هاوڕێیانی کرێکار.. با یەکی ئایاری ئەمساڵ بکەینە ڕۆژی خۆنواندنی چینایەتیمان!

خەسرەو سایە

saya.xasraw@yahoo.co.uk

یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی ئەنتەرناسیونالسیتی کرێکارانە لەسەراسەری جیهاندا، ڕۆژی هاتنەمەیدان و دەربڕینی نارەزایەتی چینی کرێکارە بەدژی نەزم و نیزامی سەرمایەداری. کرێکاران بەدوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ڕەنج ومیحنەتێک کەکێشاویانە چاو لە دۆخی کارو ژیانی خۆیان دەبڕن و لەگەڵ دەسکەوتەکانی خەبات و نارەزایەتیەکانیاندا بەراوردی دەکەن و لێرەشەوە پەنجە لەسەر کێشەو گرفتەکانی بەردەم هەوڵ و تیکۆشان و جموجۆلە کرێکاریەکانی یەکساڵی رابردووی خۆیان دادەنێن و یەکی ئایار دەکەنە سەرەتای دەستپێکردنەوەی ساڵیکی تر لەکارو هەوڵ وتێکۆشانەکانیان لەپێناو باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان. بەمجۆرەش یەکی ئایار بەتەنها ڕۆژێک نیە بۆ جەژن و شادی، تەنانەت ڕۆژێک نیە بۆ خستنەڕووی داخوازیەکان، بەڵکو ڕۆژێکە بۆ مەحکومکردن و دادگاییکردنی نەزم ونیزامی سەرمایەو سەرمایەداری، نیزامێک کە لەسەر کۆیلەیەتی کاری بەکرێ و چەوساندنەوەی ئینسان لەلایەن ئینسانەوە دامەزراوە. کەوایە با یەکی ئایاری ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، بکەینە مەیدانی گەرمکردنی هەڵسورانێکی بەرین و چالاککردنەوەی کۆروکۆمەڵە کرێکاریەکان. با دەستبخەینە نیودەستی یەکتر و ناوەندەکانی شار و کارگەو دامەزراوەکان بکەینە شوێنگەی بەرپاکردنی مەراسیمە سەراسەری و محەلیەکانمان و ئالای سوری ئایار بەسەریاندا بشەکێنینەوە.  با ئایار ڕۆژی گەڵالەکردنەوەی داخوازیەکانمان و هەڵسوراوان و رابەرانی کرێکاری بڵندگۆکان بەدەستەوە بگرن و بەکۆمەلگاو سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەی ڕابگەیەنن کە ئێمە کرێکاران خاوەنانی ئەسڵی کۆمەلگاین، ئێمەین کە چەرخەکانی بەرهەمهێنان دەچەرخێنین وسامان و داهاتی کۆمەڵگاو هەرچی نازو نیعمەت هەیە دەیخوڵقێنین، کەچی لەسایەی حاکمانی سەرمایەدا ڕوت و ڕەجاڵ و برسین.

کرێکارانی کوردستان لەیەکساڵی ڕابردوودا، دەورەیەک لەنارەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانیان بۆ خواستی موچەو دامەزراندن و قازانجی ساڵانەو گەلێک خواستی تر کەڕووی لەباشکردنی دۆخی کارو ژیانیان بوە، پشتسەر ناوەو توانیویانە وەک بزوتنەوەیەکی جیاواز لەسەر شانۆی کومەڵگای کوردستان خۆیان بنوینن. کەوایە لەیەکی ئایاری ئەمساڵدا دەبێ هەنگاوەکان بۆ سەراسەری کردنەوەی ئەم بزوتنەوەیە و دابینکردنی ڕابەری سەراسەری و پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەری سەربەخۆی کوردستان ڕێچکە بگرێ و یەکی ئایار ڕۆژێک بێت بۆ دانانی بەردی بناغەی زاڵبوون بەسەر ئەم کەموکوریانەدا.

