حزب کمونیست کارگری کردستان – طولانی کردن مدت رهبری بارزانی ، بی حرمتی به زنذگی و ارزوهای مردم کردستان

درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی
سوکایه‌تیکردنێکی ئاشکرایه‌ به‌ژیان‌و ئاواتەکانی خه‌ڵکی کوردستان!

تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بۆماوەی دوو ساڵی دیکە لەلایەن فراکسیۆنی پارتی‌و یەکێتی‌یەوە، قەیرانی سیاسی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی کوردی لەهەردوو بەرەی ئۆپۆزیسیۆن‌و دەسەڵاتدا توندترکردەوە. ڕووداوەکانی دوێنێی ناو پەرلەمان دوای پێشنیارکردنی پرۆژەی ناوبراو، ئاستی قووڵیی ئەو قەیرانە دەخاتەڕوو کە ئەگەری ئەوەی هەیە کەشوهەوای سیاسی کوردستان ئاڵۆزتر بکات‌و نائارامی‌و پشێوی زیاتر بەدوای خۆیدا کێش بکات.

ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کە ناڕازیە لە دانانەوەی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، باسی کۆدێتاکردن بەسەر “شەرعیەتی پەرلەمانی” دا دەکەن، بەڵام کەم کەس هەیە گومانی لەوە هەبێ کە پەرلەمان لەو ڕۆژەوەی دامەزراوە نەخشی شەرعیەتدان بووە بە دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستیە‌و ئێستاش هەمان دەور دەبینێ‌. بەڵام لەڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە کە”پەرلەمانی کوردستان”یان بەدیوەخانی یەکێتی‌و پارتی ناودەبرد، ئه‌م ده‌زگایه‌ هیچ شەرعیەتێکی نەبووە تا بازی بەسەردا درابێت. بوونی کۆمەڵێك حزبی بۆرژوازی ناڕازیش لەناو پەرلەماندا نەیتوانیوە ئەم خەسڵەتەی بگۆڕێت‌.

‌بۆ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌، ئازادیخوازانی کوردستان، کە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیین‌و خوازیاری کۆمەڵگاو دەسەڵاتێکی سیاسی هاوچەرخ‌و ئەمرۆیین، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی جێگای ڕەزامەندی و قبوڵ نیە. ئەوان ‌لە ١٧ شوباتی دوو ساڵ لەمەوبەردا به‌ڕۆشنی ئه‌و په‌یامه‌یان ڕایانگه‌یاند کە وەلانانی دەسەڵاتی ئه‌م دوحزبه‌ و په‌رله‌مانه کارتۆنیه‌که‌یان، ته‌نها ڕیگای‌ گه‌یشتنه‌ به‌جێگیرکردنی خواسته‌کانیان که‌ خۆی له‌ئازادی‌و یه‌کسانی‌و باشبژێویدا ده‌بینێته‌وه‌. په‌یامێک که‌ به‌دیهاتن و بەکردەوە دەرهێنانی بەندە بە کات‌و خۆ ئامادەکردنی سیاسی‌و جەماوەری خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش ولاوان‌و ژنان و ئازادیخوازانه‌وه‌. مێژووی سیاسی ناوچەکەش نمونەی زیندووی لەم بارەوە پێشکەش کردووین.

ئەو هەراو تەپوتۆزەی لەناو پەرلەمانەوە بەڕێخراوە، هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵکی تینووی ئازادی‌و وەتەنگهاتوو لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و چەوسێنەرانه‌ی تێدا نییە، ئه‌مه‌ گۆشەیەکە لەململانێ‌و شەڕی دەسەڵات‌و دابه‌شکردنی داهاتی کۆمه‌لگا‌ له ‌نێوانیانداو گه‌ر بۆشیان بکرێت له‌هه‌ر فرسه‌تێکی گونجاودا، هەردوو بەرەی ناکۆك پێکدێن ‌‌و له‌سه‌ر حسابی پاشه‌کشه‌کردن به‌خه‌بات وناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر، ده‌که‌ونه‌ سازان‌و گفتوگۆی پشتی په‌رده‌وه‌. بە تایبەتی که ‌هەردوو لای ئه‌م کێشه‌و هه‌رایه‌ی ناوپه‌رله‌مان به‌حوکمی چه‌قینی قاچیان له‌ بازاڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووریه‌کانیان‌و سه‌رمایەو پڕۆژه‌و کۆمپانیاکانیدا، هه‌روه‌ها له‌ژێر فشاره‌کانی ئه‌مریکاو ناوبژیوانیی ده‌وله‌تانی ئێران و تورکیادا، نایانه‌وێ و ناتوانن کێشه‌و هه‌رای نیوانیان تا ئه‌و راده‌یه‌ درێژه‌ پێبده‌ن که ‌ده‌رگا بۆهاتنه‌ مه‌یدانی ناڕه‌زایه‌تی شۆڕشگێرانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بخاته‌ سه‌رپشت. هه‌ربۆیه‌ دانوساندن‌و سازانی نیوانیان ئەگەرێکی واقعیە‌.

