اطلاعیه مشترک دو حزب کمونیست کارگری عراق و کردستان – آرامی و امنیت شهر کرکوک با مبارزه متحدمان تامین میگردد

ئارامی و ئاسایشی ‌شاری که‌رکو‌ک به‌خه‌باتی یه‌کگرتوانه‌ زامن ده‌کرێ!

بەدوای ڕوداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و لەشکرکێشی سوپا و هێزە میلیشیا جۆربەجۆرەکانی شیعە و حەشدی شەعبی و فیرقەی ئاڵتونی بۆ سەر شاری کەرکوک و داسەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی و میلیشیایی به‌سه‌ر شارەکەدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لەم شارەدا چوەتە قۆناغێکی ترسناک لە کێشمەکێشێکی دیکە لەنێوان حکومه‌تی عێراق و ئەحزابی ئیسلامی سیاسی شیعە و ئەحزابی ناسیونالیستی کورد. لەلایەک پارێزگاری سەپێنراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەدەرکردنی چەند بریارێکی کۆنەپەرستانە و ده‌ستبردن بۆ ڕووخاندنی ماڵان لەو گەڕەکانەی زۆربەی دانیشتوانی کوردزمانن و داگیرکردنی زەوی وزاری جوتیارانی چەند گوندێک و لابردنی چەندین به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندی کوردزمان، نه‌ک ‌هه‌ر به ‌شیوازێکی تر سیاسەتی تەعریب و تەرحیلی ڕژێمی بەعسی فاشیستی زیندوکردۆتەوە، بگره‌ هه‌ڵاواردن و دنه‌دانی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیستانه‌ی په‌ره‌پێداوه‌. لەلایەکی دیکەوە ئەحزابی ناسیونایستی کورد، بەتایبەت یەکێتی و پارتی بەشێک لە ململانێکەی خۆیان لەسەر پۆست و پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم هێناوەتە نێو ئەم شارەوه‌ و دەیانەوێت بە دانانی پارێزگارێکی کوردزمانی سەر بەحزبەکانیان و گێرانەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ڕاکێشانه‌وه‌ی جارێکی تری هێزی چەکدار و ئاسایشیان بۆ شارەکە، نابه‌رپرسیارانه‌ درێژە بەململانێی و ڕقه‌به‌ری قەومی لەکەرکوکدا بدەن. شەڕی بەرزکردنەوەی ئاڵا لەلایەن ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردیەوە و قەدەغەکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارێزگاکەوە، نمونەیەکه‌ لە سیاسەتی توندکردنەوەی ڕق و کینەی نەتەوەیی لەم شاره‌دا. بێگومان هه‌موو ئه‌م ڕاستیانه‌ش شاهیدی ئه‌وه ‌ده‌ده‌ن که‌ ژیان و گوزه‌ران و سه‌لامه‌تی و ئاسایشی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌، که‌وتۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی و کاره‌ساتێکی دڵته‌زێنه‌وه‌. کاره‌ساتێک که ‌به‌بێ لەبەر‌چاوگرتنی جیاوازیی زمان و ئاین، هه‌موو خه‌ڵکی شاره‌که‌ی کردۆته‌ نیشانه.

خه‌ڵکی شاری که‌رکوک به‌رده‌وام قوربانی کارنامه‌ی سه‌رکوت و له‌شکرکێشی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی عێراق و سیاسه‌تی نابه‌رپرسانه‌ و یاریکردنی حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی کورده‌ به‌چاره‌نوسی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه‌، تا له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ به ‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان بگه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داهات و سامانی ئه‌م شاره‌دا بگرن. هه‌ربۆیه‌ نابێ فریوی ئه‌و بەڵێنه‌ درۆییانه‌ بخۆن که ‌له‌ژێر ناوی “ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک”دا به‌خه‌ڵکی ده‌یده‌ن، چونکه‌ خودی ئه‌م لایه‌نانه‌ ‌به ‌ته‌جروبه‌ نیشانیانداوه‌ که‌ هه‌ر خۆیان و هێزە میلیشیاکەیان سه‌رچاوه‌ و هۆکاری نائارامی و شه‌ڕی نەتەوەیی و سه‌رکوت و دەستدرێژیکردنه‌ سه‌ر موڵک و ماڵ و ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکن و نایانه‌وێ و ناتوانن دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ له ‌دۆخێکی ئارام و پێکه‌وه‌ژیاندا ڕابگرن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گێرانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی و مه‌ده‌نی بۆ ئه‌م ‌شاره‌ له‌هه‌نگاوی یه‌که‌مدا بەندە بە وه‌ده‌رنان و ده‌ستکۆتاکردنی هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی حکومه‌تی عێراق و هێزی میلیشیای هه‌ر حزبێکی ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەوە.

