با لەپێناو ژیانێکی باشتردا ریزەکانمان رێکخراو بکەین
بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی یەکی ئایارەوە!
یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی و بەرەنگاربونەوەی چینی کرێکارە دژ بە سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری. رۆژی بەرجەستەکردنەوەی ناسنامەی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران و پەیامی ئەو چینەیە بۆ رزگاری کۆمەڵگا لە ستەم و نایەکسانی و چەوسانەوە. رۆژی توندکردنەوەی خەبات و تێکۆشانە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دنیایەکی باشتردا.
کارنامەی سەرمایەداری لەهەموو کاتێك زیاتر ناتەبایی و ناکۆکی خۆی لەگەڵ ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا خستتەڕوو. ژیان لەسایەی سیستەم و دەسەڵاتی چینی بۆرژوازیدا، بۆ کرێکارو زەحمەتکێش و زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی گۆی زەوی بووە بە برسێتی، هەژاری، بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، نائارامی، نەخۆشی، شەڕ، ئاوارەیی، کاولکاری و تیاچوون. ماوەی چەند ساڵێکە بۆرژوازی ئیمپریالیستی بۆ دابەشکردنەوەی بازاڕی کارو کاڵاو سەرچاوەکانی سامان، ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردۆتە خۆراکی ماشێنی جەنگ و میلیتاریزم و لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی برسیکردنی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی لە ناوخۆی ووڵاتانی ئیمپریالیستیدا بەدەستەوە گرتووە.
لە جیهانێكدا کە تەنها ٢٦ سەرمایەدار بەرادەی نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی سامانیان کەڵەکە کردبێت و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سەر زەویش لە هەژاری و برسێتیدا ژیان بەسەر بەرن و ژەمەخۆراکی رۆژانەیان پێ دابین نەکرێ، ئەو ڕاستیە سەدبارە دەکاتەوە کە سەرمایەداری لە هەموو کاتێك زیاتر بووەتە مەترسی لەسەر ئایندەو مانەوەی مرۆڤایەتی! تەنانەت ئەم مەترسیە لەلایەن خودی سەرانی بۆرژوازی و بیرمەندەکانیانەوە ئاماژەی پێدەکرێت. هیچ کاتێك بەڕادەی ئێستا کۆتایی هێنان بەم سیستمەمە نایەکسان و چەوسێنەرە نەبووەتە پێداویستیەکی مرۆڤایەتی و بۆ پاراستنی کۆمەڵگاکان لە برسێتی و مەرگ و جەنگ و کوشتارو تیاچوون. تەنها رێگایەك کە لە بەردەم مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە کۆتایی هێنانە بە تەمەنی نەگریسی سەرمایەداری و دەوڵەت و دەسەڵاتی بۆرژوازی.
لەئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیشدا، بێجگە لە شەڕو ململانێی نێوان هێزو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی بۆرژوازی، کە خەریکن پێگەو بەشی خۆیان لە ململانێی نێوان هێزە ئیمپریالیستەکاندا دەستنیشان دەکەن، باری سەختی شەڕ و وێرانکاری و قەیران و داڕمانی ئابوری بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشدا شکاندۆتەوەو برسێتی و هەژاری موتڵەقیان بەسەردا سەپاندوون و لەسەر ئەو بنەمایەش سامانی خۆیان چەند قات زیاتر کردوەو دەیان ملیاردێری تازە وەکو قارچك هەڵتۆقیون.
چینی کرێکارو زهحمهتکێشانی کوردستان سهرهڕای بەرکەوتنی پڕیشکی ئەو نەهامەتیەی لە ئاستی جیهان وناوچەکەدا تووشی کرێکاران و جەماوەری چەوساوە هاتوە ، هاوکات لهلایهن دهسهڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو حزبه ناسیونالیست و ئیسلامیهکانیهوه، ڕووبهڕووی هەلومهرجێکی سهخت و دژواری ژیان و گوزەران بوونهتهوه. شەڕی داعشیان کردە بەهانەیەك بۆشکاندنهوهی ئاسهوارهکانی جهنگ و قهیرانی ئابوری بهسهر چینی کرێکارو هاوڵاتیانی کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی. بهرپرسیارێتی خۆیان له بهرامبهر سادهترین خزمهتگوزاریه گشتیهکانی وهک خوێندن و تهندروستی و ئاو و کارهباو بیمه کۆمهڵایهتیهکاندا کێشاوەتەوە. بۆ زیاتر لە (٣) ساڵ بڕینی قووتی ژیان و پاشەکەوتی بەزۆری مووچەیان بەسەر کرێکاران و کارمەندانی کەرتی حکومیدا سەپاندو دەیان هەزار کرێکاری کۆمپانیاو کارخانەو دامەزراوە تایبەتەکانیش کرێکانیان کەمکرایەوە یان ڕەوانەی سوپای بێکاران کران. هەزاران گەنجیش کە ئامادەی کارکردنن لە دەستکەوتنی هەرجۆرە هەلێکی کار بێبەش کراون.
کرێکاران، خهڵکی زەحمەتکێشی کوردستان!
چیتر ئهم دۆخه سەخت و نامرۆڤانەیە شایستەی قبوڵ و تهحهمول کردن نیە. چیتر ناکرێ ژیانی خۆمان و نهوهکانی داهاتومان بسپێرین بە سیاسهت و مامەڵهی دهسهڵاتدارن و حزبه بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئیسلامیهکان. هێزی ئێمه هێزی ژنان و پیاوانی کرێکارو جەماوەری زهحمهتکیش و ئازادیخوازان، ئهگهر یهکگرتوو ڕێکخراو بین لهدهوری ئاڵای کۆمۆنیزم و شۆڕشی کۆمهڵایهتی
چینی کرێکار، دەتوانێ نەك هەر بەر بەم جەنگەڵستانە بگرێ، بەڵکو دەتوانێ ئایندەیەکی رۆشن و ژیانێکی یەکسان و شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بۆ خۆمان و نەوەکانمان دابین و مسۆگەر بکەین. پێویستە خۆمان رێکخراو بکەین؛ لە هەموو کارگەو کارخانەیەك، لەهەموو فەرمانگەو نەخۆشخانەیەك، لە هەموو زانکۆو قوتابخانەیەك، لە هەموو گەڕەک و کۆڵانێکەوە دەست پێبکەین. پێویستە لە ئێستاوە سەنگەری شۆڕشی چینایەتیمان قایم بکەین و وەکو هەنگاوی یەکەم دەسەڵاتدارانی کوردستان ناچار بە تەسلیمبوون بە خواستە فەوریەکانمان بکەین کە ئێستا خۆیان لەم چەند خواستەدا دەبینێتەوە:
١/ گێڕانەوەی پارە بەزۆر پاشەکەوتکراوەکانی مووچەخۆرانی حکومەت
٢/ ئازادیی ڕێکخراوبوون و مانگرتن و خۆپیشاندان
٣/ بیمەی بێکاری بۆ هەموو ژن و پیاوێکی ئامادەکار
٤/ پەسەندکردنی یاسای کارێکی پێشڕەو بۆ کرێکاران
٥/ هەڵوەشاندنەوەی بڕینی کرێی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی ئەهلی و گێڕانەوەی ئەو پارانەی لێیان بڕدراوە
٦/ دابینکردنی بیمەی خانەنەشینی بۆ هەموو ئەو کرێکارانەی کە تەمەنی کارکردنیان تێپەڕاندوە یان توانای کارکردنیان نەماوە
٧/ دابینکردنی بیمەی تەندروستی خۆڕایی بۆ خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان
بژی یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی و خەباتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
نیسانی ٢٠١٩