سەرکەوتنی ئێوە، سەرکەوتنی هەموومانە!
” سەبارەت بەدادگاییکردنی مەلا مەزهەر”
ئەمڕۆ ٦-٢-٢٠٢٠ رۆژی بڕیاردان بوو لەسەر دادگاییکردنی مەلا مەزهەر خۆراسانی بەهۆی ئەوەی سوکایەتی بە ژنان و رێکخراوەکانی ژنان کردوە. دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ ئیدانەکردنی ناوبراو بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد.
گومان لەوەدا نیە کە یاساکان و سیستەمی دادوەری کوردستان، کە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام داڕێژراوە، چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێ بڕیارێك لەبەرژەوەندی ژنان دەربکات لەسەرئەوەی سوکایەتیان پێکراوە. نەك لەبەرئەوەی وەکو دادگا ڕایگەیاندوە گوایە بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نەبووە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە پێگەی ژن لە ئیسلام خۆیدا نزم و بەچاوی سوك سەیری دەکرێت. یاسای پەسەندکراوی فرەژنیی پەرلەمانی کوردستان نمونەیەکی هەرەقێزەونی ئەم سووك سەیرکردنەی ژنان و ئەم سیستەمە دژە ژنەی دادوەریە لەهەرێمی کوردستان.
هەربۆیە سیستەمی دادگاو دادوەری لەکوردستان، وەك بەشێک لەسیستەمێکی حکومڕانی بۆرژوازی کورد بەیەکجاری کۆنەپارێزو پیاوسالارانەیە و لەبەرژەوەندی جێگیرکردنی مافی ژنان و یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاواندا نیە، بەڵکو بۆ قوڵکردنەوەی جیاکاری چینایەتی وناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەپاندنی کۆنەپەرستیە، وەک ئەڵقەیەکی تەواوکەری سیاسەتی هەژارکردن و برسیکردنی هاولاتیانی کوردستان. خودی ئەوەی کە دەزگاکانی حکومەت لەم کەیسەدا کەمترین بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بەهەرەشەو جنیوفرۆشی مەلاو پیاوانی ئاینی لەئەستۆنەگرت و لەبری ئەوەی خۆیان جنێوفرۆشان دادگایی بکەن، بوونە تەماشاچی، ئیتر بێبەری کردنی مەلا مەزهەر سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم سیستەمە ناتوانێ بەرگری لە کەرامەت و شەخسیەتی ژنان بکات، بەڵکو بەکردەوە لەپاڵ کۆنەپەرستی دینی و بانگەشەی بەکەم و سوك سەیرکردنی ژناندا ڕادەوەستێ. سیستەمی دادوەری کوردستان دەبێ لەسەر بنەمای مەدەنیەت و یاساو رێساو بەها هاوچەرخ و ئینسانیەکان دابمەزرێ نەك لەسەر بنەمای شەریعەت و یاسا و رێسا ئاینیەکان.
لەگەڵ ئەوەدا کە پرۆسەی دادگاییکردنە، کە جەوهەری دژە ژن بوونی سیستەمی دادوەری کوردستان و یاساکانی خستەڕوو، ئەوا لە دیوێکی دیکەیدا، جورئەت و ڕاوەستاویی ژنان و پیاوانێکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی نیشاندا و بەرجەستەی کرد کە ئامادەن بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان و کەرامەتی و کەسایەتی ژنان و بەرپاکردنی بەهاو پرەنسیپە ئینسانی و مۆدێرن و یەکسایخوازەکان لە کۆمەڵگای کوردستان بەگژ رێگریە یاسایی و کۆمەڵایەتی و بگرە سیاسیەکاندا بچنەوە. ئەوەی نیشان دا کە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا سەرباری هاتوهاواری بەرەی کۆنەپەرستی و پشتیوانی دارایی و سیاسی و لۆجستیکی دامەزراوەو دەزگا میدیایی و فەرمیەکان، لەو بەرە کۆنەپەرست و دەنگە نەشیاوانە، بزوتنەوەیەکە کە فرسەتی پێشرەوی هەیەو دەتوانێ ببێتە جێگای ئومیدو خەباتی هەزاران ژن و پیاوای یەکسانیخوازی کوردستان. پرۆسەی داگاییکردنەکە، ململانێی نێوان دوو جەمسەری کۆمەلایەتی- سیاسی بوو کە لەسەرێکیان کۆنەپەرستی ئاینی و کەلتوری بێدەنگکردن و سەرکوت نوێنەرایەتی دەکراو لە سەرەکەی تریەوە یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و ئیرادەو بەها مرۆییەکان نوێنەرایەتی دەکر! بەهار مونزیرو مەلا مەزهەر وەکو نوێنەری دوو جەمسەری پێشکەوتنخوازی و کۆنەپەرستی لە دادگادا ڕوبەڕوی یەکتربوونەوە.
حزب و بزوتنەوەی ئێمە، هەروەکو چۆن لەماوەی سێ دەیەی ڕابروودا لەپاڵ ئەم بزوتنەوە یەکسانیخوازیەدا و لەپاڵ هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرانی ژن و پیاوی یەکسانیخوازدا وەستاوە و بەرگری لە مافە ئینسانی و جیهانداگرەکانی ژنان کردوەو مێژوویەکی پرشنگداری بۆخۆی تۆمارکردوە، بەهەمانشێوە و بە تەواوی تواناوە لەپاڵ بزوتنەوەکەو رێکخراوە و کەسایەتیە خەباتکارو یەکسانیخوازەکانی و بەهار مونزیرو سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانەدا لە ژنان و پیاوان ڕادەوەستێ کە لەسەنگەری خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی ژنان تێدەکۆشن. هەر لەم سۆنگەیەشەوە خۆی بەبەشێك لە هەوڵەکانی ئەو ژن و پیاوە تێکۆشەر و یەکسانیخوازانە دەزانێ کە سەرکەوتنێکیان بۆ ژنانی کوردستان تۆمارکرد و سەرباری بڕیاری دادگا، مەلایان ناچارکرد کە لەو سوکایەتیکردنە پەشیمان بێتەوەو ببێتە دەرسێك بۆ ئەو مەلا و کۆنەپەرستانەی دیکە کە لەمەودوا هەزارو یەك حساب بۆ قسەکانیان بکەن کاتێك باسی ژن و کەسایەتیان دەکەن.
بژی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و پیاوانی کوردستان
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان/ ٦-٢-٢٠٢٠
—