حزب کمونیست کارگری کردستان – پیش نویس قانون منطقه ای کردستان سند کهنه پرستانه بورزوازی کرد و تحمیل سرکوب و بی حقوقی مردم است و باید با مبارزه انرا به عقب راند

ڕەشنوسی دەستوری هەرێم بەڵگەنامەی کۆنەپەرستی بۆرژوازی کورد ‌و سەپاندنی سه‌رکوت ‌و بێمافی خەڵکە و دەبێ به‌خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ڕەت

بکرێتەوە!

ڕەشنوسی دەستوری هەرێم ‌نزیکەی ٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به ‌به‌شداری‌ و ڕه‌زامه‌ندی حزبه‌ بۆرژوا قه‌ومی ‌و ئیسلامیه‌کان، که‌ئێستا به‌شێکیان به‌رگی ئۆپۆزسیۆنیان له‌به‌رکردووه‌، له سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و بەبێ بەشداری ئه‌وان، داڕیژرا. ئه‌م ده‌ستوره‌ که ‌به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگ‌ و هاتنەناوەوەی ئه‌مریکا و دابەشکردنە نەتەوەیی ‌و ئاینی ‌و تایه‌فه‌گه‌ریەکانی دابه‌شکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ژێرناوی دیموکراسیدا، به‌هیچ جۆرێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعیاتی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخ و ئازادی ‌و مافه‌ ئینسانیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان نییه‌.
ئه‌و مشتومڕه‌ی که ‌له ‌ئێستاو لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا، به‌ناوی “هه‌موارکردنه‌وه‌ و گه‌ڕا‌نه‌وه‌ی ده‌ستور بۆپه‌رله‌مان” له‌نێوان به‌شه‌کانی بۆرژوازی کورد‌، له‌ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆندا، به‌ڕێکه‌وتووه‌و فه‌زای سیاسی کوردستانی داگرتووه‌، لەسەر ماف ‌و ئازادیەکانی خەڵک ‌و بەرینکردنەوەیان نییە. پارتی ‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی که‌ مه‌سه‌له‌ی ڕاپرسی لەسەر ده‌ستوری به‌ده‌سته‌وه‌گرتووه‌، ده‌یه‌وێت، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ ئیمتیازاتێک به‌ ئۆپۆزسیۆن بدا، ده‌نگ‌و ڕای خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک ئامرازێک بۆ شه‌رعیه‌تدانه‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هەرێم ‌و مانه‌وه‌ی خۆی وه‌ک حزبێکی باڵاده‌ست مسۆگه‌ربکا و کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌کارنامه‌ی سه‌رکوتگه‌ری ‌و بێمافی چه‌ندین ساڵه‌ی بۆرژوازی کورد و حزبه‌کانیدا ڕاگرێ. ئۆپۆزسیۆنیش وه‌ک باڵێکی بۆرژوازی ناڕازی، که‌ له‌ قۆرخکاری ‌و ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی نیگه‌رانه‌، ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای”هه‌موارکردنه‌وه ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستور بۆپه‌رله‌مان”، ئه‌م فه‌زایه‌ بشکێنێ ‌و ده‌رگای به‌ده‌ستهێنانی ئیمتیازات ‌و شه‌ریک بوون له‌ده‌سه‌ڵاتدا، مسۆگه‌ر بکات. ڕەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌ستور که ‌به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و مادانه‌ چه‌قی به‌ستووه‌ کە تایبەتن بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی، هاوکات فه‌رامۆشکردنی هه‌موو ئه‌و بنەما و مادانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به ‌ماف ‌و ئازادیه‌کان ‌و ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانه‌وه‌یه‌، به‌ڵگه‌ی ڕاستی ئه‌م بۆچونه‌یه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که ‌کێشەی ئەسڵی ئەم دەستورە ئەوەیە کە لە ڕوانگەی ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان‌‌و بنەمای ئینسانیەت‌ و مافی هاوڵاتیی یه‌کسان ‌و دابینکردنی بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵك لە دەسەڵاتی سیاسیدا نەنوسراوە ‌و سەرتاپا دەستورێکی کۆنەپەرست‌، دژی ئازادی‌، دژی ژنان‌و مافەکانی خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ سه‌رتاپای ئه‌م ده‌ستورە و ته‌واوی بڕگه ‌و ماده‌کانی، ڕه‌تبکرێته‌وه‌.
گرنگترین ئەو بنەمایانه‌ی که‌ئه‌م دەستوره‌ی له‌سه‌ر داڕیژراوه ‌و حوکمی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن هه‌ر هاوڵاتیه‌کی ئازادیخوازی کوردستانه‌وه دەکاتە مەسەلەیەکی پێویست بریتییە لە:
1- ئه‌م دەستوره‌ که ‌‌ڕوانگه ‌و ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی زاڵ کراوه ‌به‌سه‌ریدا و به‌نده‌کانی پێنوسراوه‌، پیرۆزیه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی له‌به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی کوردستاندا کردۆته‌ ئه‌به‌دی و مێژوویه‌کی خوێناوی و پڕ له‌کاره‌سات، که ‌حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیست و ئیسلامیه‌کان تێیان په‌ڕاندووه‌، خستۆته‌‌ شوێنی ژیانی واقعی و کرده‌ی ئازادیخوازی و جوڵانه‌وه‌ی به‌رهه‌قی هاوڵاتیانی کوردستانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ناکۆکه‌ له‌گه‌ڵ ‌ده‌ستورێکدا که‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتی له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆ‌ری ماف و ئازادیه‌کان و حورمه‌تی ئینسان ڕێک بخاو مۆری هیچ ئایدیۆلۆژیایه‌کی پێوه‌ نه‌‌بێت.
2- ئه‌م ده‌ستوره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پێناسەی نەتەوە نوسراوه‌ و پێناسەی هاوڵاتی بوونی یه‌کسان بۆ دانیشتوانی کوردستانی به‌یه‌کجاری سڕیوه‌ته‌وه‌. دابه‌شکردنی هاوڵاتیانی کوردستان بەسەر کورد و عەرەب‌ و تورکمان ‌و کلدان‌ و ئاسوری‌ و ئەرمەندا و لێره‌شه‌وه‌ دیاریکردنی مافەکانیان بەپێی ژمارەی زۆر و که‌می، به‌ پێویست جیاکاری ئەتنیکی و مەزهەبی و پله‌دووکردنی به‌شێک له‌هاوڵاتیانی کوردستان له‌ئاست ماف و ئازادیه‌کاندا جێگیر ده‌کا و مافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسانیان لێ زه‌وتده‌کات. بەپێی دەستور کوردزمان لە تورکمان ‌و کلدان ‌و عەرەب ‌و ئاسوری مافی زیاترە!!
3- ‌ئه‌م ده‌ستوره‌ شەریعەتی ئیسلامی کردوە بەبنه‌ما و سەرچاوەیەکی سەرەکی یاساکان‌ و نابێ هیچ یاسایەك دەربکرێ کە ناکۆکی هەبێ لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلامدا. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌یه‌ به‌مافی ئازادانەی باوەڕبوون بە دین یان نەبوون بەهیچ دینێك. هاوکات له‌ده‌ستورێکدا که‌ شەریعەتی ئیسلام بنەمای یاساو دەستور بێت‌، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر جێگایه‌ک بۆ یەکسانی ژن‌و پیاو لە یاسادا، ئازادی ڕه‌خنه‌و به‌یان، ئازادی دینی و بێدینی، ئازادی گه‌ڕان به‌دوای هه‌قیقه‌ت و زانست و بوون، ئازادی له‌په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عریفی و خۆنواندنی هاوڵاتیاندا.. ناهێڵێته‌وه،‌ به‌ڵکو سه‌رکوت و جیاکاری و توندوتیژی ئاینی و هه‌ڵاواردن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا ڕاده‌گرێ. نمونەی ژیانی خەڵکی ژێردەسەڵاتە ئیسلامیەکان‌و دەقەکانی ئیسلام پڕە لە بانگەشەی تیرۆر و جیهاد و سه‌رکوت و کوشتنی هاوڵاتیانی ناموسڵمانان.
4- ئه‌م ده‌ستوره‌ فیدڕالیزمی قه‌ومی کردۆته‌ بنامه‌ی ڕێکخستنی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق. بنه‌مایه‌کی ئاواش جگه‌ له‌وه‌ی پرس و ڕای خه‌ڵکی کوردستانی له ‌ڕیفراندۆمێکدا له‌ پشت نییه‌، هاوکات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌حزابه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی کورد، کوردستان له‌سه‌رو بڕیاری خه‌ڵکه‌که‌یه‌وه‌ لکێندراوه‌ به‌ده‌وڵه‌ت و ده‌ستورێکی عروبی و ئیسلامیه‌وه‌.
