با میدیا لەسەرکوتی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ڕزگار که‌ین.!؟
بەبۆنەی یادی سەدوپانزە ساڵەی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە مه‌سعود به‌رزانی ڕایگه‌یاند که”پێویستە لایەنە سیاسییەكان دەستبەرداری ئەوە بن میدیا و ڕۆژنامەگەری بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان”. ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له که‌شوهه‌وای ئیستای کوردستان و ژێرپێنانی ئازادی میدیا و ڕۆژنامه‌گه‌ریدا، جێگای تێرمان و پرسیاریکی گه‌وره دێنێته‌کایه‌وه. به‌تایبه‌تی که ئه‌م یاده چه‌ند ڕۆژی‌تر ساڵیادی سەرەدشت عوسمانی ڕۆژنامەنوس و تاوانێک که به ئاشکرا سه‌رکوتی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌خاته‌ڕوو، به‌دوای خۆیدا دێنێ. تاوانێک کە سەرۆکی هەرێم و پارتی بەرپرسن لێی و ت ائێستاش له ڕیگای سازکردنی سیناریۆی لیژنەی بەدواداچوندا، به شاراوه‌یی هێڵراوه‌ته‌وه.
هەر لەم یادەدا، ئەگەر سەیری ئاماری پێشیلکاری مافی ڕۆژنامەنوسان، گرتن. سزادانی نوسەر، ڕۆژنامەنوس و میدیاکان بکەین دەبینین کە پارتی چ بە شێکی شێری لە سەرکوتی ڕۆژنامەگەری هەیە لە کوردستاندا. ئەگەر ڕاپۆرتی ڕیکخراوە جیهانیەکانی وەک ئەمنستی و هیومان ڕایتس وەچ و ئەوانی تر به ویژدانه‌وه سه‌رنج بده‌ین، ئه‌وا دەبینین کە چۆن مه‌سعود به‌رزانی له‌ڕیگای حکومه‌ت وحزبکهی و پۆستی سەرۆکی هه‌رێمه‌وه، گوشارێکی بەردەوامی لەسەر میدیا و ڕۆژنامەگەری لەم هەرێمەدا داناوه و له‌هه‌وڵی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدایه. ته‌نانه‌ت ئەگەر سەیری سەرفکردنی بودجەی نەوت و بەشە داهاتی خەڵکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی عێراقی بکه‌ین، دەبینین کە سه‌رۆک و حزبه‌که‌ی بە چ شێوەیەک میدیایەکی زەبەلاحی لە چەندین کەناڵی ئاسمانی، ڕادیۆیی، ڕۆژنامە، گۆڤار و سەنتەر دروستکردووە کە ته‌نها کاریان پڕوپاگەندە کردنه بۆ دەسەڵاتەکەی. ئایا به‌م هەموو ڕاستیانەوه و به‌دوای شکستی هەوڵەکانی پارتی و سەرۆکی حکومەتەکەی لە پەرلەماندا بۆ سەپاندنی یاسای پیرۆزیە ئاینیەکان، ئیتر کەسێک ده‌مێنێته‌وه باوەڕ بەم پەیامەی مەسعود بارزانی بکات به‌وه‌ی کە ئەم دەسەڵاتە و سەرۆکەکەی پایبهندن به”ڕەخساندنی ئازادی ڕادەربڕین و كاركردن بە پڕەنسیپەكانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە هەرێمی كوردستاندا”!!.
ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ڕوداوەکانی کوردستان لە کوشتنی سەردەشت عوسمان و سەپاندنی یاسای قەدەغەکردنی خۆپیشاندانه‌وه، تا سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات بە هێزی چەکدار، تا به‌دادگا سپاردنی چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆڤار‌و لێدان و سوکایه‌تی کردن بهنوسهران و زیندانی کردنیان، به ڕۆشنی ده‌یسه‌لمێنێ که پارتی و سەرۆکەکەی هێنده ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و خۆپیشاندان ده‌سه‌ڵمێنن که له سێبه‌ری سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چینی ده‌سه‌لاتداردا ڕاوه‌ستن و کاربکه‌ن. بۆ مه‌سعود به‌رزانی و ده‌سه‌لاته‌که‌ی ئازادی بێرورا و ڕۆژنامه‌گه‌ری، یه کێک لەو ڕیگریانهی بەردەم ستراتیژی سەپاندنی دەوڵەتی ئیماراتی شێخ نشینی بنەماڵە نەوتیەکانی کوردستانه، هه‌ربۆیه به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م سه‌رکوتکردندا بووه. واقعیەت و سروشتی چینایه‌تی دەسەڵاتێک که بەرزانی وپارتی له‌سه‌ری راوه‌ستاوه، ئه‌وه‌یه که بۆ قازانجی چینی بۆرژوازی کورد و بازاڕی سه‌رمایه و تاڵانچێتی، ئازادیه‌کان و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدیا، له‌ژێر سێبه‌ری چه‌ک و هیزی میلیشیادا له کۆمه‌ڵگادا بهڕیوهببرێ. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی میدیا لەژێر ڕکێفی حزبه‌کان ڕزگار بکرێ، جگه له خۆلادان له‌و تاوانانه‌ی که له‌ماوه‌ی ده‌سه‌لاتی حزبه بۆرژوا ناسیونالیهتهکانی وه‌ک یه‌کیه‌تی و پارتیدا، ده‌رهه‌ق به‌ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری وڕۆژنامه‌نوسان کراوه شتێکیتری تێدا نییه. به‌رزانی به‌م په‌یامه‌ی ناتوانێ خۆڵ بکاته چاوی کۆمه‌ڵگا و ڕیکخراوه نیودهولهتیهکانهوه.
ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیر‌ورا بەجیا لەوەی مافێکی بێ ئه‌ملاولای خه‌ڵکی کوردستانه، هاوکات مه‌یدانێکی چینایه‌تی و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئازادیخوازانه لەبەرامبەر بارزانی و دەسەڵاتەکەیدا، بۆیه ده‌بێ بۆ دابینکردنی، خه‌باتی لێبڕاوانه و فراوانی جه‌ماوه‌ی بۆ به‌ڕی بخرێ و ده‌سه‌لاتی پێ ناچار بکرێ. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له ڕیزی ئه‌م خه‌باته‌دا ڕاده‌وه‌ستێ و بانگه‌وازی سه‌رجه‌م نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان و میدیاکاران و ئازادیخوازانی کوردستان ده‌کات، که له‌سالیادی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا، بۆ جێگیرکردنی ئازادیه‌کان و مه‌حکومکردنی پێشێڵکاریه‌کان یه‌کگرتوانه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵبڕن!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
22/04/2013
—