فاتح شێخ
ساڵی ڕابردوو، جیهان به بارودۆخێکی تایبەتی “پاشاگەردانی جیهانی”دا تێپەڕیوه. له ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا، بەو ئاڵوگۆڕه تازانەی شانۆی فڕۆکەخانەی کابول و مەیدانی سیاسەتی ئەفغانستان، ئەم بارودۆخه تایبەته لایەنێکی نمایشی تایبەتتری پەیدا کردوه. له گۆشەیەکی جیهان، له کۆشکی سپی جەو بایدن به ڕوخساری ڕەنگپەڕیو و قسەی نەنگینی نەپەرتاوتی و له گۆشەیەکی تری جیهان، له فڕۆکەخانەی کابول تەوەحوشی تالیبان به ڕاگەیاندنی بێناوەرۆکی “سەربەخۆیی” ئەفغانستان، دوو شانۆی نموونەیی پاشاگەردانی جیهانی ئەمڕۆیان نمایش کرد. یەکەمی سێپتەمبری ٢٠٢١ له پاڵ یازدەی سێپتەمبری ٢٠٠١دا دوو کاتوساتی بەرجەستە و پڕمسیبەتی پاشاگەردانی جیهانی سێ دەیەی ڕابردوون.
“پاشاگەردانی” وشەیەکه له کۆنەوه رەواجی بوه و له بەکارهێنانی ئەمڕۆدا دەربڕینێکی مەفهومیه (conceptual)، هاوتای سیاسی بازاری ئاشوفتەیه. گەرچی زۆرتر له ناو کوردزبانان باوه، بۆ بێژرانی چەن زبانی تریش له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوه هەتا ئاسیای ناوین تێگەیشتنی ئاسانه. هاوتا ئینگلیزیەکەی: turmoil یا disorderه. لەچاو “بێنەزمی جێهانی” مەفهومێکی تایبەتتره به ناوەرۆکی بێسەروبەرەیی بەربڵاوتر و کەمخایەنترەوه.
پاشاگەردانی جیهان، ئەمڕۆ کەم و زۆر وەک ئاڵوگۆڕەکانی ١٩٨٩ وایه و دەشکرێ بڵێین کەم تا زۆر بەرهەمی بەردەوامی داڕووخانی ١٩٨٩ی “بلۆکی شەرق” و ئاسەوارەکانیه. ئەڵبەت تایبەتمەندیەکانی ئەمڕۆی ئەم ئاشوفته بازاره لەگەل ئەوانەی سێ دەیه پێش بەسەر جئهان هات، ئێگجار جیاوازن و ئێگجاریش ئاڵۆزتر. تایبەتمەندیەکانی ئەم کاتوساتەی ئێستای پاشاگەردانی جیهانی دەبێ دەسنیشان کەین تا بتوانین له تابلۆیەکی به ڕادەیەک رێئالیستیدا دواڕۆژه مەنتیقیەکانی نەخشەکێش کەین.
ئەم یاددشته کورته سەرەتای بڵاوکردنەوەی زنجیره نووسراوێکه به دوو دەقی فارسی و کوردی (به ناوەرۆک چونیەک، به هیندێ جیاوازیەوه، به پێی هەوای بەردەنگ / موخاتەب). ئەوەندەی تەندروستی و ئێنێرژیم مەجال بدا، دەمەوێ ڕوانین و بۆچوونێکی ماکرۆ لەبارەی ئەوەی ئەمڕۆ له ئاستی بەربڵاوی جیهان دەگوزەرێ به وردی باس کەم و لەگەل ئێوه خوێنەرانی بەدەربەس دابەشی کەم. مەبەست ئەوەیه لەسەر بناغەی لێکدانەوەی ماکرۆ له ڕەوتی رەهەنده پایدارەکانی ئابووری و سیاسەت و شەڕ له مەیدانی گڵۆباڵدا، بتوانین دەس بدەینه لێکدانەوەی کۆنکرێت له بارودۆخی سیاسی و نیزامی کۆنکرێت له مەیدانی کێشمەکشی هێزه درشت و وردەکانی جیهان و هاوکات به شێوەی موشەخەس حاڵەته دیاریکراوەکان (له ناویاندا ئاڵوگۆڕه بەرپاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بخەینه بەر لێکۆڵینەوەی ورد و ئەنجامدار.
فاتح شێخ
یەکەمی سێپتەمبری ٢٠٢١ – دەی شەشی ١٤٠٠