گەمەی هەڵبژاردنی پاکوبێگەرد

عوسمانی حاجی مارف

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق “جەخت لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم دەکات کە پێویستە لە زوترین کاتدا ئەنجام بدرێت”!، بافڵ تاڵەبانیش سەرۆکی یەکێتی دەڵێت ” لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێکی بێگەردو دوور لە دەستوەردان”!

ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمریکا بۆچی پێداگری لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی هەرێم دەکات؟ ئایا بۆ چارەسەری کێشەی ژیان و پێداویستی خەڵکی کوردستانە دوای سی ساڵ زیاتر، لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کە وادەخوازێ ئەمریکا پێداگری لەوە بکات هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت؟ دیمان کە چەندین خولی پەرلەمان و هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجامدرا و دواتریش بەهەزار بێنەوبەرە توانییان حکومەت پێک بهێنن. لەهەمانکاتدا هیچ ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی خەڵک و کۆتاییهێنان بە گێژاو و ناجێگیری سیاسی دۆخی کوردستان نەک بەدەست نەهات، بەڵکو دۆخی سیاسی کوردستان ڕوبەروی ئاڵۆزی زیاترو ناسەقامگیری زیاتر بۆتەوە.

هەڵبژاردنی ئەم جارەش هەرکاتێ ئەنجام بدرێت، جگە لە زیادبونی گرفت و کێشەکانی نێوان بنەماڵەی بەرزانی و بنەماڵەی تالەبانی، هیچ بەرهەمێکی تری نابێت. دۆخەکەش ئاڵوزی و نالەباری زیاتری لێدەکەوێتەوە. بۆیە سوڕانەوەو بیرکردنەوەو هەڵچنینی هەر جۆرە ئومێدێک بەم هەڵبژاردنە، نەهامەتی و بەدبەختی خراپتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەمریکا کاری بە هەڵبژاردن تەنها بۆئەوەیە کە لە چوارچێوەی ئەو نەخشەدایە کە ئەمریکا هەیەتی، جۆرێک لە مەرکەزیەت بۆ حکومەتی عێراق دابین بکاتەوە و یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت. لەهەمانکاتدا، حکومەتی هەرێم و حزبە کوردیەکان ملکەچی ئەو نەخشانە بکات کە ئەمریکا ئێستا لە ناوچەکەدا دەیەوێت پیادەی بکات، بەتایبەتی لە پەیوەند بە ئێرانەوە. لەلایەکی تریشەوە هەڵبژاردن دەتوانێ فرسەتێکی زیاتر بڕەخسێنێ بۆ بەرزبونەوەی هاوسەنگی هێزی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بەرامبەر بە یەکێتی و نابودکردنی زیاتری یەکێتی، تا سەوداومامەڵەی سیاسی یەکلانەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا ئاسانتر بکرێت. ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشهاتانە گرنگە کە بەئاراستەی ئاڵوگۆر لە ریکخستەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەوڵی بۆ دەدرێت. رێکخستەوەی مەرکەزیەتی حکومەتی عێراقیش بەشێکە لەو پرۆسەیە.

ئەوەی لێرەدا سەیروسەمەرەیە، بۆچی سەرۆکی یەکێتی مەرجی هەڵبژاردنی پاکو بێگەرد دەکاتە پێشمەرجی ئەم هەڵبژاردنە؟ پرسیارێک پێویستە بیخەینە روو، ئایا ئەو خولانەی پێشوتری هەڵبژاردنەکان ئەو مەرجەی تیا مسۆگەر کرابو؟ ئاشکرایە کە ئەو مەرجە هیچکات پەیرەوی نەکراوە. هیچ هەڵبژاردنێکی کوردستان پاکوبێگەرد نەبوەو بێ دەستتێوەردانیش نەبووە، بەلام بۆچی لە ئێستادا ترسی یەکێتی چۆتە سەر ئەو خاڵە؟ ئاشکرایە لەم هەڵبژاردنەدا هاوسەنگی هێزو چۆنیەتی بەشداری یەکێتی، ئەو فرسەتەی ناداتێ تا هێندەی پارتی بە ساختەکاری لەم هەڵبژاردندا دەستکەوتی باش بەدەست بهێنێت. بۆیە بەشداری یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا قومارێکی مایەپوچەو بۆخۆشیان دەزانن کە باش دەدۆرێن. ناچارن گەمەی سیاسی و  بێنەوبردە بکەنە بیانوی دواخستنی هەڵبژاردن، یان  نەکردنی! وەک خۆشیان دەڵێن دەبێت پارتی پێشوەخت لە گەڵیان ڕێکەوێت، ئەمەش تاچەند لە رەحمەتی پارتی دەوشێتەوە، ئەوە دیارە کە یەکێتی و سەرۆکەکەی لە چاوەروانیدان.