! لیستی نەتەوەیی پێناسەی ئینسانی و هاوڵاتیبوون لە خەڵکی کەرکوك زەوت دەکات
حزب و لایەنە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکانی کوردستان و هەندێ لایەنی دیکە ، لیستێکی هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنەکانی کەرکوك بەناوی “لیستی کەرکوك کوردستانیە” ڕاگەیاندووە، بەو مەبەستەی بتوانن دەنگی دانیشتوانی کوردزمانی ئەو ناوچەیە لەرێگەی هاندانی هەستوسۆز و جیاکاری نەتەوەییەوە، زیاتر بۆخۆیان دابین و مسۆگەر بکەن. بەهەمان شێوەش حزب و لایەنە بۆرژواییە ناسیۆنالیست و ئیسلامیە عەرەبی و تورکمانیەکان سەرقاڵی ئەوەن کە خۆیان وەکو نوێنەرانی دانیشتوانی عەرەب زمان و تورکمان بەوان قبوڵ بکەن. بەمجۆرە ئەم لایەنە ناسیۆنالسیت و ئیسلامیە ڕەنگاوڕەنگانە لە ململانێیەکی قێزەونی سیاسیدا، هەوڵی ئەوە دەدەن کە خەڵکی ئەم شارە بکەنەوە بەگژی یەکترداو بیانکەنە دوژمنی یەکتر تا بەوجۆرە بیانخەنە پشتی خۆیان و ژمارەی کورسیەکانیان بڕێك زیاتر بکەن، لەو ڕێگایەشەوە ئیمتیازاتێکی سیاسی و دەستکەوتی مادی بۆحزبەکانیان و بەرپرسانی مشەخۆرو سەرمایەدارانی نەتەوەکانیان بەدەست بهێنن.
دانیشتوانی کەرکوك، کە ساڵەهایە لەپاڵ یەکتردا پێکەوە دەژین و کاردەکەن، پەیوەندی دۆستایەتی و کۆمەڵایەتی و ئینسانیان لەنێو خۆیاندا پێکهێناوە، بەڵام حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیە عەرەبی و کوردی و تورکمانیەکان چەندین ساڵە خەریکن لەرێگای داتاشینی پێناسەی درۆینەی نەتەوەیی و بێبەشکردنیان لە پێناسەی هاوڵاتی، هەمیشە بەشوێن ئەوەوە بوون کە هاوڵاتیانی سەر بەو زمانە جیاوازانە دوژمنی یەکتر. ئەوان لە رێگای داماڵینی خاسیەتی ئینسانی وهاووڵاتیبوون و بە ناسنامەی نەتەوەییەوە ئەو خەڵکە ناچار دەکەن کە وەکو نوێنەرانی خۆیان تەماشایان بکەن و دەنگیان پێ بدەن. بەم شێوەیە لەرێگەی بێئیرادەکردنی جەماوەرو هەژمونی بۆگەناوی نەتەوەپەرستی و دینیەوە سامان کەڵەکە دەکەن و لە بازرگانی نەوت و وەگەڕخستنی کۆمپانیاکانیان و دەست بەسەراگرتنی داهاتی گشتیدا شەریك بن و هاوڵاتیانی کەرکوکیش، بەهەموو زمان و ڕەنەگەکانیانەوە بێجگە لە دوکەڵی نەوتەکە، هیچ شتێکی تریان بەنسیب نەبێ. دانیشتوانی شاری کەرکوك یەکێکە لەو شارانەی کە لەنێوان چاوچنۆکی و تاڵانچێتی و جەردەیی ئەم حزبو گروپە نەتەوەپەرست و ئیسلامیانەدا بوەتە قوربانی و لەکەمترین خزمەتگوزاری شارستانی و کۆمەڵایەتی و ئارامی و ژیانیکی ئاسودە بەهرەمەندە .
دروستکردنی لیستی نەتەوەیی لەلایەن حزبە بۆرژواییە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە عەرەبی و کوردی و تورکمانیەکانەوە، سیاسەت و هەنگاوێکی کۆنەپەرستانەو شۆڤێنیستیانەو ژەهراویەو دەبێت سەرکۆنە بکرێت، پێناسەی هاوڵاتی و ئیناسانی لەخەڵکی کەرکوك زەوت دەکات و دەرگا بەڕووی کێشمەکێش و ململانێی و شەڕی نەتەوەیی دەکاتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەرجۆرە لیستێکی هەڵبژاردن کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دروست بکرێت، بە دژایەتی ڕاستەوخۆی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایش و ئایندەی خەڵکی کەرکوك دەزانێ و سەرکۆنەی دەکات و دژی دەوەستێتەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پێداگری لەسەر پێناسەی ئینسانی و هاوبەش و هاوڵاتیبوونی دانیشتوانی کەرکوك دەکات. بانگەوازی خەڵكی کەرکوك بە هەموو زمان و “نەتەوە”کانەوە دەکات کە تەسلیمی ئەم پیلانە قێزەونە نەبن و بەهیچ جۆریک دەستی خۆیان لە گەڵ ئەم جۆرە لیستانەدا تێکەڵ نەکەن و جەخت لەسەر پێناسەی هاوشاری و هاوڵاتی هەموو دانیشتوانی کەرکوك بکەنەوە .
دەبێ خەڵکی شاری کەرکوك، بۆ پاراستنی ژیان و ئاسایش و ئایندەی خۆیان و منالەکانیان لە بەرژەوەندخوازی و پیلانە قێزەونەکانی حزب و لایەنە بۆرژواییە ناسیۆلیست و ئیسلامیە کوردی و تورکمانی و عەرەبیەکاندا بەشداری نەکەن. رێگا نەدەن ئیدارەی سیاسی کەرکوك لەلایەن کۆمەڵێك مافیاو بازرگانی سیاسیەوە دەستی بەسەردا بگیرێ و هەمان پرۆسەی پرکارەسات و گێژوای سیاسی و شەری نێوان خۆیان دووبارە بکەنەوە. دەبێ دانیشتوانی کەرکوک هەر خۆیان بەبێ جیاوازی زمان و نەتەوەو دین و تائیفەگەری کاروباری شارەکەیان لەئەستۆ بگرن لەڕێگای پێکهێنانی ئیدارهیهکی کاتی که ڕاستهوخۆ لهلایهن نوێنهرانی ههڵبژێردراوی خۆیانهوه بهڕیوهببرێ و بهرپرسیاریهتی پاراستنی ئهمنیەت و دابینکردنی خزمهتگوزاریهکان لهئهستۆ بگرێ، تا ئەو کاتهی کێشهی ئهم شاره لهچوارچێوهی چارهسهری کێشهی کورد لهئاست عێراقدا یهکلادهکرێتهوه. حکومەتی عێراق و هەرێم ئەم ئیدارەیە بەڕەسمی بناسن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥-٩-٢٠١٩