فەلەستین، لە سەربەخۆییەوە بۆ ئازادی

فەلەستین، لە سەربەخۆییەوە بۆ ئازادی
مەنسور حیکمەت
وەرگێڕانی کاوە عومەر
دەوڵەتی ئیسرائیل درێژە بە شەڕە شەرمەزارکەرەکەی لەگەڵ منداڵانی فەلەستین دەدات. ئەمڕۆ (١٦ی نۆڤەمبەر)، هەشت کەسی دیکە کە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵانیان تێدایە، بە گوللە کوژران. وە دیسانەوە گلەیی لە توندوتیژی فەلەستینییەکان دەکەن لەگەڵ ئەمریکا! زیاتر لە سەدا ٩٠ لە ٢٤٠ قوربانی ڕووداوەکانی ئەم دواییە فەلەستینین و زۆربەیان منداڵ و تازەپێگەیشتوون. ئەمە لە قامووسی هەموو کەسێکدا تاوانی جەنگیە. جینۆسایدە. ئەمە نموونەیەکی بەرجەستەی تیرۆری دەوڵەتییە. لە کاتێکدا سەرۆکی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و داڕێژەرانی سیاسەتی ڕاگەیاندن هێشتا بەردەوامن لە پشتیوانی تاکلایەنە لە ئیسرائیل و شاردنەوەی ئەو ڕاستیانە، بیروڕای گشتی لە ڕۆژئاوا و تەنانەت ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی ڕۆژئاواش خۆیان ڕوو لە بەرژەوەندی فەلەستینییەکان دەسوڕێن و دژی حکومەتی ئیسرائیل دەکەن. کۆکردنەوەی دژە فەلەستین و دژە عەرەب لە ڕۆژئاوا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد ئیتر مومکین نییە. درەنگ یان زوو ئەم بۆشاییە قووڵەی نێوان پڕوپاگەندەی حکومەت و تێڕوانینی خەڵک بۆ ڕووداوەکانی ئێستای فەلەستین دەردەکەوێت. منداڵێکی فەلەستینی کە لە ڕێگای قوتابخانە یان لە باوەشی باوکە بریندارەکەیدا دەمرێت، کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لەگەڵ دووڕوویی سروشتی بیروڕای زاڵ و هێڵی فەرمی ڕووبەڕوو دەکاتەوە. جێگای گومانە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بتوانن بۆ چەندین ساڵی تر درێژە بەئەم پشتیوانییە کوێرانە و بێ ڕەخنەیەی ئیسرائیل لە بەرانبەر عەرەبدابدەن.
گومانی تێدا نییە کە بەشێکی زۆری خەڵکی ئیسرائیل خوازیاری ئاشتی و پەیوەندییەکی ئینسانی و دادپەروەرانەن لەگەڵ خەڵکی فەلەستیندا. گومانی تێدا نییە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئیسرائیل دەزانن و دەرکیان بە قووڵایی ئەو چەوساندنەوەیە کردووە کە لەم نیو سەدەیەدا بەسەر خەڵکی فەلەستین کەوتووە و دنین پێداناوە.بەڵام ئەمە بەس نییە. ئیسرائیل ڕاستڕەوێکی نەتەوەیی و ئایینی زۆر بەهێز و چالاکی هەیە، کە هەنگاو بە هەنگاو ئاسۆی چارەسەری ئینسانی کوێر دەکات. عەرەب ڕابینیان نەکوشت،ئەوان کوشتیان. ئەم ڕاستە بە دڵنیاییەوە دەبێت لە ململانێیەکی سیاسی ناوخۆیی نێوان چینی کرێکار و سۆسیالیزم و پێشکەوتنخوازی لەم وڵاتەدا شکست بهێنێت. تا ئێستا ئەمە ڕووی نەداوە. بەبێ ئەم ئەرکە هیچ هیوایەک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و چارەسەرێکی دادپەروەرانە نامێنێت. ئیسرائیلێکی نەتەوەیی و ئایینی ناتوانێت لایەنێکی ئاشتییەکی دادپەروەرانە بێت لە ناوچەکەدا. سەربەخۆیی فەلەستین هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشەوە. ئەم هەنگاوە نەک هەر مومکین نییە، بەڵکو ئێستا بووەتە شتێکی حەتمی. سەربەخۆیی فەلەستین هاوسەنگی هێز و چوارچێوەی گەشەسەندنی سیاسی ناوچەکە باشتر دەکات. لە بەرژەوەندی سەلامەتی منداڵی فەلەستینییەکە و ڕێبوارە ئیسرائیلییە.
بەڵام ئازادی خەڵکی فەلەستین، ڕزگاری خەڵکی ئیسرائیلیشە لەو تاوانانەی کە بەناوی ئەوانەوە ئەنجام ئەدرێت و ئازادییان لە بارودۆخی نەتەوەیەکی ستەمکار، ڕزگاری هەردوولا لە تیرۆر یزم و ئەو ڕق و کینەیەک کە ناسیۆنالیزم و ئایین لە هەردوو لای ئەم کەلێنەدا سووتەمەنی پێدەبەخشن ، تەنها بە سەربەخۆیی فەلەستین بەدەست ناهێنرێت. ئازادی و ڕزگاری لە فەلەستین و ئیسرائیل پەیوەستە بە سۆسیالیزم و عەلمانیەت لە هەموو ناوچەکەدا. لە پێکهاتنی ئەو وڵات یان وڵاتانەی کە ئینسانەکان وەک هاوڵاتی یەکسانی کۆمەڵگا دەناسرێنەوە، سەربەخۆ لە پەیوەندییە میللی و نەتەوەیی و ئایینییەکانیان یان بیرۆکەکانیان. سەربەخۆیی فەلەستین یارمەتیدەرە بۆ پەرەسەندنی شەڕی چینایەتی لە هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و فەلەستین. لەگەڵ سەربەخۆیی فەلەستیندا، ناوچەکە ڕوو لە چەپ دەکات.
مەنسور حیکمەت
هەفتەنامەی ئینتەرناسیۆناڵی ژمارە ٢٨
٢٧ی آبانی ١٣٧٩ – ١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٠