بڕیارنامە سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی ئێستا‌ی کوردستان و ئاڕاستەی سیاسی حزب!
بەدوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧دا، هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و ڕەوشی یاسایی ئێستا‌ی کوردستانی عێراق، لەسایەی دەسەڵاتی حزبە میلیشیاکانی کوردایەتیدا، ڕاستەوخۆ و جارێکی دیکە گرێدرایەوە بە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری عێراقەوە.ئەو ڕەوتە باڵاده‌سته‌ی نێو خێزانی چینی بۆرژوازی و بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورددا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی دەکرد و تا ئەوکاتە خاوەنی ستراتیژی سەربەخۆیی ئابوری و سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بوو، به‌یه‌کجاری پاشەکشەی کردوەو شکستی هێناوە. به‌مجۆره‌ش له‌ئێستادا بۆرژوازی کورد و هێزە سیاسیە سەرەکیەکانی لەلایەک هەوڵ ئەدەن ستراتیژی خۆیان لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا بگونجێنن و حاکمیه‌تی خۆیان و سیستمە ئابوریه‌کەیان لەپەیوەند بەبەغداو ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، ڕیکبخه‌نه‌وه، لەلایەکی تریشەوە لە کابینەی نوێی حکومەتدا، لە هاوسەنگیەکی تازەدا جۆرێك یەکڕیزی و ئینسجام نیشان بدەن. لەکاتێکدا هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌لایه‌ن کابینه‌ی نوێوه لەژێر ناوی چاکسازیدا به‌ئاراسته‌ی ڕێکخستنه‌وه‌ی پێکهاته‌کانی حکومه‌ت و بواری وه‌به‌رهێنان و داهات و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی سه‌رمایه، ده‌ستی بۆبراوه، کە لەناوەڕۆکدا جگه‌له ده‌ستبردن بۆ سیاسه‌تی لێگرتنه‌وه‌ی ئابوری و په‌لاماردانێکی فراوان بۆسه‌ر ئاستی ژیان و گوزه‌رانی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش شتێکی تر ناباتە پێشەوە
له‌چوارچێوه‌ی ڕه‌وه‌ندێکی ئاوادا ئه‌و حزب و لایه‌نه بەناو ئۆپۆزسیۆنانەی که‌لەناو هه‌مان سیسته‌می دەسەڵاتدارێتیدا ئاماده‌ییان هه‌یه، لەوانه گۆڕان و حزبە ئیسلامیەکان، به‌هه‌ندێ گله‌ی و گازنده‌وه هه‌مان ستراتیژی گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غداو په‌یڕه‌ویکردن له”پڕۆژه‌ی چاکسازی کردنی حکومه‌ت”یان په‌سه‌ندکردووه و به‌م جۆره‌ش هه‌م وه‌کو هێزگه‌لێکی پاشکۆ و هاوڕاو ملکەچی نەخشەو سیاسەتەکانی پارتی و یەکێتی، جێگایان گرتووه و هه‌م ئیعتباری سیاسیان له‌نێو خه‌ڵکی ناڕازی کوردستاندا به‌ره‌ولاوازی ڕۆیشتوه.
راپه‌ڕینی شاره‌کانی عێراق ته‌واوی هاوکێشەی سیاسی پێگەو جێگای هێزە سیاسیەکانی عێراق و هاوسەنگی نیوانیانی گۆڕیوه‌و ته‌وافقات و رێکەوتنەکانی پێشوی نێوانیانی به‌کرده‌وه به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه بردووه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ڕاسته‌وخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان بەگشتی و پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، بەتایبەتی داناوە. خودی ده‌ستله‌کار کێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ژێرکاریگه‌ری ڕاپه‌ریندا هه‌موو ئه‌و ئومید و هه‌وڵانه‌ی که له‌دانوسانه‌کانی نێوان به‌غداو هه‌ولێردا سه‌وزبوون، له‌بنه‌وه وشک و پوچه‌ڵ بونه‌ته‌وه. بێگومان دۆخێکی ئاوا په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌لات و جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێش و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیان لە کوردستان له‌دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم به‌ره‌و قۆناغێکی تازه‌ی خه‌بات و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه ده‌بات.
روبەڕووبوونەوەی ئەم دوایانەی نێوان ئەمریکاو ئێران، کەبەدوای خۆیدا فەزای جەنگی و میلیتاریزم و شەپۆلێک لەتیرۆریزم و کاولکاری برەو پێداوە، دۆخێکی نائەمنی و ترس و دڵەڕاوکێی بەسەر کۆمەلگادا زاڵکردووە و هاوکات مەترسیەکی جدیشی لەسەر ئایندەی خرۆشانە جەماوەریەکانی عێراق و هەلومەرجی شۆڕشگێرانە پێکهێناوە. ناجێگیری و مەترسی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی عێراق و ململانێ و شەڕو پێکدادانی نێوان هێزو ڕەوتەکانی بۆرژوازی عەرەبی و عێراقی و دەستەو تاقمی میلیشیاییان لەسەر دەسەڵات، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران‌دا ئەگەری ئەوە هەیە ئاڕاستەی ڕوداوەکانی شارەکانی کوردستان پەلکێشی هەمان دۆخێكی نائارام وبارگرژی بەرێت کەلە ناوەڕاست و خواروی عێراقدا هەیە. بەمەش هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵكی کوردستان دەکەوێتە دۆخێکی خراپترەوەو بەهانەیەکیش دەداتەدەست دەسەڵاتداران تا هەم فشارەکانی خۆیان بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك توندوتر و فراوانتر بکەنەوەو هەم سەرکوتی هەرجۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی جەماوەری بکەن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ڕەچاوکردنی ئەم هەلومەرجە سیاسیە تازەیەی کەعێراق و کوردستانی تێکەوتوە، ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی خۆی به‌م ئاراستانه‌دا دیاری دەکات؛
١/ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان وەک بەشێک لەخەباتی کۆمۆنیستەکان وحزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق، بۆ دیفاع لەڕاپەڕینی جەماوەری و خواستەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو رادەوەستێ و بۆ هێنانەمەیدانی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر ململانێ و شەڕی تیرۆریستان‌دا، لەدەوری دروشمی ” نا بۆ جەنگی تێرۆریستان، بژی ڕاپەڕینی جەماوەری و خواستەکانی” تێدەکۆشێت.
