تشکیلات الترناتیو کمونیستی در عراق- در رابطه با محاصره اقتصادی ایران ، فضای جنگ و انفجارات در عراق

دەربارەی گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران، کەش وھەوای جەنگ و تەقینەوەکان لە عێراقدا


ماوەیەکی درێژە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ و دامەزراوەی دەسەڵاتدارەتی ئەمریکا سەرگەرمی تاوپێسەندنی هەڵمەتێکن بۆ سەپاندنی مەرجی زیاتر بەسەر ڕێککەوتننامەی ناسراو بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان (پێنج + یەک) لەگەڵ ئێراندا. بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەش، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندوە، کە ڕێگری لە فرۆشی نەوتەکەشی گرتۆتەوە و لەوپێناوەشدا زنجیرەیەک ھەنگاوی گرۆتەبەر.
ھاوکات لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا، ئێرانیش ھەستاوە بە لێدانی بنکە ئیسرائیلی و سعوودی و ئیماراتیەکان بە موشەک، ئەویش بە بەکارھێنانی ھێزە میلیشیاییەکانی پابەند بە خۆیەوە لە وڵاتانی تری ناوچەکەدا، کە ئەنجامەکەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی بێ فڕۆکەوان و لێدانی کەشتیەکانی گواستنەوەی نەوت بوو لە دەریای عەرەب و تەنگەی ھورمز و چەند کردەیەکی سەربازی تر.
ئەمە و لە لایەکی تریشەوە، بەپێی لێدوانی ھەندێ لایەن چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی بە ھاوکاری لەگەڵ ئەمریکادا لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی ڕابردوودا، ھەستان بە لێدان و تەقاندنەوەی چوار سەربازگە و زەخیرەی تەقەمەنیەکانی (حەشدی شەعبی) لە عێراقدا. سەرجەم ئەم ڕووداوانە خوڵقێنەری کەش و ھەوایەکی جەنگی و هەڕەشە بوون بۆ سەرئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانی ئێران و عێراق و ناوچەکە و ئەم دۆخەی ئێستایان پێشھێنا کە ھەندێک دەڵێن “جەنگێکە هاتۆتە بەردەم دەرگا” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەرگرتن بە گەشەکردنی تواناییە سەربازیەکانی ئێرانی و ڕێگرتن لە بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی و کۆنتڕۆڵی تواناییە جەنگیەکانی لە ناوچەکەدا، چەندان ساڵە بەشێکە لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا، ئەوەش بۆ ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوە سیاسی و سەربازیەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا لە بەرژەوەندی خۆی و بەدژی دەوڵەتە ئیمپریالیستە ڕکەبەرەکانی. ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا لە بنەڕەتدا پەیوەندی نیە بە گۆڕانی ھاوکێشەی ھێزەکان لە بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێران و تەواو بوونی ئاکامی جەنگ لە سوریا لە بەرژەوەندی ئەسەد و پاشەکشە پێکردنی سەربازیانەی داعش و شکستی سعوودیە لە یەمەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ئەم فاکتورانە کاریگەریان ھەبوو لەسەر خێرایی پێدانی گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دژ بە ئێران.
ناوچەکە ساڵانێکی دوور و درێژە لە دۆخی جەنگێکی بەردەوام دا دەژی بەڕادەیەک کە بۆتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشمەکێشی نێوان بلۆکە ئابووریە جیھانی و ناوچەییەکان و کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە ناوچەییە ھاوپەیمانەکانیان بۆ دابەش کردنەوە و دووبارە دابەش کردنەوەی ناوچەکە بە مەبەستی جیۆسیاسی و ستراتیژی و بەدەستھێنانی بەرژەوەندیە ئابووریە گرنگەکانیان. بە شێوەیەکی تایبەتی، لەم دوو دەیەی دواییدا بەڕێخستنی جەنگ لە دەرەوەی سنووری دەوڵەتە دژ بەیەکەکان و کردنی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە مەیدانی جەنگ گرنگی زیاتری پەیداکردوە و جێگەی شەڕی ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ یەکتریدا گرتوەتەوە و بۆتە ئەو شیوازەی کە تاڕاددەیەک دەیگرنە بەر لە ئێستادا.
