رضا کمانگر – اینجا شهر سلیمانیه است (بزبان کردی)

ئێرە شاری سلێمانییە‌!

رەزا كەمانگەر
شاری سلێمانی ناوەندی یەكێك لە سەرەكیترین پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی باشوورەو بەشێكە لەو ناوچانەی كە دەكەوێتە ‌‌ژێردەسەڵاتی یەكیەتی نیشتمانی كوردستانەوە‌. باری ژیانی خەڵكی ئەم ناوچەیە لە بواری پێویستیەكانی ژیان واتە كەل و پەل‌و شمەك‌و پێداویستیەكانی بواری تەندروستی و هەروەها بواری پەروەردەو بارهێنان، بە بەراورد لەگەڵ شاری هەولێر كە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیمۆكراتی كوردستان (پارتی)دایە، لەگەڵ كەمو كوڕی و جیاوازییەكی زۆر بەرەوڕووە. ئەم شارە خاوەنی هیچ جۆرە ناوەند‌ێكی پیشەیی و شیركەتێكی پێشكەوتووی بەرهەمهێنان نییە. ئەو شیركەتانەی كە لە رابردوودا روڵی سەرەكییان هەبووە لە بەرهەمهێنان و خولقاندنی پیشەو كاردا، لەوانە شیركەتی چیمەنتۆ (سیمان)، بەرهەمهێنانی بلۆك، پۆشاك، جگەرەو بەرهەمهێنانی مریشك (دەواجین)، ئەمڕۆكە روو لە كزبوونن و روڵێكی ئەوتۆیان نەماوە.
هەر رۆژە سیمای شاری سلێمانی بە بەراورد لەگەڵ رابردوودا لە حاڵی گۆڕاندایە، لەبواری بیناسازی و پێشكەوتنی شارستانیدا لەهەر چوارلاوە بەرەو باش بوونی زیاتر دەچێت‌و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام پێكهاتە كۆمەڵایەتی و چینایەتییەكەی دژ بە یەك و ناهەموارە. جیاوازیی چینایەتی و كۆمەڵایەتی ئەوەندە دیارو بەرچاوە كە بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی برینداركردنی حورمەت و كەرامەتی مرۆڤەكان. هەژاری و نەداری لە بەشە هەژار نشینەكان، دەستفرۆشەكانی سەرشەقام بە منداڵ و پیرو لاوەوە لە نێوەڕاستی ئەم شارە هەروەها بۆیاخچییەكانی سەرشەقام و ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو و كەمئەندام كە ناچارن لەبەر بژێوی ژیانیان سواڵ بكەن، تەنیا بەشێك لەو دیمەنە دڵتەزین و پڕ لە ئازار و ساڕێژنەكراوانەیە كە لەم شارەدا زۆر دیارو بەرچاوە. بەڵام ئەمە تەنیا سیمای ئەم شارە نییە، لە یەكەم سەیركردندا دەبینرێت كە ئەم شارە شارێكی بەكاربەرە. كاتێك لە بازاڕەكاندا سەرنج دەدەیت، دەبینی‌ زۆربەی پێداویستییەكانی ژیان لە وڵاتانی دراوسێ و هەروەها وڵاتانی ئەورووپییەوە هاتوون. هەموو پێداویستییەكانی ژیان لە‌وانە پۆشاك، كەلو پەلی سەیارە‌و كەلو پەلی كارەبایی نوێترین مۆدێلی دەست دەكەوێت و بە دۆلار نرخی بۆ دادەنرێت.
ئەو كارو پیشانەی‌ كە زۆربەی خەڵكی ئاسایی و دانیشتوانی ئەم شارە رووی تێدەكەن و‌ زۆربەی هەرە زۆری هێزی كاری سەرەكەی ئەم كۆمەڵگەیەی قووت داوە، بریتین لە وەزارەتە حكومی و حیزبییەكانی وەكو وەزارەتی پێشمەرگە، پۆلیسی هاتووچۆ، شۆفێری تاكسی، ئیدارەی پاسپۆرت و مانەوە، نەخۆشخانەكان و شوێنە تەندروستیەكان و هەروەها زۆر ئیدارەی دیكەی‌ حیزبی و حكومی. ئەم مۆدیلە بەكارهێنانەوەی هەمان سیاسەتی سەردەمی رژیمی بەعسە كە بەشێوەی فەرمی‌و یاسایی‌ كرێكار بوونی نەبوو و ئەو كەسانەش كە وەكوو كرێكار كاریان دەكرد بە كارمەندو بەرێوەبەری حكومەتی نێودەبران.
ئەمڕۆكەش لە كۆمەڵگەی كوردستاندا هێزی سەرەكی كار‌ پێكهاتووە لە كرێكارانی كۆچەر و ئەم كۆمەڵگەیە بە تەواوی‌ بۆتە كۆمەڵگەیەكی بەكاربەر. زۆربەی زۆری ئەو كرێكارانە لە وڵاتانی ئێران، سوریە، توركیەو وڵاتانی ئاسیای ناوینەوە‌ هاتوون. كاری بەشە خزمەتگوزارییەكان و پاككردنەوەی شوێنە گشتییەكان و بازاڕە سەرەكییەكان، دەسپێردرێت بە كرێكارانی ئاسیای ناوین، ئەمەش بە حەقدەستێكی كەمەوەو هەروەها سووكایەتی و بێ حورمەتیپێكردنێكی زۆرەوە كە بەرانبەریان ئەنجام دەدرێت. هەروەك لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە شاری سلێمانی پێشكەوتنێكی بەرچاوی لە بواری بیناسازی و شارستانیدا بەخۆیەوە بینیووە، هەروەها لە چەند ساڵی رابردووەوە لە لایەن سەرمایەدارانی وڵاتانی دراوسێوە سەرمایەگوزارییەكی زۆر كراوە لە بوارەكانی رێگەوبان، بیناسازی و شارسازی و هاوردەدا. لە لایەكەوە كوردستان بۆتە سەرچاوەی داهاتێكی زۆر بۆ سەرمایەدارانی شیركەتە توركی و ئێرانییەكان و هتد….. لە لایەكی دیكەوە بۆتە شوێنی كاری هەرزان بۆ كرێكارانی كۆچەر و‌ بێدەنگكراو.
ئەم شارە لە رووباری قلیاسانەوە هەتا خوارووی شار كە بە سەرچنار ناسراوەو هەتا دەگاتە دەوری پشتوێتەی شارو تا دەگاتەوە گۆیژە كە دەكەوێتە سەرووی شارەوەو لە داوێنی چیای ئەزمەڕدا‌ هەڵكەوتووە،‌ دەستكراوە بە دروستكردنی‌ شوقەی 10 قات و 20 قات و لە حاڵی بیناسازیدایەو‌ ئەمانەش سەرجەم بە دیزاینی ئەوروپی دەكرێت. شاری یاری چاڤیلاند كە به (لاس وگاس)ی ئەمریكا ناسراوە، لە داوێنی چیای ئە‌زمەڕدا هەڵكەوتووەو بە شێوەیەكی سەیر سیمای ئەم شارەی گۆڕیوە. لەم شارە هێزی سەرەكی دروستكردنی شاری یارییەكان و هەروەها تەلارو بینا بەرزەكان كە سەر لە ئاسمان دەسوون، پێكهاتووە لە هێزی كاری كرێكارانی كۆچەر، بەم شێوەیە قازانجێكی زۆر دەچێتە گیرفانی شیركەتە توركی و ئێرانییەكانەوەو ئەم قازانجە زۆرەش بەرهەمی چەوسانەوەیەكی زۆرەو سەپاندنی بێ مافییە بەسەر ئەم كرێكارانە كە بە هێشتنەوەی حەقدەستەكانیان لە ئاستێكی زۆر نزمداو لەبەرچاونەگرتنی خواست و داخوازییەكانیا‌ن بتوانن‌ بە بێدەنگی بیانهێڵنەوە‌و رێگری بكەن لە ئەگەری هەر جۆرە ناڕەزایەتیەكی چینی كرێكار.
لێرە هیچ باسێك لە بیمەی كار‌و لە ئاسایشی كار لە ئاراد نییە!.