بەڵام کرێکارانی کوردستان ئەمساڵ لەدۆخێکی جیهانی و ناوخۆیدا بەرەوپیری ئایاری دەچن، کە لەلایەک جەنگ لەئۆکرانیا دەرگای قۆناغێکی تازەی لەململانێی هیزە ئیمپریالیستیەکان خستۆتە سەر پشت و لەپێناو دابەشکردنەوەی جیهان و ناوچەکانی نفوزیاندا، کۆمەڵگای بەشەرییان ڕووبەرووی کاولکاری و ئاوارەیی و کوشتارو جەنگێکی خوێناوی کردۆتەوە. لێکەوتەکانی ئەم دۆخە جگە لە هەژاری و گرانی و ماڵوێرانی، خەباتی چینایەتی کرێکارانی لەدژی دەولەتانی سەرمایەداری بەرەو هەڵومەرجێکی سەختو دژوار ڕاپێچداوە. هەربۆیە لەئایاری ئەمساڵدا دەبێ کرێکاران ڕاگەیەنن کە جەنگی سەرمایەداران جەنگی ئێمەی کرێکاران نیە، هاوکات کرێکارانی ولاتان و نەتەوە جیاوازەکان نەک هیچ بەرژەوەندیەکیان لەکوشتارو کینەتۆزی قەومیدا بەرامبەر بەیەک نییە، بەڵکو هەموویان بەشە جیا جیاکانی ئۆردوی کار پێک دەهێنن و لەگەڵ یەک چارەنوس و یەک بەرژەوەندی چینایەتی هاوبەش بەروڕوون. لەلایەکی ترەوە کرێکارانی کوردستان لەدۆخێکی ناوخۆییدا پێشوازی لەئایاری ئەمساڵ دەکەن کە قەیرانێکی قولی سیاسی و ئابوری یەخەی بەدەسەلاتداران گرتووەو بەهۆیەوە کۆمەلگای کوردستانی لەدۆخێکی یەکجار سەخت و نادیاردا ڕاگرتووە و دەیان کێشەو گرفتی ڕوبەڕووی خەلكی کرێکارو زەحمەتکێش کردۆتەوە، لەئاکامیشدا بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی جەماوەری بۆ نان و کارو خزمەتگوزاری پێیناوەتە مەیدانەوە.. بەرامبەر بەم دۆخەش کرێکارانی کوردستان نابێ هەر لەچوارچیوەی داخوازی کارگەیی و ڕشتەییدا بمێنیتەوەو دەبێ وەک رابەری کۆمەلگا قامەتی خۆی دەرخات و بزوتنەوەکەی ببێتە ناوکۆکەی بزوتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێرانە بۆدەرکێشانی کۆمەلگای کوردستان لەو گێژاو بنبەستە سیاسی و ئابوریەی کەچینی دەسەلاتدار تێدا چەقیون. بەمجۆرەش بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی کرێکاران بکەینە سەکۆی گێرانەوەی ئومید بۆ هەموو چین و توێژە نارازی و ستەملێچوەکانی کۆمەلگا.. کەوایە با بەگورو توانایەکی فراوانەوە بەرەو پیری ئایار بچین و کورەی خەباتی چیانیەتیمان گەرم کەین و ئەم خاڵانەی خوارە بکەینە بنەمای هەنگاوەکانی ئایاری ئەمساڵمان:

١/ ئامانجی ئێمە کرێکاران لە پێشوازیکردنی یەکی ئایاردا، بەرپاکردنی مەراسیم و چالاکیە سەربەخۆکانی کاریکارانە. کەوایە دەبی هەر لەئێستاوە دەستبەکار بین و خۆمان بۆ ئەم مەراسیم و چالاکیانە لەئاست هەر شارەو هەر ناوەندێکی کاردا ئامادەبکەین و لەپێناو سەراسەری کردنەوەو لێک گرێدانیاندا هەنگاو هەڵگرین.

٢/ یەکی ئایار ڕۆژی کرێکارانەو دەبێ وەک پشویەک ڕەسمیەت وەربگرێ، لەم رۆژەدا دەبی لەهەوڵی راگرتنی کارو چەرخەکانی بەرهەمهیناندا بین. ڕۆژێک بێت بۆ کۆبوونەوە لەدەوری یەک و خۆنواندنمان بەرامبەر بە خاوەنکارو کۆمپانیاکان و ڕابگەیەنین کەیەکی ئایار ڕۆژی کرێکارە، ڕۆژی پشوو ڕاگرتنی کارە.

