بیانیه حزب کمونیست کارگری کردستان در رابطه با بودجه احزاب در کردستان (به زبان کردی)

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

سەبارەت بە بودجەی ئەحزاب لە کوردستان

یەکێک لە لایەنە بەرجەستەکانی سیستەمی سیاسی ئێستای کوردستان تاڵان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت وسامانی کۆمەڵگه‌یە لە لایەن دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە. بودجەی حزبەکانیش کراوە بە یەکێک لە ڕیگاکانی ئەو تاڵانی و سامان زەوتکردنە. پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بێ سڵەمینەوە گەورەترین تاڵانییان ئەنجام داوەو کردویانە بە بنەمایەکی ئابوری بەهیز بۆ دەسەلاتی داسەپاویان. دەیان و سەدان کۆمپانیای ورد و درشتیان بەو سامانە دامەزراندوە و لەو ڕیگایەوە بە شیوەیەکی سیستماتیک بڕی هەرە گەورەی داهاتێک زەوت دەکەن کە پێویستە بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا خەرج بکرێت. سەرەڕای ئەوەش لە ژێر ناوی بودجەی حزبەکاندا ساڵانە دەست بەسەر ملیۆنەها دۆلاردا دەگرن و بەشیکیشی بە مەبەستی دەستەمۆکردن دەدەن بە حزبەکانی تری کوردستان.

ئەم جۆرە لە بودجە و تەخشان و پەخشان کردنی لە نیوان حزبەکانی دەسەڵات و دەوروبەرەکەیاندا، بەشێکە لەتایبەتمەندی دەسەڵاتێکی حزبی- میلیشیایی کە لە بناغەوە لەسەر بنەمای تاڵانکردن‌و گەندەڵی‌و بەرتیلی سیاسی دامەرزاوە و زەرەرمەندی سەرەکیش تیایدا جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش ‌و کەمدەرامەتی کوردستانە. ئەم بە ناو بودجەیە هیچ پەیوەندیەکی بە دەستگیرۆیی و یارمەتیدانی هەلسورانی سیاسیەوە نیە تا حزبەکان لە پیداویستیەکانی هەلسوڕانی سیاسی بەهرەمەند بکرین و دەنگ و دەستیان بە کۆمەلگەدا رابگات و کۆمەلگه‌ش بتوانی بە چاویکی کراوەوە هەلبژادنی سیاسی بکات لە نیوان حزب و بەدیلە جیاوازەکاندا. بەڵکو حزبە دەسەلاتدارەکان سەرباری تاڵانیەکی بێشومار، بە دانی بودجەی حزبەکان دەیانەوێ ناچاریان بکەن کە وەفادار و گوێڕایەڵی ئەوانبن.

ئەگەرچی بەرتیلی سیاسی لە تەواوی دنیای سەرمایەداریدا ئامرازێکی ژێربەژیری تەزویرکردنی ئیرادەی سیاسی جەماوەر و پاراستنی سیستەمی سەرمایەیە، بەڵام لە کوردستان لەوەش زیاتر بەکارهێنانی بەرتیل و بە بارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵک لە ململانێ سیاسیەکاندا بە ڕۆژی ڕوناک پەیرەو دەکرێت. هاولاتیان و ئەحزابی سیاسی بەپێ‌ی دورو نزیکیان لە سیاسەتەکانی دەسەلات، لە داهاتی کۆمەلگا یان بەخشێش دەکرین یان سزادەدرین.

