هۆکاری ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی سلێمانی بۆ تورکیا

عوسانی حاجی مارف

تورکیا لەلایەک گوشارەکانی لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاد دەکات و لەلایەکی ترەوە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ هەسەدە ئیدانە دەکات. هەروەها دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرێکی هەڵگری چەکدارانی کوردی سوریا لە ٢٦ی ئازار لە شاری دهۆک کەوتە خوارەوە، تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانیەکانی لە سلێمانیەوە بۆ تورکیاو بە ئاسمانی تورکیا بۆ دەرەوە قەدەغەکرد، بەهۆکاری ئەوەی یەکێتی ڕێگە بە ئەندامانی (هەسەدە) دەدات کە فڕۆکەخانەکانی بەکاربهێنن.

ئەم پەیوەندیەی نێوان یەکێتی و هەسەدە، بۆتە مایەی پەرچەکرداری حکومەتی تورکیا بۆ ڕەخساندنی دۆخی بارگرژی لە سەر ناوچەکانی سلێمانی. ئەوەی جێگای بیر هێنانەوەیە، کاتی خۆی  لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٩ تورکیا گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ سلێمانی قەدەغە کرد بەو گومانەی کە یەکێتی پشتیوانی پەکەکە دەکات، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژ بە چالاکییەکانی پەکەکە نیشانداو  نووسینگەیەکی داخست، تورکیاش دەرگای گەشتەکانی بۆکردنەوە. ئەم پەیوەندیەی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە و هێزە کوردیەکانی سوریا زیاتر بەدەوری لاهور جەنگی، کە پێشتر بەڕێوەبەری هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی و دەزگای زانیاری بوو، دەناسرایەوە. ناوبراو کاتی خۆی سەردانی هێزە کوردیەکانی سووریای کردبوو و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە بە ئاشکرا لاهور پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هێزانە نیشان دەدا. هەربۆیە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەردۆغان بەدوای کوشتنی لاهورەوەیە! بەڵام  پەیوەندی نێوان یەکێتی و هەسەدە، پەیوەندیەکی شەخسی لاهور جەنگی نەبوو، بەڵکو پەیوەندی نێوان یەکێتی و هەسەدە بوو. بافل تاڵەبانیش لە مانگی کانوونی دووەمی٢٠٢٢دا یەکەم سەردانی بۆ لای لایەنە کوردیەکانی سوریا ئەنجام داو چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەسەدە کەوت. پاش ئەوەی لاهوریش لە سەرکردایەتی یەکێتی وەلاخرا، بۆ تورکیا ئاشکرابوو کە بافل و سەرکردایەتی یەکێتی بەردەوامی بەهەمان پەیوەندی لەگەڵ هەسەدەدا دەدەن!

تورکیا بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بە یەکێتی نیشتمانی لە ٧ی نیسانی ئەمساڵ لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کاروانێک کە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی و یەکێتی و بەرپرسانی هەسەدەی تێدابوو. بیانوی تورکیا بۆ ئەو هێرشەی ئەوەبوو کە یەکێتی رێگایداوە بەهەسەدە بۆ بەکارهێنانی فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ کاروبارە سیاسی و سەربازیەکانی وەکو پردێکی ئاسمانی بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە بە دەرەوە. بەڵام سەرباری ئەو ئاگادارکردنەوەیەی تورکیا، یەکێتی بەردەوام بوو لە هاوکاریکردنی هێزەکانی هەسەدە کە تورکیا بە درێژکراوەی پەکەکەیان دەزانێت. لەم دواییانەداشدا مەزلوم کۆبانی لەگەڵ باڤڵدا سەردانی ئیماراتیان کرد و جگە لەوەش بەرپرسانی دیکەی هەسەدە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە سەردانی ئەوروپایان کردوە و سلێمانی بۆتە وێستگەیەکی گرنگی تایبەتی و دیپلۆماسی بۆ هەسەدە.

هەڵەیەکی گەورەیە گەر ئەم پەیوەندیەی نێوان یەکێتی و هەسەدە، وەک هەڵوێستێکی دڵسۆزانە یا “کوردپەروەرانە” بۆ یەکێتی پێناسە بکرێت، چونکە یەکێتی ناتوانێ یان نایەوێت بەتەنگ دانیشتوانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیەوە بێت، خێرە وا ئێستا پەیوەندیەکانی لە گەڵ لایەنە کوردیەکانی سوریا بەهێزدەکات، کە واوەترە لە هەرهاوکاریەک، ئەگەر مەبەستی یەکێتی تەنها هاوکاری بێت!؟

بەو مانایەی یەكێتی نیشتمانی کە وەک بڕیارێک تەواوی چارەنوس و بەرژەوەندیەکانی خۆی گرێداوە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئاکامەکەی خۆخستنە ژێر باری فشارو هەڕەشەکانی تورکیای لێدەکەوێتەوە، بۆیە دەرگای گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ ناکەنەوە. هەروەها ئەتوانین بە جۆرێکی تریش بڵێین ئەم جۆرە پەیوەندیانەی یەکێتی بەشێکە لەو شەڕو سیاسەتانەی کە بۆ کێبرکێ و وەستانەوەیە لەبەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا ئەنجامی ئەدات. دەنا بۆ یەکێتی لە ناوچەی خۆیدا دەکەوێتە ژێر فشاری ئێرانەوە بۆ چەککردنی لایەنە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لەملاشەوە نەک هاوکاری، بەڵکو پەیوەندی تایبەت لەگەڵ ئەو لایەنە کوردییانەی سوریا بەهێزدەکات، کە وەک ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەناسرێن!؟ کێشەکە ئەوەیە یەکێتی ناتوانێ ئەو هاوسەنگیە ڕابگیرێت کە لە پشتیەوە بەرژەوەندیەکی سیاسی پابەندبون بە ئێران و حکومەتی عێراقەوە وەستاوە، نەك مەبەست هاوکاری و دڵسۆزیە بۆ لایەنە کوردیەکانی سوریا. بەگشتی ئەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی خۆی خزاندۆتە ناو دووڕێیان و گەمەیەکەوە، هەوڵئەدات بە سوتاندنی دواین وەرەقەی قوماری دەستی، خۆی لەو قەیرانە دەربهێنێت کەبەرەو بچوکبونەوەو هەڵوەرینی زیاتری دەبات. ئیتر لەگەڵ ئەم وەرەق سوتاندنە دانیشتوانی کوردستانیشی پێوە بسوتێ لە ئەجندای بنەماڵەی تاڵەبانیدا بایەخێکی نیە.