خه‌ڵکی شاری که‌رکوک ده‌بێ به‌رامبه‌ر به‌م دۆخه‌ مه‌ترسیداره ‌و هه‌ر ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراو، به‌ هوشیاریه‌وه‌ له‌ ژیانی خۆیان و کارنامه‌ی هێز و لایه‌نه‌کان بڕوانن و ‌له‌م ئاراستەیەشدا به‌ته‌واوی تواناوه‌ لەبەرامبەر مامه‌ڵه‌ی حکو‌مه‌تی عیراق و سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی شیعە و سیاسەتی نەتەوەپەرستی یەکێتی و پارتیدا بوەستنەوە و ڕێگانه‌ده‌ن به‌ڵا و تراژیادیایه‌کی تر به‌سه‌ر ژیانیاندا بسه‌پێننه‌وه‌.

هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وعێراق ڕاده‌گه‌یه‌نن که ‌دورخستنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م شاره و ئاساییکردنه‌وه‌ی ژیانی دانیشتوانه‌که‌ی، به‌ یه‌کیه‌تی و به‌ هاتنه‌مه‌یدانی خه‌باتی یه‌کگرتوانه‌ی جەماوەری شاری کەرکوک و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌گیانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ده‌مارگیری ئاینی مه‌یسه‌ر ده‌بێ، به‌وه‌ ده‌بێ که‌ خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ ڕیزی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌‌ڕیزی ئه‌حزابی ناسیۆنالیست و تایفی و به‌ژه‌وه‌ندیه‌کانیان جیابکه‌نه‌وه‌ و یه‌کده‌ستانه‌ له‌ده‌وری ئه‌م خاڵانه‌‌ بێنه ‌مه‌یدانه‌وه‌ و چاره‌نوسی خۆیان و شاره‌که‌یان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ده‌سته‌وه‌بگرن:

١/ چوونەدەرەوه‌ی دەستبەجێی هێزە سەربازیەکانی حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکان لە شارەکەدا.

٢/ پارێزگاری به‌وه‌کاله‌ت (راکان جبوری) پارێزگارێکی داسه‌پاوه‌ و هیچ شه‌رعیه‌تیکی نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر کار لابچێت.

٣/ راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی هه‌موو ئه‌و بریارانه‌ی که ‌له‌لایه‌ن پارێزگاری داسه‌پێنراوه‌وه‌، به‌دژی ئازادی و گوزه‌رانی ‌خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ دراوه‌ و بۆته‌ مایه‌ی جیاکاری و ڕقەبه‌ری نەتەوەیی‌‌.

٤/ باشترکردنی ژیان وگوزەرانی دانیشتوانی شارەکە و خزمەتگوزاریەکان لە ڕێگای خەرجکردنی بەشێک لە داهاتی نەوتی شارەکەوە.

٥/ زامنکردنی ئازادیی هه‌ڵسوڕانی سیاسی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان و ده‌سته‌بەرکردنی ئازادیی نیشته‌جێبوون و مامه‌ڵه‌کردن به‌موڵک و ماڵه‌وه، بۆ هه‌موو دانێشتوانی شار به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی‌..

٦/ هه‌رجۆره‌ ره‌فتار و گوفتارێک که‌ هانی رقه‌به‌ری نەتەوەیی و ئاینی و تیره‌گه‌ری ده‌دا و پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی پێکه‌وه‌یی و هاوڵاتی چونیه‌کی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌، قه‌ده‌غه‌ و وه‌ک تاوان بناسرێ و ئه‌نجامده‌رانی هه‌رکه‌س و لایه‌نێک بن ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی دادگا بکرێنه‌وه‌‌.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان ‌بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی شاری که‌رکوک ده‌کەن که‌ له‌پێناو هه‌ڵگرتنی فه‌زای سه‌ربازی و سه‌رکوت و بۆ دورخستنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسیه‌ک که‌ له‌ ئێستادا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ‌ژیان و گوزه‌رانیان، له‌ده‌وری ئه‌و خواستانه‌ی سه‌ره‌وه‌ خه‌باتی خۆیان یه‌کخه‌ن و ریزی یه‌کگرتوویان بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌. هەردوو حزب سپاردنی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م شاره‌ به ‌ئیداره‌یه‌کی کاتی که‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ به‌ڕیوه‌ببرێ و به‌رپرسیاریه‌تی پاراستنی ئه‌منیەت و دابینکردنی خزمه‌تگوزاریه‌کان له‌ئه‌ستۆ بگرێ، به‌ ڕیگاچاره‌یه‌کی گونجاو ده‌زانن تا ئەو کاته‌ی کێشه‌ی ئه‌م شاره‌ له‌چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ئاست عێراقدا یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.. بێگومان هاودڵی و هاوخه‌باتی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ و یەکگرتوویی تێکۆشانی چینایه‌تی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و دورکه‌تنه‌وه‌ لە دەمارگیری و رق و کینەی نەتەوەیی و تایەفی، بە پێناسەی ئینساندۆستیەوە دەتوانێ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی مەدەنیەت بپارێزێ و فەراهەمی بکات. هه‌ر ئه‌مه‌ش‌ ئه‌بێته‌ مایه‌ی ڕاكێشانی هاوپشتی و پاڵپشتی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی سه‌راسه‌ری عێراق بۆ دانیشتوانی ئه‌م شاره‌.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٨/١/٢٠١٩