حزب کمونیست کارگری کردستان – حمله به شهرک کویه را محکوم می کنیم

هێرش بۆسەر شارۆچکەی کۆیە سەرکۆنە دەکەین!

ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠١٨ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شارۆچکەی کۆیە. بەهۆی بۆردومانەکەوە (٥) کەس لە بەرپرسانی و ئەندامانی ئەو حزبە گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی (٣٠) کەسیشیان برینداربوون.

رژێمی کۆماری ئیسلامی، لەدوای ساڵی ١٩٩١ ەوە، بەردەوام هۆکارێك بوە بۆ نانەوەی پشێوی و نائارامکردنی بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی کوردستانی عێراق. دەیان دەزگاو بنکەی جاسوسی لەناو هەرێمدا بڵاوکردۆتەوە. سەدان کەسی لە نەیارانی سیاسی رژێمەکەی لە کوردستانی عێراق تیرۆرکردوە. هەوڵیداوە لەڕیگای هاوکاریکردنی گروپ و تاقمە ئیسلامیە تیرۆریستەکان و هەروەها لەرێگای بەرژەوەندخوازی هەردووحزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە کە دەستی ئەو رژێمەیان ئاوەڵاکردوە، فەزای کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەر کوردستانی عێراقدا بسەپێنێ و ژیان و سەلامەتی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازو عیلمانی بخاتەمەترسیەوەو کۆنەپەرستی ئیسلامی لەدژی ژنان پەرە پێبدات! ئەم رژێمە سەرچاوەی کێشە و کارەسات بوە بۆ خەڵکی کوردستان و هەرکاتێك بەرژەوەندیەکانی پێویستی کردبێت بۆ زیاتر ملکەچ کردنی یەکێتی و پارتی وەکو دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، دەستی بۆ هەموو کارێكی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان بردوە. ئەم رژێمە دڕندەو مرۆڤکوژە، هاوکاری رژێمی عێراق حەشدی شەعبی کرد بۆ هێرشکردنەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و دژایەتیکردنی سەرەتایی ترین مافی خەڵکی کوردستان عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا.

رژێمی ئیسلامی ئێران، کە یەکێك لە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتەکەی و هێشتنەوەی، دەستێوەردانیەتی لە ووڵاتەکانی ناوچەکەدا، کوردستانی عێراق وەکو ناوچەیەکی ئارام بۆ پاراستنی رژێمەکەی تەماشا دەکات. بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات هەژمونی خۆی بەسەر هەردووحزبی دەسەڵاتداری کوردستاندا بەهێزبکات و بەپێی فەرمانی ئەو بجوڵێنەوە. ئێستاش کە پرسی پێکهێنانەوەی حکومەتی ناوەندی بوەتە گرێکوێرەیەکی سیاسی بۆ ئێران و تای ترازوی هێزی سیاسی بەزیانی ئەو رژێمە شکاوەتەوە،  لەلایەکەوە بەشێك لە هێزە ئیسلامیەکانی شێعە کە لەدامێنی خۆیدا لەدایك بووبوون، لێی هەڵگەڕاونەتەوە، و لەلایەکی دیکەوە بێزاریەکی جەماوەری گەورە بەرامبەر دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری سیاسی ناوخۆی عێراقدا سەریهەڵداوە، بەورادەیەی خۆپیشاندەران لە بەسرە رەمزەکانی دەسەڵاتی لەشارەکەدا دەسوتێنن، رژێمی ئیسلامی ئێران، بە بەبۆردومانکردنی بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە شاری کۆیە، بێجگە لەوەی گورزێك لە هێزێکی ئۆپۆزیسۆنی رژێمەکەی دەوەشێنێ، هاوکات وەکو کارتێکی فشار لەسەر پارتی و یەکێتی بەکاری دەهێنێ تا نەچنە ناو بەرەی دژی ئێرانەوە لە پرۆسەی دروستکردنی حکومەتی عێراقدا!

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاورباری سیاسی کوردستانی عێراق و هەروەها ئەو هێرشە دڕندانەیەی بۆسەر شارۆچکەی کۆیەو وبارەگای سەرەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین. رژێمی کۆماری ئیسلامی، کە ئێستا دەرگیری کێشەو گرفتی ناوخۆیی بوەتەوەو لەلایەن خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێرانەوە کەوتۆتە بەر نەفرەت و خواستی سەرنگونی ئە ورژێمە لە هەموکاتێك زیاتر پەرەی سەندوە، بەم پیلانگێرێ و ئاژاوەگێڕیە ناتوانێ باری لاری راست بکاتەوە. ئەم رژێمە دژی کرێکاری و دژی ئازادیە درەنگ یان زوو وەڵامی خۆی لە خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران وەردەگرێتەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٨/٩/٢٠١٨