ئەم جەنگە لەھەر شێوەیەکدا بێت، ئەو سیاسەتەی کە لە پشتیەوە وەستاوە ھەمان سیاسەتی دابەشکاری و کۆنتڕۆڵی جیۆسیاسی ناوچەکانە لە نێوان بلۆکە ئیمپریالیستەکان و ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیاندا. ئەم جەنگەی کە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەئارادایە جەنگێکی ھاوچەرخە لەنێوان دەوڵەتە سەرمایەداریە ئیمپریالیستەکان و ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیان وە لە ناوەڕۆکدا چوارچێوەی گرفت و کێشە خۆجێیەکانی خودی ئەم ووڵاتانەی تێپەڕاندوە.
عێراق لە جەرگەی ئەم ڕێڕەوە گشتیانە و ئەم جەنگەی کە لە ئارادایە دەژی وە لەگەڵ ھەر توند بوونەوەیەکی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران مەترسی ئەوەی کە ببێتە یەکێک لە مەیدانەکانی ئەم ڕووبەڕوو بونەوەیە زیاتر دەبێت. وە ناتوانرێت بە ووتار و خۆزگەخوازی حکومەتی عێراقی و کۆبوونەوەکانی هەر “سێ سەرۆکایەتی”ەکە و پێداگرتنەوەیان لەسەر بێ لایەنی عێراق، ووڵاتەکە لەم مەترسیە ڕزگار بکرێت، بەڵکو بە سەپاندنی پاشەکشە و کۆتایی ھێنان بە خودی ڕژێمی سیاسی دەسەڵاتدار و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەومیەکانی زال بەسەر ئەم دۆخەی ئێستادا لەم مەترسیە ڕزگار دەبێ، ئەوەش لە ڕێگەی بردنە پێشەوەی خەباتی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخواز و کردنی بە بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی بەھێز بەڕووی تەواوی ئەم دۆخەی کە لەئارادایە، ئەمەش پێویستی بە بەھێزکردنی یەکگرتوویی نێونەتەوەیی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمۆنیستەکان و ڕزگاریخوازان لە سەرجەم ناوچەکەدا ھەیە.
بێگومان پاڵنەرە ڕاستەوخۆکانی ئەم شەپۆلە تازەیە لە هەڵمەتەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە بنەڕەتدا پاڵنەری کۆنەپەرستانەی دەوڵەتێکی سەرمایەداری ئیمپریالیست و عەسکەرتارێکی بە توانایە لە ئاستی جیھاندا، و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ستراتیژە جیھانیەکەیەتی دژ بە دوژمنە جیھانیەکانی بەتایبەتی چین و ھاوپەیمانەکانی. ئەمە سیاسەت و ستراتیژیەتێکە بۆ ھێشتنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ڕێڕەوی ڕووداوەکانی جیھان و لەو نێوەشدا کۆنتڕۆڵ کردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەو قەوارە ناوچەییانەی کە بەدەوریەوەن وەکو ئیسرائیل و سعوودیە و ئیمارات ..
جمھوری ئیسلامیش لە ئێران جمھوریەتی دژە شۆڕشە، جمھوریەتی خنکاندن و لە گۆمی خوێن ھەڵکێشانی شۆڕشی ١٩٧٩ی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری بەرفراوانی بێبەش کراوە لە ئێران دا. چاوخشاندنێکی خێرا بە ڕژێمە سیاسیەکانی ئێران و گشت دەوڵەتانی ناوچەکەدا، کە کۆنتڕۆڵی ژیانی سەدان ملیون کەسیان کردوە، نیشانمان دەدات کە ئەم ڕژێمانە لە ئێران و سعوودیە وە ھەتا میسر و سووریا و عێراق و ووڵاتانی تریش ھەموو ڕژێمی بورژوازی ئیسلامی و قەومین کە لە کاتی جیاجیادا لەسەر بنەمای خنکاندنی شۆڕشەکان و تێکۆشانە شۆڕشگێڕانەکانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەش کراوان بۆ بەدەستھێنانی ژیانێکی باشتر، دروست بوون.
سەرکەوتنی ئەو شۆڕشانە وەیان چوونە سەری تەوژمی شۆڕشگێڕانە لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەدا، وەک لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و لە میسر ٢٠١١، دا ڕوویدا، دەکرێ مانای چونە پێشەوەی هەرچی زیاتر بێت بۆ لێدانی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتدارێتی سەرمایە و نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی فەرمانڕەوایەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری شۆڕشگێڕ بۆ بەدەستھێنانی سۆشیالیزم.
ئەوەی کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت لە ململانێی سیاسی نێوان ھێزە بۆرژوازیە جیاجیاکان ھەڵگری سرووشتی ئەم دژە شۆڕشەیە لە سەرجەم ڕێڕەو و گەشەسەندنەکانیدا. پێشھێنانی کەش و ھەوای جەنگ و ھەڵگیرساندنی جەنگ و توندوتیژ کردنەوەی کێشمەکێشی ئیمپریالیستیانە لەلایەن ئەمریکاوە دژی دوژمنە جیھانی و ھێزە ناوچەییە ھاوپەیمانەکانیان، لە بناغەدا لە پێناوی هەرچی پتەوکردنی زیاتری دژە شۆڕش بوونە لە ناوچەکەدا. لەکاتێکدا کە ھەڕەشە و گەمارۆی ئابووری ئەمریکا ئاراستەی ڕژێمی ئێران دەکرێت لە ھەمان کاتدا و بەشێوەیەکی جیانەکراوەش ئاراستە دەکرێت بۆ لاوازکردنی ھێزەکانی شۆڕش و خنکاندن و لێدانی تەواوی جموجۆڵە شۆڕشگێڕانەکان لە ئێران و ناوچەکەدا.
ئەو ناوەڕۆکە ئیمپریالیستیە کۆنەپەرستانەیەی کە لە پشت گەمارۆی ئابووری ئەمریکاوەیە بۆ سەر ئێران، هەر لەو کاتدا کە هێنانەدی بەرژەوەندیە سیاسی و ستراتیژیە کۆنەپەرستەکانیەتی لە هەمان کاتیشدا هێنانەدی مەرامەکانیەتی لە سەرکوت و خنکاندنی شۆڕشەکان و ڕێگرتن بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە ئێران و ناوچەکەدا. گەمارۆی ئابووری و خوڵقاندنی کەش و ھەوای جەنگ، دژی خەباتی جەماوەر و بزووتنەوەی ڕوولەسەری خەڵکە لە ئێستادا بۆ ڕزگار بوون لە دەست ڕژێمی ئیسلامی دەسەڵاتداری ئێران.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، گەمارۆی ئابووری ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ملھوڕی و ھەڕەشەی جەنگ و خوڵقاندنی کەش و ھەوای جەنگ لە ناوچەکەدا بە توندی سەرکۆنە دەکەین. وە لەھەمان کاتدا ھاوپشتی نێونەتەوەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخواز و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکانی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە دەست ڕژێمی دژە شۆڕشی بورژوازی، ڕژێمی جمھوری ئیسلامی و بەدەستھێنانی ئازادی و ئاسوودەیی و یەکسانی.
ھەروەھا هەر لەو کاتەدا کە بە توندی سەرکۆنەی دەست تێوەردانەکانی ڕژێمی جمھوری ئیسلامی دەکەین لە عێراقدا لە ڕێگەی دروستکردنی ھێزی میلیشیایی پابەند بەخۆی و بەکارھێنانیان بۆ جێبەجێ کردنی کردەی سەربازی بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە ستراتیژیەکانی لەم وڵاتەدا، لە هەمانکاتیشدا، سەرکۆنەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەین لە کردنی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ لەگەڵ ئێران. ھەروەھا سەرکۆنەی ئێران دەکەین لە ئەنجامدانی کاری سەربازی و تووند کردنەوەی کەشی ئەم جەنگەی ئێستا.
ئەمە و ھێزیشمان دەخەینە پاڵ ھێزە جیھانیەکانی دژ بە جەنگ، وە بانگەوازی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان دەکەین لە عێراقدا، بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتیان بۆ کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٢٣/٨/٢٠١٩