هاوڵاتیانی کوردستان پێویسته‌ هوشیارانە لەگەڵ ئەم تەپوتۆزە سیاسیەدا مامەڵە بکەن‌و نەکەونە داوی دوو بەرەی ناکۆکی بۆرژوازیەوە کە دەیانەوێ بازاڕی ڕاوەستاوی سیاسی‌و هەڵبژاردنەکەیان گەرم بکەن‌و جەماوەر بە قازانجی خۆیان بۆ ناو ئەو بازاڕە پەلکێش بکەن. پێویستە کرێکارو زەحمەتکێش‌، لاوان و ژنانی یەکسانیخوازو هه‌موو ئه‌وانه‌ی تینوی ئازادی‌و ژیانێکی ئارام‌و شادن، ڕیزەکانی خۆیان ڕێکخراوو ئامادەبکەن. پێویستە هه‌مووان له ‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسه‌ته‌کانی باڵ‌و لقەکانی چینی بۆرژوازی‌و حزبه‌کانی چ له‌ ده‌سه‌لات‌و چ له ‌ئۆپۆزیسیۆندا، بەدەنگی بەرز رابگەیەنن: “ئامادەنین دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆرژوازی کورد قبوڵ بکەین”. درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی دژ بە ویستی زۆربەی جەماوەری کوردستانەو سوکایه‌تیه‌کی ئاشکرایه‌ به‌ژیانیان‌و نابێ ڕیگا بدرێ بۆ ویستی پارتی‌و بنه‌ماله‌ی با‌رزانی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی تر کۆمه‌لگا له‌گێژاوی کۆنه‌په‌رستی‌و سه‌رکوت‌و هه‌ژاری‌و بێکاری‌و نه‌مانی خزمه‌تگوزاری وکوشتنی ژنان و ده‌یان ده‌ردو مه‌ینه‌تی تردا ڕاگیرێت.

خه‌ڵکی کریکارو زه‌حمه‌تکێش‌و ئازادیخوازی کوردستان له‌یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و قەیرانە سیاسیەی که ‌ئێستا یەخەی به‌ده‌سه‌لاتی بۆرژوازی کورد و حزبه‌کانی گرتووە، ته‌نها یه‌ک ڕیگایان له‌پێشه‌، ئه‌ویش هاتنه‌ مه‌یدانیانه‌‌ له‌یه‌ک بزووتنه‌وه‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆو شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ریدا، که‌ کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌لاتی ئێستای کردۆته‌ ئامانج. ڕێگایه‌کی ئاوا نه‌ک هه‌ر قه‌یرانی ئێستای ده‌سه‌لات بەقازانجی یەکسانیخوازی‌و ئازادیخوازی یەکلا ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵکو چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان له ‌کایه‌ی سیاسی باڵەکانی بۆرژوازی کورد و حزبه‌کانی ده‌رده‌کێشێ.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌لكی کوردستان ده‌کات کە ڕیگای ئه‌م خه‌باته شۆڕشگێڕانەیە بگرن‌و بوار نەدەن له‌هه‌راو هوریای نێو په‌رله‌مانه‌وه، کڵاوی سیاسه‌ته‌کانی بۆرژوازی کورد بچیته‌ سه‌ریان. ‌

مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١ ی تەموزی ٢٠١٣