حزب کمونیست کارگری کردستان – انتخابات پارلمانی منطقه ای کردستان فقط برای سرمایه داران و احزابشان است !(بزبان کردی)

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم تەنها بۆ سەرمایەداران‌و پارتەکانیانە !
ئەنجومەنی کۆمیسیارانی باڵای هەڵبژاردنەکان بەڵگەنامەی سیستەمی تۆمارکردنی قەوارە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردۆتەوە کەناکۆکی بنەرەتی هەیە لەگەڵ سیستەمی ئازادانەی خۆکاندیدکردن‌و دەنگدانی هاوڵاتیاندا، بەڵکو لەگەڵ پێوانە بۆرژواییەکانی هەڵبژاردن‌و دەنگدانیشدا نایەتەوە. ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ لەلایەکەوە مافی خۆکاندیدکردن بۆ سەرمایەداران‌و دەوڵەمەندان‌و حیزبەکانیان قۆرخ دەکات، لەلایەکی دیکەوە چه‌ندین مه‌رجی یاسایی و مادی داناوه‌ له‌به‌رده‌م خۆکاندیکردنی کرێکاران و هاوڵاتیانی که‌مده‌رامه‌تدا. جگه‌له‌مه‌ش داسه‌پاندنی پێناسەی قەومی و ئەتنیکی ‌بنه‌مایه‌کە بۆ دەنگدەران‌و کاندیدبوونی هاولاتیان کە مافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسانی بۆبه‌شداریکردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سڕیوه‌ته‌وه‌ و ناوه‌ڕۆکێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی قه‌ومی و ئه‌تنیکی پێبه‌خشیوه‌. هه‌مووئه‌مانه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن که‌پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و به‌شداری هاولاتیان تیایدا، هەر لە سەرەتاوە بە قازانجی حزبە دەسەڵاتدارەکانی وه‌ک پارتی و یەکێتی برواته‌ پێشه‌وه‌.

دیاریکردنی ئەنجامدانی چەند هەڵبژاردن لەیەك کاتدا، کە کۆمیسیۆنی ناوبراو ئامادەیی نیشان داوە بۆ ئەنجامدانی، له‌وانه‌ش هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و پارێزگاکان‌و سەرۆکایەتی هەرێم لەهەمان رۆژدا، جگه‌ له‌وه‌ی مافی دەنگدان لەبه‌رده‌م هاوڵاتیاندا قه‌تیس دەکات‌، تەنها بۆیەكجار ئەومافەیان پێدەدات‌. هاوکات فه‌زایه‌کی ئاڵۆز و فرسەتی سەر لێتێکدان بۆ خەڵک‌ پێکدێنی و بواریش بۆ تەزویرکردن بۆ حزبه‌کانی ده‌سه‌لات و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژازی ده‌خوڵقێنێ‌.

