ئامانجەکانی پشت “کۆنگرەی نەتەوەیی کورد!” چین؟
عەبدوڵا مەحمود
وا بڕیارە بەم زوانە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد! بەبەشداری ٣٩ حزب و رێکخراوی سیاسی هەر چوار بەشی کوردستان لە هەرێم ببەسترێت.
پێشتریش بیرۆکەو هەوڵ بۆ سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی! دراوە، بەڵام ناکام ماوەتەوە. ئەوەی ئەمجارە شانسێک دەدات بە بەستنی کۆنگرەکە تورکیایە، کە پرۆژەی خۆیەتی و پێشنیاری سەرۆکی کۆنگرەکەشی کردووە، کە ئەگەر مەسعود باررزانی بێت لاریان لە بەستنی نییە. لێرەدا چەندین پرسیار خۆیان دەسەپێنن وەکو، ئامانج لە بەستنی ئەم کۆنگرەیە چییە؟ بۆچی تورکیا پشتیوانی لەم کۆنگرەیە دەکات؟ هۆکار چییە تورکیا پارتی و مەسعود بارزانی رادەسپێرێ بۆ بەستنی ئەم کۆنگرەیە؟
بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بە پێچەوانەی هەوڵەکانی پێشوو، ئەمجارە پرۆژەیەکی تورکییە و سپێردراوەتە پارتی و بارزانی بۆ بەرپاکردن و گەیاندنی بەمەنزڵی خواستی دەوڵەتی تورکیا.
درێژە کێشانی کێبەرکێی ناوخۆی سوریا، ناکام مانەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا، لە بانگەشەی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەسەدو هێنانەگۆری باسی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە، گۆڕانی بەسەر هاوسەنگی هێزو شانسی قوتبە ناوچەکاندا هێناوە. تورکیا وەکو زلهێزێکی ناوچەکە، بە ناکام مانەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا، لە بەرامبەر قوتبی روسیاو چین و سەرسەختی دەسەڵاتی ئەسەددا، گەورە زەرەمەندی هێزی ناوچەکەیە.
لە هەلومەرجێکی ئاوا تایبەتدا جوڵاندن و بەکاربردنی دۆسیەی کێشەی خەڵکی کوردستان، لەلایەن تورکایەوە، گرنگیەکی تایبەتی هەیە. دەستبردنی تورکیا بۆ پرۆژەی وەرێخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و سپاردنی بە پارتی وەکو هێزیكی هاو بەرژوەندی سیاسی و ئابوری خۆی، وە باڵادەست لەکوردستان و نەیاری مالیکی و قوتبی ئیرانی، هەنگاوێکی بەنەخشەی تورکیایە بۆ بەرگرتن بە مەوقعیەتی سیاسی و هێشتنەوەی هەژمونی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ناوچەیەکانی. لە هەلومەرجێکی ئاوادا تورکیا بەدوای چەند ئامانجێکەوەیە، کە پێویستی بە ئارامی سیاسی، بێدەنگرتنی پەکەکە و لاباڵەکانی پەکەکە لە ناوچەکەدا هەیە.
درێژەدان بە پرۆسەی ئاگربەست و سات و سەودای لەگەڵ پەکەکە، یەکێکە لە ئامانجەکانیەتی. تورکیا دەیەوێت پەکەکە بکاتە دەستەمۆی سیاسەتەکانی خۆی لەبەرامبەر چەند ئیمتیازێکی نادیاری لەچەشنی ئاڵوگۆرهێنان بەسەر هەندێک بەندی دەستوردا. ئەمە لەکاتێکدایە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە تورکیا تەقینەوەی بەخۆیەوە بینی و دەسەڵاتی ئەردۆغان و حزبەکەی خستە بەردەم نەفرەتێکی جەماوەری لە پای سەندنەوەی ئازادییەکان و پیشێلکردنی ئازادی فەردی و مەدەنیەکان. لە ناودڵی ئەم نارەزایەتیانەدا، بەهۆی کاریگەری زاڵبونی ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی پەکەکە بەسەر بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستاندا، بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بەکردەوە خرانە ژێر ئاسۆی سیاسەتی ئەردۆغانیزمی تورکیا و لەدەرەوەی ریزی بزوتنەوەی سەراسەری لەدژی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا، راگیران…
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ دەوڵەتی تورکیا، بۆ راگرتنی پەکەکە و لەو رێگایەشەوە بۆ لێکترازانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵكی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی حەقخوازانەی سەراسەری لە تورکیادا، یەکێك لە ئامانجەکانیەتی.
