حزب کمونیست کارگری کردستان – نامه سرگشاده دفتر سیاسی حزب در رابطه با ملاحظات این حزب در رابطه با انتخابات در کردستان عراق

حزب کمونیست کارگری کردستان – نامه سرگشاده دفتر سیاسی حزب در رابطه با ملاحظات این حزب در رابطه با انتخابات در کردستان عراق

بۆ بەرێز / ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران له‌ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان

بابەت/ تانوت لێدان
پاش سڵاو و رێز
لەرێگای ئەم نامەیەوە دەمانەوێ بەرێزتان ئاگادرکەین کە ئێمە تانوت ئەدەین لە بەڵگەنامەی کۆمسیۆن سەبارەت بە شێوازی ریکخستنی هەڵبژاردن، ئەمەش ئەو خاڵانەیە کە جێگای تانوت لێدانی ئێمەیە:
1- دانانی بنەمای قەومی و ئەتنیکی بۆ دەنگدەران‌و کاندیدبوون پێچەوانەی مەفهومی هاوڵاتی‌و مافی هاوڵاتی بوونە. دەبێ مافی خۆکاندیدکردن بۆ هەموو هاوڵاتیەکی کوردستان کە تەمەنی لەسەروو ١٨ ساڵەوە بێت‌و لەرووی عەقڵیەوە ئەهلیەتی هەبێ، دابین بکرێ بەدەر لەوەی سەر بەکام نەتەوەو زمان‌و ئەتنیکە.
2- ئەنجامدانی چەند هەڵبژاردن لەیەك کاتدا، بۆنمونە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و پارێزگاکان‌و سەرۆکایەتی هەرێم لەهەمان رۆژدا کێشەی جدی هەیە. لەلایەکەوە مافی دەنگدان لە هاوڵاتیان دەسەنێتەوە، چونکە هەر یەکێك لەو هەڵبژاردنانە دەبێ بەجیاواز ئەنجام بدرێ‌و بۆهەر یەکێك لەو هەڵبژاردنانە هاوڵاتیان دەنگێکیان هەیە. لەلایەکی دیکەوە ئەم چەند هەڵبژاردنە پێکەوە فرسەتی سەر لێتێکدانی خەڵک‌و تەزویرکردن و ئاڵۆزبون زۆر زیاتر دەکات..
3- سیستەمی هەڵبژاردن پیویستە بەشێوەی کراوەیی ئەنجام بدرێ و ئەو شێوەیەی ئێستا کە داخراو یان نیمچە کراوەیە گونجاو نیەو فرسەت نادات بە هاوڵاتیانی کوردستان بە ئازادانە خۆیان کاندید بکەن‌و هاوڵاتیانیش دەنگیان پێبدەن. بەڵکو خەڵك ناچار دەبێ دەنگ بە حیزب یان گروپێك بدات کە فڵان کاندیدی جێگای رەزامەندی ئەوە، لەکاتێکدا رەنگە ناوبراو نەیەوێ دەنگ بەو پارتە بدات و تەنها دەنگ بەو کاندیدە بدات.. ئەگەر هاوڵاتیەك حیزبێکی بەدڵ نەبێ ناتوانێ دەنگ بەو کاندیدە بدات… ئەم شێوازە وادەکات کە دەنگدانی ئازادانەی خەڵك لەکەدار بێت‌.
4- لەمادەی سێیەم، خاڵی ٢دا هاتوە: دانانی بڕی ( دە) ملیۆن دیناری عێراقی بۆ قەوارەی تاك‌و بڕی (پەنجا)ملیۆن دینار بۆ قەوارەی سیاسی(حیزب یان کۆمەڵە)… ئەم بەندە بەتەواوی مافی خۆکاندیکردن سنوردار دەکاتەوە بە کەسانی تاکی خاوەن سەرمایەو دەوڵەمەند و بەو حیزب و لایەنانەی کە سەر بەوچینەی کۆمەڵگان.. واتە کەسایەتی کرێکاری و هاوڵاتی کەمدەرامەت‌و حیزب و لایەنێك کە سەر بەو بەشەی کۆمەڵگا بێت و ئیمکاناتی دارایی نەبێ ناتوانێ کاندیدی هەبێت و بەوجۆرە ئەو بەشەی کۆمەڵگا لە نوێنەرانی خۆیان بێبەش دەبن لەناو پەرلەماندا… وەکو ئاگادارن دانانی مەرجی تەعجیزی لەوجۆرە لەو ووڵاتانەدا کە سیستەمی دەنگدان مێژویەکی دورو درێژی هەیە، بەرچاو ناکەوێ.. بۆنمونە لە بەریتانیا کەسێك کە خۆی بۆ ئەندامێتی پەرلەمان کاندید دەکات، تەنها ٥٠٠ پاوەند واتە نزیکەی ٧٥٠ دۆلارە لە کەنەدا ١٠٠٠ دۆلاری کەنەدیە، لە ئیرلەندا ٥٠٠ یۆرۆیە.. ئەو پارە بۆ هەر هاوڵاتیەکی سادەی ئەو وڵاتانە سەخت نیەو دەکرێ پەیدا بکرێ‌و ئەویش بۆئەوەی بەر بەوە بگرن کەسانێکی ناجدی ناوی خۆیان بنووسن. ‌