دانانی هەڵبژاردنەکانی ئێستا بەداخراو یان نیمچە کراوە گونجاو نیەو فرسەت نادات بە هاوڵاتیانی کوردستان بە ئازادانە خۆیان کاندید بکەن‌و خەڵکیش دەنگیان پێبدەن، بەڵکو خەڵك ناچار دەکەن دەنگ بە حیزب یان گروپێك بدات کە فڵان کاندیدی جێگای رەزامەندی ئەوە. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌سیستەمی هەڵبژاردن پیویستە بەشێوەی کراوەیی ئەنجام بدرێ تا خەڵك ناچار نەبێ بەوشێوەیە دەنگ بدات. شێوەی هەڵبژاردنی کراوە رێگا دەکاتەوە بۆ خەڵک نوێنەرەکانی خۆیان ئازادانە هەڵبژێرن جا ئەو نوێنەرە سەر بە هەر حزبێک بێت. لە هەمانکاتدا دەوری دەبێت لە کەمکردنەوەی دەستێوەردانی راستەوخۆی حزبەکان لەکاروباری پەرلەمان و حکومەتدا.
لەمادەی سێیەم، خاڵی ٢ی به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی کۆمیسیۆندا هاتوە: دانانی بڕی(دە) ملیۆن دیناری عێراقی بۆ قەوارەی تاك‌و بڕی (پەنجا)ملیۆن دینار بۆ قەوارەی سیاسی(حیزب یان کۆمەڵە)… به‌ئاشکرا مافی خۆکاندیکردن به‌سه‌رمایه‌ و داهاته‌وه‌ ده‌به‌ستیته‌وه‌ و هاولاتیه‌ک که‌ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیمکانه‌ی نه‌بێت له‌مافی خۆکاندیدکردن بێبه‌ری ده‌کرێت، له‌ولاشه‌وه‌ تاکی خاوەن سەرمایەو دەوڵەمەند و ئەو حیزب و لایەنانەی کە سەر بەوچینەی کۆمەڵگان، به‌هۆی ئیمکاناتی مادی و بودجه‌ی پێدراویانه‌وه، له‌م مافه‌ به‌هره‌مه‌ند ده‌بن. ئه‌مه‌ش جیاکاریه‌کی ئاشکرایه‌ و دژایه‌تیکردنی پره‌نسیپی مافی به‌شداریکردنی یه‌کسانه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌دانانی مەرجی تەعجیزی لەم جۆرە لەو ووڵاتانەدا کە سیستەمی دەنگدان مێژویەکی دورودرێژی هەیە، بەرچاو ناکەوێ.

لە هەمان مادە، لەخاڵی ٧دا هاتوە: کە قەوارەی ناوبراو دەبێ لیستێك کە کەمتر نەبێ لە(دووهەزار)دەنگدەری لێهاتوو پێشکەش بکات. ئەمەش بە ئاشکرا پێچەوانەیە بە ئازادی خۆکاندیدکردن‌و دەنگدان. ئەم مەرجە زیاتر بە قازانجی ئەو کەس و لایەنانە دانراوە کە لەپێشەوە دەنگەکانیان مسۆگەر کردوە نەك لەناو پرۆسەی هەڵبژاردنداو لەسەر جۆری پلاتفۆرمی سیاسیان خەڵك دەنگیان پێ بدات. بۆنمونە بۆ حیزبێك کە هەزاران ئەندامی هەیەو ئەندامەکانی ناچارن دەنگی پێبدەن یان بۆ سەرۆك عەشیرەتێك کە سەدان کەس رەعیەتی هەبێ دەگونجێ، بەڵام بۆ هاوڵاتیەکی ئازادی کۆمەڵگای هاوچەرخ یان حیزبێکی سیاسی مۆدێرن کە لەپرۆسەی دەنگداندا هاوڵاتیان بە پلاتفۆرمەکەی ئاشنابن و دەنگی پێبدەن، ناگونجێت. ئەمە پێچەوانەی مافی یەکسانی خۆکاندیدکردن‌و هەڵبژاردنە.

مەسەلەیەکی زۆر گرنگ کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بایەخی پێ نادرێ، دابینکردنی هەلومەرجی یەکسانە بۆ سەرجەم کاندیدەکان.. لەهەر وولاتێکی دیموکراتیكدا بۆئەوەی فرسەتی یەکسان دابین بکرێ بۆ کاندیدەکان بۆ ناساندنی بەرنامەی خۆیان بە هاوڵاتیان‌و دەنگدەران، دەوڵەت پشتیوانی مالی دەکات لە کاندیدەکان‌ بۆ ریکلام کردن.. لەهەڵبژاردنەکانی کوردستاندا ئەو حیزب و لایەنانەی کە لەسەر داهاتی خەڵك‌و لە پارەی بودجەو سەرمایەی کۆمپانیاکانیان دەتوانن کەناڵی راگەیاندنی جۆرواجۆرو کەناڵی ئاسمانیان هەبێ دەتوانن کاریگەری لەسەر دەنگی هاوڵاتیان دابنێن، بەڵام کەس و لایەنێك کە ئەو ئیمکانەی نەبێت ئەو فرسەتەی نابێت‌و بەوجۆرە مافی یەکسانی خۆ کاندیدکردن دەبێتەقسەو هیچی تر.