لاواز و پەراوێز خستنی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD وەکو باڵێکی پەکەکە لە سوریا، کە بەسازان لەگەڵ رژێمی ئەسەد باڵادەستی بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی سوریای پێسپێردراوە، یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی تورکیا. تورکیا پشتیوانی لە بەرەی نوسرەو چەکدارەکانی قاعیدە دەکات بۆئەوەی پەیەدە، توشی شکست بکات و رێگەبگرێت لەوەی لە داهاتودا، ببێتە هەرەشە لەسەری. بۆیە لە رێگای کۆنگرەی نەتەوەیەوە، هەوڵدەدات گوشارەکانی بۆسەر ئەو هێزە پەرەپێبدات تا ناچاری بکات مل بە دەسەڵات و دەستێوردانی بە وەکالەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بدات… تورکیا بەپەراوێزخستن و ملکەچ پێکردنی پەیەدە بە دەسەڵاتی پارتی، نەیارێکی تری سەرسەختی خۆی لە سوریادا، و هاوسنور لەگەڵ تورکیادا، بێدەنگ دەکات و هاوسەنگی هێزی خۆی لە سنورەکان و لەناو سوریاشدا بە قازانجی خۆی، دەشکێنێتەوە…
پژاک کە پەکەکەی کوردستانی ئێرانە، و لاباڵێکی پەکەکەیە… لەگەڵ یان لە پرۆسەی درێژەماوەی گفتوگۆ و سازانی پەکەکە لەگەڵ تورکیادا، و لە رێگای پەکەکەوە، تورکیا دەیەوێت دەستی بەسەر بزواندن و جوڵاندنیدا، لە کاتی پێویستدا هەبێت و وەکو هێزێك لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئێران بەکاری بهێنێت.
مەسەلەیەکی تر ململانێی نێوان دەوڵەتی تورکیا و حکومەتەکەی مالکییە کە لە پشتیوانی ئێران بەهرەمەندە. تورکیا بە هەڵبژاردنی پارتی بۆ سازدانی کۆنگرەی نیشتمانی، پارتی دەکاتە کارتی دەستی خۆی بۆ کێبەرکێی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتەکەی مالکیدا، کە هاوکات پشتیوانی لە مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکات…
پارتی بەو پێگەیەی لەعێراقدا هەیەتی کە نەیاری مالکی و هاوکات هێزی سەرەکی و بڕیاربەدەستی دەسەڵاتدارێتییە لە کوردستاندا، بەو پشتیوانییە جیهانی و رێکەوتنامە ئابوری و سیاسی و هاوبەرژەوندیەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، جغرافیایەک کە پارتی تیادا باڵادەستە، جغرافیا و ناوەند و پشتی بەرەی جەنگی ئۆپۆزیسێۆنی ئێران و تورکیایەو ئۆپۆزیسێۆنە ئۆردۆگا نشینەکانی ئەو وڵاتانەیە، کە هەمیشە لە ژیر گوشاری پارتیدان. پارتی هەرکاتێک بخوازێت هەموو هەوڵێک دەدات ئەو هێزانە وەکو کارتی مامەڵە و ئامرازی جێمەبەستی خۆی کەڵک لێوەر بگرێت… هەر ئەو پێگەیەی پارتیشە وای کردوە بتوانێت زوربەی زۆری حزبەکانی ناو بازنەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەشەکانی تری کوردستان و حزبەکانی کوردستانی عێراق بە هێزە ئۆپۆزیسێۆنەکانی دەسەڵاتەکەی خۆیشی بکێشێتە ژێر ئەو چەترەی کە کۆنگرەی نەتەوەیی، تیا سازدەکات و کۆنترۆڵی دەکات. پارتی ئامادەکاری و سازدان و بەرێوەچونی ئەم کۆنگرەیە، بە وەکالەت بۆیە بۆ تورکیا دەکات تا لەو رێگایەوە، خۆی وەکو حزبی دایک و سەرچاوەی سەرەکی بزوتنەوەی کوردایەتی نەک هەر لە کوردستانی عێراقدا بەڵکو لە ئاستی کوردستانی گەورە!! و وەکو حزبی رەسەنی هەموو کوردانی پارچەکان، نیشان بدات. هەروەها بە کۆکردنەوەی هەموو ئەو حزب و لایەنانە، نەیارەکانی خۆشی کێشی ناو گەمەیەک دەکات، کەبەرژەوەندی خۆی تیا، باڵادەست دەکات. بارزانی دەیەوێت لەرێگای ئەم کۆنگرەیەوە خۆی وەکو سەرۆکی نەتەوەیی، نیشان بدات و ببێتە مەرجەعێک کە هەموو حزبەکان بۆی بگەرێنەوە. وەکو رەمزێکی نەتەوەیی! و کاریزمایەک دەربکەوێت.
ئەوەی کەنارەوایە، ئەم کۆنگرەیە، لەسەر پایەی بوونی ستەمی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان بۆ خزمەتی دەوڵەتێکی قەومی فاشستی تورکیا و بۆ جێ پێقایمکردنی کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسی بۆرژوا- قەومی کورد، کە دوورو نزیك هەڵگری چارەسەری ستەمی سەر خەڵکی کوردستان نین. ئەم کۆنگرەیە، کە لە دژی خواست و ویستی خەڵکی کوردستان و هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنوسی کرێکاران و زەحمەتکێشانی دانیشتوانی کوردستان لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری ئەو وڵاتانەیە… دیارە هاوکات دژی هەموو خەبات و تێکۆشان و بزوتنەوەیەکی سەراسەری و ئازادیخوازانە و کۆمۆنیستیشە. بۆیە ئەرکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستە کە هەوڵەکان و پەیامی ئەو هێزانەو کۆنگرەکەیان، بە خەباتی لێبڕاوانە و کردەنی، وەڵام بدەنەوە.
abdulla.mahmud@gmail.com