن، بەڵکو دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری خولقاندنی کارەساتیش بین.

مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی ئاشکرایدا سەبارەت بە گرنگی مانەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەن کە بەرپرسان لە بەغدا دەریانبڕیوە، هاوکات حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەلسودانی، داوای کشانەوەی هێزە بیانیەکانیان کردوە، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی بەغدا لەم بارەیەوە تەنیا قسەکردنەو نەیتوانیەوە مانایەکی کرداری بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونکە سودانی ناتوانێ هەڵوێستێکی تری هەبێت جگە لەو هەڵوێستەی کە تەنها وەک ڕاگەیاندنێک بانگەشە دەکات، نەک تەنها لەبەر نزیکی خۆی لە ئێرانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بۆخۆشی سیاسەتمەدارێکی عێراقیەو بەرژەوەندی وەها  پێویست دەکات، تەحەدا وەک هێمایەک بۆ پێگەی حکومەتەکەی نیشان بدات، تا پابەند بێت بە پاراستن و بەهێزکردنی ئەو لایەنەی باڵادەستەی لە حکومەتی عێراقدایە، کە دەسەڵاتی ئەو لایەنەش هێزێکی شیعەیە، کە بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” ناسراوە، لەهەمانکاتدا بۆ بەرزانیش مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەک پاڵپشتیەکە لەپێناو پاراستنی پێگەو نفوزی دەسەڵاتی پارتی و هێزە چەکدارەکانی، لەهەمانکاتدا بۆ پاراستنیانە لە هەر گێژاوێک کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامگیری هەلبژاردندا دەرگیری دەبن.

 گریمانەی کشانەوەی ئەمریکا بەگشتی چیرۆکێکە کە هەمیشە لە باسە ناوخۆییەکان دەوروژێنرێت، بەڵام ململانێیەکە نەتوانراوە یەکلایی بکرێتەوە، لە دۆخی ئێستاشدا ئەو کێشمەکێشەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، ئەمریکا نیازی کشانەوەی لە ناوچەکەدا نیە، بەتایبەتی بەدوای ئەم شەڕەی ئێستای ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین. ئەوەی کە پێویست ناکات لە خەو و خەیاڵی جەماوەری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بێت، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بەنیاز نیە لەدەرەوەی پرۆسەی جێگیری ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، ئیمتیازاتێک بۆ حزبە دەسەڵاتدارو  ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بە فەرمی بناسێت، مانەوەی هەرێم لە هەر قەوارەیەکدا بێت بۆ ئەمریکا و ئیران، گرێدراوە بە دامەزراندنی عێراقێکی یەکگرتووەوە!