ئەو خاڵانەی سەرەوە بەڵگەن بۆ ئەوەی کەسیستەمی هەڵبژاردنی کوردستان به‌پێی پێڕه‌و و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک که‌کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌سه‌ری ده‌روات، به‌ته‌واوه‌تی دوورە لەوەی کە فرسەت بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد له‌به‌رده‌م هاوڵاتیان‌و لایەن‌و حیزبەکانی کوردستاندا بکاته‌وه‌. بۆیه‌ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان به‌هوشیاری زۆره‌وه‌ له‌مافی خۆیان بڕوانن و نابێ ڕیگا به‌ یاسا و ‌شیوازێک بده‌ن که‌کۆمیسیۆن له‌دژی ماف و ئازادیه‌کانی ئه‌وان له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا به‌ده‌ستیه‌وه‌ گرتووه‌.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پێشنیارده‌کات که‌ئه‌م خاله‌نه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ سازدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو یه‌کسان په‌یڕه‌ویان لێبکرێ:
1/ مافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسان بنه‌مای به‌شداری و خۆکاندیدکردنی هه‌ر تاکێکه‌ که‌دانیشتووی کوردستانه‌ و به‌م پێیه‌ش خۆکاندیدکردنی هه‌ر هاوڵاتیەکی تەمەن سەروو ١٨ساڵ، به‌بێ جیاوازی قه‌ومی و ئاینی و ڕه‌گه‌ز و بیرورا، که‌لەرووی عەقڵیەوە ئەهلیەتی هەبێ، وه‌ک پره‌نسیپێکی سه‌ره‌کی و پارێزراو چاوی لێبکرێ.
2/ ده‌بێ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم، په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان، لێک جایابکرێنه‌وه‌ و هه‌رکامه‌یان به‌سه‌ربه‌خۆ رێکبخرێن. هاوکات ده‌بێ سیستەمی هەڵبژاردنه‌کان بەشێوەی کراوەیی له‌هه‌ریه‌ک له‌م ئاستانه‌دا ئەنجام بدرێ، تا زۆرترین بوار بدات بە هاوڵاتیانی کوردستان بە ئازادانە خۆیان کاندید بکەن‌و هاوڵاتیانیش دەنگیان پێبدەن و ناچار نه‌کرێن دەنگ بە حیزب یان گروپێك بدەن.
3/ هه‌ڵگرتنی هه‌رجۆره‌ رێگری و مه‌رجێک بۆ خۆکاندیدکردنی هاولاتیان، له‌وانه‌ دانی پاره‌و هێنانی ژماره‌یه‌ک ده‌نگی پێشوه‌خت.
4/ دابینکردنی که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن و ئیمکاناتی پێویست له‌به‌رده‌م کاندیدە‌کان، به‌یەکسانی له‌لایه‌ن حکومەتەوە‌.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان به‌مه‌به‌ستی دابین کردنی فه‌زایه‌کی ئازادانه‌ بۆبه‌شداری کرێکاران و هه‌لسوراوانی جه‌ماوه‌ری وهاولاتیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، بانگه‌وازده‌کات که ‌مل به‌یاساو شێوازه‌کانی ئیستای کۆمیسیۆن نه‌ده‌ن و بۆ هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی ده‌نگی ناره‌زایه‌تی هه‌ڵبڕن.
مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٩-٥-٢٠١٣

 

 


Shukak Abdulstar
Skrtaryaty Maktaby Syasy
00964 770 76 79 334 – 7\24
00964 (0)53 320 89 31 -2 :00 pm — 500 pm (Bagh. )