٣/ یەکی ئایار جەژنی کرێکارانە و مۆڵەت لەهیچ لایەنێک ناخوازێت. بەرپاکردنی مەراسیم و شادی لەمڕۆژەدا مافێکی بێئەملاولای کرێکارانە و دەبێ ئازادی خۆنواندن و پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری و مانگرتن بەڕەسمی بناسرێت.

٤/  ئەگەر یەکی ئایار ڕۆژی کرێکاران بێت، کەوایە دەبێ هەرجۆرە مەراسیم و چالاکیەکی دەسەلاتداران و سەندیکای سەر بەحزبەکانی نیو دەسەلات کەبەناوی ئایارەوە بەڕێی دەخەن، بایکۆت بکرێ وتەنها مەراسیم و چالاکیە سەربەخۆکانی کرێکاران ببنە مەیدانی خۆنواندنی کرێکاران.

٥/  لەیەکی ئایاردا پیویستە کرێکاران وەک رابەری کۆمەلگا و ڕزگاری کۆمەلایەتی دەرکەون و بەدیلی سۆشیالیستی چینی کرێکار ڕێگایەک بێت بۆ وەڵامدانەوە بەکێشەو گرفتەکانی چین و توێژە مەحروم و دەستەنگەکان.

٦/ ڕۆژی یەکی ئایار ڕۆژی خستنەرووی ئیدعانامەو داخوازیە سەراسەریەکانی کرێکارانە، ڕۆژی هەڵبڕینی دەنگی ئازادی و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەلایەتیە، ڕۆژێکە کە کرێکاران داوا سەرەکیەکانیان بەرووی دەسەلاتداران و خاوەنکارەکاندا دەدەنەوە. لەوانە: ئازادی بێمەرجی سیاسی ، ئازادی مانگرتن و ڕیکخراوبوون، زیادکردنی موچە بەپێی ژیانێكی تەسەل، کار یان بیمەی بیکاری بۆ سەرجەم ئامادەبەکارانی کوردستان، یەکسانی ژن و پیاو لە بەدەستهێنانی کارو کرێ وفیربوندا، دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک خویندن، ئاوو کارەبا وسوتەمەنی، دەرمان و چارەسەری پزیشکی بەخۆرایی و بەنرخێکی کەم…

با بەهەمووتوانامانەوە بەرەوپیری یەکی ئایاری ئەمساڵ بچین .. بژی ئایار ڕۆژی جیهانی و ئەنتەرناسوینالی کرێکاری..

٩/٤/٢٠٢٢

١-دانی موچە لەکاتی خۆیدا بێ لێبرین

٢-زیادکردنی لایەنی کەمی موچە بۆیەك ملیۆن دینار

٣-هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی  وبەدایمی کردنی گرێبەستەکان

٤-کار یان بیمەی بێکاری بۆگشت ئەوانەی ئامادە بەکارن بێ جیاوازی

٥-رۆژی ١ئایار دەبێ پشوی رەسمی بێت

٦-دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبە بۆهەموان

٧-تەئمین کردنی خزمەتگوزاری وەك کارەبا،ئاو،قوتابخانە ،پاکردنەوەی شار بێ بەرامبەر

٨-تەئمین کردنی بیمە کۆمەڵاتیەکان بۆکرێکارانی بیناسازی لەوانە مافی خانەنشینی

٩-بەرەسمی ناسینی ئازادی رێکخراوبون بۆکرێکاران

١٠-دابینکردنی سەڵامەتی شوێنی کاروژیانی کرێکاران

١١-دەسەبەرکردنی هەڵی کار بۆدەرچوانی زانکۆوپەیمانگاکان

١٢-کاراکردنەوەی سیستەمی پلە بەرزکردنەوە ودابینکردنی دەرماڵەکان

١٣-کارکردنی سیستەمی قازانجی ساڵانە بۆکرێکارانی پیشەسازی

فەرمون ئەمانەش چەند دوروشمن

١-بژی یەکی ئار رۆژی جیهانی چینی کرێکار

٢-نابۆجەنگی زلهێزەکان بەڵێ بۆدەسەڵاتی خەڵکی ئازادی خواز

٣-کواموچە کواموچە

٤-نان کار ئازادی دەسەڵاتی شورایی

٥-بەڵێ بۆیەکسانی نا بۆنابەرابەری

٦-ئەم گرانیە راگرن!!

٧-

٨-

٩-