پیام پلنومی 14 کمیته مرکزی حیزبی کمونیست کارگری کردستان به کارگران نفت بصره

پەیامی پلینۆمی 14ی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ کرێکارانی نه‌وتی بەسرە!
هاوڕیان کرێکارانی نه‌وتی به‌سره‌!
ئێمه‌ ئاگاداری هه‌واڵی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ئێوەین و نمونه‌ی راوه‌ستاوی و ڕیزی یه‌کگرتوو و خه‌باتکارانه‌تان ، له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی داخوازیه‌کاندا، بینی. بێنێمان که‌چۆن هاتنه‌مه‌یدان وخستنه‌ڕووی داخوازیه‌کانتان بۆباشکردنی هه‌لومه‌رجی کارو ژیانی کرێکارانی نه‌وت، چۆن خاوه‌ن کۆمپانیاو نوێنه‌رانی ده‌وله‌تی بۆرژوازی و داروده‌سته‌کانیان، ناچار به‌گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کرێکاراندا کرد. ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ی ئێوه‌، نه‌ک ‌هه‌ر نیشانه‌یه‌که‌ له ‌ده‌وره‌یه‌کی پرشنگدار و ئومیدبه‌خشی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له ‌عێراق، به‌ڵکو‌ له ‌فه‌زای سیاسی ئێستای ناوچه‌که‌ و کۆمه‌لگای عێراقدا، ئاسۆ و سه‌نگه‌رێکی چینایه‌تی و خه‌باتکارانه‌ی جیاوازی خستۆته‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا‌وه‌. هاوکات ئه‌و‌ په‌یامه‌ شۆڕشگێرانه‌یشمان‌ پێده‌به‌خشێ، که رزگارکردنی خه‌ڵکی عێراق له‌ جه‌نگ و تیرۆرو کاولکاریه‌ک که ‌ده‌سته‌وتاقمی بۆرژوازی و ده‌سه‌لاته‌که‌یان، وه‌‌ڕییان خستووه‌، کارێکە ئه‌کرێت ئەنجام بدرێت…
هاوڕیانی کرێکار!
بێگومان کرێکارانی نەوت وه‌ک بەشێکی گرنگی چینی کرێکاری عیراق، قورساییەکی گەورەیان هەیە و ده‌توانن ڕۆڵێکی هه‌ستیار و چاره‌نوسساز بگێڕن له‌ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌چاره‌نووسێکی باشتر و شیاوی ئینساندا بۆ کۆمه‌ڵگای عیراق، هاوکات جوڵانەوەی ئه‌م ده‌وره‌یه‌و مانگرتنەکانتان دەورێکی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ لە بوژاندنەوە ‌و هەڵساندنەوەی بزووتنەوەی کرێکاری ‌‌و پاشەکشەکردن بە بۆرژوازی و دەسەلاتەکەی. هه‌ر بۆیه‌ پلینۆمی ١٤ی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بەچاوی ئومێدەوە دەڕوانێتە جێگاورێگای کرێکارانی نەوت‌ و خه‌باته‌که‌یان و ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنەکانی ئێستاش بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێ لە ڕاستای چوونه‌پێشه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تیدا. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئه‌وه‌ی که ‌پشتیوانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆی بۆ مانگرتن ‌و خواستە پێشڕه‌وه‌کانتان ده‌رده‌بڕێت، هاوکات ‌به‌ته‌وای تواناوه‌ تێده‌کۆشێت بۆ به‌هێز کردنی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ و به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یشتنی. له‌م راستایه‌شدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له‌هه‌ولی لێبڕاوانه‌دا ده‌بێت تا سەرجەم کرێکاران‌ و رێکخراوە کرێکاریەکان لە کوردستان‌و جیهان، وه‌ک هێزێکی پشتیوان و هاوچاره‌نووسی چینایه‌تی، له‌مانگرتن و خواسته‌کانتان، بێنه‌مه‌یدانه‌وه‌.
بژی هاوپشتی و یه‌کگرتوویی کڕیکاران!
سه‌رکه‌وێت خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی کرێکارانی نه‌وت!

پلنۆمی 14ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
7/4/2013