دەبێ دەستبەجێ و بێ قەیدوشەرت گیراوەکانی پیرەمەگرون ئازاد بکرێن!

ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆ و وێنەی دانپیانانی چەند لاوێکی پیرەمەگرونی بە بەرگی پرتەقاڵیەوە بڵاوکردۆتەوە، کە تۆمەتبارکراون بە هێرش بۆسەر موڵک و ماڵی گشتی.

ئەو رەفتارەی ئاسایشی سلێمانی و بڵاوکردنەوەی وێنه‌ی ئه‌و لاوانه‌ بە بەرگی تۆمەتبارانی زیندانی گوانتیمالاوه‌، نیشانەی ترس و نیگەرانیە لە لاوانی توڕەو ناڕازی و هەوڵ و پەلەقاژەیەکی ناکامە بۆ ترساندن و تۆقاندنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و پاشەکشەپێکردنی. هەروەها سوکایەتی و بێرێزییەکی ئاشکرایە لە ڕاستای شکاندنی شکۆی ئینسانییان و دوبارەکردنەوەی سیناریۆی پوچی گیراوەکانی بادینانە، کە بێ دادگایی دۆسیەیان بۆ داتاشرا و تۆمەتی بێبناغەیان بۆ هەڵبەسترا.

ئەم هەژدە لاوەی پیرەمەگروون لەکاتی خۆپیشاندانەکانی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوودا دەستگیر کراون، کە داوای نان و کار و خزمەتگوازی و ئازادیەکانیان دەکرد، بەم پێیەش ئەگەر دادگایەک بە ڕاستی بوونی هەبوایە و گیراوەکانیش تۆمەتباربوونایە، دەبوو بەپێی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان دادگایی بکرێن، نەک بەیاسای ٣٤٢ ی عێراقی کە قورسترین سزایە. گرتنەبەری ئەم جۆرە لەدادگایی درۆیینه‌ و سه‌ركوتگه‌رانه‌ و سەپاندنی ئەم سزایە و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە و هه‌وڵێكی له‌رزۆكانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ ترساندنی هه‌ر ده‌نگێكی ناڕازی كه‌ له‌ دژی به‌رزده‌بێته‌وه‌.

ئەگەر بەڕاستی دادگایەک و لیپرسینەوەیەک لە ئارادا بوایە، لە جێگای دادگاییکردنی خۆپیشاندەران و ناڕازیانی کۆمەڵگە، دەبوو بەرپرسانی حزبەکانی دەسەڵات لەسەر کێوێک لە تاوان ڕووبەرووی سزای یاسایی  بونایەتەوە…  دزی و تاڵانی ئاشکرا، نۆکەر پیشەیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هاوکاری لەگەڵ داعش و بازرگانی لەگەڵ کردنیان، توندوتیژی و کوشتنی خۆپیشاندەران و تیرۆری نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان، تا دەگات بەدۆزەخکردنی کۆمەڵگا  بۆ لاوان و ناچارکردنیان بەوەی کوردستان بەجێبهێڵن و دەیان و سەدان تاوانی تر کە دەرهەق بە جەماوەری بێبەشی کوردستان کردویانە، کارنامەیەکی تاوانکارانەی ئەم دەسەڵاتەو حزبەکانی هێندە قیزەون و ناشیرینە، کە هەرگیز جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لێی خۆش نابن. گیراوەکانی پیرەمەگرون و سوکایەتیکردن پێیان، تاوانێکی نەبەخشراوە و ناتوانێت بەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بگرێت، بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی سیاسی دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی قورسی سبەینێ و تورەیی و نەفرەتی جەماوەری ئێستاش دەباتە سەرەوە.

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!

لاوانی تیکۆشەر و ناڕازی لە دەسەڵاتی مافیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی!

ئەم رەفتارەی ئاسایشەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ خۆپیشاندەران و جەماوەری ناڕازی کوردستان، لە بادینانەوە بۆ پیرمەگرون و شوێنەکانی تر، پەلەقاژەی مەرگە، نەک بەهێزی… دەسەڵاتێک باکی بە نەبوونی و بێکاری و گرانی و هەژاری و برسێتی و بی موچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان نەبێت، باکی بە نەبوونی ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و دادگا و یاسای مۆدێرن و دادپەروەر نەبێت، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت ڕێگای سوکایەتی و شکاندن، سیناریۆ سازکردن، تۆمەت بەخشینەوە، رەفتاری داعشیانە و بەعسیانە، سەرکوت و زیندانی بەدەستەوە بگرێت. بەڵام نابێ ئەوە بەبێ وەڵام بمێنێتەوە…

خواستی ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانی پیرەمەگرون و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی خۆیان و کەسوکاریان، لەپاڵ خواستی ئازادی بۆ سەرجەم گیراوەکانی بادینان، خواستی هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازە لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایە بن… پێویستە بەرگی پرتەقاڵی وەکو نیشانەی تاوانبارکردنی ئینسان قەدەغەبکرێت و هاوکاتیش دەسەڵات لە ڕێگای وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتییەوە لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە ناچار بکرێت دەست لە سیناریۆ سازکردن و تۆمەت بەخشینەوە و سەرکوت هەڵبگرێت.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی کوردستان لەپاڵ ئیوەداین و لەگەڵ ئەوەدا ئیدانەی ئەم سەرکوتگەریەی دەسەڵات دەکەین، هاوکات بە هەموو توانامانەوە بۆ ئازادی گیراوەکانی پیرەمەگرون و بادینان و قەرەبووکردنەوەیان تێدەکۆشین.

ئازادی بۆ سەرجەم گیراوەکانی پیرەمەگرون و بادینان

حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان

٥/١/٢٠٢٢