5- ئه‌م ده‌ستوره‌ که ‌له‌سه‌ر بنه‌مای پیرۆزکردنی خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوایی‌ و بازاڕی ئازاد داڕێژراوه‌، نه‌ک هه‌ر جیاکاری چینایه‌تی و بازاڕی کار و سه‌رمایه‌ی بازرگانان و سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن کۆمپانیاکان له‌به‌رامبه‌ر ژیانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و خه‌ڵکی هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌تدا ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی ده‌کات، به‌ڵکو کۆیله‌یه‌تی کاری به‌کرێ و کاری به‌زۆر ده‌کاته‌ ڕێگای به‌ده‌ست هێنانی بژێوی بۆ زۆرینه‌ی هاوڵاتیان. هاوکات به‌رپرسیارێتی حوکمه‌ت له‌دابینکردنی بیمه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ودابینکردنی لانی که‌می ژیان ده‌رده‌کێشێ و ده‌ست ڕاگه‌یشتنی هاوڵاتیان به‌ئاستێکی شایسته‌ی بژێوی و خزمه‌ت گوزاری ته‌ندروستی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بە قازنجی سه‌رمه‌یداران و یاسا کوێره‌کانی بازاڕه‌وه‌ گرێ ده‌داته‌وه‌.
6- ئه‌م ده‌ستوره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سنوردارکردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کان داڕێژراوه‌ و هێنده‌ ڕیگایان پێده‌دات که‌‌ده‌سه‌ڵات ده‌یخوازێ. ئازادی بێمه‌رجی هه‌ڵسورانی سیاسی، ئازادیه‌ شه‌خسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ژنان، ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕه‌خنه‌، ئازادی مانگرتن و ڕێکخراوبوونی کرێکاری، ئازادی خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆمه‌ڵی جه‌ماوه‌ری.. هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌”مه‌رجی ئاشتی و ناتوندوتیژی”یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه ‌و به‌جۆرێک ڕێگایان پێده‌درێ که ‌ده‌سه‌ڵات ده‌یخوازێ. ته‌نانه‌ت دەستور لەجێگای بەڕەسمی ناسینی ئازادی سیاسی‌، باسی فرەیی سیاسی دەکات. ئەمە پووچەڵکردنی ناوەڕۆکی ئازادی سیاسیە. سەبارەت بە ئازادی دامەزراندنی حیزبەکان‌و قەوارە سیاسیەکانیش، مەرجی ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان و سرودە نیشتمانیەکەی دادەنێت، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی ئازادی سیاسی‌و بیروبۆچوونه‌و فکری سیاسی لەچوارچێوەی فکری سیاسی ناسیۆنالیستی‌ و بۆرژوایی کورد و بەها ناسیۆنالیستیەکاندا تەنگەبەر دەکاتەوە. هەر لەسەرەتاوە مافی بزوتنەوە و قەوارە سیاسیە ناتەبا و جیاوازەکان لە ناسیۆنالیزم و بۆرژوای و مافی ئاڵوگۆڕی سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی لەو بزوتنەوانە دەسەنێتەوە.
7- لەمادەی ١١٩دا دەستور دەڵێ مافی ژیان‌و ئازادی مافی هەموو کەسێکە و نابێ لێی زەوت بکرێ و بەرتەسك بکرێتەوە بە یاسا. واتە نەبێ دەستور مافی کوشتنی یاسایی دەداتە دەستی دەوڵەت ‌و بەوجۆرە سزای سێدارە دەکاتە بەندێکی دەستوری هەرێمی کوردستان کە ئەمە لەگەڵ بەها مرۆییەکان‌ بەتەواوی ناکۆکە و گێڕانەوەی کۆمەڵگای کوردستانە بۆ ناو فەزای مرۆڤکوژی دەسەڵاتە سەرکوتەگەرە بۆرژواییەکانی ناوچەکە..
ده‌ستورێک که ‌ماده ‌و بڕگه‌کانی ئاو له‌م بنه‌مایانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌خواته‌وه‌، سه‌رتاپا کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ و ناکۆکه‌ له‌گه‌ڵ ژیان و ئازادی و یه‌کسانی و مافه‌کانی هاوڵاتیانی کوردستاندا. ئه‌م ده‌ستوره‌ نه‌شایسته‌ی خه‌ڵکی کوردستانه ‌و نه‌چاکسازی هه‌ڵده‌گرێ، بۆیه‌ ده‌بێ به‌خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و‌هه‌ڵبڕینی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی فراوانی کرێکاران و ژنان و لاوان و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی کوردستان، ڕه‌تبکرێته‌وه‌ و به‌زبڵدانی مێژوو بسپێردرێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له‌کاتێکدا که ‌ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌ریم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌ به‌ماف و ئازادیه‌کان و ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان ده‌یناسێنێ، بانگه‌وازی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات، که‌ بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ و ڕیگانه‌ده‌ن، له‌گه‌مه‌ی نێوان، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسێۆندا، ژیانی ئێستا و داهاتویان له‌سایه‌ی ‌ده‌ستورێکی قه‌ومی و ئیسلامیدا، یه‌خسیر بکرێ..

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
20/6/2013