بیانیه حزب کمونیست کارگری کردستان – در رابطه با انفجارات دیشب در شهر کرگوگ

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە:

تەقینەوەکانی دوێنێ شەوی کەرکوك

شەوی ٣٠لەسەر ٣١ی ئایاری ٢٠١٩ چەند تەقینەوەیەك لە چەند گەڕەکێکی شاری کەرکوك روویانداو بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و چەند کەسیش برینداربوون.

شاری کەرکوك و دەوروبەری هەمیشە ناوچەیەك بووە بۆ ململانێی حزب و لایەنە نەتەوەپەرستە عەرەبی و کوردی و تورکمانیەکان لەسەر خاوەندارێتیان بۆ ئەو شارەو دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتەکەیدا کە بووەتە سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون و کۆکردنەوەی ملیۆنەها دۆلار بۆ بەرپرسانی ئەو حزب و لایەنە کۆنەپەرستانە، لەسەر حسابی برسێتی و هەژاری و نائارامی و قوربانیکردنی هاوڵاتیانی ئەو شارە بە کوردو عەرەب و تورکمانەوە.

لە ماوەی رابردووشدا، ململانێیەکی توند لەنێوان هەمان ئەو لایەنانەدا بەگشتی و لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بەتایبەتی لەسەر دابەشکردنی پۆستە حکومی و ئیداریەکانی پارێزگاکەدا دەستی پێکردوە و بارودۆخی ئیداری و ئاسایشی ژیانی خەڵکی پارێزگاکەیان ڕوبەڕووی مەترسی کردۆتەوە. تەقینەوەکانی دوێنێ شەویش، دوای دەورەیەکی دوورودرێژ لە نەبوونی ئەو جۆرە کردەوە تیرۆریستیانە، راستەوخۆ ئاکامی ئەو بارودۆخەیە کە ئەو لایەنانە بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایەیان دروست کردوە. بە هەق خەڵکی کەرکوکیش پەنجەی بەرپرسیارێتی بۆ ئەوان درێژ دەکەن، بۆیە لەسەریانە کە هەڵویستی روون و ئاشکرای خۆیان لەوبارەوە بۆ خەڵکی کەرکوك و ڕای گشتی روون بکەنەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان جارێکی دیکە، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەو تاوانە تیرۆریستیە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و بێدیفاعی کەرکوك، پرسەی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیەکان دەکات و ئومێدی چاكبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت. هەروەها پێداگری لەوە دەکەینەوە کە تەنها رێگایەك بۆئەوەی هەمو دانیشتوانی کەرکوك لە تاوانی گروپ و لایەنە نەتەوە پەرستە جۆراوجۆرو ئیسلامیە تیرۆریستەکان بپارێزرێن و ژیانێکی ئارام و ئاسودەیان بۆ دەستبەربکرێ، ئەوەیە کە خۆیان سەربەخۆ لە پێناسەی داتاشراوی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینی، بێنە مەیدانی خەباتەوە لەپێناو بڕینی دەستی ئەو هێزو بزوتنەوانەو کۆبوونەوە لەژێر دروشمی (کەرکوك بۆ دانیشتوانی نەك بۆ تاڵانچی و مافیا نەتەوەپەرست و ئیسلامیەتیرۆریستەکان) و خۆیان ئیدارەی مەدەنی و ئاسایشی پارێزگاکە لە ئەستۆ بگرن و دەستبەجێ ڕابگەیەنن کە:

١/ دەبێ میلیشیاو هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئەحزاب و حکومەتی ناوەندی‌و هەرێم لە پارێزگاکە بڕۆنە دەرەوە. هەڵسوڕانی سیاسی حزبە سیاسیەکان ئازادە. پەنابردنی حیزبە سیاسیەکان بۆ هاندانی دووبەرەکی نەتەوەیی و و بەکارهێنانی چەک بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشەکان تاوانە و ڕووبەڕووى لێپرسینه‌وه ى یاسایىان دەکاتەوە.

٢/ پارێزگاى کەرکوک لەلایەن نوینەرانى هەڵبژێردراوی خەڵکەوە لە گەڕەکان‌و ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریەکاندا بەڕێوە دەبرێت. پارێزگاری کەرکوك لەلایەن هەیئەتی نوێنەرایەتى پارێزگای کەرکوكەوە هەڵبژێردرێ. هەیئەتى نوێنەران لە ئاستە جیاوازەکاندا ئەرکی دابینکردنى ئاسایش لە ئەستۆ دەگرن.

٣/ پارێزگاى کەرکوک پارێزگاى هەموو دانیشتوانەکەیەتى بەدەر لە ناسنامەى قەومى و دینى و تائیفى. ده‌رکردنى خەڵک لەم پارێزگایە بە هەر بیانویەکەوە بێت قەدەغەیه‌.

٣١ی ئایاری ٢٠١٩


عرفان کریم
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان