کە تۆ هاتی کە تۆ ڕۆیشتی، بە بۆنەی هەفتەی مەنسور حیکمەتەوە
نادر عبدالحمید
کە تۆهاتی کۆمۆنیزمی ئێران و عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرە هی جیهانیش، کۆمۆنیزمی ڕزگاری نیشتیمان و نەتەوە، کۆمۆنیزمی دژە ئیستیعمار و ئیمپریالیزم، کۆمۆنیزمی کەرتی گشتی دەوڵەت و ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بەپیشەسازی کردن، کۆمۆنیزمی مۆدێرنیزەکردنی وڵات، کۆمۆنیزمی دژی ئیستیبدادی دەوڵەت و خوازیاری دیموکراسی بوو، کۆمۆنیزمێک کە سەرتاپای نوقمی پۆپۆلیزم و ناسیونالیزم و لیبرالیزم و ڕیفۆڕمیزم، … بوو، بەواتایەک کە تۆ هاتی کۆمۆنیزم ئاڵا و ئامانجی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکانی “بورژوازی میللی و پێشکەوتوخواز” و وردەبورژوازی “ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ” بوو، کۆمۆنیزمی هەموو شتێک بوو، بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکەی، کۆمۆنیزمی دەسەڵاتخوازی دژە بورژوازی و پڕاتیکی شۆڕشگێڕانەی دژە سەرمایەداری و هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ نەبوو.
هەروەک چۆن کۆمۆنیزمی مارکس لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم تەکانێکی لەخۆیدا و سۆشیالیزم وکۆمۆنیزمی پێش خۆی وەک تەپوتۆزی سەر شانی مێژوو داتەکاند، ئاواش هاتنی “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ”ی تۆ لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا ئەو کۆمۆنیزمە پۆپۆلیست و ناسیونالیست و دیموکراتخوازە پوچەی ئێران و کوردستانی عێڕاقی ڕاماڵی و مارکسیزمی گەڕاندوە سەر ڕیشە فکری و تیۆریە ئەسڵیەکان و پایە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکەی خۆی.
لەکاتێکدا کە بەناو (ئۆردوگای سۆشیالیست) دادەڕما، و جهیانی بورژوازی ئاهەنگی سەرکەوتنی بەسەر سۆشیالیزمدا دەگێڕا و پۆلپۆل “کۆمۆنیستە ئۆردوگاییەکان” دەستبەرداری کۆمۆنیست بوونی خۆیان دەبون و شایەتمانیان دەهێنا بە جیهانی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم، ئەم ڕەوەندە لە مارکسیزم و کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕ و کرێکاریەکەی تۆ درێژەی کێشا و لە بەردەوامی خۆیدا، وەک تیۆریەکی لێکهەڵپێکراو بەناوی “کۆمۆنیزمی کرێکاری”ەوە خۆی کامڵ کرد.
بەر لە ڕۆیشتنت دەزگای فکری ڕەخنەگرانەی ماتریالیستی و دیالیکتیکت مشتوماڵ کردەوە، بەو دەزگایەوە دەرتخست ڕیڤیژینیزم (تەحریفیەت) لادانێکی تیۆری و بەد حاڵی بون نیە لە تیۆری، ئاکامی کەسانێکی شەیتانی دژە کۆمۆنیزم نیە، بەڵکو ئەوە پێداویستی مادی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕەوت و گرایشە فکری و سیاسیەکانیانە وا دەکات تیۆریەکی دیاریکراو لەگەل واقعی بزوتنەوە و گرایشەکەی خۆیاندا بگونجێنن و دەسکاری بکەن. لەو ڕوانگەوە کە تۆ ڕۆیشتی بزوتنەوە و حزبەکەت بووە جێی کێشمەکێش و هەرلایە و بەشێکی لێپچڕی. شێواندنی کۆمۆنیزمی کرێکاریش، وەک شێواندنی خودی کۆمۆنیزمی ئەسڵی (مارکس و لینین)یش، نە بەدحاڵی بوون و لادانە لە تێوری، وە نە کاری کەسانی شەیتانی دژە کۆمۆنیزمی کرێکاریە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشی واقعی ڕەوت و گرایشاتە مادیە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگەن، لەناو حزبەکانی ناسراو بە “کۆمۆنیزمی کرێکاری”دا.
هەروەک تیۆریسنەکانی بورژوازی، واقعی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بەگشتیش فەشەلی سیاسی و عەمەلی کۆمۆنیزمی مارکس لە سەد و حەفتا ساڵی ڕابردوودا (١٨٤٨-٢٠١٨)، بە تایبەت لە ئەوروپای سەرمایەداری گەشەکردوی خاوەن پڕۆلیتاریای پیشەسازی، دەکەنە بەڵگەی پوچی تیۆریەکانی مارکس و لینین، ئاواش نەیارانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، واقعی تێکشکانە سیاسی و فەشەلە عەمەلیەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، دەکەنە بەڵگەی پوچی تیۆریەکانی هاوڕێ مەنسوری حیکمەت. بە دڵنیاییەوە، هەروەک چۆن مێژووی سەد و حەفتا ساڵی ڕابردووی کۆمۆنیزم جێگەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیە، ئاواش مێژووی کورتی کۆمۆنیزمی کرێکاریش جێگەی هەڵسەندگاندن و ڕەخنەیە، بەڵام نەک بەو دەزگا پوچە غەیر ماتریالیستی و غەیر مارکسیستیە.
هاورێ لە جیهانی ئەمڕۆدا جێگەت خاڵیە، نەک لەبەرامبەر کورتەباڵاکان (الأقزام)ی کە هێرش دەکەنە سەر “کۆمۆنیزمی کرێکاری”، بەڵکو لەبەرامبەر جیهانی سەرمایەداری لە کوللیەتی خۆیدا. بەم مانایە نەک لەبەرامبەر کورتە باڵاکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەڵکو لەبەرامبەر گشت جیهانی بوژوازیدا مەزن بوویت، نوێنەری جورئەت و شەهامەتی کرێکاری کۆمۆنیست بووی.
بەداخەوە لە تەمەنێکی کورتی پڕ بەرهەمی پەنجا و دوو ساڵیدا (١٩٥١-٢٠٠٢) مەرگ مەودای ژیانی نەدای، بەڵام دوای خۆت ئاڵای ئەو جورئەت و شەهامەتەی کرێکاری کۆمۆنیستت لە مەیدانی تیۆریدا بۆ بەجێهێشتووین.
یادت بەخێر. هەمیشە زیندوی لە دڵماندا
10-6-2018