ئاکامێکی بەرجەستەی ئەم تالان و برۆ فراوانە ئەوەیە کە دوو حزبی دەسەلاتدار بودجەی حزبەکان بەپێ‌ی مەرام و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان کردۆتە ئامرازێک، کە لە لایەکەوە بۆ دەستەمۆکردنی ئەحزابی سیاسی و دانانی گوشار لەسەر حزبەکانی نەیارو ئەوانەی پابەندی رێساو سیاسەتەکانی ئەوان نابن، لەلایەکی تریشەوە بۆ پێکهێنانی ئەحزابی کارتۆنی و دوکانی سیاسی کە هەم کاغەزی سپی بۆ دەسەلات ئیمزا بکەن و پاساو بۆ سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی بهێننەوەو هەم ببنە سەرپۆشیک بۆ داپۆشینی سەرکوت و بەلگەی لە ئارادابوونی دیموکراسی. بەم جۆرە سەرئەنجام ئەم تالانیەی ناوی نراوە بودجەو بۆتە فاکتەرێک بۆ راگرتن و بەردەوامی دان بە دەسەلاتی داسەپاوی ئێستا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کاتێکدا تێدەکۆشێ بۆئەوەی سامانی زەوتکراوی کۆمەڵگا لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارە میلیشیاییەکانەوە، لەرێگای کۆتاییهێنان بە سیستەمی دەسەڵاتی میلیشیایی‌و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی پشبەستوو بە دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵکی کوردستان، بۆ خەڵك بگێڕێتەوە. هاوکات ئەو تالان و بڕۆیەی ئێستا بە ناوی بودجەوە پیادە دەکریت مەحکوم دەکات و لە دژی رادەوەستی. هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی بە پێی ڕێسا پەیڕەوکراوەکان لە هەرێمدا، پاش وەرگرتنی مۆڵەتی ڕەسمی مافی وەرگرتنی بودجەی هەیە، هەروەها سەرباری ئەوەی لە ژێر گوشاریکی مالی گەورەدایە کە گرفت و بەرتەسکی زۆری بۆ هەلسورانی پیکهیناوە، بەڵام شەریک بوون لە بە تالانبردنی سامانی کۆمەڵگا و تەسلیم بوون بە سیاسەتی دەستەمۆکردنی سیاسی ئەحزاب و هاوڵاتیان لە رێگای ئەو شێوازە لە بودجە وەرگرتنەوە کە دەسەڵاتەکەی یەکیتی و پارتی سەپاندویانە، رەتدەکاتەوەو بۆ ناکامکردنەوەیشی خەبات دەکات.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە هەمانکاتدا بانگەوازی جەماوەی ئازادیخوازی کوردستان و حزبە سیاسیەکان و ریکخراوە جەماوەیەکان و کۆمەڵەکان دەکات کە لە دژی ئەم سیاسەتی تالانی و دەستەمۆکردنە دەنگ هەڵبرن و بۆ دەسکۆتاکردنی حزبە دەسەلاتدارەکان لە هاوشانی ئەم هەلویستە راوەستن. هەر لایەنێک بە هەر هۆیەکەوە لە ئاست ئەم مەسەلەیە بیدەنگی بکات نا مەسئولەیەتی سیاسی و کۆمەلایەتی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان نیشان ئەدات، هەموو ئەو لایەنانەش کە بە مەبەستی پێبڕانی بەشێک لەو داهاتە مل بەم سیاسەتی تالان و دەستەمۆیە دەدەن، جگە لە دەستەمۆکردنی خۆیان خەتایەکی گەورەو بێپاساویان دەکەویتە ئەستۆ.

بانگەوازی هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەگەر بریاربیت بە مەبەستی دەستگیرۆیی هەلسورانی سیاسی و دەستراگەیشتنی هەموان بە هۆیەکانی کارو هەلسوڕانی سیاسی، بودجەیەکی دیاریکراو بۆ لایەنەکان تەرخان بکریت، ئەو بودجەیە دەبی بە یاسایەکی شەفاف رێکبخرێت و ئەحزابی دەسەلاتدار نەتوانن بۆ مەرامی سیاسی و تاڵانکاری بەکاریبهێنن. ئەگەر بودجەیەک بۆ لایەنەکان تەرخان بکریت، پیویستە لەسەر بناغەی پیوانەیەکی گشتی و هاوسەنگ بێت بۆ دابینکردنی هۆیەکان و پیداویستیەکانی هەلسورانی سیاسی بۆ هەموو لایەنەکان. بودجە دەبێ هەموو ئەو حزب و ریکخراوەو کۆمەلانە بگریتەوە کە لە چوارچێوەی ئازادی سیاسیدا پیرەوی لە خەباتی سیاسی و جەماوەری دەکەن و هەر بەم پیەیش دەبێ لە مۆلەتی کارکردن بەهرەمەندبن.

حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان هەموو جەماوەری ئازادیخوازو حزب و ریکخراوەکان بانگەواز دەکات بۆ گرتنەبەری ئەم هەلویستە سیاسیە و ئامادەیی خۆیشی دەردەبریت بۆ هاوئاهەنگی و هەڵگرتنی هەنگاوی هاوبەش لەسەر ئەم بناغەیە.

 

کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢

 

 

 


Shukak Abdulstar
Skrtaryaty Maktaby Syasy
00964 770 76 79 334 – 7\24
00964 (0)53 320 89 31 -2 :00 pm — 500 pm (Bagh. )