یەکێتی دووبارە بەڵگەی تاوانباریی خۆی دەخاتەوە روو!
دەربارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی بە خوێنی (٥)کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تاوانی کوشتاری هاورێیانی حیزبی ئێمەی لەساڵی ٢٠٠٠دا خستە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا کە ئەو کاتە کەسی دوەمی ناو یەکێتی بوو. ئەم کردەوەیەی یەکێتی تاوانێکی ترە بەرامبەر خەڵکی کوردستانو کەسوکاری هاورێیانو حیزبی ئێمەدا.
ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسی ئەوکاتی یەکێتیدا بوو کە لەلایەن تاڵەبانیەوە بڕیاری لەسەر درابوو وە لەسەردەستی نەوشیروان مستەفادا جێبەجێکرا، بەڵام فڕێدانی بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە لەئێستادا بەتەنها بۆسەر شانی نەوشیروان مستەفا، لەبەرئەوەی نەیاری یەکێتیەو لەوەش قێزەونتر لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندایە، بەئاشکرا ریسوایی سیاسی ئەو حیزبە دەخاتەروو کە هێشتا بەشێك لە تاوانبارانی ئەو روداوە لەناو سەرکردایەتی یەکێتیداو بڕیار بەدەستی ئەوحیزبەن!
نزیکەی دووساڵە کەیسی ئەو هاورێیانەمان لەناو دادگاکانی کوردستانو سلێمانیدا دێتو دەچێت، بەڵگەی پێویستو حاشا هەڵنەگر سەبارەت بە تاوانەکە پێشەکەشی دادگاو دەزگا بەرپرسەکان کراوە، بەڵام یەکێتی وەکو بابەتێکی مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ئەوکەیسەدا هەڵسوکەوت دەکاتو ئێستاش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردند بۆناوزراندنی نەیارەکەی بازرگانی بە خوێنی هاورێکانی ئێمەوە دەکاتو ئازاری ویژدانی ئێمەو کەسوکاری ئەو هاورێیانەمان دەدات! بۆیە ئەم کارەی یەکێتی جێگای نارەزایەتیو بێزاری ئێمەو هەر ئینسانێکی خاوەن بەهاو ویژدانی مرۆڤایەتیەو مەحکومە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەناو ئەم گاڵتەجاری هەڵبژارندنەدا ناتوانێ خۆی لەژێرباری بەرپرسیارێتی ئەو تاوانەدا دەربازبکات. سەرکردەکانی ئەوکاتەی یەکێتی، جیاواز لەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا ماونەتەوە یان لەناو سەرکردایەتی گۆڕاندان، بەرپرسی یەکەمی ئەو تاوانەن. ئێستا یەکێتی خۆی دان بەوەدا دەنێ ئەو (٥)کادرەی ئێمە تیرۆرکراون، بۆیە لانی کەم دەبێ ئەو چەند کەسایەتیەی سەرکرادیەتی ئەوکاتی یەکێتی کە ئێستا لەناو یەکێتیدا ماون و ناویان لە دادگایە تەسلیم بە دادگا بکات تا زەمینەی بانگكردنی نەوشیروان مستەفاو ئەوانی ناوگۆڕانیش بۆ بەردەم دادگا فەراهەم بکرێت.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٨/٩/٢٠١٣
—