ببەخشن بەڵام

ابراهیم حسێن

هەڵوێستی عەناسری چەپ لە بارەی کۆمۆنیزمی کرێکاری جێگەی سەرنجە. نەک لەبەر قورسایی سیاسی و قوڵی بارە تیئۆریکەکەی بەڵکو بە دەلیلی چارەنووسی سیاسی ئێستای ئەوچەپە و ئەو هۆکارانەی کە ئەو چەپە چارەنوسی سیاسی خۆی وکۆمۆنیزمی لەعێراقدا پێ لەمحەک دەدا. ئیتر کاتی ئەوەیە که بگوترێ ڕاستی داستانەکە چیە.یەکەم : بەشێکی بەرچاوی چەپی عێراق و کوردستان بە دەلیلی ناچاری، بە دەلیلی فشارێکی گەورە کە لەسەر چەپ و هەر جۆرە چەپگەراییەک بوو بە دوای ڕوخانی قوتبی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی و بێ ئیعتباری و بنبەستی خەڵگەرایی چەپ و هەروەها بە دەلیلی ئەوەی تەنیا هێز و خەتێک کە ڕاوەستاو مابوویەوە کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو کە قسەی هەبوو، قسەکەری هەبوو، ئیددیعا و تێگەیشتنی خۆی هەبوو وە تەنیا سەنگەرێکی چەپگەرا و کۆمۆنیستی بوو، ملیاندا بە کۆمۆنیزمی کرێکاری. ملیاندا بە کۆمۆنیزمی کرێکاری تەنیا وەک ناچاریەکی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی باهۆزەکە و تا کڵاوی با نەیبا. واتە بەشێکی زۆری ئەوچەپە لەسەری تاکتیکی پەناگرتن و تێپەڕاندنی قەیرانی( وجودی) خۆیدا، کڵاوی کۆمۆنیزمی کرێکاری کردەسەر. دووەم: پێکهێنانی حیزب، دەرکەوتنێکی سیاسی و عەلەنی کە ئەو چەپە بکێشێتە مەیدانی جەدەلێکی سیاسی جیددی لەبەرنامە وبیرکردنەوەی ئەو چەپە دا نەبوو، بۆیە لەسەری ناچاری دیسانەوە تەسلیم بە پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو. هاتەپای پێکهێنانی حیزب بە ڕواڵەت بەڵام ساڵانێکی دورو درێژ لە سەر کاری مەحفەلی و سەکتی خۆی، لەسەر هەوڵی بۆ بەجێنەهێشتی مەخفی کاری و وردەکاری و بێ ئیعتینایی بۆ دەرکەوتنێکی سیاسی ڕادیکاڵ بەردەوام بوو.عەلەنیکاری لە کاری سیاسی و لە ڕاددەی کۆمەڵایەتیدا فەڕزی کاری هەر ڕابەریەکی سیاسی جیددیە بەڵام بە فشارێکی گەورە کە خۆینی تێدا دەبوو بە ئاو، لارەلار ملی بە جۆرێک کاری عەلەنیدا بە بێ ئەوەی بەڕاستی باوەڕی پێی هەبێ و بە ئەمری خۆی بزانێ. کاری عەلەنیشی بە هەمان شێوازی کاری سەرەسوژن و ناکۆمەڵایەتی دەستپێکرد. قەناعەت پێکردنی بەوەی کە حیزب دەبێ عەلەنی بێ ڕابەری سیاسی کۆمۆنیست دەبێ بۆ کۆمەڵگەو چینەکەی ناسراو بێ، دەبێ ڕابەری حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی وەک ڕابەری سیاسی هەربزوتنەوەیەک و حیزبێکی تر لەڕاددەی کۆمەڵایەتیدا بە ناو و پێناسی خۆیەوە ناسراوبێ، بۆ ئەوچەپە وەک ئەفسانە وابوو.سێهەم : بۆیە ئەوەی کە ئێستا دەبیستین دەڵێن حیزب بە فشاری منسورحیکمت دروست بوو نەک وەڵام بە زەرورەتێکی سیاسی وگرنگی خەباتی کۆمۆنیستی کرێکاری یان کە دەڵێن خەتای ئەوان بوو کە بۆرژوازی کوردایەتی هێرشی کردەسەر حیزب و کۆمۆنیزم لە کوردستان چونکە مەنسور حیکمەت وحیزبی ئێران، مەفرەزەی گاردی ئازادیان ناردوە بۆ دەوروبەری مەریوان ویان ئەوەی گوایە کومۆنیزم باسی قودرەتی سیاسی کردوە هۆکارە بۆ هارکردنی بۆرژوازی لە کومۆنیزم و کرێکار و زۆرشتی تری لەو بابەتە، سەلمێنەری ئەوەن کە بە کردەوە ئەوان کوڕی ئەوکارە نەبوون، هەڵسوڕاوی ئەو خەتە نەبوون، قسەکەر و بانگەشەکەری نەبوون و نەیانویستوە کە دارونەداری خۆیان بخەنە گرەوی خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاشکرا لە پێناو گۆڕینی ئەوخەتە بە قوتبێک کە بۆسەرکەوتن بجەنگێ. قەزاوەتی شەخسی من ئەوەیە فەرقی قسەی ئێستا و ئەوسای ئەو چەپە ئەوەیە کە ئێستا دەیڵێ و دەیکا لە کاتێکدا کە ئەوسا بەبێ ئەوەی بیڵێ دەیکرد. لە باسی چارەنووسی حیزبی عێراق وکوردستان ولە باسی دانەپاڵی هۆکاری ئەم چارەنوسە بە خودی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەڕای شەخسی من بە پێچەوانەوە، ئەگەر فشار و تەقەلای خودی بۆرژوازی لێدەرکەین بۆ لەقاڵبدان و گۆشەنشینکردنی ئەو کۆمۆنیزمە و ئەو حیزبانە ،ئەوا پایەک وهۆکارێکی گرنگی لەگۆشەو کەناری سیاسەت و جەدەلی کۆمەڵایەتیدا مانەوەی کۆمۆنیزم و حیزبە کۆمۆنیستی و کرێکاریەکان، ئەم جۆرە چەپە و ئاکار و شێوازی کار وتێگەیشتن و پراتیکی ئەم جۆرە چەپە بووە. ئەوە هەر بە کورتی ئەگەر تەمەن باقی بێ زیاتر لەسەر ئەو بابەتە و بە پێی پێویستی قسە دەکەین.