٢/ هەوڵدەدات خەڵکی کوردستان لە ئاکامە مەترسیدارەکانی ئەم دۆخە هوشیار بکاتەوە و هەر جۆرە هەوڵێکی دەسەڵاتداران و حزبە ئیسلامیەکان بۆ ڕاکێشانی خەڵکی کوردستان بۆ ژێرسایەی هەریەک لەبەرەی تیرۆریستان لەژێر ناوی “دۆستانی کورد” دا، ڕیسوا و مایەپووچ بکات .
٢/ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لەهەر هەلومەرجێکدا هەوڵ دەدات بەپێی توانا رێکخراوەیی و جەماوەریەکانی، ئامادەسازی پێویست بکات بۆ هێنانەمەیدانی جه‌ماوه‌ر به‌ڕووی ده‌سه‌لاتدا لەدژی هەوڵەکانی بۆ شکاندنەوەی بارودۆخی قەیرانگرتووی سیاسی و ئابوری بەسەر خەڵکداو له‌ده‌وری لائیحه‌ی داخوازیه‌کانیان یه‌کگرتوو ریکخراویان بکات. له‌م په‌یوه‌نده‌دا حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان قورساییەکی تایبەت دەخاتە سەر بەرینکردنەوەو بەهێزکردنی جموجوڵە کرێکاریە سەربەخۆکان بۆ خواست و داواکاریە ئابوریەکان و توندوتۆڵکردنی تۆڕ‌و کۆڕوکۆمەڵە کرێکاریە خەباتکارەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە ڕابەریکردنی خەبات و تێکۆشانە کرێکاریەکان…
٣/ تێده‌کۆشێت بۆ لێکهه‌ڵپێکان ویه‌کخستنی ناڕه‌زایه‌تی به‌شه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌یه‌ک جوڵانه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری جه‌ماوه‌ری وشۆڕشگێرانه، که پایه‌کانی خۆی له‌ناوه‌ندی شاره‌کان، له‌کارگه‌و گه‌ڕه‌ک وزانکۆ ودامه‌زراوه‌کاندا داکوتابێ وله‌شورا وڕیکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری جۆراوجۆردا یه‌کگرتوبێت.
٤/ به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی ڕابه‌ریه‌کی شۆڕشگێر وکارامه، هه‌وڵده‌دات بۆ لێک نزیککردنه‌وه و یه‌کخستنی هه‌ڵسوراوان و ڕابه‌رانی سه‌راسه‌ری و محلی ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کان ودابین کردنی ڕابه‌ریه‌کی سیاسی که‌بتوانێ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو تا به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کان، جه‌ماوه‌ری ناڕازی ڕێنمایی و ڕابه‌ری بکات.
٥/ لەسەر ئاستی جیهانیدا حزب هەوڵدەدات کاربکات بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکاری و ئازادیخوازی بۆ ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کرێكارو زەحمەتکێشی کوردستان و خواستە ڕەواکانیان، بەتایبەتیش لەئێستادا بەڕووی فەزای جەنگی و توندبوونەوەی جەنگی تیرۆریستان و ئاکامەکانیدا.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان جارێکی تر ڕایدەگەیەنێ کەبۆرژوازی کورد وحزبەکانی دەسەلاتی پێداگری له سه‌ر ئه‌و ڕاستیه ده‌کاته‌وه که ده‌سه‌ڵات و سیستەمێک که‌حزبه بۆرژوا ناسوینالیسته‌کان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا دایان سه‌پاندوه، نه‌چاکسازی هه‌ڵده‌گرێ و نه‌ده‌توانێ چاکسازی به‌قازانجی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش بگرێته‌به‌ر، هه‌ر بۆیه وه‌لانان و کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌لاتی ئێستا‌ی ئه‌م حزبانه خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌یە بە ئاراستەی به‌ده‌ستهێنانی ئازادیه‌کان و باشکردنی ژیان و گوزه‌رانی زۆرێنه‌ی هاوڵاتیاندا. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دامەزراندنی حکومەتی شورایی وەکو بەدیلی دەسەڵاتی جەماوەری و شێوازی دەسەڵاتی سیاسی جێگرەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورد ڕادەگەیەنێ کەلەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەوخۆ و بەشداری ڕاستەوخۆی جەماوەری لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئیداری و ئابوری ووڵاتدا دادەمەزرێت.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان
کانونی دووەمی ٢٠٢٠
—
عرفان کریم
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان