“بۆ ڕووخاندنی کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامی
پیویسته یەکگرتووانه بێنە ڕێزی خەباتی کرێکاری و سوسیالیستی یه وه!”
(وتووێژێک لە گەڵ سەلام زیجی، به ر پرسی شۆرای ڕێبەری حیزبی سوسیالیستی شۆڕشگێڕی ئێران)
٭بۆچی پارتی سوسیالیستی شۆڕشگێڕی ئێرانتان دامەزراند ؟ ئایا هەیکەلی تەنزیمی مۆدێرنە یاخود شکڵی پارتی کلاسیکی هەیە؟
وڵام : بۆ ئەوەی تێکۆشانێکی نوێ بۆ وڵام دانەوەی گونجاو و شۆڕشگێڕانە بەم هەل ومەرجە خەباتکارانه که له بواری بزووتنەوەی کرێکاری و ژaنان و جەماوەری شۆڕشگێڕ دژ به دەسەڵاتی فاشیستی کۆماری ئیسلامی له ئارادایه بدرێتەوه، بۆ ئەوەی ئاسۆیێکی ڕووناکتر و شۆڕشگێڕانەتر و سوسیالیستی نوێنەرایەتی و به هێزتر بکرێت و ئیزن نەدرێت جارێکی دیکه کۆنەپەرستان و سەرمایەدارانی ناوخۆ و دەرەکی بەرھەمی خەباتی پڕ له خوێن و ڕەنجی له مێژینەی کرێکاران و زەحمتکێشان به قازانجی خۆیان بقۆزنەوه یان بەرەو شکستێکی تری بەرن، و لەم پێناوەدا پێداگری له سەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەک لەڕێی ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی کوپی کراوی کۆماری ئیسلامی و نه به زمانی خۆش له سەر ڕێگای کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان لاناچێت، بەڵکوو تەنیا به هێز و بە یەکگرتوویی خۆمان و له ڕێگای دەست بردنی هاوکات و به کردەوه بۆ هەموو شێوازەکانی شۆڕشگێرانەی خەباتی سیاسی و کرێکاری و کۆمەڵایەتی و چەکداری دەبێت و دەکرێت له سەر ڕێگای خۆمانی لا ببەین، پارتی سوسیالیستی شۆڕشگێڕی ئێران بۆ ئەم مەبەسته دامەزرا کە بتوانێت ئەم بۆشاییانە کە ھەتا ئێستا له بواری خەباتی شۆڕشگێڕانەمان دژ به کۆماری ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداری ھەیە پڕ بکاتەوه .
له بواری هەیکەلی ڕێکخستنی حیزبەوه ئەتوانم بڵێم بەهۆی هێندێک گیروگرفتەوه بەتایبەت نەبوونی پێداویستی پێویست بۆ جێ به جێ کردنی پلانەکانمان و ھەروەھا به هۆی هێندێک هێرش و پیلانی دوژمنکارانەی ئێران و چه ند لاینی تره وه کردەوەی نابەرپرسانەی ھێندێ لەو کەسانە کە لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی تازه دروست کراومان له دەرەوەی وڵات کە ھەوڵیاندا تووشی شکستمان بکەن و ڕێگر بن له دروست کردنی ڕێبەرایەتیەکی هاوبەشی شۆڕشگێڕ و ئاماده به کار و چالاک له دەرەوەی وڵات و له ھەرێمی کوردستانی و ئێران بەڵام بە خوشحاڵیەوە بە ھۆی ئیرادە و سووربوونی ھاوڕێیان و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب لە سەر ئەم ڕێگایەدا توانیمان بە سەر ئەم پیلان و کێشانەدا زاڵ بین و سەرەڕای ھەبوونی ئەم کێشانە به بڕوای من حیزبێکی نوێ بە شێواز و کولتوورێکی جیاوازتر و مودڕنتر و پێشکەوتووترمان ھەتا ئێستا دامەزراندووه. حیزبی ئێمه لە ئەساس دا له ناوخۆی وڵات و به نهێنی چالاکی هەیه و ڕێکخستنی ئێمه لە سەر ئەم ئەساسە دروست کراوه. شێوازی ڕێبەرایەتی کردنمان له پێناوه ئەم ئامانجانه و له ڕێگای سەرکردایەتەکی “شۆرایی” زۆر جیاوازتر لەوانەیە کە ھەتا ئێستا له ئۆپۆزسیۆن دا بوونی هەیه و تەنھا له حیزبی ئێمەدا بەڕێوە دەچێت واتە “شۆرای ڕێبەری حیزبی سوسیالیستی شۆڕشگێڕی ئێران” ناوی باڵاترین بەشی سەرکردایەتی حیزبه.
٭ئایا مەیدانی کاری ئێوە ئەوروپایە یاخود کوردستانی باشوور؟
وڵام : مەیدانی چالاکی ئێمه بەگشتی وڵاتی ئێرانە و تەنانەت جیا له بەشی هەره زۆری ئەندامانمان بەڵکوو بەشێک له ئەندامانی شۆرای رێبەری حیزبیش به شێوازێکی زۆر نهێنی له ناوخۆی وڵات دەژین، یەکێک له جیاوازیکانی ئێمه و زەروورەتی دامەزراندنی ئەم حیزبە پشست بەستن به چالاکیەکانی ناوخۆی وڵاته نەک پشت بەستن به ئەم یان ئەو وڵات یان بە شێوەی خەباتی ھێندێ لە حیزبەکان کە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە . ئیمه له ئەوروپا چالاکیەکی ئەوتۆمان نیه هەموو هێزی خۆمان بۆ ناوخۆی ئێران تەرخان کردووه
٭زۆرینەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن بنەماڵە بەڕێوەدەبرێن ئایا ئێوەش هەمان شت دووبارە دەکەنەوە؟
وڵام: نەخێر، ئێمه خۆمان به حیزبێکی سیاسی ئەزانین و بۆ پێک هێنانی حیزبێکی نوێ و به هێزتر و سیاسی تر و جەماوەری تر تێدەکۆشین ، حیزبێکی شۆڕشگێڕ و سوسیالیست هیچ کاتێک ناتوانێت کولتوور و شێوازی سیاسی و ڕێکخراوەیی “پارتەکانی کوردستانی ئێران ” یان شوێنێکی دیکه ڕەچاو بکات! نەک بنەماڵەیی نین بەڵکوو له کونفرانسی دامەزراندنی حیزب و ئەساسنامەی حیزب دا بڕیارمان داوە که تەنانەت هیچ کەسێک بۆی نیه زیاتر له ماوەی دوو کونگرەی حیزب له پۆستی سکرتێری یان ھەر پۆستێکی باڵای حیزبی بمێنێتەوه. ئێمه پێمان وایه حیزبی سیاسی نابێت “شێخ و شای” ھەبێت و کەس یان بە وتەی جەنابتان بنەماڵەیەک بۆ هەمیشه دەسەڵاتی بەدەستەوە ھەبێت ! حیزبێک کە بەو شێوازە بێت کوپی کراوی حکوومەته دیکتاتۆرەکانە بۆیه ھەر کاتێک ئەو جۆرە حیزبانە بگەن به دەسەڵات ھەر بەو ڕێگایە ھەنگاو دەنێن کە ئەو حکوومەتانە دەینێن ! ھەتا کاتێکیش له ئۆپۆزسیۆن دان له ڕاستیدا خەڵکانی دیکه له ناو ئەو جۆرە حیزبانەدا دەور و ڕۆڵێکی وەھا نابینن و له ئەساسدا له خزمەت ” سکرتێر” و “سەرۆک” و یان “بنەماڵەیەک” دان!، ئەم شێواز و نەریتە شیاوی دونیای ئەمڕۆ و خەباتی پێشکەوتووخوازانه نیه!
٭دید و تێڕوانینی ئێوە بۆ سزا ئابوریەکانی سەر ئێران چیە؟لەڕوانگەی ئەوەی ئێوە دژی سەرمایەدارین؟
وڵام: بەڵێ ئێمه دژی سیستەمی سەرمایەدارین و “سزای ئابووری” و شەڕ و کوشتار و نایەکسانیەکان و هەموو ماڵوێرانیەکانی ئەمر ھەمووی ڕیشەی له ئەم سیستەمە گەندەڵە و تاونکارە دا دەبینین ! سزای ئابووری و نان بڕینی خەڵکی کۆمەڵگە ، واته به کۆمەڵ کوژ کردنی ئابووری؛ ناوەڕۆکی ڕاستەقینە و دژە مرۆڤانەی سیستەمی سەرمایەداری زۆر به باشی ئاشکەرا تر دەکات.
بۆیه “سزای ئابووری” به تاوانێکی گەورە لە دژی مرۆڤایەتی دەزانین و پێمان وایه پێش ئەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێ لاواز بێت، ڕێگا بۆ دەرباز بوونی ئەو حكوومەتە دیکتاتۆرە خۆش دەکات کە له ژێر گوشار و خواستی ئابووری و سیاسی و کولتووری کرێکاران و کۆمەڵگە دەرباز ببێت. واتە ھەموو کەم و کۆڕیەکانی نێو کۆمەڵگە بە بیانووی ئەوە کە دەڵێت گەمارۆم لەسەرە شانی لە ژێر چۆڵ دەکات ، به واتایێکی تر ” سزای ئابووری” واتە سزا بۆ سەر ئەو بەشە لە کۆمەڵگەیە کە هەژار و دەست نەڕۆییشتوون نەک سزا بۆ سەر سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی که بۆ خۆشیان ٤٠ ساڵه ھەم خەڵک سزای ئابووری ئەدەن و هەم تاوان و ستەم و زۆریان لە بەرامبەر خەڵک کردووە به پیشەی ڕۆژانەیان.
٭دەنگۆی دیداری نێوان پارتە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیوە!!! ئێوە ڕاتان چیە لەسەر ئەم دیدارانە؟
وڵام: بە ڕای من لەدەنگۆ دەرچووه و چاوپێکەوتن و دانووستاندنی ژێر بە ژێریان له گەڵ یەکێک له تاوانکارترین حکوومەتەکانی ناوچەکه واتە ئێران زۆر له مێژه لە ئارا دایه. نە تەنیا به دزی کۆمەڵگەوە بەڵکوو به دزی ئەندامانی خۆشیانەوه خەریک ئەم کارەن.لەم بارەیەوە وتووێژێکی تایبەتم کردووە و داواکارم لە خوێنەرانی بەڕێز بیسەری ئەم وتووێژەمبن(http://www.hawpshti.com/19/?p=2700&fbclid=IwAR1WDh1vhO1uxJ8Imcf8mDfcOWMq6zCxE4p_60UPxvPDDsMybYaiA6pL_iY ).
به کورتی بڵێم دانووستادن و چاوپێکەوتنی ئەم حیزبانه له ڕووی شکست و بێ دەرەتانی خۆیانەوەیه بەڵام کارەکەیان زۆر به زیانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی شۆڕشگێڕه دژ به کۆماری ئیسلامی ئێران ، تەنانەت زۆر به زیانی چارەسەری کێشەی کورده له چوارچێوەی ئێراندا ، کاری ئەمان ھەر وەکوو کارێکێ بێ ئاکام و سەر شۆڕانەی هەموو ئەو کوردانەیه کە ھەتا ئێستا به شێوازێکی جۆراوجۆر له گەڵ کۆماری ئیسلامی دا کاریان کردووە . کارەکەیان زۆر به زیانی ئۆپۆزسیۆن و جێگاو پێگەمان لەم سەردمەدا تەواو دەبێت. بەڕاستی بێجگە له کۆماری ئیسلامی ھەتا ئێستا کەس قازانجی لەم جۆر دانووستاندنانە و چاوپێکەوتنانەدا نەکردووه!
ئەمه ڕاسته که له باری چینایەتی و ئستراتژیەوە ئەم حیزبانه جیاوازی زۆریان له گەڵ سیستەمی حاکمی سەرمایەداری و دەوڵەتی ناوەندی نیه و به بڕوای من له هەل و مەرجێکی تایبەت دا هەرچی زووتر بچنەوه پاڵ یەک لەوانەیه به قازانجی داهاتووی خەباتمان تەواو ببێت، بەڵام بەداخەوه هەموو شتێ وەھا به ئاسانی به ئاکامی خۆی ناگات، ئاسەواری سیاستەکانیان هەر وەک چۆن مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان پێمان دەڵێت ھەتا کۆمەڵگەش له گەڵ خۆیان نەخەنه ژێر زلکاوی شکست و ژێر دەستی حکوومەتی ناوەندی دەست هەڵ ناگرن، مەگەر کۆمەڵگە لێیان بیته دەست و دەنگ. ئەمانه که ھەتا ئێستا له لایەن ھەر ئەم حکوومەته تیرۆریستیەوە چەندین سەرکرده و سەدان کەسیان لێ تێرۆر کراوه و له دەستیان داوه چۆن هێشتا متمانە بەم حکوومەتە دەکەن ! ھەر لە بەر ئەم ھۆکارە بە بۆچوونی من شەڕی خۆیان به شەڕی ناو بنەماڵەیەکی هاوبشی سرمایه داری له گەڵ حکوومەت دەزانن نەک شەڕ و کێشە له سەر ئازادی و یەکسانی و وەرگرتنی مافێ ڕەوای خەڵکی زحمتکشی کوردستان ، هەر کام لەم حیزبانە لەته بەرەیەکیان له دەسەڵات بدرێتێ کێشەیان له گەڵ یەکتر تەواو دەبێت.
لەکۆتاییدا هەرچیەک خۆت پێت گرنگ بێت
وڵام: زۆر سپاس، ھیوادارم خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بەش مەینەتی دانشتووی کوردستانی ئێران هەرچی زووترە بۆیان ڕوون ببێتەوە که له ڕێگای ئەحزابێک بەم چەشنەوە که کار و پیشەیان بوەته سادوسەودا کردن و تەسلیم بوون و سەر شۆڕی، و دژایتی کردنی شیان له گه ل کۆماری ئیسلامی تەنیا بە بەبۆنەی گەییشتن به دەسەڵاتی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆرەدا ده بینن، و هاوکات کاریان بوەته دژایەتی کردن له گەڵ ئازادیخوازی و خەباتی کرێکاران و ڕێبازی سوسیالیستی ، به هیچ ئامانجیکی شورشگیرانه ی خویان ناگه ن!، هیوادارم ئاگادار ببنەوە و دوور بگرن لێیان و نەکونه داوی ئەم جۆرە حیزبانەوە و. نابێت ئیزنیان پێ بدەن کە لەمە زۆرتر به ناوی کورد و پروپاگەندەی درۆیانەی “گەلی کوردستانەوه” تاقمێکی سەرمایەدار و تینووی بەشدار له دەسەڵات بتوانن خەبات و ئامانج و داھاتوویان دیسان تووشی شکست و بێ ھیوایی و ماڵوێرانیبکەنەوه. بانگ لە هەموو لایەنێکی شۆڕشگێڕ و بەرپرس دەکەم کە دژ بە کردەووی ئەم چەن حیزبە نابەرپرسانە بوەستێنەوە و بۆ ڕزاگاری یەکجاری خۆیان و بۆ ڕووخاندنی کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامی پیویسته یەکگرتووانه بێنە ڕێزی خەباتی کرێکاری و سوسیالیستی یه وه!
به سپاسه وه!
گفتوگۆی: عبدالرحمن عزیز, کوردجۆڕناڵ
بازتکثیر: شماره ١٠٥ نشریه سوسیالیسم امروز
١ تیر ١٣٩٨
٢٣ جولای ٢٠١٩