5- لە هەمان مادە، لەخاڵی ٧دا هاتووە: کە قەوارەی ناوبراو دەبێ لیستێك کە کەمتر نەبێ لە (دووهەزار)دەنگدەری لێهاتوو پێشکەش بکات.. ئەمەش بە ئاشکرا پێچەوانەیە بە ئازادی خۆکاندیدکردن‌و دەنگدان… ئەم مەرجە زیاتر بە قازانجی ئەو کەس‌و لایەنانە دانراوە کە لەپێشەوە دەنگەکانیان مسۆگەر کردوە نەك لەناو پرۆسەی هەڵبژاردنداو لەسەر جۆری پلاتفۆمی سیاسیان خەڵك دەنگیان پێ بدات.. بۆنمونە بۆ حزبێك کە هەزاران ئەندامی هەیەو ئەندامەکانی ناچارن دەنگی پێبدەن یان بۆ سەرۆك عەشیرەتێك کە سەدان کەس رەعیەتی هەبێ دەگونجێ ، بەڵام بۆ هاوڵاتیەکی ئازادی کۆمەڵگای هاوچەرخ ناگونجێت. ئەمە پێچەوانەی مافی یەکسانی خۆکاندیدکردن‌و هەڵبژاردنە…
6- لەمادەی چوارەمدا خاڵی ٢ دا هاتوە کە ئەو قەوارەیەی کورسیەکی نەهێنا پارە دانراوەکەی بۆ ناگەرێتەوە.. ئێمە لە خاڵی یەکەمدا تانوتمان لەوە بوو کە ئەو پارە زۆرە داتان ناوە مەحدودیەتە لەسەر ئازادی خۆکاندیدکردنی هاوڵاتیان‌و لایەنە سیاسی‌و رێکخراوەکان کە خاوەنی دارایی زۆر نین. کاتێك کە ئەو پارە زۆرە لەبەرچاوبگیرێ، دانانی ئەو مەرجە دەبێتە رێگریەکی جدی و خەوشێکی جدی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و خۆکاندیدکردن‌و دەنگدان… چونکە رەنگە لایەنێك یان کەسێك بتوانێ ئەو برە پارەیە وەکو بارمتە دابنێ بۆ نیشاندانی جدیەتی خۆی لە پەیوەند بە بەشداریکردنەوە، بەڵام کاتێك نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێ کە ئێوە داتان ناوە، وەکو سزادان زەرەرێکی مالیشی بەسەردا دەسەپێنن..
7- مەسەلەیەکی زۆر گرنگ کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا لەلایەن ئێوەوە بایەخی پێ نادرێ، دابینکردنی هەلومەرجی یەکسانە بۆ سەرجەم کاندیدەکان.. لەهەر وولاتێکی دیموکراتیكدا بۆئەوەی فرسەتی یەکسان دابین بکرێ بۆ کاندیدەکان بۆ ناساندنی بەرنامەی خۆیان بە هاوڵاتیان‌و دەنگدەران، دەوڵەت پشتیوانی مالی دەکات لە کاندیدەکان‌ بۆ ریکلام کردن.. لەهەڵبژاردنەکانی کوردستاندا ئەو حیزبو لایەنانەی کە لەسەر داهاتی خەڵك‌و لە پارەی بودجەو سەرمایەی کۆمپانیاکانیان دەتوانن کەناڵی راگەیاندنی جۆرواجۆرو کەناڵی ئاسمانیان هەبێ دەتوانن کاریگەری لەسەر دەنگی هاوڵاتیان بکەن، بەڵام کەس و لایەنێك کە ئەو ئیمکانەیدات نەبێت ئەو فرسەتەی نابێت‌و بەوجۆرە مافی یەکسانی خۆ کاندیدکردن دەبێتەقسەو هیچی تر.
ئەو خاڵانەی سەرەوە بەڵگەن بۆ ئەوەی کەسیستەمی هەڵبژاردنی کوردستان و بەڵگەنامەکەی ئێوەش دوورن لەوەی کە فرسەت بۆ هەڵبژاردنی یەکسان و ئازاد بۆ هاوڵاتیان‌و لایەن‌و حیزبەکانی کوردستان دابین بکات، بۆیە لەروانگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مافی هاوڵاتیان ئێمە تانوت ئەدەین لەم بەڵگەنامەیە و داواتان لیدەکەین ئەو کەموکوری‌و رێگریانە هەڵگرن تا زەمینەی بەشداری ئازادانەی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا دابین بکرێ.
ئامادەین بەشداری بکەین لە دارشتنەوەی بەڵگەنامه‌یەکی گونجاوودا.
بەسڵاوی دووبارەوە…..

شوکاک عبدالستار
به‌رپرسی سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
1\6\2013