شارەزاییم لە بواری بیناسازیدا نییە و ناتوانم سەبارەت بە بنەماو فۆنداسیۆنی بیناكان و چۆنیەتی دروستكردنیان هیچ بڵێم، بەڵام دیزاینی بیناكان هاوشێوەی دیزانی بیناسازی وڵاتانی ئەورووپاییەو بە‌ شێوازێكی مودێڕن‌ دروستكراوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە چاوخشاندێكی خێرا بە سەر كارگەكاندا بۆت دەردەكەوێت كە ئاسایشی كار بە بەراورد لەگەڵ ستانداردە‌ جیهانییەكان لە ئاستێكی زۆر نزمدایە‌. ئەم شیركەتانە بەهۆی نەبوون و لەبەرچاونەگرتنی ئاسایشی كارەوە بۆتە قەتڵگایەك بۆ كرێكارانی كۆچەر. رۆژ نییە شاهیدی روودانی رووداوی شوێنی كار نەبین كە لەم رووداوانەدا كرێكار یان گیانی لە دەست دەدا یان بریندار دەبێت یان بەشێك لە ئەندامی لەشی لە دەست دەدات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە لە ئاست ئەم رووداوانەدا، نەكۆمەڵگا خۆی بە بەرپرس دەزانێت نە خاوەنكار وەڵامدەرەوەیەو نە یاسایەكیش بوونی هەیە كە پشتگیری لەم كرێكارانە بكات. لە زۆربەی هەرەزۆری ئەم شیركەتانەدا ئاسایشی كار، دەستكێش، جل وبەرگی كار، كەوش، كەمەربەند و كڵاو بۆ كرێكاران دابین نەكراوە. ئاسایشی داربەستی شوقەكان بە بەراورد لەگەڵ پێوەرە جیهانییەكاندا لە ئاستێكی زۆر نزمدایە، زۆرجار لەسەر داربەستەكان و لە ئاستێكی بەرزدا كەڵك لە دار وەردەگیرێت‌و بەشێوەی پرد بە بێ ئەوەی ئەم دارە بەسترابێتەوە بە داربەستەكەوە، ئەمانە دەبێتە هۆی رادەیەكی زۆر لە دابەزینی ئاسایشی شوێنی كارو بەم چەشنە ئێمە شاهیدی زیاترین رووداوین لە شوێنەكانی كاركردندا بەهۆی لە بەرچاو نەگرتنی پێوەرەكانی ئاسایشی كار.
لە رێگەی خاوەنكار یان شیركەتەكانی بیناسازییەوە‌ ئیقامەی دوو هەفتە، یەك مانگ، دوو مانگ، شەش مانگ یان یەك ساڵ بۆ كرێكارەكان وەردەگیردرێت، بەڵام لەو ماوەیەشدا نە تەنیا لە‌ هەموو مافێك لەوانە بیمەی چارەسەری پزیشكی، بیمەی بێكاریی و خانەنشینی بێ بەش كراون، بەڵكو وەكو میوانێكی نەخوازراو رووبەڕووی بێ رێزی و سووكایەتی جۆراوجۆر دەبنەوە، ئەگەریش یەك رۆژ ئیقامەیان پێ نەبێت، لە لایەن یاساوە رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
ئایا كرێكارانی كۆچەر بەمشێوەیە بە بێدەنگی و هەرزان بایی دەمێننەوە؟
لە یەكساڵی رابردوودا كۆمەڵێك لە هەڵسووڕاوانی بزوتنەوەی كرێكاریی ئێران، لە هەوڵی ئەوەدان كە رێكخراوێك لە نێو‌ كرێكارانی كۆچەردا پێك بێنن كە بتوانێت شێلگیرانە داكۆكی لە مافەكانیان بكات. هێشتاكە ئەم هەڵسووڕاوە كرێكارییانە لە سەرەتای رێگەدان، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن سەندیكای بیناسازی كرێكارانی كوردستانەوە پشتیوانییان لێكراوە هەرچەند ئەم سەندیكایەش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی بۆتەوە. هەوڵی چالاكانی كرێكاریی لە پەیوەند لەگەڵ دروستبوونی رێكخراوێك بۆ داكۆكی لە كرێكارانی كۆچەر، دەبێت لەلایەن هەموو هەڵسووراوانی كرێكاریی، حیزبە چەپ و ئازادیخوازەكانی عیراق، كوردستان و هەموو ناوچەكەوە پشتیوانی لێبكرێت.
سوهەیلا سابری لە فارسیەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی
11ی ئاگۆستی 2013